Skip to Content

553 Views

ئایا دۆناڵد ترامپ تیرۆر دەکرێت؟ … تاهیری حاجی حەسەن

ئایا دۆناڵد ترامپ تیرۆر دەکرێت؟ … تاهیری حاجی حەسەن

Be First!
by February 3, 2017 General
image_print

ڕەنگە ووروژاندنی پرسیارێکی وا،وەک پرسیارێکی شێتانە بێتە بەردیدی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی،لەوەی بۆچی ترامپ تیرۆر بکرێت؟یان گەر کارێکی وا کرا کێ دەستی دەبێت تێیدا؟
ترامپ،هێندەی قەیرانی دارای ساڵی 20088 چۆن گشت جیهانی هەژاند،بەو شێوەیش ئەمیش جیهانی هەژاندوەو بومەلەرزە ئاسا کۆی جیهانی خستۆتە بەردەم ڕاچەنینەوە،چ دۆستەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بن چ دوژمنەکانی ئەو دەوڵەتە بن. بڕیارە سەیرو سەمەرەکانی ترامپ هەروەک کارێکی چاوەڕوان نەکراو بینراوە،دەرگا داخستن بەسەر خەڵکانی ئەو وڵاتانەی لەژێر شوناسی وڵاتی ئیسلامیدان بۆ چونیان بۆ ئەمریکا،دروست کردنی دیواری ڕێگریکردن لەهێزی کاری مەکسیک بۆنێو ئەمریکا. بەرزکردنەوەی باج لەسەر ئەوکۆمپانیا ئەمریکایانەی لەدەرەوەی ئەمریکا سەرمایەگوزاری دەکەن و نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ نێو وڵاتی ئەمریکا. کێشەدروست کردن بۆ پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا،کشانەوەی ڕێکەوتنامەی ئەودیو دەریا لەگەڵ وڵاتی چین و لێک هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندیە ئابوری و سیاسیە جۆراوجۆرانەی دەوڵەتی ئەمریکاو شەریکاتە زەبەلاحەکان لەدەورەی ڕابردودا بنیاتیان ناوە لەگەڵ چواردەوری خۆیاندا.

گەرچی سەرکەوتنی ترامپ بۆلای کورسی سەرۆکایەتی لەژێر گومانێکی گەورەدایەو دەنگی ناڕەزایەتی زۆری لەسەر دروست کرا،بەڵام هەرچۆنێک بێت،زۆرێک لەمرۆڤەکان گەشتونەتە ئەو بڕوایەی کەسندوقی دەنگدانەکان تەنها بۆچاو بەستی کۆمەڵگەکانە،ئەگەرنا،ئەوا ئەوە هێزێکی ترە کەنادیارەو لەپشتی پەردەوەیە کەبڕیار دەدات کێ بچێتە سەر کورسی سەرۆکایەتی.ئەو هێزەیش دامودەزگا هەواڵگریەکان و بەرژەوەندیەکانی هێزی شەریکاتە زەبەلاحەکانە،بەتایبەتیش لەوڵاتانی دەوڵەمەندی گەشەسەندوی پیشەسازیدا. ترامپ واپێدەچێت زۆرتر ئەو دوو لایەنەی پشتی پەردە ڕێگایان بۆخۆش کردبێت تاببێتە سەرۆکی یەکێک لەزلهێزترینی نێو زلهێزەکانی جیهان.

دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا،کۆی ئەو مێژووەی کۆی کردۆتەوەو ئەو هێزە زەبەلاحە ئابوری و سەربازیەی هەیەتی،بەرهەمی ملهوڕی ئەو چینە دەسەڵاتدارە چەوسێنەرەی بوە،بۆیە ئێستا کارێکی وائاسان نابێت،ئەمریکا لەڕێی سیاسەتەکانی ترامپەوە توشی دابڕان و بەرەو خوارەوە بونەوە بکرێتەوە.ئەگەر ترامپ و ئەو دەستەی لەگەڵیدایە نەتوانن سیاسەت و هەیمەنەی ئەمریکا زیاتر ببەنە سەرەوە لەڕوی نێونەتەوەییەوەو وەک بێ ڕکابەرێک ئەمریکا نەمێنێتەوە،ئەوا هیچ دوور نیە،لەلایەن دەستێکی شاراوەی پشت پەردەوە لەناوببرێت،چونکە چوارساڵ زۆرە بۆ ئەم سەردەمە گەر لەنێو کایەسیاسیەکاندا دەوڵەتی ئەمریکا بەرەو مایەپوچی ببرێت لەبەرانبەر ڕکابەرەکانیدا کەڕوسیاو چین و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەن.

