Skip to Content

خوێندنەوەیەک بۆ چیڕۆکی ( خەونی پیاوێکی گەلحۆ )ی دەستۆفسکی.. ناڵە حەسەن

خوێندنەوەیەک بۆ چیڕۆکی ( خەونی پیاوێکی گەلحۆ )ی دەستۆفسکی.. ناڵە حەسەن

Closed
by شوبات 3, 2023 General, Literature

Notes From Ander Ground ) ( کتێبێکی دەستۆفسکی یە ، ئەم کتێبە چەند چیڕۆکێکی لە خۆ گرتووە ، یەکێک لەوانە ( خەونی پیاوێکی گەلحۆ )یە . یان خەونی پیاوێکی گاڵتەجاڕ . چونکە وشەی ( Ridiculous ) بە مانای گەلحۆ دێت و بە مانای گاڵتەجاریش دێت بەڵام ، من بۆ ناونیشانی ئەم چیڕۆکە گەلحۆ بە شیاوتر دەزانم . کاتێک لە خوێندنەوەی چیڕۆکەکان بوومەوە ، چیڕۆکی خەونی پیاوێکی گەلحۆ لە هەموو چیڕۆکەکانی تر زیاتر سەرنجی ڕاکێشام و تووشی ڕامانێکی قووڵی کردم . دیارە دەستۆفسکی بە ڕۆمانەکانی ( برایانی کارامازۆف و تاوان و سزا ) وە ناوبانگی دەرکردووە و یەکێکە لەو نووسەرە زیندووانەی کەوا ، مێژوو بۆ هەمیشە بە زیندوویی باسی دەکات . لەگەڵ ئەوەش هەر یەکێک لەم چیڕۆکانە لە ئاستی ڕۆمانەکانی ( برایانی کارامازۆف و تاوان و سزا ) دان . دیارە من بۆخۆم لە سەرەتای هەشتاکانەوە لە ڕێگەی ڕۆمانی ( شەوە سپیەکان ) ەوە ، بە دونیای دەستۆفسکی ئاشنابووم و پێی سەرسام بووم . لە شەوە سپیەکانەوە فێربووم ، لە پاڵ شیعر و چیڕۆک ، ڕۆمانیشم خۆش بوێ ..! ( خەونی پیاوێکی گەلحۆ ) بە بڕوای من ، چ ناونیشانەکەی چ ناوەڕۆکەکەی چەندین خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ . چونکە مەدلوولەکان هێندە قووڵ و پڕ واتان ، هەر لە دەسپێکی چیڕۆکەکە تا کۆتاییەکەی خوێنەر حەپەساو دەکات . بەرلەوەی بچمە نێو خوێندنەوە و ڕۆچوون بە نێو ڕەگ و ڕیشە و کۆڵانە پێچاوپێجەکانی چیڕۆکەکە ، دەمەوێت ئەوە بڵێم کەوا ، ئەگەر ( چارلز دیکنز ) لە ڕۆمانی ( دێڤد کۆپەرفێلد ) دا ، وێنەی منداڵی خۆی کێشابێ و ژیانی پڕ مەینەت و ناسۆریەکانی خۆی لەم ڕۆماندا بەرجەستەکرد بێ ، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ، کەوا دەستۆفسکی ش لەم چیڕۆکەیدا ، وێنەی خۆی و بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی خۆی زۆر بلیمەتانە لە دەقێکی هاڕمۆنی و جواندا خستۆتە ڕوو . من بۆخۆم لە سەرەتای چیڕۆکەکە تا کۆتاییەکەی هەستم دەکرد ، لەگەڵ پیاوێکی گەورەدام یان لەگەڵ فەیلەسوف و بیرمەندێکی گەورەدام ..! وام هەست دەکرد ، لەگەڵ کەسێک دام دەکرێ شەرم لە تواناکانی بکەی .. موعجیزەیەکی سەیر و سەمەرە ، خاوەن دونیایەکی پڕاوپڕ لە نهێنی و پڕاوپڕ لە گۆشە و کەلێن و قوژبنی تاریک ..! بەمانایەک ، ئەگەر بمانەوێت بەدوای خۆشی