Skip to Content

شیکردنەوەی سۆز لە دیوانی: ‘حەز دەکەم ئەوەندە بژیم’ی سەباح ڕەنجدەردا(1) … پەروین عەبدوڵڵا خدر

شیکردنەوەی سۆز لە دیوانی: ‘حەز دەکەم ئەوەندە بژیم’ی سەباح ڕەنجدەردا(1) … پەروین عەبدوڵڵا خدر

Closed
by كانونی دووه‌م 27, 2018 General, Literature, Slider

پوختە:

سۆز، تێم (ڕامانی سەرەکی)ی دەروونی و مەعنەویی شیعرە و توخمێکی بنچینەیییە لە هەموو بەرهەمێکی ئەدەبیدا. هەربۆیە تاوتوێ و شیکردنەوەی سۆز لە شیعردا پێویستە. ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە شرۆڤەی توخمی سۆزە لە شیعری (سەباح ڕەنجدەر)دا، لە گۆشەی جیاجیاوە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا وەرگرتن و گواستنەوە و جۆرەکانی سۆز شەرح دەکرێت، زیاتر لەسەر گواستنەوەی سۆز، واتە بابەتگەلی پەیوەندیدار بە خزمایەتیی سۆز لەگەڵ توخمگەلی دیکەی وەکو وێنە، زمان، ئەزموون و بەردەوامیی سۆز لە دیوانی ”حەز دەکەم ئەوەندە بژیم”ی (سەباح ڕەنجدەر)دا تاوتوێ دەکرێت.
ئەم لێکۆڵینەوەیە توخمی سۆز و هاوئاهەنگیی ئەو توخمە شیعرییە لەگەڵ توخمەکانی دیکەی شیعری (سەباح ڕەنجدەر) لە دیوانی شیعری: (حەز دەکەم ئەوەندە بژیم)دا تاوتوێ دەکات. هەرچەند لە سەرلەبەری ئەزموونی پتر لە سی ساڵ شیعرنووسینی (سەباح ڕەنجدەر)دا سۆزی جیاواز بەرچاو دەکەوێت، کە جۆرەکانی سۆز بەپێی دۆخ و کەشی شیعرەکانی ئەو شاعیرە نوێخواز و پێشڕەوەی کورد دەگۆڕێن. مێتۆدی لێکۆڵینەوە لەم لێکۆڵینەوەیەدا هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەیە لەبارەی چەمکی سۆز، وەکو توخمێک لە توخمە پێکهێنەرەکانی شیعرەوە.
وشە سەرەکییەکان:
(سەباح ڕەنجدەر)، شیعر، سۆز، وەرگرتنی سۆز، گواستنەوەی سۆز، بەردەوامیی سۆز.

پێشەکی:

سۆز، دژکردەوەی مرۆڤە، کە لە بەرانبەر ئەزموونە دەروونی و ژینگەیییەکانیدا لە خۆی نیشان دەدات. شیعر بە زاڵبوونی هەست و سۆز بەسەر ڕۆحی شاعیردا دەست پێدەکات و چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی شاعیر لە بەرانبەر ڕووداوەکاندا بەیان دەکات. هەرچەند بزوێنەری سۆزی شاعیر پەیوەندیی بە هۆکارگەلی دەرەکی و ژینگەیییەوە هەیە، بەڵام پەیوەندییەکەی بە دەروونی شاعیرەوە زیاترە و لەڕاستیدا ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە دەروونی شاعیرەوە هەیە، چونکە ”هەست و سۆز کاتێک سەر هەڵدەدەن، کە مەیلە هەردەمی، یان کاتییەکانی تاک لە ناکاودا، یان نەزۆک دەبن، یان ئاسان دێنە بەرچاو. کەواتە پەیوەندییان بە چییەتیی بزوێنەری دەرەکییەوە زۆر کەمترە لە پەیوەندییان بە دۆخە گشتییە دەروونییەکەی ژیانی تاکەوە لە کاتی سەرهەڵدانی بزوێنەرەکەدا.(2)
هونەر بەگشتی و شیعریش وەک جۆرێک لە هونەر، گۆڕەپانی گواستنەوەی سۆزە. تۆلستۆی پێی وایە وەرگرتنی سۆزی شاعیرانە پشت بە لێهاتوویی مرۆڤ دەبەستێت و دەڵێت: ”چالاکیی هونەر لەسەر بنەمای ئەو لێهاتوویییەی مرۆڤ هەڵچنراوە، کە تاکێکی مرۆڤ بە وەرگرتنی هەستە شرۆڤەکراوەکانی مرۆڤێکی دیکە، لە ڕێگەی دیتن، یان بیستنەوە، دەتوانێت هەمان هەستی کەسی دەربڕ، یان شرۆڤەکەر لە ئەزموونی خۆیدا دووبارە بکاتەوە.”(3)
بەهۆی بەربڵاوی و گرنگایەتیی لایەنە سۆزدارییەکانی شیعرەوە، لێرەدا هەموو ڕێدۆزە سۆزدارییەکان لە دوو بواردا کۆ دەکەینەوە: وەرگرتنی سۆز و گواستنەوەی سۆز. لە بواری یەکەمدا هۆکارگەلی وەکو جۆری سۆز (کەسی، گشتی، جۆری) و ئاستی سۆز (قووڵ، ڕووکەشی) تاوتوێ دەکرێن. لە بواری دووەمیشدا ڕێدۆزەکانی وەکو خزمایەتیی سۆز لەگەڵ توخمەکانی دیکەی وەکو وێنە، زمان، ئەزموونی شیعری و… جۆرەکانی سۆز و بەردەوامیی جۆرە سۆزێکی تایبەت لە سەرلەبەری شیعردا هەڵدەسەنگێنرێن.

پێشینەی ئەم لێکۆڵینەوەیە:

لە کۆمەڵێک کتێبی وەکو نۆستالژیا لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا(4)، بەرهەمی (سۆران مامەند عەبدوڵڵا) و لیریکای شاعیری گەورەی کورد، مەولەوی(5)، بەرهەمی (ئەنوەر قادر محەمەد) و دەروونشیکاریی شیعر(6)، بەرهەمی (پێشڕەو عەبدوڵڵا) و چەند وتار و لێکۆڵینەوەیەکی دیکەدا ئیشارە بە گرنگیی سۆز لە چەند لایەنێکی هونەری شیعردا کراوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی توێژەری ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەو کتێب و وتارانەی ئیشارەیان پێکرا، هیچکامیان سۆزیان نەکردووەتە تەوەرەی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکانی خۆیان؛ بەتایبەتی لەبارەی شیعری کوردییەوە هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بنەمای سۆز نەکراوە، کە بە شێوەیەکی تایبەتی هەردوو لایەنی (وەرگرتن) و (گواستنەوە)ی سۆزی تێدا تاوتوێ کرابێت.


بەشی یەکەم: شیکردنەوەی سۆز لە شیعردا
١. پێگەی سۆز لە شیعردا:

