له ڕابندرانات تاگووره‌وه … له عه‌ره‌بییه‌وه : نه‌ژاد عزیز سورمێ
گۆرانییه‌كه‌م
ئه‌وه گۆرانییه‌كه‌مه،
مۆسیقای به ده‌وری تۆدا ده‌خولێته‌وه ڕۆڵه!
وه‌ك باوه‌شی خۆشه‌ویستی به‌سۆزم .
گۆرانییه‌كه‌م وه‌ك ماچی لێڕازیبوون
له هه‌نیه‌ت ده‌سوێ ..
كه به ته‌نێی، له ته‌نیشتت داده‌نیشێ ..
كه له ناوه‌ڕاستی قهرهبالغیشیدای ،
به گوێتدا ده‌چرپێنێ ..
به دووره‌په‌رێزیت ده‌وره ده‌دا..
گۆرانییه‌كه‌م بۆ خه‌ونه‌كانت ده‌بنه دوو باڵ
دڵت ده‌گوازنه‌وه لێواری نادیاری ..
وه‌ك ئه‌ستێره‌ی دڵسۆزیان لێ دێ له ئاسمان
كه شه‌وی دهیجوورت له ڕێدا ده‌بێ ،
گۆرانییه‌كه‌م له گلێنه‌ی چاوه‌كانت داده‌نیشێ و
نیگا بۆ جه‌وهه‌ری شته‌كان هه‌ڵده‌گرێ ..
كاتێ ده‌نگیشم له مه‌رگدا ئۆقره ده‌گرێ ،
گۆرانییه‌كه‌م له دڵی زیندووتهوه ده‌ئاخڤێ …
منداڵََََی فریشته
ڕۆڵه‌م !
لێ گه‌ڕێ ژیانت وه‌ك مه‌شخه‌ڵێكی ڕوناهی بێت
پاك ، بێ شڵه‌ژان و بێده‌نگ شادومانییان بكا
ئه‌وان له ته‌ماح و ئیره‌ییدا دڵڕه‌قن ..
وشه‌كانیان وه‌ك چه‌قۆی شاراوه
تینووی خوێنن..
بڕۆ ڕۆڵه‌م !
بڕۆ له ناوه‌ڕاستی دڵه مۆنهكانیان بوه‌سته
لێ گه‌ڕێ چاوه گه‌شه‌كانت له‌سه‌ریان بێ !
وه‌ك سڵاوی لێبورده‌یی ئێواره‌ی
دوای كۆششی ڕۆژانه ..
لێیان گه‌ڕێ سیمات ببینن ڕۆڵه !
به‌و چه‌شنه له مانای شته‌كان ده‌گه‌ن .
لێیان گه‌ڕێ خۆشیان بوێی و
یه‌كتریان خۆش بوێ ..
وه‌ره جێگات له باوه‌شی بێسنووریدا بكه‌وه ڕۆڵه !
دڵت وه‌ختی ڕۆژهه‌ڵاتن بكه‌وه
بڵند وه‌ك گوڵێك ده‌پشكوێ
له خۆرئاوابوونیشدا سه‌ردانه‌وێنه..
له‌سه‌رخۆ دڵه‌كه‌م
با وه‌ختی جودایی دڵگیر بێ
ڕێ مه‌ده ببێته مردنێكی بێ دیماهی !
با خۆشه‌ویستی ،
به‌ره‌و یادگاران سه‌وڵ لێ دا و
ئێش و ئازار ببنه ستران ..
با بن‌میچ بگاته ئاسمان ..
بۆ وێكهاتنه‌وه‌ی باڵه‌كان له ده‌وری هێللانهدا ..
با دوا به‌ركه‌وتی ده‌سته‌كانت
وه‌ك گوڵی شه‌و ته‌نك بێ ..
بوه‌سته ئه‌ی كۆتایی سه‌رسوڕهێن !
چركه‌یه‌ك..
له بێده‌نگی دوا وشهتدا یادت بێته‌وه
من بۆت دادهنوێمهوه و
چرام هه‌ڵده‌گرم ،
ڕێگات بۆ ڕووناك بكه‌مه‌وه.
