خوێندنه‌وه‌كه‌ی (جومعه كانی له‌له‌یی) بۆ زۆربای ئێرانی و سه‌رنجێكی كورت.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
بێگومان نووسین ، به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بێت له باره‌ی ده‌قێك، پێویستی به پاشخانێكی ڕۆشنبیری گه‌وره هه‌یه. چونكه ئه‌ركی نووسه‌ر لێره‌دا، وێرای ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌كردن و شڕۆڤه‌كردنی ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كه‌یه، هاوكات وردبینیشه. بۆ ئه‌وه‌ی خودی نووسه‌ره‌كه خۆی نه‌كه‌وێته هه‌ڵه‌وه. بۆیه بڕوام وایه، هیچ ژانرێك هێنده‌ی لێكۆلینه‌وه له ده‌قی ئه‌ده‌بی، به‌رپرسیاریه‌تی نییه. چونكه بچووكترین هه‌ڵه و كه‌مترین زانیاریی، ده‌بێته هۆی به هه‌ڵه تێگه‌یاندنی خوێنه‌ر. ئاساییه نووسه‌رێك له نووسینێكی خۆیدا، چه‌ندین هه‌ڵه‌ی بابه‌تی و مێژوویی و زمانه‌وانی بكات، به‌ڵام ئه‌وه ئاسایی نییه، كه ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه بۆ نووسه‌ر ڕاست ده‌كاته‌وه، خۆی بكه‌وێته هه‌ڵه‌وه. هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ده‌شێ زۆرتر له خوێندنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵبگرێت و هه‌موو خوێندنه‌وه‌یه‌كیش جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه له یه‌كتری. بۆیه ئاسایه دنیابینی خوێنه‌رێك له باره‌ی ده‌قێكه‌وه، له دنیابینی و خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌رێكی تر نه‌چێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه، چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌یه كه پێویستی به وردبوونه‌وه و ڕامان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر نووسه‌ر له شوێنێك هه‌ڵه‌یه‌كی كردبێت، خوێنه‌رو ڕه‌خنه‌گر ده‌ست نیشانی بكات. زۆر جار له په‌راوێزی ئه‌و هه‌ڵانه‌وه، خوێنه‌ر خۆی ده‌كه‌وێته‌وه هه‌ڵه و به دیدگایه‌كی هه‌ڵه، له مانای ده‌ق و وشه‌كان ده‌گات. واتا له بری ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی نووسه‌ر ڕاست بكاته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ینووسێت هه‌ڵه‌یه. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، كاتێ وتاری (خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورت بۆ ڕۆمانی زۆربای ئێرانیم)خوێنده‌وه كه(جومعه كانی له‌له‌یی) نووسیویه‌تی و له والی تایبه‌تی برای وه‌رگێڕ(شه‌فیقی حاجی خدر) و هه‌روه‌ها (ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ)ش بڵاو بۆته‌وه، به پێویستم زانی وه‌ك خوێنه‌رێك كه ئه‌و ڕۆمانه‌م به وردی خوێندۆته‌وه، چه‌ند سه‌رنجێك بنووسم و به مه‌به‌ستی ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر‌و ده‌رخستنی ئه‌و هه‌ڵانه‌ش كه نووسه‌ر تێی كه‌وتووه. به تایبه‌تیش له باره‌ی وه‌رگێڕان و زمان، كه ورده‌كاریه‌كی زۆری ده‌وێت. ئه‌وانیش:_
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( سه‌گه تۆڕییهكان وشه‌یه‌كی نوێیه و داهێنانی وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌یه). به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌م وشه‌یه نه نوێیه نه داهێنان، به‌ڵكو زۆر باویشه، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر گوێبیستی نه‌بووبێت ئه‌مه شتێكی تره. ئێستاش له ڕواندزو ده‌روبه‌ری و ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تیش، سه‌گی تۆڕی به‌كار دێت بۆ سه‌گی بێ خاوه‌ن. ته‌نانه‌ت زۆر جار ده‌ڵێن: (وه‌ك سه‌گ تۆڕی بووه و به ماڵ ناكه‌وێته‌وه).
*نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_ (ده‌لینگی شه‌ڕواڵ له دوو لینگ پێكهاتووه).به پێچه‌وانه‌وه، ده‌لینگ به شێكه له شه‌رواڵ و شه‌رواڵ له دوو لینگ پێكهاتووه، نه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌لینگ له دوو لینگ پێكهاتبێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسیویه‌تی. - نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_(داپیره پیره‌كه هه‌ڵه‌یه یه‌ك پیر به‌سه). مه‌رج نییه هه‌ركه‌سێك داپیره بێت ئیدی زۆر پیر بێت. چونكه ئێستا به هۆی هاوسه‌رگیریی له ته‌مه‌نێكی بچووكه‌وه، داپیره هه‌یه نه‌گه‌یشتۆته په‌نجا ساڵیش، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕ نووسیویه‌تی دروسته و بابهتیتیره. چونكه جه‌خت كردنه‌وه‌یه له ته‌مه‌نی داپیره، كه كه‌سێكی زۆر پیربووه.
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( هه‌نگاو هاوێشتن له بری قه‌ده‌م لێدان بنووسێت). قه‌ده‌م لێدانیش ئاساییه و هیچ له مانای ڕسته‌كه ناگۆڕێت.