سۆز لە شیعردا خاڵی دەستپێکی پەیوەندی و هاوئاهەنگیی مرۆڤی شاعیر و جیهانی دەوروبەری و دەقەکەیەتی. شاعیر بە چەکی سۆز بەرەنگاری هەمووی ئەو شتانە دەبێتەوە کە دەبنە بەربەست لە بەردەم هاوئاهەنگیی نێوان پاژەکانی دەقەکەی و خۆی و جیهاندا.
ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانی ژیان و دەوروبەری شاعیر کۆمەڵێک هەست و سۆزی بزوێنەر لە مێشکیدا بەجووڵە دەخەن. ئەو هەست و سۆزانە کە دەخرێنە چوارچێوەی دەربڕینەوە، کەلامێکیان لێ بەرهەم دێت، کە سەرلەبەری پێکهاتەکەی بۆنی سۆز لەخۆی دەگرێت. سۆزی شاعیر، ئەو توخمە پێکهێنەرانەی شیعر کە لە یەک سەرچاوەی سۆز و هەستەوە سەریان هەڵداوە، بە دەقدا بڵاو دەکاتەوە، بە چەشنێک کە هەر توخمێک تێکەڵ بە توخمێکی دیکە دەبێت و پێکهاتەیەکی ئۆرگانی پێکدێنێت. دەکرێ بڵێین سۆز، هەودایەکە بۆ پێکەوەگرێدانی سەرلەبەری توخمە پێكهێنەرەکانی شیعر، لە ڕاستیدا گرنگترین هۆکاری پەیوەندیی نێوان پاژەکانی شیعرە و هەر بەم هۆیەوە سەرلەبەری توخمە پێكهێنەرەکانی شیعر بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ لەپێناو سۆزدا دەجووڵێن. شاعیر لەژێر کاریگەریی سۆزدا شیعرەکەی لە کەشێکی یەکپارچەدا دەکات بە دەقێک، کە لە نێوان وێنە، هزر، پەیڤ، ئەزموون و وێناکردنیاندا هاوسەنگییەک دروست دەکات.
شیعری ڕاسته‌قینه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ هه‌ستی که‌سێکه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت؛ واتە کۆی شته‌کان، دۆخ و زنجیره‌ ڕووداوەکان ده‌بن به‌ فۆڕمی سۆزێکی تایبه‌ت؛ به‌ جۆرێک که‌ له‌ کاتی هاتنه‌ ئارای ڕاستییه‌ ده‌ره‌کییه‌کاندا، هەمووی ئەو شت و دۆخ و ڕووداوانە له‌ ئه‌زموونی هه‌سته‌که‌دا له‌ناو دەچن و بەخێرایی لە شێوەی سۆزدا‌ هه‌ڵده‌چن. هارت کرەین((i، شاعیری ئەمریکایی لەو بارەیەوە دەڵێت: ”وێنه‌کان که‌ هه‌ر له‌ خۆیانه‌وه‌ [به‌ گوێرەی لۆژیکی زانستی، یان باو] هیچ پێوه‌ندییه‌کان به‌ یه‌کتره‌وه‌ نییه‌، کاتێک له‌ خولگه‌ی سۆزێکی تایبه‌تدا، که‌ پێوه‌ندییه‌کی تایبه‌تی به‌ هه‌ردووکیانه‌وه‌ هه‌یه‌،‌ لێک هه‌ڵده‌پێکرێن، ده‌بنه‌ هۆی بە‌به‌رهاتنی گیان و ده‌ربڕینێکی ورد له پێناسه‌ی ئه‌و سۆزه‌دا.”. (7 )
هونەر بە گشتی و هونەری شیعر بەتایبەتی، ڕۆحێکی داهێنه‌ر و ڕه‌های به‌گه‌ڕکه‌وتووه، کە پڕه‌ له‌ هەست و سۆز. توخمی سۆز نەک هەر کەرەستە و بنەمایەکە لە بەر دەستی شاعیردا بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی و یەکپارچەیی دەقەکەی خۆی پێ ڕێکبخات، بگرە هێزی کاریگەری دەقی ئەدەبییە لەسەر خوێنەر و دژکردەوەی خوێنەر لە بەرانبەر ئەو دەقە ئەدەبییەدا. دەیڤید بڵایک(ii) لە کتێبی خوێندنەوەکان و هەستەکان: بەرکوڵێک لەبارەی ڕەخنەی زەینیدا بە شێوەیەکی گشتی پێی وایه‌، به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی هه‌بوونێکی سه‌ربه‌خۆی نییه‌، کاردانه‌وه‌که‌ی ته‌نیا له‌و کاریگه‌رییه‌دایه‌ که‌ له‌سه‌ر نووسه‌ران و خوێنه‌رانی خۆی دایده‌نێت. (8). که‌واتە، ئه‌و کاریگه‌رییانه‌ی دایانده‌نێت، زۆر گرنگن و شایانی لێکدانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ن. کە سۆز گرنگترین توخمی کارتێکەری درک و وەسفی بەرهەمی هونەری و شیعرە.
(سەباح ڕەنجدەر) لە پێشەکیی دیوانی ‘حەز دەکەم ئەوەندە بژیم’دا کە نموونەی شیکراوەی سۆز لە شیعره‌کانیدا بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە لەو دیوانە هەڵدەبژێرین، دەڵێت: ”بەر لەوەی هۆگری نووسینی شیعر ببم، هۆگرییەکی ڕاستەقینە و هەستگەرمییەکی زۆرم بۆ خودی شیعر لا پەیدا ببوو.”(9) واتە پێش ئەوەی شیعر بنووسێت، سۆزێکی گەرمی بۆ شیعر لا دروست بووە. دواتریش هەر ئەو سۆزە وای لە (سەباح ڕەنجدەر) کردووە، کە هەست و سۆزەکەی بکات بە دەق، وەک دەڵێت: داهێنەر ئەوکاتە هەست بە ژیان و دۆخ دەکات، کە هەستەکانی خۆی لە ئەشقی پەتیدا بنووسێتەوە…..
لایەنە سۆزدارییەکانی شیعر گەلێک بەرین و بەرفراوانن، هەربۆیە دەکرێت لە ڕەهەندی جیاجیاوە شرۆڤەی ئەم توخمە لە شیعردا تاوتوێ بکرێت. بەڵام دەکرێ سەرلەبەری ئەو ڕەهەندانە لە دوو بواردا چڕ بکرێنەوە: وەرگرتنی سۆز و ڕاگواستنی سۆز. (سەباح ڕەنجدەر) دەڵێت: ”ئەو تێگەیشتنەی شاعیر بە هۆی زەین و هەستەکانییەوە تێبینیی دەکات لە کردەی بەنووسینکردندا دەبێتە وێنە و ئاسۆ و دووری و پەیوەندییەکی فراوان و کاراتر وەردەگرێت و دەگاتە خاڵی گەشەکردنی پەیوەندیی زەین و هەستەکانی زمان. ئەم خاڵی گەشەکردنە لە پەیوەندیی زەین و هەستەکانەوە دروست دەبێت و دەخرێتە کار و تاقیکردنەوەوە. لە خرانە کار و تاقیکردنەوەدا زەین و هەستەکان ئاستی بێئاگایی زمان دەگوازنەوە بۆ ئاستی بەئاگایی زمان. ئاستی بەئاگایی زمان لە وێنەی بێگەرددا دەردەکەوێت و هەستیاریی دەروونیی وشە دەناسێنێت و هەوڵی خۆدەرخستن و شێوەڕێکخستن لە خانەی باڵادا دەدات.”(10)) ئەوەی لەم بۆچوونەی (سەباح ڕەنجدەر)ەوە تێبینی دەکرێت، بە تەواوەتی لە مەبەستی ئەم لێکۆڵینەوەیە نزیکە و ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە توخمی سۆز کاریگەری لەسەر هەموو توخمە پێكهێنەرەکانی دیکەی شیعر هەیە و سۆز و جیلوەکانی ژیانی مرۆڤ بەسەر توخمەکانی دیکەی شیعردا زاڵە.

٢. وەرگرتن و گواستنەوەی سۆز لە شیعری سەباح ڕەنجدەردا:

دەستڕاگەیشتن بە حەقیقەتی هەر وتەیەک لە ڕێی واتا و پێکهاتە بەرچاوەکەیەوە، بەبێ ڕوانین و ڕامانێکی هەستیار و سۆزدار ناکرێت و تەنانەت لە نەشیان و مەحاڵیشەوە نزیکە. هەربۆیە لە زۆربەی هەرەزۆری ئەو پێناسانە، یان باشتر بڵێین، ئەو تیۆرییانەدا، کە لەبارەی شیعرەوە خراونەتەڕوو، شیعر بە هەستی سۆزداری هزرێکی بە ڕێتم و ئاواز وەسف کراوە. شاعیر لە ڕێی وەرگرتنی سۆزی وێناکراوی بە ڕێتم و ئاوازەوە خوێنەری خۆی دەگوازێتەوە بۆ قووڵایی نیگایەک، کە لە ڕێی هەستەوە نەبێ، شیاوی هەستكردن نییە. ”پەیوەندیی نێوان شاعیر و شیعرەکەی، پەیوەندییەکی شێوەیییە، کە پەیوەندیی بە هزر و جەستەی شاعیرەوە هەیە.” (11) هیچ هزرێکی قووڵ و بەهێز بەبێ نیگایەکی پڕ لە سۆز بەرهەم نایەت و هیچ داڕشتنێکی شاعیرانەش بەبێ ڕەنگدانەوەی ئەو نیگا بەسۆزە بە ئاکام ناگات. ”مرۆڤ بەبێ سۆز وەک لاشەی وێرانبوو وایە، پێکهاتووە لە ماسوولکە و جومگە و دەمار.”(12) کاتێک کە خۆری وتە لە توێی تیشکی سۆزەوە خۆی بڵاوکردەوە، هەسارە سارد و سڕەکەی لۆژیک و ئایدیا و هزر دەخاتە وەسوەسەی داهێنانی بوونەوەرێکی نوێوە، کە پێیدەگوترێت شیعر.
لە شیعری (سەباح ڕەنجدەر)دا گەڕانێکی بەردەوام بەدوای خۆی، وەک مرۆڤدا هەیە، کە بۆ ئەو گەڕانە ڕێگای شیعری بە هەنگاوی سۆز گرتووەتە بەر. لە خوێندنەوەی شیعرەکانیدا هەست بەو ڕاستییە دەکرێت، کە مرۆڤ دەتوانێت بە ناخی خۆی بگات. واتە مرۆڤ دەتوانێت خاوەنی سۆزێک بێت، کە لە ڕێی ئەو سۆزەوە تا قووڵایی هەموو شتەکان، تەنانەت تا قووڵایی ناخی خۆی بچێت و لەوێدا هەست بە بوونی خودا و کەلامی خودا بکات، یان پێی بگات و تێکەڵاوی ببێت.
ئەی شیعر ئەی ناوی خۆم
پەروەردەت کردم چۆن ببمە کوڕە گەورەی بنەماڵەت
بۆ خوانی
ئاو
ئاگر
با
خۆڵ
داوەت کراوم
گۆرانیم گوت و بە ناخی خۆم گەیشتم
بە ناخی خۆم بگەم بە
تەورات
ئینجیل
قورئان
دەگەم
وەرگرتنی ئەو سۆزەی کە شاعیر پێی بە ناخی خۆی و کەلامی خودا گەیشتووە، بار و حاڵەتێکی کتوپڕ نییە و بە خوێندنەوەی ئەزموونی زیاتر لە سی ساڵ شیعرنووسینی (سەباح ڕەنجدەر) دەبینین لە چەندین بواری جیاجیادا جۆر و ئاست و هۆکارەکانی سۆزی ئەزموون کردووە. لە ئەزموونە سەرەتایییەکانی ئەم شاعیرەوە تا ئێستا سۆزێک بەردەوامە، کە تێیدا مرۆڤ کەوتووەتە بەر سەرنجی ”سەرسامی” و لە دواین دیوانیشیدا، واتە دیوانی ”حەز دەکەم ئەوەندە بژیم”، کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا تاوتوێ دەکرێت، هەمان سۆز بەردەوامە.
لەو واتا سۆزدارانەی لە شیعری شاعیری ”حەز دەکەم ئەوەندە بژیم”دا بەردەوامە و لە دیوی ناوەوەی وشەکان و دێڕەکانیدا نهێنە و دەچێتە فۆڕمی دەربڕینی عیرفانی ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوییەوە، سۆزەکانی ”جۆش” و ”خەم”ـە، کە هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکتر لەلایەن شاعیرەوە وەردەگیرێن و لە پەیڤی جیاجیادا وێنا دەکرێن. وشەکانی ”زەنگ، زایەڵە، دەنگ، جۆش، یاد، دروود، پەیام و ستایش” لە یەکەم شیعری دیوانی ”حەز دەکەم ئەوەندە بژیم”دا سۆزێکی پڕ لە جۆش و خرۆشن، کە لە ناخی ”هەواڵێک و داوایەک”ی خەمباردا وەردەگیرێن، بۆ ئەوەی لە ”بستە خاکێکی مرادخواز و ماندوودا”بە شادی بگوازرێنەوە و بۆ ئەو گواستنەوەیەش داوا و تەمەننای هەشتا ساڵ تەمەن و ئەزموون بکات:

هەشتا ساڵ دەزوو بە دەرزی وەکردنێکە
بە سەر ڕاوەشاندنی پڕ خەمەوە

لەو ئەزموونە هەشتا ساڵە داواکراو و خوازراوەی شاعیردا بەردەوام ”مووچڕکێک و سۆزێکی تایبەت” ئاشق، کە لێرەدا شاعیرە و نموونەی جۆری مرۆڤە پێدەگەیەنێت. بەڵام ئەم پێگەیشتنە، پێگەیشتنێکی ئاسایی نییە، پێگەیشتنێکە لە ”پرس و ڕا بە هێزی ئومێد”ەوە دەگات بە ”دۆنایدۆنی” دوو جەمسەری فکریی دنیا؛ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، کە لە ڕۆژهەڵات ”ئەڤین و ئومێد” وەکو چۆنییەتیی بنچینەیی و بایەخداری سۆزی مرۆڤ دەبنە بنەمای لادانی زۆربەی کێشە و گرفتەکانی ژیان و ئەم وشانە خۆیان بە هەڵقوڵاوی چاوگەیەک دەزانن، کە لە ئاسمانەوە هاتووە و لە ناوەکانی ”تەورات، ئینجیل، قورئان”دا هەرمان بووە. بۆیە سۆزی کەلامی شاعیری ئەم باسەی ئێمە، گەیشتن بەو چاوگەیە، یان ڕوونتر بێژین، گەیشتن بەو کەلامە ئاسمانییانە بە چوونە ناو ”ماڵی ڕۆشن” وەسف دەکات:
دەستم بگرە با بچمە ماڵی ڕۆشن
ماڵم لە سێبەری باڵندەیەک دانا
گوتی لەبەر خاتری تۆ بۆ ماوەیەک فڕین دوا دەخەم
تا پشوو دەدەیت و تێرخەو دەبیت و خەونێک دەبینیت
خەونی
تەورات
ئینجیل
قورئان
ئەرێ شادیی بێهوودەی خەونەکانم چی لێ بکەم
لە دەربڕینی ئەم ڕستە شیعرەدا کە دەڵێت، ئەرێ شادیی بێهوودەی خەونەکانم چی لێ بکەم هەست بە خەمێک دەکرێت، کە ئەویش ”شادیی بێهوودەی خەونەکانم”ـە و لە ڕاستیدا ئەو ”شادی’یە بە هۆی ”بێهوودە”بوونییەوە دروستکەری ”خەم”ێکە و لێرەدا لێکدژییەک لە هەردوو سۆزی ”شادی” و ”خەم”دا بەدی دەکرێت، کە خۆی لە جسناتی ئەو لێکدژییە بەردەوامەی ناو هزری عیرفانی ڕۆژهەڵاتییە. ئەم لێکدژییەی نێوان سۆزی خەم و شادی لە شیعری کوردیدا ڕیشەدارە و لە ئەوپەڕی خۆیدا دۆنایدۆن لە نێوان خەم و شادیدا ڕوو دەدات و خەم دەبێ بە شادی و شادی دەبێت بە بێهوودەیی، کە هەر خەمە. بۆ نموونە، (مەولەوی تاوەگۆزی) دەڵێت:
سەدای زیل و بەم مەینەت سەد تەرزەن
خەفەت شادیشەن، خەم دەماخ بەرزەن (13)
وەک پێشتر باس کرا لە دوو جەمسەرە فکرییەکەی دنیادا جیهانبینییەکان لەمەڕ پێکهاتەی گەردوون و ژیانەوە جیاوازن. لە ڕۆژهەڵات ”ئەڤین و ئومێد” وەکو چۆنییەتیی بنچینەیی و بایەخداری سۆزی مرۆڤ دەبنە بنەمای لادانی زۆربەی کێشە و گرفتەکانی ژیان، بەڵام لە ڕۆژئاوا بە گوێرەی بنەمای فکری یۆنانی کەونارا جیهان لە چوار توخم پێکهاتووە، کە هەرچواریان ماددین و پێکهاتوون لە ”ئاو، ئاگر، با، خۆڵ”. ئەم بۆچوونە ڕۆژئاوایییە لە کۆنەوە لە لای بیرمەندانی ڕۆژهەڵاتیش بووەتە جێی تێڕامان. ئیبن سینا، پزیشک و فەیلەسووفی ناوداری ئێرانی لە کتێبی قانوونەکەیدا دەڵێت، جەستەی مرۆڤ لە دوو توخمە قورسەکەی ”ئاو و خۆڵ” دروست بووە و ڕۆحیشی لە دوو توخمە سووکەکەی ”ئاگر و با”. (14) بە گوێرەی ئەم تیۆرییە (سەباح ڕەنجدەر) لە ڕێی ”ئومێد”ەوە کە سۆزێکی بەردەوامە لە سەرانسەری دیوانەکەی ”حەز دەکەم ئەوەندە بژیم”دا پرسیار دەکات و ڕای ”هێزی ئومێد” وەردەگرێت بۆ ئەوەی شێوەگۆڕین و دۆنایدۆنێک لە هەبوونی خۆیدا ئەنجام بدات و ساغ بێتەوە لەسەر ئەوەی کە ”ئاو، ئاگر، با و خۆڵ” بێت، یان ”تەورات، ئینجیل و قورئان”؟ بەڵام شاعیر پێش ئەوەی وەڵام بداتەوە ”کامیان بێت”، حەز دەکات، لەو شوێنانە دوور کەوێتەوە کە لە جیاتی پرسیاری هەبوون بە هەر جۆرێکی جیاواز، باسی کوشتنی لێیە:
سەرێک بکێشە ماڵێک کە بڕیاری کوشتنی
مانگ و بازی دڵ و بازی کێوانی تێدا نەدراوە
دیارە بزوێنەری ئەم سۆزە ئەو کەشە سیاسی و کۆمەڵایەتییە پڕ لە شەڕ و ئاژاوە و تیرۆر و تۆقاندنەیە، کەوا مرۆڤەکان لەسەر بیروڕای جیاوازی ئایینی، فتوای کوشتنی یەکتر دەردەکەن. بەڵام (ڕەنجدەر) بە خولقاندنی ”بارێکی تایبەت”، وێنایەکی یەکجار بەرزی سۆزدارانە لە زمانی شیعردا دەئافرێنێت و دەڵێت:
چەند ڕووخۆشانە دەفی ڕوومەتی خودا
پەنجەی باریک کردوومەتەوە
هەموو ڕازێکی خستووەتە دڵم
لەمەوبەدوا ژیان بە سادەیی وەردەگرم
سادەیی گیانی خودایی ئاراستە دەکات
لە دڵ و گیان و چاومان ڕادەمێنین
دڵ و گیان و چاومان
پڕاوپڕ دەبن لە هێزی درێژکردنەوەی ژیان

وێنای ”ڕووخۆشانەی دەفی ڕوومەتی خودا” کاریگەرترین سۆزە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت خۆی پێ لە دووڕێیانی ”کامیان بم” ڕزگار بکات و لە ”سادەیی ژیانەوە” بە سادەیی ”گیانی خودایی” بگات و ”دڵ و گیان و چاو”ی پڕبن لە ”هێزی درێژکردنەوەی ژیان”. لێرەدا دیسان سۆزی ”ئومێد” لە واتای ”درێژکردنەوەی ژیان”دا بە شێوەیەکی زۆر ڕۆحانی لە لایەن شاعیرەوە ڕادەگوێزرێتە دەروونی خوێنەرەوە.
لە دیوانی ”حەز دەکەم ئەوەندە بژیم”دا ئەو سۆزانەی هەست بە بەردەوامییان دەکرێت، بریتین لە: ئومێد، شادی، نۆستالژی، ئەڤین، مەستی، تاسە و بنەماڵە ــ وەک ناوەندی هەموو سۆزەکان. (سەباح ڕەنجدەر) بۆ گواستنەوەی ئەو سۆزانە لە ناخی خۆیەوە بۆ ناخی خوێنەر، شیعر بە ماڵ و کەسوکار و درەختی بنەماڵەی خۆی لەقەڵەم دەدات و دەڵێت:
دیوان و ماڵم سەرڕێژن
لە تیشکی خودا و پیاڵەی پڕی بەزەیی
دەستی ڕەشی دەسیسە ناتوانێت بیانشارێتەوە
بەیانییەک بە ئومێدی
مەحاڵ‌ دەستەمۆکردن لە خەو ‌هەڵدەستم
دەچمە ناو پەڕی گڤبوونەوەی کەڵەباب لە کاتی بانگدان
بیر لە تۆ دەکەمەوە ئەی کەسوکار و درەختی بنەماڵەم شیعر
شاعیر بە بیرکردنەوە لە شیعر، نامومکین دەستەمۆ دەکات، لە شیعری ”ژیان لە دوو سەدە”دا شیعر دەبێتە ”برای خوێنی و شیری”ی شاعیر، خودا لەبری هەموو شتێک شیعری پێدەبەخشێت، کەچی ئەو سوپاسی ئەو ”بەشە باشە”ی خۆی دەکات. چونکە دەتوانێت هەر بە شیعر هەموو شتێک وەربگرێت و هەموو شتێکیش لە خۆیەوە بگوازێتەوە بۆ دیتران.
یەکێکی دیکە لە سۆزە درێژخایەن و قووڵەکانی ناو شیعری (سەباح ڕەنجدەر) سۆزی نۆستالژییە. نۆستالژی، هەستکردنه‌ بە حزوور و بیرهاتنەوەی ڕابردوو. هەروەها گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، وەکو شتێکی هەردەم هەبووی ئامادە. کەسانێک گوتوویانە ڕابردوو، تێپه‌ڕیوه‌، ئەوەی کە ماوە هەر ئێستایە و هیچی دیکە نییە. کەسانێکی دیکەش دەڵێن شتێک بە ناوی ساتی ئێستا لەگۆڕێدا نییە و تێگەیشتنی ئێمە لە هەبوونی خۆمان کۆی ئەزموونەکانی ڕابردوومانە لەگەڵ کۆی بۆچوونەکانمان لەبارەی داهاتوو. هۆگرانی فەلسەفە باسەکە درێژ دەکەنەوە و هەرکامەیان بەرگری لە یەکێک لە‌و دوو بۆچوونە دەکەن، بەڵام کۆمەڵێک بیرۆکەی لۆژیکی لەبارەی کرده‌وه‌ی مێشکەوە، برەو بە بۆچوونی دووەم دەدەن: واتە هەستکردن بەوه‌ی کە من پێشتر ئەم چرکەیە و ئەم دیمەنەم دیتووە و ژیانی من، یان چارەنووسی من سیناریۆیەکە، پێشتر لەسەر تەختەبەردێکی پارێزراو نووسراوەتەوە. ئەو جۆرە ئەزموونە چرکەیییانه‌ دەبنە هۆی ئەوەی کە ڕابردووش بەقەدەر ئێستا لە زەیندا ئامادە بێت.