چرا بۆچی كوژایه‌وه ؟
چرا بۆچی كوژایه‌وه ؟
چرا بۆیه كوژایه‌وه ،
باڵتوكهمم تێوهرگرت
دوور بێ له با
چرا بۆیه كوژایه‌وه..
گوڵ بۆ سیس بوو؟
هاتم به ئه‌ڤینێكی نیگه‌رانه‌وه
به دڵمهوهم نووساند
بۆیه سیس بوو..
ڕووبار بۆچی وشكی كرد؟
به‌ربه‌ستێكم له پێش هه‌ڵنا
تا به‌ته‌نێ بۆ خۆم بێ
بۆیه ڕووبار وشك بوو..
ژێی پێژه‌ن بۆچی پسا؟
هه‌وڵمدا ئاوازێكی پێ بژه‌نم
به‌رزتر له خۆی ، له توانای ،
بۆیه ژێی پێژه‌ن پسا..
من ناسێمهوه
من تینووی
شته دووره بهدینههاتووهكانم ..
ڕۆحم هه‌ڵپه‌یه‌تی
به‌سۆزه بۆ گرتنی مه‌ودای تاریك
ئای ، ئه‌ی ترسی دووری ئه‌ودیو ئاسۆ !
هه‌ی هه‌ی له بانگی به ئێشی
له (نه‌ی)دا هه‌ڵقووڵاو !
من له بیرم ده‌چێ
هه‌میشه له بیرم ده‌چێ باڵم پێوه‌نین بفڕ‌م و
هه‌میشه گیرۆده‌ی ئه‌م شوێنه‌م
من به‌قه‌د شه‌وقه‌وه مردووم
بێ‌دار…
من غه‌ریبم
له خاكێكی عه‌جیبدا!
ئای دونیا!
ئای دونیا!
تۆ گوڵی خۆتت چنی و
به دڵمهوهت نووساند
دڕكی تێڕاچوو ..
كه ڕۆژ به‌ره‌و ئاوابوون چوو ،
تاریكی كشا ..
گوڵم له گۆشه‌یه‌ك دانا
لێ ئێشی دڕكهكهی هێشتا مابوو
ئای دنیا!
گوڵ گه‌نجییه‌تی و بۆنت ده‌داتێ
به‌ڵام وه‌ختی گوڵوهچنی
كه من چاوه‌رێم ده‌كرد، له ده‌ستم چوو و
له شه‌وی ده‌یجووردا ؛
ئیدی ناتوانم گوڵێكم ده‌ست كه‌وێ
له ئێشی چزووی زیاتر
كه ماوه‌ته‌وه.
گله‌یی
تۆڕم هاوێشته ده‌ریاو
له قووڵایی تاریكی‌دا ،
شتی سه‌یر و زۆر جوانم ده‌رهێنا ..
هه‌ندێكیان ده‌تگوت زه‌رده‌خه‌نه‌یه
شه‌وقیان ده‌دایه‌وه ..
هه‌ندێ وه‌ك فرمێسك ده‌دره‌وشانه‌وه و
هه‌ندێكیش ئاڵ وه‌ك گۆنای بووك..
كه دره‌نگی ئێواره به‌خۆو بهدهستكهوتهوه
گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه ،
خۆشه‌ویسته‌كه‌م له باخچه دانیشتبوو
به تهمهڵییهكهوه په‌ڕه‌ی گوڵی ههڵدهكێشان
به شه‌رم و ویقاره‌وه
ئه‌وه‌ی ڕاوم كردبوو
خستمه ژێر پێی
به سووكییه‌وه لێی ڕووانی و وتی:
ئه‌م شته سه‌یرانه چین؟
نازانم سوودیان چییه !
سه‌رم به شه‌رمه‌وه دانه‌واند و
بیرم كرده‌وه:
” پێیانه‌وه ماندوو نه‌بووم
ئه‌وانه شایانی تۆ نین ”
به‌درێژایی شه‌و خه‌ریك بووم
یه‌ك یه‌ك له ڕێگادا فڕێم دان
به‌یانی موسافیر هاتن
كۆیان كردنه‌وه و
بۆ وڵاتی دووریان بردن…
گۆرانیی شاعیر
كه چهنگهكهم
له‌گه‌ڵ ئاوازی پچڕپچڕم ده‌هێنایه‌وه ،
تۆ له‌وه دوور بووی تێم بگه‌ی..
