Skip to Content

226 Views

کورد چۆن کەرکوک لە دەست ئەدات ؟. …. بەهرۆز جەعفەر

کورد چۆن کەرکوک لە دەست ئەدات ؟. …. بەهرۆز جەعفەر

Be First!
by March 9, 2018 General, Opinion, Slider
image_print

لە (٦ بۆ ۸ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷) لە میانەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی (Euro- Mediterranean Union) – ( یەکێتی ئەو ووڵاتانەی ئەوروپاو لەگەڵ هەندێ ووڵاتی دیکە کە ئەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست) بەشداربووین لە قوبرس (کە ئێستا ناوەندێکی ئابوریی وجیۆپۆڵەتیکی پڕ ململانێیە) لە میانەی ئەو کۆنفڕانسە ڕۆژی دووەم بۆ ئاکادیمیستەکان بو، چ بە دەستکەوتنی زانیاری، چ بە پێی پێدراوەکان دەر ئەکەوت کە ” کورد کەرکوکی لەدەست دا !!”. مرۆڤ پێی سەیر بو کە خۆی کوردە لەوێداو ئەو هەموو دەستەبژێرە دەوڵەتی و ئاکادیمییە وا لەسەر ئەم هەرێمی کوردستان و کەرکوکە هەڵوەستە ئەکەن و ئارگیۆمێنت ڕیز ئەکەن.

ڕۆژی دواتر لە ئەکاونتی سۆشیال میدیای خۆم چەند پەرەگرافێکم بە ناونیشانی ” ئایا هەست ناکەن کورد کەرکوکی لە دەست دا!!”بڵاوکردەوە، دیاربو وێبسایتەکان و کەناڵی کەی ئێن ئێن یش ئەم نووسینەی بایەخ پێدابو (بە سوپاسەوە). هەر لە ژێر نووسینەکە ئەندامێکی ئەمنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دواتر کەسێکی دیکەی میدیاییان بە کۆمێنت دەستیان کردبو بە ناوناتۆرە ڕیزکردن و قسە کردن لە سەر زەوقی دوژمنان و ئیتر زۆر شتی دی “دیارە هێشتا تێ نەگەیشتوون کە ئەبێت لە یاریگادا پەلاماری تۆپەکە بدرێ نەک داوەر و یاریزانەکان”.

هەمووی چوار ڕۆژی نەبرد کە بەرەو کوردستان ئەگەڕاینەوە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم هەر خۆیان بەیاننامەیەکیان دەرکرد ” کە مەترسی لە سەر کەرکوک هەیە!!”. لە ( ۱۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷) ئینستیوتی مێدیتریانە کۆنفڕانسێکی بە پەلەی سەبارەت بە هێڵەکانی ووزەی کوردستان لە نێوان هاریکاریی و ناکۆکی هەرێمایەتی دا سازدا، میوان و میدیای بیانیش لەوێ بوون، دواتر ڕاسپاردەکان بڵاوکرانەوە، نێردران بۆ زۆر ناوەندی حزبی و حکومی، ڕۆژانی دواتر کورد بە شێوەیەکی کارەساتئامێزانە کەرکوکی لە دەست دا.
ئێستا نزیکەی (۵) مانگ بەسەر (۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷) تێ پەڕ ئەبێت، ئەوە دەرئەکەوێ کورد لە هەموو ڕوویەکەوە کەرکوکی لەدەستداوە:
لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە (ئەوە بینراوە)

لە ڕووی ئابورییەوە (پەیوەستە بە جوگرافیای کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و زۆربونی ژمارەی بیرە نەوتییەکان و ڕادەستکردنی بە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان لە لایەن حکومەتی مەرکەزییەوە، ئینجا کە مانگی (۱ی ۲۰۱۸) کۆمپانیای کار کراوەتە دەرەوە لە کەرکوک کۆدی هەندێک کێڵگەی لەگەڵ خۆی بردووە چونکە کۆمپانیای ناوبراو خۆی لە ساڵی (۲۰۱٤) ەدا سیستەمی وەبەرهێنانەکەی داناوە، ئێستا کار بۆ ئەوە ئەکرێت ئەو کۆدانە لەو کۆمپانیا خزمەتگوزارییە وەربگیرێتەوە، ئیتر داتاو ئامارە نهێنی و بەردەستەکان زۆر زۆر بە دژی کوردن لە دەرفەتێکدا دێینە سەری)