(سەباح ڕەنجدەر) لە شیعری ”مانەوە لەژێر ڕووناکیدا” دانیشتن لەژێر درەختی نزیک کانی و ئاو بە نەوای بەختیاریی خودایی دەزانێت، چونکە سیمای کەسوکاری خۆی لەو کانی و ئاوەدا دەبینێتەوە و ئارەزوو دەکات لە ناو ڕووناکیی شۆڕشگێڕدا بمێنێتەوە و دڵناسکانە لە یادی کۆچی سووری یارانیدا دەگری. ئارەزووی ”مانەوە” کە سۆزی نۆستالژی بە سەرانسەری شیعرەکەدا دەپژێنێت، خۆی ئارەزوویەکی نۆستالژییە، ئاخر نۆستالژی، سەرباری چۆنایەتییە فرە بەسۆزەکەی، لایەنێکی هزرییشی تێدایە، ئەو هزرەی لە ڕەوتی زەماندا بەرهەم هاتووە و که‌ ئاوڕ لە پشتە سەرمان دەدەینەوە، مەتەڵۆکە پێچەڵپێچەکانی پێشتری ئاسان کردووەتەوە و بە ئاسانی دەتوانین ڕوونیان بکەینەوە. سۆزی نۆستالژی لە شیعرەکانی ”چاوەڕوانیی تێکشکاو”، ”بەدوا ڕۆیشتن” ,”ڕاهێنانی دەنگ”، ”مانەوەی وێنەیەک”، ”گەرمبوونەوەی یادەوەری”، ”مانەوە لەناو ڕووناکیدا” و دەتوانین بڵێین لە سەرانسەری دیوانەکەدا بەردەوام دەبێت.
بنیاتنانی سۆز لە شیعری (سەباح ڕەنجدەر)دا، بنیاتنانی جوانییە لە ناحەزیدا، بنیاتنانی ”ئەشق”ـە لە ساکاریدا و بنیاتنانی باشەیە لە خراپەدا و بنیاتنانی شادییە لە خەمدا و سەرەنجام بنیاتنانی خودایە لە ژیانێکی شادماندا.
جوانی هەموو کات هی من بووە
بە تاسەی خودایی بە سینگمەوە نووساندووە
بۆ دواجاریش ئاوڕێک لەم تۆپەڵە ڕیخۆڵەیەی
ناو زگی مریشک دەدەمەوە
ژنەکەم بۆ پشیلەی فڕێ دا
*
توو خوای جوان وەرە خەونم
بۆ ئەوەی ساکارانە بڕوانمە زەوی
*
چاکەیەکی زۆری شاعیرە
مەنگۆلی و
و
و
دڵڕەش
بەدگۆ
دەروونکلۆر
ەکانم لەسەرە
بەوەی زۆر گێچەڵیان پێکردووم
*
زوو هاتییە ناوچەوانم و چاوم بە جوانیی خودا کەوت
ژیانێکی شادمانم لەگەڵتدا بردووەتە سەر

٣. جۆرەکانی سۆز لە شیعری سەباح ڕەنجدەردا:
لە زمانی یۆنانیی کۆندا سێ وشەی ئیرۆس (Eros)، فیلیا (Phily) و ئاگاپیا (Agapi) هەرکامەیان دەربڕی جۆرێک لە بەیانکردنی خۆشەویستی بوونە. ئیرۆس، سۆز و خۆشەویستیی ئارەزوومەندانە بووە بۆ ماددە و جەستە؛ فیلیا، هۆگرییەکە لە ناخی مرۆڤدا هەست بە شتێک دەکات، ئەم وشەیە بە واتای خۆشەویستی بووە، وشەی فەیلەسووف (philosophia) بە واتای خۆشەویستی بۆ زانست، لە دوو وشەی فەیلۆ و سۆفیا، واتە هۆگری و زانست پێکهاتووە؛ ئاگاپیا بە واتای سۆزی ڕۆح و گیان بووە. (15 (بەڵام لەم لێکۆڵینەوەیەدا مەبەست لە جۆرەکانی سۆز ئەوەیە کە ئاخۆ سۆزەکانی شاعیر تایبەت بە خۆین، یان تێیاندا هەست بە تێکڕای مرۆڤ دەکرێت. واتە لەم لێکۆڵینەوەیەدا جۆرەکانی سۆز، دوو جۆرە سۆزی کەسی و گشتین.
جۆرەکانی سۆز لە شیعری (سەباح ڕەنجدەر) لە یەکەم نیگادا وەکو سۆزی کەسی دێنە بەرچاو، چونکە لە ئاوێنەی کەسیی خۆیەوە باس لە وەرگرتنی سۆز دەکات، کەچی لە شیکردنەوەی نیشانەگەلی زمانیی شیعرەکانیدا دەدرەکەوێت، بەشی زۆری جۆری سۆزەکانی ناو شیعری (ڕەنجدەر) گشتین و پەیوەندییان بە هەست و تێگەیشتنی گشتیی مرۆڤەوە هەیە، کە بیر لە شیعر دەکاتەوە، وەک ”کەسوکار و درەختی بنەماڵە” بیری لێدەکاتەوە. بنەماڵە چەمکێکی گشتییە.
درەختی ئادەم و حەوا
لەناو کتێبی حەز دەکەم ئەوەندە بژیم
چ دڵناسکانە لە کۆچی سووری یاران کەوتە گریان ٠
یان
چراکان لە گەڵتدا ڕێ دەکەن
بەخشندە بە
بەسەر ڕێبوارانی دڵشکاو دابەشیان کە
لەو نموونانەی سەرەوەدا دەبینین کە وەرگرتن و گواستنەوەی جۆری سۆز لە شیعری (ڕەنجدەر)دا لە وێنەیەکی کەسێکدا وێنایەکی گشتی پێشان دەدات.

٤. ئاستی سۆز لە شیعری سەباح ڕەنجدەردا:
سۆز، خۆی لە چەند ئاستێک پێکدێت، هەستی سۆز وەکو تێکەڵکردنی ڕەنگەکان وایە. (16) ئاستی سۆز لە شیعری (سەباح ڕەنجدەر)دا لە قووڵایی هزردایە. شاعیر بە لەبەریەکهەڵکێشانی سۆزە شیعرییەکانی خەم و شادی، ئومێد و سەرسامی و ژیانی ئێستا و نۆستالژیا وا دەکات کە خوێنەر بیر بکاتەوە و تووشی ڕامان ببێت. بۆ نموونە:
مێژوو لەناو خوێنمان قاقا پێدەکەنێ و دەنگی خۆش نییە
سۆزی پێکەنین بەلای مرۆڤەوە خۆشە، بەڵام پێکەنینی ”دەنگناخۆش” وێنایەکی نەسازە و ئەم نەسازییە وادەکات خوێنەر بە شێوەیەکی قووڵ بیری لێ بکاتەوە:
لە تەمەنێکی گەرم بە سەرسووڕماوی مامەوە
ئادەم بە چ زمانێک قسەی دەکرد
تەورات / ئینجیل / قورئان
لەم کۆپلە شیعرەدا سۆزی سەرسووڕمان و سەرسامی لە ئاستێکی زۆر قووڵدا بەکار دێنێت بۆ ورووژاندنی پرسیارێکی زۆر گرنگ، کە هەر خوێنەرێک دەخاتە قووڵایی ڕامانەوە. زمانی ئادەم چی بوو؟ ئادەم بە چ زمانێک لەگەڵ خودا دەدوا؟ کە لە ناخی ئەم پرسیارە قووڵەوە پرسیارێک دێتە گۆڕێ بەقەدەر تەمەنی هەبوون قووڵە، ئەویش ئەوەی کە خودا بە چ زمانێک قسەی لەگەڵ ئادەم دەکرد؟ بزوێنەری سۆزدارانە و هزرمەندانەی ئەم پرسیارە، هەم ڕووی لە فرەییی ئایینەکانی مرۆڤە و هەمیش هۆکارێکی فەلسەفی ــ سیاسی دێنێتە بەرپرسیار، کە بۆچی زمانی کوردی، زمانی هیچکام لە کتێبە ئاسمانییەکان نییە؟ نە تەورات، نە ئینجیل، نە قورئان، کەچی هەر ئەو سێ کتێبەش بەسەرهاتی قسەکردنی ئادەم و خودا پێکەوە دەگێڕنەوە. تۆ بڵێی بە زمانی کامیان بووبێت.