چۆن بمتوانیایه بزانم
ئه‌و سترانانه
له كه‌ناری نادیاریدا
هه‌ڵپه‌ی تۆیانه؟
كه نزیكم بوویه‌وه
گۆرانییه‌كانم
به ئاهه‌نگی ههنگاوهكانتا
سه‌مایان ده‌كرد
وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌سیمی شادییه‌كی باڵا
له‌و یه‌كگرتنه‌دا
به جیهان بڵاوده‌بێته‌وه و
ساڵ دوای ساڵ
گوڵ له سترانی شاعیردا ده‌پشكون ..
قژی بووك ده‌ستی درێژ ده‌كا
قوربانی دێ قبوڵ بكا
ئه‌وه‌ی له‌م گه‌ردوونه‌دا مه‌علوومه
له‌گه‌ڵ نادیاردا
یاری چاوشاركێ ده‌كه‌ن.
ئای له یاسه‌مه‌نی سپی !
ئه‌و ڕۆژه‌م له‌بیر ناچێ
یاسه‌مه‌نی سپی ئامێزی له ده‌ستم وه‌رێنا..
خۆر و
ئاسمان و
خاكی سه‌وزم خۆشه‌ویست و
له شه‌وێكی تاریكدا
گوێم له هاژه‌ی ڕووبار بوو ..
له گه‌وه‌ی ڕێگادا ڕۆژم لێ ئاوا بوو
پایزێكی ته‌نیا
شتی وای جێهێشتووه
وه‌ك بووكێك، كراسی بووكێنی
له وه‌ختی پێكگهیشتندا
بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی هه‌ڵده‌كا..
كۆتایی
وه‌ختی سه‌فه‌ره دایه !
من ده‌ڕۆم
له تاریكایی ڕه‌نگپه‌ڕیوی
به‌ره‌به‌یانی چۆلدا
كه باسكه‌كانت لهسهرجێدا
بۆ مناڵه‌كه‌ت درێژ ده‌كه‌یت ..
له سه‌رمه بڵێم:
” مناڵه‌كه لێره نییه ”
دایه من ده‌ڕۆم !
ده‌بم به ته‌وژمی كزهبایێك و
دڵنه‌واییت ده‌كه‌م ..
كه خۆت ده‌شۆی
له‌ناو ئاودا شه‌پۆلان ده‌ده‌م و
ماچت ده‌كه‌م و
جارێكی دی ماچت ده‌كه‌م ..
له شه‌وی باوبۆراندا
كه باران نهرمۆكه له گیا ده‌دا
چپه‌ی من ،
له پێخهفهكهتدا ده‌بینی
پێكه‌نینم بروسكه‌یه‌ك
له په‌نجه‌ره‌ی كراوه‌ی ژووره‌كه‌تدا دادهیسێنێ
نهنووستبووی ،
كه پاڵ كه‌وتی
وێنه‌ی ئه‌ستێران گۆرانیت بۆ ده‌ڵێم
” بنوو.. دایه.. بنوو ”
له تریفه‌ی ماهی خهیاڵڕۆیودا
ده‌خزێمه سهرجێت كه نووستوی
له‌سه‌ر سنگت پاڵ ده‌كه‌وم
ده‌بم به خه‌ون و
له نێوانی پێڵووه نه‌ختێ كراوهكانتا
ده‌خزێمه ناو قووڵایی نووستنت ..
كه له خه‌و ڕاده‌بی و
به ترسه‌وه سه‌یری ده‌وروبه‌رت ده‌كه‌ی
له تاریكی‌دا
وێنه‌ی په‌پووله‌ی ڕوناهیدار
ده‌فڕم ده‌چمه ده‌ره‌وه
له ئاهه‌نگی جێژنی مه‌زنیی دایكیش
كه مناڵانی هاوسێ دێن و
یاری له ده‌وروبه‌ری ماڵ ده‌كه‌ن
له ئاوازی نه‌ی دا ده‌توێمه‌وه و
به‌درێژایی ڕۆژێ له دڵتدا لێ ده‌ده‌م و
(سنتا)ی خۆشه‌ویستیش
بهدیارییهكانتهوه بۆ ڕۆژی دایك دێ و
لێت ده‌پرسێ:
كوڕه‌كه‌ت له كوێ یه خوشك ؟!
