Skip to Content

745 Views

چەند فراگمێنتێک لەبارەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم: بۆچی ترس و گومانم هەیە؟

چەند فراگمێنتێک لەبارەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم: بۆچی ترس و گومانم هەیە؟

Be First!
by June 12, 2017 General, Opinion, Slider
image_print

نەبەز سەمەد ……

بەر لە یەکەم جەنگی جیهانی، کورد لە میسۆپۆتامیا ژیاوە، ئەوکات وڵاتێک بە ناوی ئێراق بوونی نەبووە. بەڵام دوای ئەوەی ئیمپریالیست و کۆلۆنیالیستە خۆرئاوایییەکان دێن و ڕۆژهەڵاتی ناڤین داگیردەکەن، کوردستان یان میسۆپۆتامیاش داگیردەکەن. لە ماوەی یەکەم جەنگی جیهانیدا، بەریتانیا و فەڕەنسا بە ئاگاداری ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٦ڕێکەوتننامەی ”سایکس- بیکۆ” واژۆ دەکەن بۆ دابەشکردنی خاکی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە نێوان خۆیاندا. لێرەوە کوردستان بۆ چوار پارچە دابەشدەکرێ. کورد بەسەر چوار دەوڵەت_نەتەوەی پاشکۆلۆنیالیزم دابەشدەکرێ، بۆیە هیچ جێگەیەک بۆ کورد لەنێو ئەو دەوڵەتانەدا نییە. لە ئەنجامدا، کورد دەبن بە کەمینەی چەوساوە لەو دەوڵەتانەدا. لێرەوە کوردان دەبن بە خەڵکانێکی بێدەوڵەت، بێجیهان و سەرەنجام بێماف.

– مەسعوود محەمەد لە چاوپێکەوتنێکی Ktv ساڵی ١٩٩٨ دەبێژێ زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵە کورد لە دەرەوەی مێژوودا دەژی. واتا کورد هێشتا نەهاتۆتە-نێو-مێژوو، نەهاتۆتە-نێو-جیهانەوە. داخۆ کورد لە ئێراق تا هەنووکەش لە دەرەوەی مێژوودا، لە دەرەوەی جیهاندا ناژی؟ بەڵێ کورد تا هەنووکەش لە دەرەوەی مێژوو، لە دەرەوەی جیهاندا دەژی. چونکە کورد نەخۆشیی بیرچوونەوەی بوونی خۆی هەیە، بوونی خۆی بیرچۆتەوە، بوونێکی سەربەخۆ، بوونێکی ئازاد، بوونێکی خۆیی و ڕەسەنی نییە، بەڵکو بوونێکی داگیرکراوی هەیە و لە خۆی نامۆبووە.

– کورد سروشتێکی خێڵەکییانەی هەیە، بۆیە دژە دەوڵەت، دامەزراوە، حوکمڕانی و یەکگرتوویییە، لە ئەنجامدا دژە سیاسەتە و سیاسەت نەزانە. لەبەرئەوەی کورد لە مێژووی نوێ و هاوچەرخی خۆیدا هیچ ئیدێیەکی بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت و دەوڵەتداری نەبووە و نییە. ئاخر لەبەر سروشتە خێڵەکییەکەی، کورد شارستانی نییە، واتا کولتووری شاری نییە، سیاسەت و دەوڵەتداریش بەرهەمی شار و هۆشی شارین. بۆیە لە مێژووی نوێ و هاوچەرخی کورددا، شۆڕش یان بەرگرییەکی ڕاستەقینەیی نەتەوەیی کورد (واتا کورد وەک نەتەوە بە یەکگرتوویی) نابینین. ئەوەی هەبووە تاکو هەنووکەش پتر بەرگرییەکی خێڵەکی، بنەماڵەیی و ناوچەیی بووە، هەر لە سەردەمی میرنشینەکانی بابان، سۆران، … هتد تاکو بنەماڵە و خێڵی بارزانییەکان تاکو حیزبە خێڵەکییەکانی ئێستا.