٥. بەردەوامیی سۆز:

لە هونەردا دەرچوون لە ڕێسا و چوارچێوەکانی زمان و گرێبەستە باوەکان و چوونە ناو دنیای خەیاڵەوە سەرباری بەربڵاوییە ڕواڵەتییەکەی دەبێتە هۆکاری لەبەریەکهەڵوەشانی پاژەکانی بەرهەم، بەڵام سۆز تایبەتمەندییەکە، سەرلەبەری پاژە لێکهەڵوەشاوەکان لە شوێنێکدا لێک گرێ دەداتەوە. بەرهەم ئەوکاتە پێی دەگوترێت بەرهەمی هونەری، کە توخمێکی سەرەکیی هەبێت و ڕۆحی پێبەخشیبێت و لە ئاڵۆزکاوی و ناتەبایی وێناکانی و پاژەکانی دەرباز بووبێت. سۆز، ئەو توخمە سەرەکییەیە، کە چۆنییەتییەکی تۆکمە بە بەرهەمی هونەری دەبەخشێت. بێنێدێتۆ کرۆچێ(iii) دەڵێت: ”ئەو شتەی کە لە بەرهەمگەلی ڕەسەنی هونەریدا سەرنجمان ڕادەکێشێت، فۆڕمێکی بەتەواوەتی خەیاڵییە، کە حاڵەتێکی گیانداری بە خۆیەوە گرتووە و ناوی لێدەنێین، زیندوویی، تۆکمەیی و پایەداریی گشتیی بەرهەمی هونەری. کەچی لە بەرهەمگەلی جەڵەبیی هونەریدا چەندین حاڵەتی جۆربەجۆری ڕۆحی دەبینین، کە نەک هەر پێکەوە هاوئاهەنگ نین، بگرە دەڵێی چین چین کەوتوون بەسەر یەکدا و بە شێوەیەکی ناڕێک و ناتەبا بەدیار کەوتوون”(17) لە بەرهەمگەلێکدا کە سۆز تێیاندا لاواز و جەڵەبی بێت، تۆکمەیییەکەیان حاڵەتێکی ڕووکەشی و ڕواڵەتی هەیە و لە ڕاستیدا لەو هەودا پتەوە بێبەشن، کە یەک بە یەکی پاژەکان بە یەکەوە گرێ دەدات. ژان کۆهێن(iv)، ڕەخنەگری فەرەنسی دەڵێت: ”قووڵترین بەستێنی هەر شیعرێک، دۆزینەوەی تۆکمەیییە لە ڕووکاری سۆزەکەیدا، تەنانەت ئەگەر لە ئاستی نێوه‌رۆکەکەیشیدا بزر بووبێت.” (18) شاعیر هەستی سۆزەکەی بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر سەرلەبەری شیعرەکەیدا تا کۆتایی دابەش دەکات و خوێنەری ئەو چەشنە شیعرانە لە خوێندنەوەیاندا تووشی لێکدژی و ناکۆکیی دوو هەستی جیاواز و نەساز نابێت، کە هەرکامیان ئەوی دی بخاتە ژێر هەیمەنەی خۆیەوە و کارتێکەرییە سۆزدارییەکەی کەم بکاتەوە. لێرەدا شیعری ”گەرمایی ناوچەوان” لە دیوانی ”حەز دەکەم ئەوەندە بژیم”ی (سەباح ڕەنجدەر) بە نموونەی بەردەوامیی سۆز لە سەرانسەری شیعرێکی توکمەدا دەخوێنینەوە:
لەرزی دیدار لەسەری پەنجەی پێمەوە دەبێتە ڕووداو
بە تەواوی دەمار و خوێنمدا
مێروولە و هەڵبەز و دابەز دەکات
لە چاومدا دەبێتە ئاگری بێئامان و هەواڵی مەرگ
لە ڕووناکیی دیداردا چاوم سووتا
لەمەوبەدوا هیچ مووچڕکێک بە چاومدا تێناپەڕێت
دیمەنی ناشیرینیش سەر و دڵم ناگرێت
تەنیا دەست لە چرچ و لۆچی ناوچەوانم دەخشێنم
کە بە دڵی دیدار بە ڕێگادا بڕۆم
درەختەکانی ئەم دەست و ئەو دەستم چاوڕوونمن
لە گەڵمدا دەڕۆن و ڕوانینەکانم ناشێوێنن
نەبینین باڵندە لە ئاسمان وڕ و کاس و تاساو دەکات
ئای چاوم چەند ئارەزووی فرمێسکی شکۆی هەیە
چ شینایی ئاسمانی لەناوبرد
لە ڕووناکیی دیداردا داڵ دای لە دەمار و خوێنم
کڵۆش بۆ گەنمی ڕژاوی گیانم باری
ناسینی بەهار لە دڵی نواڵەدا بوو
ویستم بیناسم نەمناسی
لەمەوبەدوا لە سێبەری خۆم وچان و پشوو دەدەم
بۆ دیدار و خەونبینینیش دەچمە ناو ڕووناکییەکی شەرمن
شاعیر دیدارێکی کردووە. خۆشیی دیدارەکە لەرزێکی خستووەتە سەرتاپای جەستەیەوە. دیدارەکە دیدارێکی هێند خۆش و ڕووناک بووە، کە خۆشی و ڕووناکییەکەی چاوی وەگێڕەوەی دیدارەکە، واتە شاعیری نابینا کردووە. بەڵام نەک نابینایەکی ماددی، وەکو ئەوەی کە چاوی شاعیر بەڕاستی کوێر بووبێت، بگرە مەبەست لە نابینایییەکە ئەوەیە کە ئیدی دیداری هیچ شتێکی دیکە هێندە خۆش نابێت کە شیاوی دیتن بێت. ئیتر بیر لە دیداری جوان و ناشیرین ناکاتەوە، تەنیا بە خەیاڵ بیر لە پاتبوونەوەی ئەو دیدارە پڕ لە چێژ و سۆزە دەکاتەوە. دوای ئەو دیدارە تەنانەت درەخت و باڵندە و ئاسمانی شینیش نابینێت، لەو دیدارەدا دەبوو بەهار بناسێت و نەیناسیوە، ئیتر لەبن سێبەری خۆی، واتە لە تەنیایی خۆیدا دەژی، نایەوێت هیچ کەسێک ببینێت، بۆ خەونبینینیش دەچێتە ناو ڕووناکییەکی شەرمنەوە. کە ئاوەڵناوی شەرمن بۆ ڕووناکی بۆ نیشاندانی تەریکییەکەیەتی.
لەم شیعرەدا هەستی نوقمبوون لە ڕووناکیی دیداردا سەرتاپای سۆزی دەروونی شاعیری داگیر کردووە. لە سەرەتاوە تا کۆتایی شیعرەکە، یەک بە یەکی دیمەنە شیعرییەکان تەزووی ئەو سۆزی دیدارەیان تێدایە و سۆزی دیدار ڕووناکییەکە سەرلەبەری پێکهاتەی شیعرەکەی ڕوون کردووە و وەکو پەیکەرێکی تۆکمەی وشە خستوویەتە بەر دیدی خوێنەر. واتە وەک خۆی دەڵێت ”لەرزی دیدار لەسەری پەنجەی پێمەوە دەبێتە ڕووداو” تەزووی سۆزی دیدار لە سەرەتاوە تا کۆتایی شیعرەکەی کردووە بە ڕووداوی لێکگرێدراو.
گرنگیی هەڵسەنگاندنی جۆر و ئاست و بەردەوامیی سۆز بۆ ئەوەیە کە نیشان بدەین توخمی سۆز چەندە بەسەر توخمە پێکهێنەرەکانی دیکەی شیعردا زاڵە، یان خزمایەتیی توخمی سۆز لەگەڵ باقیی توخمە پێکهێنەرەکانی شیعر، وەکو وێنە، زمان، هزر، مۆسیقا، کەشسازی، ئەزموونی شیعری و….. تاد، چۆنە.

بەشی دووەم:

پەیوەندیی سۆز بە توخمە پێکهێنەرەکانی تری شیعرەوە
١. پەیوەندیی سۆز و وێنە:
ئافراندنی وێنە یەکێک لە توخمە کاریگەرەکانی بەهێزکردنی زمانی شیعرە، چونکە وێنە بە چەشنێک خوێنەر ڕادەچڵەکێنێت، کە سەرنجی بە لای دەقەکەدا چڕتر دەکات و هێزی زمانیش لە گەیاندن و گواستنەوەی سۆزدا زیاتر دەکات، شێخ نووری شێخ ساڵح دەڵێت: ”ئەو تەئسیرەی لە قسەیەکی جوان بۆمان حاسڵ دەبێت، لەگەڵ چاوپێكەوتنی لەوحەیەکی دنیایەكی جوان و گوێگرتن لە مۆسیقایەکی خۆش عەین تەئسیری هەیە.”( 19 ) ئەزموونەکانی شاعیر دەبنە هۆی بزواندنی زەینی خۆی و بەهۆی کاریگەریی ئەو بزواندنەوە، وێنەکان کارتێکەریی سۆزدارانە بەدی دێنن. لە بارێکی تایبەتی سۆزدا، شاعیر دەکەوێتە کەشێکەوە کە تۆڕێک لە وێنە و توخمگەلی پەیوەندیدار بە وێنەی تێدایە. گرنگیی ئەو تۆڕی وێنانە و توخمە پەیوەندیدارەکانیان لەوەدایە، کە وێنەکان لەگەڵ سۆزی شاعیردا تێکهاڵاون و پێکەوە پەیوەند دراون:
درەختەکانی ئەمبەر و ئەوبەری ڕێگاوبان
فەرموویان لێ کردم ئەی سروودی سروودەکان تێپەڕە
شکۆی خۆشەویستانت لە ئاسماندا ببینە
دایکە سروشت
دەزووی گەورەمەندیی لە پەنجە ئاڵاندم و هەڵیدام
بێ دڵ لەدڵدان
بە ئاسماندا ڕۆیشتم و گەیشتم بە شکۆی پەیام
هەموومان لە سێبەریدا دەست لە دڵمان دەدەین
بارانێک بە هیواوە نمە دەکات
سڵاوی بنە گوڵێکی پێیە و لە تەنیشتمان دادەنیشێت
نیگای دەکاتەوە و بەسەر گیانماندا دەمێنێتەوە
بێ ئەوەی بدوێم هەواڵی خرۆشانێکم دەداتێ
باڵندەی بێدەنگی هێلکەکانی ترووکان و کەوانەی بڕی
خۆ درەوشانەوەیەکی لەمە مەزنترمان نییە
لە ئومێدی ئەو باڵندەیەدا بژین
هێلکەکانی لە گەرمای تیشکی خودادا ترووکان