و لەزەتەکانی ژیاندا بگەڕێین لە هەمانکاتدا ، مانایەکمان دەست بکەوێت بۆ بوون و بەهاکانی جوانی ، پێویستمان بەوەیە ( ئەو گۆشە و کەڵێن و قوژبنە تاریکانەی نێو دونیای نووسینەکانی دەستۆفسکی ڕووناک بکەینەوە و لێیان بڕوانین ..! ) . ( خەونی پیاوێکی گەلحۆ ) .. هەر لەسەرەتاوە گەورەترین پرسیار لە پشت زاراوەی گەلحۆ لەلای خوێنەر دەوڕوژێنێ . لە پشت ئەم زاراوەیە ، کێشە و تەنگژەکان خۆیان ڕووت دەکەنەوە ، ئەم حالەتە وا لە خوێنەر دەکات بە چەشەیەکی زیاتر و بە تامەزرۆییەکی زیاترەوە ، بەنێو ناواخنی چیڕۆکەکە ڕۆبچێ ، هەر بەم شاگەشکەییەوە خوێنەر واز لە مانا ڕووتەکەی گەلحۆ دێنێت و بەدوای مانا شاراوەکانیدا دەگەڕێت بەڵام ، دەستۆفسکی زۆر لێزانانە ئەم زاراوەیەی هەڵبژاردووە بۆ ناونیشانی چیڕۆکەکەی . مەبەستیەتی ، لە پشت ماناکانی گەلحۆوە بە خوێنەر بڵێ / ژیانێک پڕاوپڕ بێت لە جیاوازی و هیچ بەها و پیرۆزیەک و ڕێزێک بۆ مرۆڤەکان بە ڕەوا نەبیندرێ ، مرۆڤەکان بۆ هەمیشە کۆیلە و زەلیل بن ، ئیدی ئەمجۆرە ژیانە لە گەلحۆیی زێتر هیچی تر نییە ..! ئاخر مرۆڤ بۆ ئەوە دروست نەبووە کە تەنها بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک ئامادەبێت هەموو کۆششەکان و تەنانەت مەرگی خۆشی ببەخشێت ..! یان لە هەموو ئەوشتانە بێبەش بێت کە بزە دەهێننە سەر لێوان و فەرامۆشی بە ڕۆح و جوانیەکانی سروشت دەبەخشن ..! ئاخر گەر مرۆڤ لە گەرمەی خۆشیەکانیدا نەتوانێت بە ئازادی گۆرانیەکانی بچڕێ ، بۆ ڕەواندنەوەی ناسۆریەکان و بەتاڵکردنەوەی خود ، دەبێتە کائینێکی بێبەها و مردوو ..! شتێکی ڕوون و ئاشکرایە ، لەو کۆمەڵگە چینایەتیە پڕ چەوساندنەوەی کە دەستۆفسکی لەم چیڕۆکەیدا وێنەی کێشاوە ، مرۆڤەکانی خوارووی چینی خواپێداوەکان دەبێ بۆ هەتاهەتایە هەر قەشمەر و گەلحۆ و زەلیل بن ..! نابێت هیچ ناسنامەیەکی مرۆڤانەیان هەبێت . شایستە بەوەن هەتا مردن سەرگەردان و داماو لەسەر شۆستەکاندا بخەون ، سواڵ بکەن ، لەنێو جەنجالیەتی هەراوزەنای ئاوازە ناشازەکانی مەرگی شێنەییدا بە ونبوویی بمێننەوە . وەک چۆن ” بەرتۆلد برێخت ” لە شانۆگەریەکانیدا ،هەوڵی ئەوە دەدا ، برین و ژان و کێشە کۆمەڵایەتیەکان و مەینەتیەکانی مرۆڤ بخاتە بەردەم بینەر و لەهەمانکاتدا ، ئەوە لە مێشکی بینەر بەجێبهێڵێ ( گەر مرۆڤ لە هەوڵ و کۆششەکانی بەردەوام بێت ، دەتوانێت وەڵام بە کێشەکانی بداتەوە و چارەسەریان بکات ..! ) هەر بۆیە لە شێوازی برێختی دا ، دیواری چوارەم لە نێوان ئەکتەر و بینەر نامینێت . وەک ئەوەی بینەریش بەشدار بێت لە نمایشەکاندا ..! ) .