جەنگە ماڵوێرانەکەرەکانی ئەم سەردەمە،کەدیسان بەرهەمی نێوقەیرانە دارای و ئابوریەکانی نێوخودی سیستەمی سەرمایەداری جیهانین و دەیان ملیۆن مرۆڤی لەوڵاتانی جەنگ گرتودا ئاوارە کردوەو ملیۆنان مرۆڤی سیڤیلیش کوژراون،تێچوی جەنگەکانیش دیسان لەسەر شانی کۆمەڵگە بندەستەکانی ئیمپریالیزمی جیهانین،تادێت ئاستی هەژاری و بێکاری دەچێتە سەرەوەو بێچارەسەری خودی سیستەمی سەرمایەداریش لەنێو ململانێکانی نێو قوتبە جیاوازەکاندا،بۆخۆی هێندەیتر ئاستی هەژاری و بێکاری بردۆتە سەرەوە.لەلایەکیتر،هەڵپەی لەبن نەهاتوی شەریکاتە نێونەتەوەییە زەبەلاحەکان بۆ داگیرکردن و وەدەست خستنی قازانج و ساغ کردنەوەی کاڵا جۆربەجۆرەکانیان،تادێت هەلومەرجێکی وادەخوڵقێنێت،کەزیاتر بۆنی بەردەوامیدان بەجەنگ دەبەخشێت. لەم نێوەدا،بۆئەوەی ڕێگری بکرێت لەهاتنەمەیدانی بزوتنەوە کرێکاری و بزوتنەوە دژی جەنگیەکان،دەوڵەتان دێن و برەو بەباڵی ڕاستی ڕاسیزم پەرست دەدەن. ترامپ بۆخۆی یەکێکە لەو بانگەشەکەرانەی زۆر بێشەرمانە لەهەوڵی بردنە سەری ئەو بزوتنەوەیەدایە،تادەگاتە پارتە ڕاست ڕەوەکان لەوڵاتانی ئەوروپادا. وەک ووتم بێچارەسەری مانەوەی دەوڵەتی سەرمایەداران بۆ ڕیشەکێش کردنی بێکاری و هەژاری،بەناچاری ئەوان دێن و برەو بەو ڕەگە پیسەی ڕاسیزم و فاشیزم دەدەن. لەکاتێکدا هەرخۆیان لەبیریان دەچێت،کەهەلومەرجێکی مادی وابەرهەمهێنراوە،چیتر،خودی سەرمایە،هیچ کونجێکی ئەم سەرزەمینە نەماوە دەستی بۆ درێژنەکردبێت و کۆی سنورە وەهمیەکانی تێک نەشکاندبێت،دیارە لەڕێی شەریکاتە زەبەلاحەکانیانەوە. ئاخۆ گەر باڵی ڕاسیزم بچێتە سەروە وەک سەردەمی هیتلەر لەئەڵمانیادا،ئەوکات بەرژەوەندی و هەیمەنەی شەریکاتە زەبەلاحەکان چی بەسەردێت؟ ئاخۆ ئەوان ئامادەن واز لەبەرژەوەندیەکانیان بهێنن و هەریەکەو ڕوو لەنیشتیمانی خۆی بکات؟ بێگومانم لەوەی جارێکیتر وەرچەرخانەکان بۆ دواوە ناگەڕێتەوەو کۆی جیهانگیریەک کەبەرژەوەندیە چینایەتیەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداری بەرهەمیان هێناوە،خۆبەخۆ هەلومەرجێکی وایشیان هێناوەتە کایەوە کەجیهانیبونەکە هێندەیتر تۆختر دەبێتەوە.

دیارە باڵی ڕاستی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لەنێو تەنگەژەیەکی قورسدایەو لەبەردەم هەڕەشەی خودی چینەبەرهەمهێنەرەکەدایە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆیش بێت،بۆیە پەنا بۆگەشەکردنی پارتە ڕاسیستەکان دەدرێت،بەڵام مێژووی ئەم وڵاتانەی ڕۆژئاوا،خاوەنی بزوتنەوەی جۆراوجۆری سۆسیالیستی و کرێکارین و کۆمەڵگەکانیان وابەئاسانی ناچنە ژێرباری خواست و بەرژەوەندیەکانی بەرەی ڕاست ڕەویانەوە. ئەوەی دەمەوێت،تەئکیدی لێ بکەمەوە،خودی ئەو ناونیشانەیە،کەئاخۆ ترامپ لەسەر ڕیتمی ئەم شەقاوە چیەتیەی بمێنێتەوە دەتوانێت تاچوارساڵی ئایندە ئایندەی سیاسی و ئابوری دەوڵەتی ئەمریکا بەهەیمەنەتەکەیەوە بپارێزێت یان گەر تیرۆری نەکەن ئەوا پێدەچێت فەشەلێکی گەورە بەسەر مێژووی ئەو دەوڵەتە چەوسێنەرەدا بهێنێت؟ دیارە گەر کارێکی وایش بکرێت،بێگومان هەر لەژێر دەستی خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەو گروپانەدا دەبێت کەهەیمەنەیان هەیە بەسەر بڕیارو ئایندەی سیاسی و ئابوری دەوڵەتی ئەمریکاوە.ئەو گروپانەیش ئەوانەن کەنابینرێن و لەپشتی پەردە ڕەشەکانەوەن.

تاهیری حاجی حەسەن
02/02/2017

Previous
Next

Leave a Reply