لەم شیعرەدا شاعیر چاوەڕێی ئومێدێکی گەورەیە و هەر بە ئومێدی ئەو ئومێدە گەورەیەشەوە چاو بە دەوروبەری خۆیدا دەگێڕێت. لەسەر جادەیەک وەستاوە، کە درەختەکانی ئەمبەر و ئەوبەری جادەکەش دەزانن ئومێدێکی گەورەی بە دەمەوەیە، هەربۆیە بە سروودی سروودەکان فەرمووی لێ دەکەن بەرەو شکۆی خۆشەویستانی لە ئاسمان بڕوانێت و لەوێدا بیانبینێت. بارینی باران بە هیواوە، سڵاوی بنەگوڵ، هەواڵی خرۆشان، ترووکانی هێلکەکانی باڵندەی بێدەنگی، واتە شکانی بێدەنگی، درەوشانەوەیەکی لە هەموو درەوشانەوەیەک مەزنتر، کە هیچ درەوشانەوەیەک لەو مەزنتر نییە، وێڕای ژیان لە ئومێدی ئەو باڵندەیەدا کە هێلکەکانی لە گەرمای تیشکی خودادا ترووکاندووە. کەسێکی لەو شێوەیە، ئەگەر بەو سۆزەوە لە هەر دیاردەیەک بڕوانێت، هەر ئومێدی مەزنی تێدا بەدی دەکات. وێنە جۆربەجۆرەکانی ناو ئەم شیعرە هەریەکەو سۆزێکی جودا نین، بگرە سۆزی شاعیر هەموویانی پێکەوە گرێ داوە و هەر وێنەیەک لە لای خۆیەوە جوانییەکی بە شیعرەکە بەخشیوە و زمانی شیعرەکەی بەهێز کردووە. ڕنێ ووڵک(v)، نووسەری مێژووی ڕەخنەی نوێ دەڵێت: ”ئەو شتەی کە کاریگەریی وێنە لە شیعردا دروست دەکات، زیاتر خەسڵەتی شتەکەیە وەکو ڕووداوێکی زەینی، کە بە شێوەیەکی یەکجار سەرسووڕهێنەر پەیوەندیی بە سۆزەوە هەیە.” (20) هەست و سۆز لە وێنەسازیی شیعریدا دەبنە ڕێبەری شاعیر. خۆ هەر هێنانی وێنە بە دوای وێنەدا کارتێکەرییە کەلامییەکەی شیعر دروست ناکات، بگرە ڕادەی خزمایەتی و پەیوەندیی ئەو وێنانە لەگەڵ سۆز و هەست شیعریکی تۆکمە و کارتێکەر دەخولقێنێت. واتە لە شیعردا خزمایەتی و پەیوەندیی هەموو توخمە پێکهێنەرەکانی شیعر لەگەڵ ئامانج و بابەتی شیعرەکەدا گرنگە. واتە دەبێ هەستی زاڵی شیعر بە لای خولقاندنی وێنەی وادا بچێت، کە هێزی سۆزی شیعر زیاتر بکات. لە سەرلەبەری دیوانی ”حەز دەکەم ئەوەندە بژیم”دا وێنە شیعرییەکان پەیوەندییەکی ئۆرگانییان بە سۆزەوە هەیە، لەم دیوانەدا شیعر وەسفی دەروون و دەوروبەر و تەنانەت بنەماڵە و ناو خێزانی شاعیرە. بۆیە سۆزی شیعرەکان لە وێنای دەروونیی شاعیرەوە دەگەڕێنەوە بۆ ژینگەی دەوروبەری شاعیر و تەنانەت دەگەڕێنەوە بۆ ناو کێشە ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەری شاعیر.

٢. پەیوەندیی سۆز و زمان:

زمان بۆ شاعیر ڕایەڵێکە بۆ گواستنەوەی خرۆشە زەینی و سۆزییەکان و هەست و واتاکان. ئەگەر لای ئەرەستۆ شیعر وێنەكردنی زمان بێت، لای رۆمانسییەكان دەبیتە بەكارهێنەری پێویستیی زمان. (21) هەربۆیە شاعیر هەموو ئیمکانیات و توانایییەکانی زمان لەپێناو گواستنەوەی سۆز و واتادا بەکار دێنێت. کۆمەڵێک هۆکار لە هەڵبژاردنی وشەکانی شیعردا کاریگەرییان هەیە، کە بەشێکیان لە دەرەوەی زمانن، وەکو کەسایەتیی کەسیی شاعیر، بەتایبەت بارە دەروونی و ڕۆحییەکانی؛ هەروەها خوێنەرانی شیعر، نەریتی ئەدەبی، پێشینەی مێژوویی، ژینگە و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەمی شاعیر. بەشێک لەو بابەتانە، وەکو یەکەمەکەیان خزمایەتیی لەگەڵ سۆزی شاعیر هەیە. شاعیر ئەو وشانە هەڵدەبژێرێت، کە سەبارەت بە وشەکانی دیکە تایبەتمەندییەکی تایبەتییان هەیە و پەیوەندییەکی ڕواڵەتی و ناخەکیی چەندلایەنە لەگەڵ وشەکانی دیکەدا پێکدێنن. لەوانەیە هەر پەیڤێک چەندین هاوواتای هەبێت، کە شاعیر شیاوترین و بەربڵاوترینیان هەڵدەبژێرێت. بەڵام ئەو هەڵبژاردنە دەستەبژێرێکی هۆشیارانە و بە ئانقەست نییە، بگرە هێزی ڕاکێشەری سۆزی دەروونی شاعیر شیاوترین و بەهێزترین وشە دەدۆزێتەوە.

وشەکانی ناو شیعر دەلالەتی واتایی بەرفراوان لەخۆ دەگرن و بەستینی واتایی شیعر فراوان دەکەن. وشەکان لە نهێنیی خۆیاندا وزەیەکی سەیروسەمەرەیان شاردووەتەوە. شاعیری بەتوانا ئەوکەسەیە کە دەتوانێت ئەو وزە پەنگراوە سەیرەی ناخی وشەکان بە تەکنیک و جوانکارییەکی تایبەتی بەکارهێنانی وشەکان لە شیعردا ڕەها بکات. وشەکانی شیعر لە پێکهاتەی گشتیی شیعرەکەدا پێکەوە سازگارن، سەرباری ئەوەی کە هەر وشەیەک واتای تایبەتیی خۆی هەیە، بەڵام لێکدژی و نەسازی لەگەڵ وشەکانی دیکەدا دروست ناکات، بگرە تۆکمەیی و هاوئاهەنگی لە سەرلەبەری شیعردا پەرە دەستێنێت و ئەو تۆکمەیی و هاوئاهەنگییە، یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی گواستنەوەی سۆزە لە شیعردا.
بۆ دیتنی پەیوەندیی سۆز و زمان لە شیعری (سەباح ڕەنجدەر)دا، شیعری ”کە مەرگ مانای نامێنێ” دەخوێنینەوە:
گیا بە دەمودووی گیای سەرپەڵە و سروەوە
سەما دەکات و ئاهەنگ دەگێڕێت
لەناو بێستان و ڕێگای بە گیادا
پەیڕەوی ڕەوشتی بای سەرپەڵە و سروە دەکەم
وەک ئەوان هەنگاو بە نەرمی دەنێم
بای سەرپەڵە و سروە بە قووڵی گیایان خۆشدەوێت و بۆ ناخی هەڵدەکەن
خۆشەویستی دێڕێکە لە شیعرێک کە بە بوون چوێندراوە
لە شوێنێک کە دڵە
مەرگ دەبێتە میوەیەک و دەستی بۆ دەبەین
ئەشق ڕەنگی دەبێتە ڕەنگی
سەدو بیست و چوار هەزار پێغەمبەر
هێما و ڕاز پڕ دەبن لە شیعر و جاویدانی و لە سەرەتادا وشە هەبوو
لەگەڵ خۆم دەیانهێنمەوە ماڵەوە
دڵبەرە دڵباشەکەی من
شیعر و
جاویدانی و
لە سەرەتادا وشە هەبوو
لەگەڵ خۆتان بمبەنەوە خانەی خودا
هەرچی لە ئەفسوونی هەمیشەی ڕوودەدات با ڕووبدات