دەستۆفسکی لەم چیڕۆکەیدا ، سەخافەتەکانی دونیای سەرمایەداریمان بۆ ڕەسم دەکات . دونیایەکی تەواو جیاواز ، دونیایەک کە تیایدا هیچ خۆشەویستیەک لە نێوان مرۆڤەکاندا نییە ، مرۆڤەکان تەریک و دابڕاوانە ، لە کونجی ژوورە تاریکەکان لە گۆشە تەنهاییەکاندا بێئاگا لە یەکتری دەژین و دەمرن ..! بە مانایەک دونیایەکی بێ ڕۆح ، بێ هەست ، بێ هەناسە ، دونیایەکی نەخشێندراو بە کۆمێدیایەکی تووڕەهات و پڕوپووچ ، بێبەها و بێ ناوەڕۆک ..! لەلایەکی ترەوە ، وەسفی دونیایەکی ترمان بۆ دەکات دونیایەک کە تیایدا ، مرۆڤەکان لە نێو کەرنەڤالی خۆشەویستی هەناسە دەدەن و دەژین . پڕاوپڕ بە مانای خۆشەویستی هەموو یەکتریان خۆشدەوێ .. خۆشەویستی و پێکەوەیی ، سیماو شوناسی ئەم کۆمەڵگایەیە . بەیەکەوە گۆرانیە بەسۆزەکانی ژیان دەڵێنەوە ، بە یەکەوە پێکی شەڕابی ئازادی و ڕەهایی هەڵدەدەن ..! دەستۆفسکی لەم ژیانە ئارام و هێمن و سەرفرازییە ناو دەبات بە بەهەشت . بەڵام بەهەشتێکی واقیعی ، بەهەشتێک لە سەر زەمین و باوەشێنکراو بە هەناسەکانی مرۆڤ ..! ئەم بەهەشتە لەسەر ئەستێرەیەکی تری ئەو کەونەیە ، کابرای گەلحۆ ڕۆچووە بەنێو خەونێکی خۆشەوە دەیەوێ پەی بە نهێنیە پڕ ترسەکانی مردن ببات .. دەیەوێ وەرزەکانی مردنیش تاقی بکاتەوە و لە دەرگای ئەو تاسە و خۆزگانەش بدات ، کە برینە حەسترەتیەکانی مرۆڤ ساڕێژ دەکەن . بە هۆی سەفەری خەونەوە لە جێگە و ڕێگە و هاومەملەکەتیەکانی خۆی دوور دەکەوێتەوە ، لەوێندەرێش هەر مرۆڤێکی ماندووە ، هەر سادە و ساکار و دڵ پڕ بەزەییە ، هەمیشە دڵی بۆ مرۆڤەکانی لای خۆیان لێدەدا و بیریان دەکات . ئارەزووی ئەوە دەکات بگەڕێتەوە لایان ، کە بەرەو بەهەشت دەڕٶن بەهەشتەکە دوورە و لەسەر ئەستێرەیەکی ترە .. لە ڕێگادا کۆمەڵە ئەستێرەیەک دەبیندرێن و دەدرەوشێنەوە ..! بە بڕوای من ئەو وێنانە ئەوە دەگەیەنن ( گۆڕینی دونیا و گەیشتن بە ژیانێکی باشتر ) کارێکی هێندە ئاسان نییە .. پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانی زۆر و قوربانیدان هەیە ، دالەکانی ( دووری ، مردن ، ئەستێرە ، خەون ) ئەم مەبەستانە دەپێکن کە باسم کردوون . بەمانایەک ، هیچ شتێک مەحاڵ نیە لەبەردەم تێکۆشانەکانی مرۆڤ ، هەرچەندە قوربانیەکان گەورەش بن ..! لە ئاکامدا ئاسۆیەکی گەش و ڕوون دەخاتە بەردەم مرۆڤەکان . دەکرێ وێنەی درەوشانەوەی ئەستێرەکان نیشاندەر و موژدەبەخشی گەیشتن بەم دونیایە جوانە بێت .. چەند شکۆمەندیە بۆ نووسەر بەم مەبەستە پیرۆزەوە بنووسێ و قەڵەمەکەی ببێت بە گەشترین مۆم بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگا تاریکەکانی بەردەم ئامانجە گەورەکان ..! ” مەکسیم گۆڕکێ ) لە کتێبی ( هەدەفی ئەدەبیات ) باس لە جێگە و ڕێگەی نووسەر و ئامانجی نووسین دەکات . نووسەران لە ئاستێکی زۆر بەرز دەبینێت ، بەرز تا ئاستی پەیامبەر ..! واتە نووسەر و پەیامبەر دوو مرۆڤن بۆ کۆمەڵگە دەئاخڤن .. ڕۆژانە خەڵک چاوەڕوانی پەیامەکانیان دەکات . هەوڵدەدەن لەڕێگەی پەیامەکانیان مرۆڤ بەرەو ڕزگاری و بەرەو ئامانج و ئومێدەکانیان ببەن . جیاوازی نووسەر و پەیامبەرەکان لەسەرچاوەی وەحی و ئیلهامەکانیانە ، سەرچاوەی وەحی و ئیلهامی پەیامبەرەکان لە سەرچاوەیەکی ون و خالقێکی نادیارەوەیە . بەڵام ، وەحی و ئیلهامی نووسەران لەنێو ئێش و ئازار و مەینەت و خولیا