بۆ نموونە دەبینین دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە کورستانی ئێراق لەبەرئەوەی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە شاخ هیچ ئیدێیەکی بۆ دەوڵەتداری، حوکمڕانی و سەربەخۆیی نەبووە، بۆیە نەک سوودی لە دامەزراوە و دەزگا بەجێماوەکانی حوکوومەتی ئێراقی لە کوردستان نەبینووە بەڵکو تاڵان و وێرانیشی کردووە، بۆیە کورد موڵکی گشتی، موڵکی حکوومەت بەهی خۆی و گەلەکەی نازانێت، بۆیە ڕەوایەتی بە تاڵانکردن و لەناوبردنیان دەدات. کورد لەبەرئەوەی هیچ ئیدێیەکی بۆ حکومداری و دەوڵەتداری نەبوو، بۆیە سەری لێشێوابوو، نەی دەزانی چی بکات، تاکو دواتر لە سەر دەستکەوت و دەسەڵاتەکان پێکنەهاتن و یەکێتی و پارتی جەنگی ناوخۆیان هەڵگیرساند، گەلێک ئەگەر بەئاگا بێت، سیاسییەک ئەگەر لە سیاسەت بزانێت، و سەرکردەیەک ئەگەر پەند لە مێژوو وەربگرێت و بزانێت سیاسەت بکات، چۆن دوای ئەوەی ئەو گەلە ئەنفال و جینۆساید دەکرێت، دوای ئەوەی هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، خۆی دەکەوێتە شەڕی ناوخۆ و خۆی شەڕی خۆی دەکات و خۆی خۆی لەناودەبات. کورد لە مێژووی نوێ و هاوچەرخدا چەندین جار دەرفەتی سەربەخۆیی و بوونە دەوڵەتی بۆ ڕەخساوە بەڵام لەبەرئەوەی لە سیاسەت نازانێت و لە دەوڵەتداری نازانێت، ناتوانێ سەربەخۆ بێت و نازانێ سیاسەت بکات، هەموو هەلەکانی لەدەست داوە. لە ڕووی سیاسییەوە، کورد نەی توانیوە لە ڕێگەی ئەنفالەوە بێتە نێو جیهانی سیاسەتەوە، نەی توانیوە دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت، نەی توانیوە لەژێر دەستەیی ڕزگاری ببێت، نەی توانیوە لەم ڕێگەیەوە بێتە-نێو-مێژوو، بێتە-نێو-جیهان. کورد سروشتێکی کۆیلەیی هەیە و خووی پێوە گرتووە، ناتوانێ دۆخی قوربانی و گرێی خۆبەکەمزانی تێپەڕبکات. بۆیە ناتوانێ هەنگاو بنێت و هەڵبستێتەوە و خۆی دروست بکاتەوە. کورد نازانێت سیاسەت بکات، نازانێت لۆبی بکات، دیپلۆماسی نازانێت، لە حوکمڕانی و دەوڵەتداری نازانێت، … هتد.

– کورد هێشتا نەبووە بە کۆمەڵگەیەکی شارستان، هێشتا نەبووە بە نەتەوە، تەنانەت ئەنفالکردن و جینۆسایدکردنەکەشی نەیتوانی و نەبووە هۆی ئەوەی بیکات بە نەتەوە و وەک نەتەوە ببێتە خاوەن یادەوەری هاوبەش و کۆئاگایی هاوبەش، نەیتوانی یەکڕیز و یەکگرتووی بکات. کورد نازانێت لەناوخۆدا چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆیدا بکات، لەبەرئەوەی خۆی ناناسێت، کورد نازانێت مامەڵە لەگەڵ ئەوی دی و دەرەوەی خۆی بکات، لەبەرئەوەی نایانناسێت. تەنانەت کورد دوای دابەشکردنی بەسەر چوار دەوڵەت_نەتەوەی پاشکۆلۆنیال، بووە بە ژێردەستە و ئامرازی ئەم دەوڵەتانە و لە دژی یەکدی بەکارهێنراون و شەڕی یەکدیان کردووە.

شارستانیەتی کورد واتا کشتکاری و ژیانی جووتیاری و لادێ. کولتووری کوردی لە بنەڕەتەوە جووتیاری، کشتکاری و خێڵەکییە. بۆیە جەوهەر، سروشت، بوونی و ئۆنتۆلۆژیی کورد لەنێو ژیانی جووتیاری و کشتکارییدا خۆی دیاردەهێنێ. کاولکردن و ڕووخاندنی گوندەکان و ڕاگواستنی گوندنشینە کوردەکان بۆ نێو کامپەکانی کۆکردنەوەی بەزۆر لەلایەن بەعسەوە، هێرش و لێدانە لە جەوهەر، بوون و ئۆنتۆلۆگیی کورد. لە کوردستانی ئێراق پێش ئەنفال مرۆڤی کورد لە گوندەکان، لەنێو ژیانی جووتیاری و کشتکاریدا مۆڕاڵێکی بەرزی هەبوو. مرۆڤێک بوو بەرهەمهێن، پشتی بەخۆی دەبەست، سەربەخۆ بوو، چالاک بوو، دۆستی سروشت و ژینگە بوو، ژیاندۆست بوو، پەیوەندی لەگەڵ ئاژەڵان باش بوو، لەنێو خۆیدا پەیوەندی نێو مرۆڤی باش بوو، پەیوەندی نێوان ژن و پیاو باش بوو، شانبەشان لە کێڵگەدا ئیشیان دەکرد. مرۆڤێک بوو بەرگەی سەختییەکانی سروشتی ژیانی لادێ و سەختییەکانی نێو چیاکانی کوردستانی دەگرت، چیاکانی بە تاکە هاوڕێی خۆی دادەنا، وەک چیاکان خۆڕاگر بوو. مرۆڤێک بوو بەرگریکار و ئازادیخواز. بەڵام مرۆڤی کورد لەنێو کامپەکانی بەعس سروشتی دەگۆرێ، مۆڕاڵی دادەزنێ، توشی شکست دەبێت.