لەم شیعرەدا وشەکانی ”گیا، سەرپەڵە، سروە، بێستان، ڕێگای بە گیا، میوە” بەتەواوەتی پەیوەندییان پێکەوە هەیە و فەزایەکی سەوزی ژیانبەخش دەخولقێنن، کە تێیدا مەرگ مانای نامێنێت و واتای سەرناوی شیعرەکە بەڕاست دەگەڕێت. هەروەها وشەکانی ”شیعر، خۆشەویستی، ئەشق، ڕاز، لە سەرەتادا وشە هەبوو” دەبنە فریادڕەسی سۆزی دەروونیی شاعیر و داوایان لێ دەکات لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە بۆ خانەی خودا، واتە بیبەنەوە بۆ سەرەتا کە وشە هەبوو. کە گەڕانەوە بۆ خانەی خودا و بۆ سەرەتا کە وشە هەبوو، واتە دەستپێکردنەوەی ژیان و لەناوبردنی مردن.
(سەباح ڕەنجدەر) وەکو تایبەتمەندییەکی ڕێبازی شیعریی خۆی هێندێک وشە دەکاتە ناوەندی زمانی شیعرەکەی و گەردوونێک لە پەیڤی جیاوازی بەدەوردا دەچنێت. بۆ نموونە لە شیعری ”گۆرانییەک لەدڵەوە تکایە سەر زەوی”دا لە کۆپلەی یەکەمدا وشەکانی ”ئەفسوون، ئەفسانە، غەزەل و ئەزەل” دەکرێنە چەقی بەهرە و سرووش و یەکەم تەزووی گوتارێک کە لە کۆپلەی دووەمدا دەست و دڵی شاعیر پڕ دەکەن لە ”شانەی هەنگوین، هەوری پڕباران، خەڵوەتی پێشهات و خوداوەندی” بۆ ئەوەی بچێتە ناو ”گفتوگۆیەکی بێدەنگ”، کە خۆی گفتوگۆی بێدەنگ پێکهاتەکی لێکدژە، بەڵام دەبێتە هۆی بەبیرهاتنەوەی خۆشەویستی بەلای دەریا و ئاسمانەوە و لە کۆپلەی سێیەمدا جارێکی دیکە ”ئەفسوون، ئەفسانە، غەزەل و ئەزەل” دەبنەوە چەقی گەردوونی زمانی شیعرەکە و لە گوتارەکەیان ”بەهرە و سرووش و شیعر” دەتکێت. ئەم گەمە زمانییە، کە تایبەتمەندییەکی ڕێبازی خۆی بە شیعری (ڕەنجدەر) دەبەخشێت، لە دواین کۆپلەی شیعرەکەدا دیسان ”ئەفسوون، ئەفسانە، غەزەل و ئەزەل” دەکاتەوە ناوەندی گوتارەکەی بۆ ئەوەی گوتارێکی ڕەخنەیی بە واتای شەرمکردن لە مێژووی لە سەرەتادا وشە و بەهرە و سرووش و یەکەم تەزوو بخاتەڕوو. چونکە ئەو لە گەردووندا هەر شیعری بە بەش پێبڕاوە، کەچی ئێستا شیعریش ماندووی کردووە و سکاڵا لە شیعر دەکات، ئەو شیعرەی کە هەم لەم شیعرەدا و هەم لە چەند شوێنی دیکەی دیوانەکەشدا بە بەشە دڵباشەکەی خۆی وەسفی دەکات، کە ئەمەش جوانکارییەکی زمانییە و شیعر نەک هەر تاکە بەشی شاعیرە، بگرە هاودەمێکی گیانلەبەری شاعیرە و لێی زیز دەبێت و سکاڵای لێ دەکات.
جێی ئاماژەیە نووسەر و توێژەر، (حەکیم مەلا ساڵح)(22)، لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی زمانی شیعری (سەباح ڕەنجدەر) بە ناوی ”زمان و بیرکردنەوەی شیعری” لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێرەوە لە ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوکردووەتەوە، کە شیاوی خوێندنەوەیە.

٣. پەیوەندیی سۆز و ئەزموون:

ئەزموون بزوێنەری سۆزەکانی شاعیرە و بە یەکەمین کۆنتێکستی پەیدابوونی شیعر لەقەڵەم دەدرێت. شیعر، خۆی لە ڕوویەکەوە تۆمارکردنی ئەزموونەکانی شاعیرە. بەرهەمە ئەدەبییە هەرە بەناوبانگەکانی دنیا، بەرهەمی ئەزموونی ژیانی نووسەرەکانیانن. ئەزموونی هونەری، خۆی ڕووداوێکە لە ژیانی هونەرمەنددا ڕوودەدات و هەست و سۆزی هونەرمەندەکە بۆ نووسین، یان بەرهەمهێنانی بەرهەمەکەی هان دەدات و لەو نێوانەشدا شاعیر لەگەڵ دەربڕینی ئەزموونەکانی خۆی، سۆزی دەروونی خۆیشی لە شیعردا تۆمار دەکات. ئەو شیعرانەی کە ئەزموون تێیاندا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، بە شێوەیەکی تایبەت خوێنەر بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن، ئەگەر ئەو ئەزموونە لەگەڵ ژیانی خوێنەر یەکیش نەگرێتەوە، بە بزواندنی هەستی دڵسۆزی و هاودەردیی خوێنەر، ئەویش لەگەڵ شاعیرەکەدا خۆی بە هاوسۆز دەزانێت. دیارە بەستێنی ئەزموونەکانی هەر شاعیرێک زۆر فراوانە و بەشی زۆریان ناخرێنە ناو شیعرەوە. (گۆران) گوتەنی:
هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم (23)
بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە شاعیر لە کاتی گواستنەوەی ئەزموونەکانیدا بۆ ناو شیعر توانایەکی شاعیرانەی بە سەریاندا هەبێت. شاعیر و نووسەر و ڕەخنەگری بەناوبانگی ئەمریکایی ڕۆبێرت پێن وارێن(vi)، وتەیەکی گرنگی هەیە، دەڵێت: ”ئەوەی کە لە ئەزموونی مرۆڤدا جێی دەبێتەوە، نابێت بە هۆی ڕێسایەکەوە لە چوارچێوەی شیعر دوور بخرێتەوە. واتای ئەم قسەیە ئەوەیە کە هەموو شتێک لە شیعردا کارایی هەیە، واتە لەوانەیە بەشێکیان لە ئەوانی دیکە سەرکێشتر نەبن… بگرە بەو واتایەیە کە ئەگەر نیشانەکانی لە شیعردا هەبن، هەرچەشنە بابەتێک، ڕەنگە قانوونێکی کیمیاییش بە گوێرەی کردە و پێگەی خۆی لە شیعردا جێی ببێتەوە. واتە شاعیر بە گوێرەی فراوانیی ئەزموونەکانی دەتوانێت هەیمەنەی شاعیرانەی بەسەریانەوە هەبێت.” (24) ئەزموون ئەگەر نەخرێتە چوارچێوەی شیعرییەوە، دەبێتە بیرەوەری نووسین. واتە دەربڕینی سەرکەوتووانەی ئەزموون لە شیعردا دەگەڕێتەوە سەر ڕادەی نزیکایەتیی شاعیر لەگەڵ ماددە و دنیای دەرەوە، واتە ئەو دنیایەی کە کارتێکەری و ئەندێشەکانی ئەوی تێدا دابین بووە. لە کاتی خوێندنەوەی شیعر، یان هەر بەرهەمێکی هونەریی دیکەدا خوێنەر بە وەبیرهێنانەوە یان هاوشێوەسازیی ئەزموونەکانی ناو ئەو بەرهەمەی دەیخوێنێتەوە، پەیوەندیی لەگەڵ بەرهەمەکەدا دروست دەکات.

لە پەیوەندیی نێوان سۆز و ئەزمووندا دەبێ سەرنج بدرێتە دوو جۆر ئەزموون: ئەزموونی تاک و ئەزموونی یەکسان. لە ئەزموونگەلی تاکدا شاعیر تەنیا باس لە ئەزموونێکی تاک دەکات. یان لە یەک ڕەهەندەوە سەیری ئەزموونەکە دەکات و بەکورتی دەریدەبڕێت. بۆ دەربڕینی ئەزموونی تاک شیعری کورتی وەکو هایکۆ بەکار دەهێنرێت. بەڵام لە ئەزموونگەلی یەکساندا باسی چەندین ئەزموون دێتە گۆڕێ، کە لێكچوویی سۆزدارانەیان لەنێواندا هەیە. ئەرەستۆ لە کتێبی هونەری شیعر، بەشی ”یەکێتیی چنین”دا دەڵێت: ”یەکێتیی چنین، وەکو هەندێ کەس بۆی دەچن، لەوەدا نییە، کە بابەتەکەی لەبارەی یەک کەسەوە بێت. لەوانەیە یەک تاکەکەس زۆر شت، یان بەبێ پەی و سنوور شتی لێ بقەومێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو شتانە هیچ جۆرە یەکێتییەک دروست ناکەن.(25) هەڵبەت لە شیعردا حاڵەتەکە جودایە و دەکرێت ئەو ئەزموونە جۆربەجۆرانەی بارێکی سۆزداریی یەکسانیان هەیە، لەپاڵ یەکدا باس بکرێن، یان بە واتای شاعیرانە بەیان بکرێن. لەوانەیە کۆمەڵێک ئەزموون هەبن، کە لە باری کات و شوێنەوە لێک دوور بن، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان لێکچوویییان هەبێت و زەینی شاعیر پێی وابووبێت ئەمانە هاوشێوەن و سۆزێکی هاوشێوەی بۆیان هەبووبێت و لەپاڵ یەکەوە لە شیعردا بیانچنێت. ئەزموونێک بووەتە هۆی بەبیرهاتنەوەی ئەزموونێکی دیکە لەلای شاعیر و جۆرە یەکسانییەکی لە باری سۆز، وێنە و جۆری ڕووداوەکەوە لە نێوانیاندا دۆزیوەتەوە و پێکەوە گرێ دراون.

لە سەرلەبەری دیوانی: ”حەز دەکەم ئەوەندە بژیم” و بەتایبەت لە شیعری ”بانگەواز بۆ گۆڕهەڵکەن”دا (سەباح ڕەنجدەر) باس لە گواستنەوەی هەشتا ساڵ ئەزموون دەکات، ئەو هەشتا ساڵەی کە خۆی ”دەرزی بە دەزوو وەکردنێکە”، کەچی لەڕاستیدا تەمەنی شاعیر، خۆی کەمێک لە نیوەی زیاتری ئەو ئەزموونەی بڕیوە، ئاخر لە (١٨ی ١١ی ١٩٦٥)ـەوە دەست پێدەکات و بڕیارە لە (١٨ی ١١ی ٢٠٤٥)دا، لەسەر داوای خۆی ببڕێتەوە، بەڵام شاعیر نیوەکەی تریشی بۆ ئێمە بەیان دەکات، کە لە کۆتایی هەشتا ساڵەکەدا لەسەر ”بستە خاکێکی مرادخواز و ماندوودا” ”شادییەکانی دەبیستێتەوە”.
(ڕەنجدەر) لە دیوانی: ”حەز دەکەم ئەوەندە بژیم”دا چەندین ئەزموونی یەکسان بۆ خوێنەری خۆی بەیان دەکات، بەڵام زۆر لێزانانە هەودای سۆز دەکاتە لیزگەی هۆنینەوەی ئەو گشتە ئەزموونە و فیلمێکی پڕ لە ئەزموونی سروشتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەرەنجام ڕۆحانیمان بۆ دەگێڕێتەوە.


