Skip to Content

275 Views

مەزاتخانە (تەنزە چیرۆک)  … نووسینی: جەلال قادر

مەزاتخانە (تەنزە چیرۆک) … نووسینی: جەلال قادر

Be First!
by July 11, 2018 General, Literature
image_print

ئەندازیارێکی زەنگین هەبوو، بەیانیان زوو بە خۆیی و ئاخر مۆدێلی (مرسدیس) دەهاتە گەڕەکەکەمان و کرێکارێکی هەڵدەگرت و دەچوون بۆ سەرکار. بەلام کرێکارەکە کە باوکی دوو منداڵ بوو ژنێکی شۆخ و شەنگی هەبوو کە لەگەڵ مانگ شەڕی دەکرد!.
بۆ پشووی نیوەڕۆ ونانخواردن ئاغای ئەندازیار بە تەنیا دەگەڕایەوە ماڵی کرێکارەکە و ژەمێ خۆشی لەو مانگی هەنگویینە دەخوارد. من و برادەرەکانم، پۆلێک منداڵی چەتوونی گەڕەگ بووین هەستمان بە هەمووشت کردبوو.
ڕۆژێکیان لەگەڵ (جووتەی) برادەرم وتمان ماشێنەکەی بشکێنین، دواجار جووتە وتی : ئەی بۆ نەچین جووتە پێلاوە گرانبەهاکەی بدزین وبیفرۆشینەوە و بە پارەکەی بچینە سینەما و فەلالش بخۆین!.
بۆ نیوەڕۆ کەمینمان دانا، کابرای ئەندازیار هات. جارجار لە کونی دەرگەوە سەیری ناو حەوشەمان دەکرد. دیاربوو خانم ئاوی لە حەمام گەرمدەکرد. ئێمەش چاوەڕووان بووین تا خۆیانکرد بە حەمامەکەوە.
لەپاش دڵنیابوون بەسەر دەرگەی حەوشە بازماندا وچووینە هەیوانەکە، جووتێ پێلاوی چەرمی ئیتاڵی و قەمیس و پانترۆنێکی جوانمان بینی. من جووتە پێلاوەکەم هەلگرت و (جووتەی) برادەرشم کراسەکانی خستە ژێر باخەڵی… لە حەمامەکە نزیک بووینەوە گوێمان لە ئاخ و ئۆفی خانمی ماڵ بوو، کە تا ئێستاش ئەو دەنگە ناسکە لەگوێم دەزرنگێتەوە.
کراس و پێلاوەکانمان هەڵدا ئەودیو دەرگە ودوبارە بە ئاسپایی بە دەرگەکە سەرکەوتین و لەگەڕەک دوور کەوتینەوە. تا قەدەرێک خۆم و برادەرکەم پێکەنین بەری نەداین، جووتە لە منی دەپرسی : گوێت لە ئاخ وئۆفە بوو؟
منیش بە پێکەنینەوە دەمووت : ئۆی ئۆی…….
بەهەربار جووتە پێلاوە قاوەییە جوانەکە بەدەستمەوە بوو، بڕیاربوو بچین بۆ مەزاتخانە و بیفرۆشین!.
هەر لەسەر بازاڕەکەی (رەحیماوە) ڕێبوارێک دەستی گرتم و وتی : بچکۆڵ ئەو پێلاوە نافرۆشیت؟
وتم : بەلێ..دەیبەن بۆ مەزاتخانە دەیفرۆشین!
؛- ئەم پێلاوە جوانانەتان لە کوێ بوو؟
من دەمم تەتەلەی کرد، باشبوو جووتە فریام کەوت و خێرا وەلامیدایەوە: جڵ وبەرگی خاڵمانە.. مانگێک دەبێت مردووە و خالؤژنم پێیداوین بۆی بفرۆشین!.
کابرای ڕێبوار پێلاوەکانی تاقیکردەوە پڕ بە پێی بوو. خێرا دەستیکرد بە گیرفانیا و روبعە دینارێکی داینێ.
منیش رەتمکردەوە و وتم : بۆ دەزانی ئێمە منداڵین؟
ئەمجا کردییە ئەک دینار…خێرا پارەکەمان وەرگرت وسواری کۆستەرەکان بووین بۆ ناو بازاڕ!
ئەو ئێوارە چووینە سینەما و فەلافلشمان خوارد کەچی هێشتا بڕێک پارەیترمان لە گیرفان مابوو!.
لەپاش هەفتیەیەک چاودێری ماڵە کرێکارەکە و هاتووچۆی کابرای ئەندازیارمانکرد…بەلام پێدەچوو ئەندازیارەکە بە سواری تاکسی نزیک گەڕەک بێت و پاشان بە دزە دزە خۆیدەکرد بە ماڵی مانگەشەوەوە!.
ڕۆژی هەینی بوو دونیا گەرمبوو تازە لە سینەما دەگەڕایینەوە بەرەو ماڵ. جووتەی برادەرم وتی : بۆ نەچیینە ناو مزگەوت خۆمان فێنک کەینەوە؟
؛- ئاخر من نوێژکردن نازانم!
؛ کورە منیش نایزانم…دەچین لە ڕیز دەوەستین و گەورەکان چییانکرد ئێمەش لاساییان دەکەینەوە!.
خۆمانکرد بەژوورا، لەناو مزگەوت جگە لەمن و جووتە یەک منداڵیتری لێ نەبوو. تەنانەت ئەو سەردەمانە گەنجان نوێژیان ناکرد و مزگەوت شوێنی پیر و پیاوە بەساڵە چووەکان بوو!.
پاش ڕووخسار شۆرین لە پشتی چەند ئەفەنییەک ڕیزمانبەست!.
هەر ئەوەندەمان زانی کابرای ئەندازیارش هاتە پێشمانەوە وناوی خوای لێهێنا.
کاتێ ئێمە لاسایی ئەوانمان دەکردەوە، ئاغای ئەندازیار بە وردی سەیری کابرای تەنیشتی دەکرد!.
لامان سەیربوو، کاتێک ئێمەش سەیری کابرای نوێژکەرمانکرد خێرا بە جووتەم وت: کورە ڕاکە ئەوە جڵ وبەرگی کابرای ئەندازیاری لەبەردایەوە!.
جووتە تووند دەستیگرتم و وتی : ڕاوەستە کوڕی خوا با بزانین فیلمەکە چی بەسەردێ!.
ئاغای ئەندازیار دەستی خستە سەرشان کابراو وتی : ئەرێ برا زەحمەت نەبێت پێم ناڵێیت ئەو جڵ وبەرگەت لەکوێ پەیدا کردووە؟
کابرای نوێژکەر بەسەرسووڕمانەوە ئاوڕێکی ئەملاوئەولای خۆیدایەوە، نەیدەزانی چۆن وەلامیداتەوە. ئینجا سەیرێکی پشتەوەی خۆیکرد وئێمەی بینی وچاوی زەقبوەوە!.
خۆم و جووتەی برادەرم لەترسا پێمان لەسەرپێ دانابوو بۆ ڕاکردن. کەچی کابرای نوێژکەر پێکەنی و وتی : لە مەزاتخانە!.
ئێمەش لە خۆشیا خێرا دەرچووینە دەرەوە!.
(هاوینی ٢٠١٨)

Previous
Next

Leave a Reply