Skip to Content

بۆشایی ئەمنی.. فازیل شەوڕۆ

بۆشایی ئەمنی.. فازیل شەوڕۆ

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 5, 2021 General

لەگەڵ پەرلامارە خوێناویەکانی ئەو دوایەیی تێڕۆڕستانی داعش بۆ سەر چەند بنکە و سەنگەرێکی پێشمەرگە و چەند کوێرە گوندێکی تخوبی سنووری هەڕێمی کوردستان ــ کە بە زاراوی جیا جیا پێناسە دەکرێ، لە میدیاکاندا، دەستەواژەی (بۆشایی ئەمنی) بووە بنێشتە خۆشەی سەر زاری هەمووان، لە گەورەترین سەرکردەوە بگرە تا پەیامنێرێکی ئاسایی. ئەم دەستەواژە ڕازاقورسە، خوێن و فرمێسک و مەرگەسات و نەهاماتییەکی دڵتەزێنی بەدوای خوێدا هێنا، چەندان پۆلە پێشمەرگەی گیان لەسەردەست و خەڵکی سڤیل و منداڵی بێ گوناح بوونە قوربانی، بە دەیان شێرەژن بوونە بێوەژن و بە دەیان دایک جەرگی بە کوچکێوە نراوە و بە سەدان منداڵ هەتیوو بوون… .

بەداخەوە، دەستەواژەی (بۆشایی ئەمنی)، نەک هەر نەیتوانی هاوڵاتی سەرشەقام و خەڵکی عەوام و ڕۆشنبیر ئیقناع بکات و کارەساتەکان پەردەپۆش کات، بەڵکو بووە هاندەر بۆ چارشیولادان لەسەر چەندان خاڵی ئیستراتیژی و بایەخدار بۆ ئاسایشیی نەتەوایەتی و ئایندەی خاک و نەتەوەکەمان.

ئەگەر مەبەست لە (بۆشایی ئەمنی) ئەو پارچە زەوییانە بێ کە بە چۆل و هۆلی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقن، دوای ڕووداوەکانی ساڵی (٢٠١٧)، و ئیمڕۆ بوونەتە هۆتێل و مۆتێلی پێنج ئەستێرە بۆ چەکدارانی داعشی تێروڕست و کۆنە بەعسییەکانی ڕژێمی پێشوو، خەڵک دەپرسێ: ئەدی ئەو هەموو ساڵە، ئەو دوو حکومەتە لە کوێ بوون ئەم بۆشایانە پڕ بکەنەوە؟ ئەدی کە بە چاوی خۆیان کاروانەکانی داعش و ڤڕەڤڕی ماتۆڕسکلەکانیان دەدیت، بۆ هیچ کاردانەوەیەکێان نەبوو؟ بۆچی لە نێو بەرلەمانی بەغدا و لە دیوەخانی کۆشکی کۆماری و لە مەجلیس و کۆبوونەوە و بۆنە و ئاهەنگەکاندا، ئەو بۆشاییە ئەمنییە لە نێوانی سەرانی حکومەتی ناوەندە و حکومەتی هەرێمدا بوونی نییە؟ بەڵام لەو چۆلەوانیەدا بۆشایی هەیە؟ خەڵک دەپرسن: شارەکانی کوردستان، بوونەتە ئارامگە و ماڵی عەرەبەکانی هەموو عێراق، ئێ باشە، خێرە! نابێ پێشمەرگەی کورد و و سەربازی عەرەبی بەیەکەوە، لە ژێر دەوارێکدا، لەو ناوچانە، پاسەوانی خاک و وڵات بکەن؟
خەڵک دەپرسێ: بۆچی گوندنشین بتوانێ بەو چەکە سووکەی هەیەتی دیفاع لە کوێرە گوندەکەی خۆی بکات، بەڵام نزیکەی ملیۆنێک هێزی چەکداری عێراق ـ بە سوپا و حەشد و پێشمەرگەوە، نەتوانن بە هاواری (١٢) ماڵ بچن کە (٦) سەعات گیانفیدایانە بەرگرییان لە خۆیان کردووە؟

هاووڵاتییەک، گوتی:” ئەو پەلامارانەی داعش، زۆر نهێنیی کەشف کرد، کە چ گەندەڵێیەک لە چەک و چۆڵ و داپێویستییەکانی ئەو پێشمەرگە بوێر و ئازا و نەبەردانە دەکرێت، کە بەو حاڵە شڕە، ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی نابەرانبەری داعش دەکرێن!”