ئەنجام :
١) سۆز دژکردەوەیەکە مرۆڤ لە بەرانبەر ئەزموونە دەروونی و ژینگەیییەکانی خۆیدا دەینوێنێت و یەکێک لە توخمە بنچینەیییەکان و پاڵنەرە سەرەکییەکانی بەدیهاتنی بەرهەمی ئەدەبییە.
٢)‌ سۆز لە شیعری (سەباح ڕەنجدەر)دا توخمێکی گرنگە بۆ یەکپارچەیی و هاوئاهەنگی و تۆکمەیی شیعر. لە ڕاستیدا شیعرەکانی (سەباح ڕەنجدەر) بەرهەمی جۆرە سۆزێکی تایبەتن، کە تا کۆتایی شیعرەکە بەردەوام دەبێت و هەر بە هۆی زاڵبوونی ئەو سۆزەوەیە کە شیعری (ڕەنجدەر) لە کەشێکی تۆکمە و یەکپارچەدا درێژە پەیدا دەکات و سەرلەبەری توخمە پێکهێنەرەکانی تریشی بۆنی ئەو سۆزە دەگرن.

٣) وێنە لە شیعری (ڕەنجدەر)دا، نەک هەر جوانکاریی هونەری شیعر، بگرە کەرەستەیەکە بۆ بەهێزکردنی ڕەهەندی سۆزداریی شیعر. وشەکانی (سەباح ڕەنجدەر) پەیوەندییەکی سۆزداری نهێنییان پێکەوە هەیە و لە هاونشینییان پێکەوە هەستی شاعیر بەدیار کەوتووە، یان گوازراوەتەوە بۆ خوێنەر.
٤) هاوڕۆحی و خزمایەتیی خەسڵەته‌کانی هەر دیاردە، یان شتێک لەگەڵ وشەکان هۆکارێکی دیکەی کاریگەرە بۆ گواستنەوەی کارتێکەری شیعری (ڕەنجدەر). هەروەها هۆکارێکی تریش لە بەردەوامی و تۆکمەیی سۆز لە شیعری (ڕەنجدەر)دا ڕۆڵی گرنگی هەیە، کە ئەویش ئەزموونی ژیانی شاعیرە لەگەڵ شیعر. لە خوێندنەوەی شیعری (ڕەنجدەر)دا خوێنەر هەست دەکات، کە شاعیر بە شێوازێکی تایبەت و بە زمانێکی هونەری ئەزموونەکانی ژیانی تۆمار کردووە. هاونشینیی ئەزموونی وەسفکراو و یەکسانیی سۆز لە شیعری (ڕەنجدەر)دا هۆکاری هەرەدیاری تۆکمەیی و جیاوازی و داهێنەریی شیعری (ڕەنجدەر)ە.

ئەیلوول و ئابی 2017 هەولێر

———————
سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان :
1) سه‌باح ره‌نجده‌ر، حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم، دیوانی شیعری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 2015.
2) IA Richards, principles of literary criticism, London[ u.a.];Routledge ,2001 ,p.83.
3) تولستوی لئون، هنری چیست؟ ترجمه‌ كاوه‌دهگان، انتشارات امیركبیر، تهران، چاپ هفتم،1364، ص55.
4) سۆزان مامه‌ند عه‌بدوڵڵا، نۆستالژیا له‌ شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا، به‌نموونه‌ شیعره‌كانی عه‌بدوڵڵا په‌شێو، ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د، سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ناوه‌ندی ئاوێر بۆچاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، چاپی یه‌كه‌م، 2016. ل108
5) ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د، لیریكای شاعیری گه‌وره‌ی كورد مه‌وله‌وی، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، ژماره‌ی سپاردن 272ی،2001.ل125
6) پێشڕه‌و عه‌بدوڵڵا، ده‌روونشیكاری شیعر، بلاوكراوه‌ی ئاكادیمیای كوردی، ژماره‌ 206. ل73
7) Letter to harriet ,in the complete peams and sele cted letters and prose of hart grane ,ed. Brom we ber garden city ,n.y.; doubleday [an chor book],1966,p.238.
8) لی مۆرگان و… بنه‌ماكانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، وه‌رگێڕانی ساماڵ ئه‌حمه‌دی، ده‌زگای چاپ و بلاوكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات، چاپی یه‌كه‌م، 2014، ل29 .
9) سه‌رچاوه‌ی پێشوو, سه‌باح ره‌نجده‌ر، حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم، ل5.
10) سه‌رچاوه‌ی پێشوو, سه‌باح ره‌نجده‌ر، حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌بژیم، ل7.
11) مرشد الزبیدی، بنا‌و القصیده‌ الفنی فی النقد العربی القدیم والمعاصر، دار الشۆون الپقافه‌ العامه‌ بغداد، 1994،ص49.
12) http: // 3rbseyes .com/t428624.
13) دیوانی مه‌وله‌وی، كۆكردنه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ و….. مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم موده‌ڕیس، بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردستان، سنه‌، چاپی دووه‌م، 1391، ل50.
14) ابن سینا حسین عبدالله‌، قانون در گب، ترجمه‌ی عبدالرحمن شرفكندی (هه‌ژار)، نشر سروش، چاپ دوانزده‌هم، 1390.
15) http : // elbaba.own0.com /t169-topic.
16) http : // www.ankawa.com /forum /index. php /topic, 268861. msg3657234. #msg3657234.
17( کروچە بندتو، کلیات زیباشناسی، ترجمەی فواد جعفری، چاپ هشتم، انتشارات علمی فرهنگی، تهران ١٣٨٨، ل ٨٣.
18) تادیە ژان ایو، نقد ادبی در قرن بیستم، ترجمەی مهشید نونهالی، انتشارات نیلوفر، چاپ دوم، ١٣٩٠، ص٣٠٤.
19) شێخ نووری شێخ ساڵح، رۆژنامه‌ی ژیان، ژ( 20، 21، 22)، ساڵی (1926، 1927).
20) ولک رنە و ێ‌وستن وارن، نڤریە ادبیات، ترجمە چیا‌و موحد و پرویز مهاجر، انتشارات علمی فرهنگی ١٣٨٢، ص ٢٠٩.
21) تودوروف، نقد النقد، ترجمه‌ د. سامی سویدان، دار الشۆون الپقافه‌، بدون سنه‌ الگبع، ص4.
22) حەکیم مەلاساڵح، زمان و بیرکردنەوەی شیعر، چاپخانەی ڕۆشنبیری، هەولێر ٢٠١٦.
23) دیوانی گۆران، سەرجەمی بەرهەمی گۆران، بەرگی یەکەم، محەمەدی مەلا کەریم کۆی کردووەتەوە و ئامادەی کردووە و پێشەکی و پەراوێزی بۆ نووسیوە، چاپخانەی کۆڕی زانیاری عێراق، بەغدا ــ ١٩٨٠. ل ١٢١.
24) دیچز دیوید، شێوەهای نقد ادبی، ترجمە محمد تقی صدقیانی و غلامحسین یوسفی، چاپ سوم، انتشارت علمی، ص ٢٤٩.
25) ئەرەستۆ، هونەری شیعر، وەرگێڕانی لە ئینگلیزی و پێشەکی و پەراوێزی: عەزیز گەردی، خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما، چاپی دووەم، ٢٠١١، ل ٣٥.
i. Hart Crane, (July 21, 1899 – April 27, 1932), was an American poet.
ii. David Bleich, (Jaunuary 17, 1940), is known for his (Readings and feelings: an introduction to subjective criticism), Published June 1975 by National Council of Teachers of English.
iii. Benedetto Croce, (25 February 1866 – 20 November 1952), was an Italian idealist, philosopher, historian and politician.
iv. Jean Cohen, (July 23, 1919 – May 30, 1994), was a philosopher and professor at the Sorbonne, is known for his ”Structure of Poetic Language”.
v. René Wellek, (August 22, 1903 – November 11, 1995), was a Czech-American comparative literary critic.
vi. Robert Penn Warren, (April 24, 1905 – September 15, 1989) was an American poet, novelist, and literary critic and was one of the founders of New Criticism.
ملخص البحپ
دراسه‌ العاگفه‌ فی دیوان ( حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم ) صباح رنجدر
العاگفه‌ حاله‌ ژهنیه‌ كپیفه‌ ونڤریه‌ عقلانیه‌ ونفسیه‌ ومعنویه‌ فی الشعر نیژه‌ اساسیه‌ فی اڵاپار الادبیه‌. لژا كانت البحپ والدراسه‌ هژه تدور حول وجود العاگفه‌ فی الشعر بشكل عام والعاگفه‌ فی شعر رنجدر بشكل خاص .
الصدق فی العاگفه‌ هو محور البحپ فی دراستنا عند الشاعر (صباح رنجدر) فی دیوانه الموسوم (حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم) ونڤرا لاهمیه‌ العاگفه‌ لابد ان ینڤر الیها فی كل الجوانب .
البحپ یشمل مقدمه‌ وفصلین مع الاستنتاجات وقائمه‌ بالمصادر بالشكل اڵاتی:

الفصل الاول :
– دراسه‌ العاگفه‌ لغه‌ واصگلاحا
– الاخژ والعگا‌و فی مسأله‌ العاگفه‌
– انواع العاگفه‌ الشعریه‌
– مستویات العاگفه‌ الشعریه‌
– استمراریه‌ العاگفه‌ الشعریه‌
الفصل الپانی :
– علاقه‌ العاگفه‌ بالصوره‌
– علاقه‌ العاگفه‌ باللغه‌
– علاقه‌ العاگفه‌ بالخبره‌

الاستنتاجات
قائمه‌ المصادر والمراجع
ملخص البحپ بالانكلیزیه‌


Abstract

Expression of passion in an undated “I love somewhat to live” by Sabah Ranjdar
Passion is overturning of the main psychological and moral of thought, its poetry and the main seeds of all production of arts that is why discussing and explaining passion in poetry is essential. The aim of this study is expressing development of passion by the poet Sabah Ranjdar in “I love somewhat to live‌‌ it‌s seen in different aspects.
This study consists of two main sectors in spite of introduction, results and references.

First part:
-Expression of passion
-Taking and giving passion
-sorts of passion
-Levels of passion
-continuation of passion

Second part:
-The connection of passion and picture
-The connection of passion and language
-The connection of passion and examination
-Results
-References

Previous
Next
Kurdish