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( خوێنه‌ر ده‌زانێت مار چییه، به‌ڵام نازانێت مر چییه و ئه‌مه له سه‌ر وه‌زنی خانوو مانووه). مارو مر، ده‌سته‌واژه‌یه‌كه له ناوچه‌كانی ئێمه به‌كاردێت و ئاساییه. به تایبه‌تیش كه وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه، خۆی كوڕی باڵه‌كایه‌تییه و زمان‌زان و وه‌رگێڕێكی وردوو به توانا و به ئاگاشه. هاوكات(مر) مانای هه‌یه، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه به بێ مانا له‌و وشه‌یه گه‌یشتووه. مر به مانای(مه‌ل) بۆ نموونه:(مر+یشك) واتا(مه‌لی وشكایی).(مراوی) واتا( مه‌لی ئاوی).
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:(له هیچ شێوه‌زارێكی كوردیدا، زه‌وه‌ند بۆ نه‌وه به كار نایه‌ت). نازانم نووسه‌ری وتاره‌كه، له باره‌ی شێوه‌زاری ڕواندزییان زانیاریی هه‌یه یان نا؟ چونكه له ڕواندز و ده‌وروبه‌ری ده‌گوترێت:( عه شیرهتێكی زۆر‌و زه‌وه‌ندن، بنه‌ماڵه‌یه‌كی زۆر‌و زه‌وه‌ندن).
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:(وشه‌ی برده برد هه‌ڵه‌یه و ده‌بوو پرته پرت بایه). به‌ڵام به‌كار هێنانی ئه‌م وشه‌یه، هیچ هه‌ڵه نییه و برده بردیش هه‌مان مانای هه‌یه. پرته پرت، له لای ئێمه هه‌ر ته‌نها به بۆَله بۆڵ نایه‌ت، به‌ڵكو به‌و چرایه كزه ده‌گوترێت، كه هی لامپاو فانۆسه و جارجاره ده‌جوولێته‌وه و له سه‌رو به‌ندی كوژانه‌وه‌ی دایه و ده‌ڵێین: (پرته پرتیهتی).
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( پاشگری بوونی بۆ ڕسته‌ی، وه‌ك نیشانه‌ی باشبوونی خۆی سه‌ری له قاند پێویست نه‌بوو). لێره‌دا، ئه‌و پاشگره وه‌ك جه‌ختكردنه‌وه له زۆرباشبوون به‌كار هاتووه. چونكه(باشباشتر_باشترین) هه‌یه و هه‌ر یه‌كه‌شیان ئاماژه‌ن بۆ دۆخێكی دیاریكراو، بۆیه هیچ هه‌ڵه نییه له ڕسته‌كه‌دا.
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( وشه‌ی ده‌نازی به بێ هۆ كراوه‌ته ده‌زانی) به‌ڵام ئه‌م وشه‌یه ده‌زانییه نه‌ك ده‌نازی. چونكه له ڕۆمانه‌كه‌دا هاتووه (ئه‌و ئافره‌تێك بوو به‌خۆی شاناز بوو، به خۆیشی ده‌زانی كه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی خانه‌دانه) سه‌رنج له ڕسته‌كه بده‌ن، وشه‌كه له سیاقی ڕسته‌كه‌دا به‌كارهاتووه و ماناش ده‌گه‌یه‌نێت.
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( له لاپه‌ڕه 236دا وشه‌ی مه‌حكه‌می به‌كار هێناوه، كه نه‌گونجاوه له‌گه‌ڵ مانای ڕسته‌كه). بڕوام وایه، نووسه‌ری وتاره‌كه ورد نه‌بووه له خوێندنه‌وه‌ی ڕسته‌كه. چونكه ڕسته‌كه ده‌ڵێت:( ئاخر له نێو دیواره مه‌حكه‌م و درێژهكانیدا هه‌میشه هه‌ستم به‌وه ده‌كرد پارێزراوترم). مه‌حكه‌م له‌م ڕسته‌یه‌دا زۆر گونجاوه. چونكه به مانای دیواری پته‌و دێت. نووسه‌ر واتێگه‌یشتووه، له ڕسته‌كه‌دا به مانای ترس دێت. لاپه‌ڕه‌كه‌ش235 نه‌ك 236 وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسیویه‌تی.
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( وشه‌ی ئه‌كره‌م له زمانی كوردی بۆ ژن به‌كار نایه‌ت بۆیه ده‌بوو بیكوردێنی). كاره‌كته‌ره‌كه ئه‌كره‌مه جونه، نه‌ك ئه‌كره‌م به ته‌نیا، ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌كره‌م بوایه، ڕه‌نگه وابوایه.
- نووسه‌رنووسیویه‌تی:_( مه‌بادا هه‌ڵه‌یه و ده‌بوو بنووسێت نه‌بادا). به‌ڵام زۆرجاریش مه‌بادا به‌كاردێت.
- نووسه‌رنووسیویه‌تی:(لاپه‌ڕه 258 مه‌حكه‌می بۆ دۆستایه‌تی به‌كار هێناوه). ئه‌مه‌شیان هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدانییه. چونكه له ڕسته‌كه‌دا هاتووه:(من ڕایه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تییه‌كی مهحكهمم ڕاچاندبوو) واتا نه وشه‌كه و نه ڕسته‌كه‌ش، ناڕوونییهكییان نییه له گه‌یاندنی واتادا.
دواجار ده‌ڵێم، گرنگه نووسه‌ران له به‌راوردكردنی ده‌قێكی وه‌رگێڕدراودا، كۆپی دهقهكهشیان لابێت ئه‌و كات سه‌رنج و تێبینی بنووسن. نووسه‌ری وتاره‌كه خۆی ده‌ڵێت ده‌قه ئه‌سڵیه‌كه‌ی نه‌بینیوه، ئیدی نازانم چۆن له خۆیه‌وه مانا‌و ناوهڕۆك ده‌داته پاڵ وشه و واتاكان.
سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
ڕواندز
تشرینی دووه‌می 2020