ئەم هەڵبژاردنەی کە لە (ئایاری ۲۰۱۸) ئەکرێت کورد لە ڕووی قانونی و دەستورییشەوە کەرکوک لە دەست ئەدا، سادەترین بەڵگە بۆ ئەمە ئەوەیە کورد لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو (۷۰ بۆ ۸۰ هەزار) دەنگدەری لە دەرەوەی کەرکوکەوە بۆ کەرکوک هەبو، ئەمجارەیان نەک ئەوە نامێنێ بەڵکو لە ئێستاوە بە بەرنامەیەکی کار لەسەرکراوی ئەمنی و سایکۆلۆجی کوردی کەرکوکیان خستۆتە گێژاوێکەوە. بەتایبەتی لێرەو لەوێ گروپە سووننیە توندڕەوەکان شوێنیان نەماوە بەدوای شوێنێک ئەگەڕێن لەناوچەکەدا بیکەن بە مۆڵگەی خۆیان. دوور نییە پەلاماری کەرکوک نەدەن، یاخود لە سلێمانیشدا چالاکی نەنوێنن. بەگشتی پێش هەڵبژاردن چەند تەوقێکی دیکەی کورد ئەدەن و ترسێکی زۆر بڵاوئەکەنەوە.

ئینجا دوا بزمار چۆن لە کەرکوک ئەدرێ لە بەغدا: دوای هەڵبژاردن یەکەم ئیشی کوتلە شیعی و ئێرانییەکان ئەوە ئەبێت کە لە عێراق قانونی نەوت و غاز دەربچوێنن (تا ئێستا عێراق یاسای نەوت و غازی نییە بەڵام هەرێم یاسای ژمارە ۲۲ی ساڵی ۲۰۰۷ ی تایبەت بە نەوت و غازی هەیە) ئینجا کە عێراق ئەو یاسایەی بە زۆرینە دەرچوواند ئیتر نەک هەر نەوتی کەرکوک بەڵکو هەموو ئەو گرێبەستانەی هەرێم پێشووتر کردویەتی لە بیرە نەوتەکانی خۆی ئەکەوێتە بەر مەرحەمەتی یاساکەی بەغداوە، تا ئەم هەموو شتانە بکرێ هێڵی بۆڕی نەوتەکەی کەرکوک – کرماشان یش تەواو ئەبێت.

بەگشتی کورد نە بە ئاشتی نە بەشەڕ تازە تا دوای هەڵبژاردنی ئایاری ۲۰۱۸ و پێکهێنانەوەی حکومەتی عێراق ناتوانێ بگەڕێتەوە کەرکوک، لێرەدا میکانیزمەکانی چارەسەریی ئەمە لە چەند لایەکەوەیە:

یەکەمیان: ماڵی شیعە لە تارانەوە تا جۆلان تەنها گەندەڵی و بەهەدەردان ئەیڕوخێنێ لە ساسانییەکانەوە تا ڕووخانی شا فەساد هۆکاری لە بەریەکهەڵوەشانیان بووە، ئیمڕۆکەی عێراقیش تەنها گەندەڵی هەرەس بە فەرمانڕەوایی شیعە دێنێت، بۆیە عەبادی دەیان جار ئەڵێ شەڕی گەندەڵی لەشەڕی تیرۆر ترسناکتر ئەبێت!. کورد چۆن ئەمە بۆ خۆی بەکارئەهێنێ!
دووەم: لە خوارووی کەرکوکەوە لە ئامرلی و دووزەوە تا ناوچەکانی دەوروبەر گریمانەی دروستکردنی هەرێمێکی سووننی – تورکی لە ئارادایە کورد لەمەیاندا چی ئەکا؟
سێهەم: کورد هەرچی زووە پێویستی بە لۆبییە، ئەمریکا بۆ یەک ناوەندی توێژینەوەی خۆی (۸٦۳ملێون دۆلار) لە (۲۰۱۷) دا سەرف ئەکا تا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتەکانی بەرز بنرخێنن، ئیسرائیل بەهەمان شێوە. کورد یەک شتی لەوجۆرەی نییە. هەندێ ڕۆشنبیرو نوخبەی شکستخواردوو، لەگەڵ هەندێ دەستەی ئەمنی جۆراوجۆر ئەونەی خەریکی موتابەعەی حزبە ناوخۆییەکان و شتە شەخسیەکانن هیچ لە خەمی بەدواکەوتن و چاودێری ئەم و ئەوی دەرەکی نیین.

چوارەم: کورد پێویستی بەوەیە لە کەرکوک دەستەڵاتدارانی پێشوو نەکات بە واجیهە، چونکە یەکسەر ئەبێتەوە ململانێی بیرە نەوتەکانی پێشوو لە ئاستی هەرێم لە ئاستی دەوروبەریش دا ئێران و تورکیا توندتر دەستوەرئەدەن.

“بەهرۆز جەعفەر”

Previous
Next

Leave a Reply