تۆش به هێمینهوه پێی ده‌ڵێی
له بیلبیله‌ی چاوه‌كانمه
كوڕه‌كه‌م جه‌سته‌مه.. ڕۆحمه..
شاعیر‌و شانۆنووس و ڕۆماننووس (ڕوبندرانات تاگوور) له به‌شی به‌نگالی شاری كه‌لكه‌تا ساڵی 1861 له‌دایك بووه. بۆ یه‌كه‌مین جار هه‌ر له ماڵه‌وه له‌ژێر ده‌ستی باوكی كه ئه‌ویش زانا‌و شاعیر‌و شانۆنووس بووه خوێندوویه‌تی، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ویش فێری وه‌رزشی (جۆدۆ) بووه. تاگوور زمانی سانسكرێتیشی له هه‌رێمی نیكتانهی ڕۆژئاوای به‌نگال خوێندووه، خانه‌واده‌ی تاگوور هه‌بوویی بوون‌و له چینی (براهما) بوون. زۆربه‌ی خوێندنی تاگوور له ماڵه‌وه بووه له‌ژێر چاودێری مامۆستای تایبه‌تی و سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی خانه‌واده‌كه‌ی… زۆربه‌ی زانسته‌كانی خوێندووه، له زانستی زمانه‌وه بگره تا فه‌له‌كناسی و زانسته‌كانی نوێ و مێژوو و كولتووروی جۆراوجۆر… له ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵییه‌وه شیعری نووسیوه، له حه‌ڤده ساڵیشه‌وه باوكی ده‌ینێرێته ئینگلستان، به‌ڵام پاشان له‌وێدا زانكۆ به‌جێده‌هێڵێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه كه‌لكه‌تا. ئه‌زموونی شیعری تاگوور له‌و ده‌مه‌دا ده‌ركه‌وت كه ژماره‌یه‌ك كۆشیعری بڵاوكرده‌وه، كه به پازدان و تێپه‌ڕاندنێكی گرینگ ناسێنرا نه‌ك هه‌ر به گوێره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی خۆی، به‌ڵكو له‌ناو تێكڕای (شیعری به‌نگالی)دا. ئه‌وه بێجگه له چه‌ندین شـانۆیی و ڕۆمـان و كـورته چـیرۆكی دی، لـه پاڵ ئه‌وه‌شدا
تاگوور له قۆناغه‌كانی دوایی ژیانیدا وێنه‌كێشێكی كارامهیشی لێ ده‌رچوو (له ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵیدا) و له ژماره‌یه‌ك پیشهنگاشدا تابلۆكانی نمایش كردن، تاگوور كه ده‌چێته ئینگلستان، له‌گه‌ڵ براده‌رێكی پێكدهگهنهوه ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ده‌بێ، ئه‌و براده‌ره‌ی ناوی (رۆتنستاین)ـه، هونه‌رمه‌ندێكی به‌ناوبانگ بووه، تاگوور له هیندستانه‌وه ناسیبووی پێشنیاری ئه‌وه‌ی بۆ كرد شیعره‌كانی بۆ بكاته ئینگلیزی، دوای ئه‌وه‌ی كه زانی له‌به‌رابه‌ر شیعری ئینسانی به‌رز دایه، پاش وه‌رگێڕانیش، بۆ پێداچوونه‌وه په‌یوه‌ندی به شاعیری ئایرلاندی ناسراو (ولیه‌م بتله‌ر یێتس)ـه‌وه ده‌كا ، لێره‌وه به‌رهه‌مه‌كانی تاگوور ناسران و له دوای ئه‌وه‌شدا زۆری نه‌برد (خه‌ڵاتی نۆبل)ی وه‌رگرت. له ئه‌نجامی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی سه‌رنه‌كه‌وتوو كه له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌لكه‌تا ساڵی 1947 بۆی كرا ، پاش ئه‌وه‌ی دوا شیعری بۆ ئاماده‌بووانی نه‌خۆشخانه خوێنده‌وه گیانی سپارد. ئه‌م قه‌سیدانه‌ی تاگوور له (رابندرنات گاغور- روائع فی المسرح والشعر)ـه‌وه كراون به كوردی.