لە دوای ئەنفال لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی کوردی، مرۆڤی کورد پتر و پتر مۆڕاڵی دادەزنێ و شکست دەهێنێت و لەمرۆڤبوون دەخرێت، بۆیە دەبێ بە مرۆڤێکی مشەخۆر، بەکارهێنەر، ناچالاک، سست، پشت بە ئەوانی دی بەستوو، خۆبەکەمزان، باوەڕبەخۆنەبوو، خۆشباوەڕ، ژینگەتێکدەر، سروشتتێکدەر، پڕ لە ڕک و کینە، دەرووننەخۆش، ڕک لە خۆبوو، ڕکی لە ئەوانی دیکەیە، ڕکی لە ژینگە و سروشتە، دژە ژیانە، دژە جوانییە، بێچێژە، گەندەڵە، بەدخووە، پەیوەندی نێویەکی و پەیوەندی خێزانی تێکچووە، پەیوەندی ژن و پیاو ناتەندروستە، و ژنکوژی لە برەودایە.
– دوای ڕاپەڕین، لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی کوردی یەکێتی و پارتی، هێندەی تر مۆڕاڵی کورد و کەسێتی مرۆڤی کورد تێکدەشکێت، شەڕی ناوخۆ خراپترین کاریگەری دەبێ لەسەر سروشتی مرۆڤی کورد، بە جۆرێک ئەوەی بەعس نەی توانی بیکات ئەوان وەک لاساییکەرەوەی بەعس، وەک شاگردی بەعس وەک دوو حیزبی تۆتالیتار بۆیان تەواوکرد.

کورد وەک قوربانی لە خۆی دەڕوانێ، ئەو قوربانی بوونەشی پیرۆزکردووە، بە جۆرێک لەو دۆخی قوربانیبوونە دەربازی ببێت. کورد وەها لە قوربانی تێگەیشتووە کە توانستی تێپەڕاندنی دۆخی قوربانیبوونەکەی خۆی نییە، واتا پاش بەقوربانی بوون، مرۆڤی بە قوربانی بوو جارێکی دی توانستی هەڵسانەوەی نییە. واتا قوربانی توانستی هەڵبژاردن و کردارنواندنی نەماوە، بێئرادەکراوە، بۆیە بووە بە کۆیلە. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە، چونکە قوربانی نەک هەر توانستی هەڵسانەوەی هەیە تەنانەت دەتوانێ بەشێوەیەکی زۆر بەهێزتر بێتەوە نێو مێژوو و دۆخی قوربانیبوون تێبپەڕێنێ و هەڵبستێتەوە و توانستی هەڵبژاردن و کردارنواندنی سەربەخۆی بۆ بگەڕێتەوە. دۆخی جوولەکە دوای هۆڵۆکۆست دیارترین نموونەیە بۆ ئەمە و بەڵگەیەکی ڕوونە. بەڵام کورد هێشتا دۆخی قوربانیبوونی تێنەپەڕاندووە. بۆیە تاکو ئێستاش وەکو کۆیلە ماوەتەوە، ئاخر ئەو دۆخی قوربانیبوونە وەهای لێدەکا پاساوی ئەوەی پێدەدا کە خۆی نەبێت، سەربەخۆ نەبێت، و بە کۆیلەیی بمێنێتەوە و دڵی بەم کۆیلەبوونەی خۆش بێت و چێژی لێ وەربگرێت. کورد تاکو ئێستاش بە تراژیدیا، جینۆساید و هەژەندەکانییەوە وەک ئەنفال دەتلێتەوە و گینگڵ دەدات! ئەنفال دەرفەتێک بوو بۆ هەڵسانەوەی کورد و ڕزگاربوونی لە دۆخی قوربانیبوون و کۆیلەیی، بەڵام کورد نەیتوانیوە ئەم دەرفەتە بەکاربهێنێ و سوودی لێوەربگرێت، بۆیە کورد لەمەدا شکست و نوشوستی هێناوە.