کە ئەم دێرانە دەخوێنینەوە، کزەمان لە جەرگییەوە دێ، لە خەمخۆری خۆمانە بۆ خوێنی شەهیدان و ئایندەی زێدەکەمان. چونکە چاوخشانەوە بەو (بۆشایی ئەمنی)یانە، ئێمڕۆ لە هەموو کاتێک پتر پێویستەوە و هی ئەوە نییە دەقەیەک دواخرێ.

بۆشایی ئەمنی تەنها لە تخوبی سنوورەکەماندا نییە، بۆشایی (پەروەردەیی) ئەوا دێ هەرس بە پیرۆزترین و گرنگترتین کۆڵەکەی ئەم نیشتمانە بێ نێ، کە کەرتی پەروەردەیە، چارەنووسی ملیۆن و نیوێک فێرخواز لە مەحەکدایە!

بۆشایی (تەندرووستی) وا دێ وەک پەتا و تاعون، ڕۆحی ژن و منداڵ و گەورە و گچە دەماشێتەوە، پڕ گرفتن نەخۆشخانە و دەرمانخانە و ژینگە و تەندرووستیمان!

بۆشایی (ئابووری)، تەواو بازاڕی شەپرەلێداوە و ڕیزی دوکان و هوتێل و بازاڕە داخراوەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکەن. سەر شۆستەکانی چییر جێ کرێکاری بێ کاری نابێتەوە! ئابووریمان شەکەستە، چارەی دەوێ!

بۆشایی(ئاسایشیی) لە کوشتن و خۆکوشتن و ژن کوشتن و شێواندنی باری دەروونی خەڵک، بەو وەزع و بارودۆخە تەلەزگەییەی هاتووەتە ئاراوە، لە زۆربەی شوێنەکاندا، عیلاجی دەوێ.

بۆشایی( کۆمەڵایەتی) ئەو هەموو لێکترازان و دابڕانەی خێزان و هەڵاتن و کۆچکردن و نغروو بوون لە بێئومێدی و نامرادی و بێ مرازی. هەڵچوونی ڕێژەی تەڵاق لە عێراق، گەیشتوووەتە ڕادەیەک، بە درێژایی مێژوو شتی وا ڕووی نەداوە، لە هەر سەعاتێک، (١٠) خێزان لەبەر یەک هەڵدەوشێتەوە. هەر کچە دەبێتە قەیرە و هەر کۆڕە دەبێتە ڕەبەن!

بۆشایی(ژینگەیی)، شارەکان بوونەتە یەک پارچە کۆنکریتی چەمەنتۆ، هەموو سەرە کۆڵانێک و دەووری شار زبڵخانەیە. دارودرەخت بڕانەوە، سەوزایی نەماوە. گیاندار و تەروتووارەکانیشمان لەگەڵ خۆمان گرفتار کردووەو، وەک خۆمان لە ناویان دەبەین!

بۆشایی(ڕێگاوبانەکان)، بەڕاستی قەسابخانەی سەبەخۆیە، لەو ڕێگاو بانانە، خەڵکی کۆیە و ڕانیە و کەلار و کفری و زاخۆ و ئامیدی و چۆمان، کە سەفەر دەکەن، وەسیەت دەکەن، چونکە ڕێگایەکانیان، بە ڕیگای مەرگ ناوزەند کراون.

(بۆشای ئەمنی)ییەکانمان، لە ژمارە نایەن، بەڵام ئێستاش گەر نیەت و ئیرادە و بەرنامە و پلان هەبێ، پڕکردنەوەیان ئاسانە و ئەستەم نییە.

Previous
Next
Kurdish