– جیهانی کوردی پڕ لە کێشە و قەیرانە، بەکورتی و بە کوردی ”کوردە بۆرە دەردی زۆرە”. بەڵام ئەوەی کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە ئەوەیە کورد لە کێشە و قەیرانەکانییەوە فێرنابێت، خۆی پێ بەهێز و خۆڕاگر ناکات، پرسیاری لەلا دروست ناکات، بەڵکو کورد بە کێشەکانییەوە دەتلێتەوە. سایکۆلۆژیای کورد وایە، بەبێ کێشە و قەیران ناتوانێ بژی، ئاخر لەم ڕێگەیەوە خۆی ئازار دەدا و لەنێو کێشەکانی دەتلێتەوە و خۆی لە دۆخی کۆیلایەتی و قوربانی بووندا دەهێڵێتەوە، چونکە کورد ناتوانێت ئازاد و سەربەخۆ بێت، لەبەر ئەوەی بێئیرادە کراوە، بۆیە وەک کۆیلە هەڵسوکەوت دەکات و پێویستی بە سەروەرێکە بەڕێوەی ببات و ئاڕاستەی بکات و کۆنتڕۆڵی بکات. بۆیە دەبینین سەرکردەکانی کورد لە ئێراق دەبێ لە ئەنقەرە و تارانەوە فەرمانیان بۆ بێت، ئەوجا کرداردەنوێنن و دەئاخڤن.

– دوو هێز، دوو حیزب (یەکێتی و پارتی) بانگەشەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەکەن، کە هیچ ئایدیایەک، هیچ تێگەیشتنێکیان بۆ دەوڵەت نییە، ئێمە نازانین ئەوان چ جۆرە دەوڵەتێکمان بۆ دروست دەکەن؟ دوو حیزب کە مێژوویەکی زۆر ناشرینیان هەیە، شەڕێ ناوخۆیان کردووە، خیانەیان کردووە، سوپای داگیرکەریان هێناوەتە سەر کوردستان، لە ئەنقەرە و تارانەوە بڕیاریان بۆ دەدرێت، کۆمەڵگەی کوردیان بەحیزبی کردووە، مرۆڤی کوردیان لە مرۆڤبوون خستوە، ڕێزمەندی و شکۆی مرۆڤی کوردیان لەکەدار کردووە، جاش و مستەشارەکانی بەعسیان داڵدەداوە، لەنێو گەندەڵیدا نوقم بوونە، هەرچی سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە هەیە قۆرخیان کردووە، کوشتن و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان، نووسەرانیان کردووە، سەرۆکەکانیان تا مردن هەر سەرۆکن، دەزگای پاراستن و زانیاریان هەیە، چەک و سوپایان قۆرخکردووە، ئابوورییان قۆرخکردووە، ڕاگەیاندن و میدیاکانیان قۆرخکردووە، وەک دوو حیزب، کە هیچ ئایدیایەکیان بۆ سەربەخۆیی، حوکوومڕانی و دەوڵەتداری نەبووە و نییە، بۆیە بوونەتە لاساییکەرەوە و جێبەجێکەری ئەجێندای داگیرکەران، بۆ یەکێتی و پارتی بەعس مۆدێلە، بۆیە ئەوانیش پڕن لە توخمی تۆتالیتاری. ئەمانە گومان و ترس لە لای من دروست دەکەن، کە ئەگەر بەڕاستیشیان بێت دەوڵەت دروست دەکەن، دەوڵەتێکی تۆتالیتاری هاوشێوەی بەعس دروست دەکەن، هاوشێوەی ئەسەد، قەزافی، موبارەک، ئەردۆگان … چونکە ئەوانە مۆدێلەکانی حیزبی کوردین بۆ حوکوومڕانی.

لە هەرێمی کوردستان ماوەی پتر لە ٢٥ ساڵە لەژێر دەستی دەسەڵاتی حیزبی کوردی، ئەم هەموو نەهامەتییە هەیە: بێمووچەیی، برسیکردن، بێئاوی، بێکارەبایی، گەندەڵێ، کوشتن، تێرۆرکردن … هتد، ئەمانە پێش بوون بە دەوڵەت ئەمە مێژووەکەیان بێت، دوای بوون بە دەوڵەت دەبێ چی بکەن؟
لە کۆتاییدا، کورد گەرەکە سەرلەنوێ پەیوەندییەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە، پەیوەندی تاکەکان لەگەڵ یەکدی، پەیوەندی نێومرۆڤی، پەیوەندی خێزانەکان، پەیوەندی کۆمەڵگە و تاک، پەیوەندی تاکی کورد بە خۆیەوە، بە سروشتەوە، بە ئاژەڵەوە، بە دەوروبەریەوە. بۆ ئەوەی لەم نامۆیی و سەرلێشێوانەی دەربازی ببێت. ئەوجا دەتوانێت سەربەخۆ بێت و داوای سەربەخۆیی بکات.

Previous
Next

Leave a Reply