بەرزەکانی مرۆڤایەتیەوەیە ..! واتە سەرچاوەیەکی واقعی و دیار و هەستپێکراو ..! ئەم دونیا جوانەی دەستۆفسکی وێنەی کێشاوە ، ئەلتەرناتیڤی ئەو دونیا واقیعیە پڕاوپڕ لە کێشەو ڕق و قینە و گۆشەگیرییەی سەردەمە ، کە مرۆڤەکان لەبەر ئەنجامی ناسۆری مەینەتیەکانیان لە نێو خەون و خۆزگەکانیان وێنەی ئەلتەرناتیڤەکەیان کێشاوە و ئەویش دونیایەکی باشتری بێ چین و چەوساندنەوەیە . بە مانایەک ، ئەو بەهەشتەی دەستۆفسکی لە چیڕۆکەکەی وێنەی کێشاوە . ئەم خەونە بۆتە بەشێک لە بیرکردنەوە و ئومێد و لەنێو ڕووبەری نەستیان شوێنێکی فراوانی داگیر کردووە . زێدەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێم ، ” مارکس و ئەنجلس ” بە نووسینی هەموو بەرگەکانی کاپیتال و نووسینەکانی تریان ، وەک ڕەخنە لە هیگل و فیورباخ و سۆشیالیستە تۆباویەکان و ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتە و ئایدیۆلۆژی ئەلمانی و .. بەم هەموو کارە گەورانەوە هەر ئەو مەبەستەیان پێکاوە کە دەستۆفسکی لەم چیڕۆکەیدا پێکاویەتی ..! دیارە مەبەستم ئەوە نییە لە بەهای ئیشەکانی مارکس و ئەنجلس کەم بکەمەوە بەڵام ، مەبەستمە ئەوکارەی دەستۆفسکی بەرز بنرخێنم . لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیام نووسینەکانی مارکس و ئەنجلس یارمەتیدەر و سەرچاوەیەکی گەڵێک بەسوود بوونە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم چیڕۆکەی دەستۆفسکی ..!
دەستۆفسکی لەم چیڕۆکەیدا ، خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان ، بە بنەڕەتیترین بگرە هۆکارێکی پێشمەرج بۆ خۆشی و حەزوئارەزووەکانی هەر کۆمەڵگەیەکی ئارام و خۆشبەخت داناوە . بەمانایەک ژیان بەبێ خۆشەویستی ( گەلحۆیی و مردنە ) مرۆڤ پەنا بۆ کوشتنی خۆی ببات گەلێک باشترە ..! بەمانای لە کۆمەڵگەیەکی بێ خۆشەویستی ، مردن سەرفرازترە لە بوون ..! ئەوەتا لە شوێنێک پێمان دەڵێت ( خەڵکت خۆش بوێت وەک ئەوەی چۆن خۆت خۆش دەوێ ..! ) لە سیاقی مانای ئەو ڕستەیە و ناونیشانی چیڕۆکەکە ، هەست بە وێنەیەکی پرادۆکسی دەکەین بەمانایەک ، دوو حالەتی دژ بەیەک لە چوارچێوەی یەک ڕستەدا یان دەقێکدا ، ئاخر گەلحۆیەک کە هەموو کۆمەڵگە ڕێز و حوڕمەتێکیان بۆ قایل نیە و هەمیشە بە گاڵتەجار و گەلحۆ سەیری دەکەن ، پێی پێدەکەنن ، لە ئەنجامی توورەهاتترین و نزمترین ئاستی ژیانی خۆیدا ، لەپەڕی گۆشەگیری و تەنیاییدا ، تا ئاستی ئەوەی مەرگ بە ئاوات بخوازێت یان لە هەوڵی کوشتنی خۆی دا بێت . کەچی ،خەونەکانی ئەم گەلحۆیە دونیایەکی تەواو پێچەوانەی ئەم پێناسەیەی سەرەوەیە ..! وەک مرۆڤێکی ڕزگاربەخش هەوڵ دەدات ، لە موسیبەتەکان ڕزگارمان بکات و دونیایەکی نەخشێندراو بە ئومێد و ئارەزووەکانمانەوە . دونیایەکی هەوتەریب لەگەل خەونە جوانەکان و پیرۆزی مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەممان . هەر لێرەوە پرسیار و گرێی وێنە پارادۆکسیەکەمان مانا پەیدا دەکەن . یان دیمەنێکی تر کە مرۆڤ تووشی سەرسامی دەکات ئەوەیە ، کە مرۆڤ تا ئەوپەڕی بێسنووری لەنێو خەیاڵ و ئەندێشە و بیرکردنەوەکانی کابرای گەلحۆ پیرۆزە و کائینێکی پڕ بەهایە . بۆیە لە کاتی دوورکەوتنەوە دڵی بۆیان لێدەدا و ئومێدی ژیانێکی باشتریان بۆ دەخوازێ و هەموویانی خۆشدەوێ ، بە ئەوانەشەوە کە گاڵتەیان پێدەکرد و پێی پێدەکەنین ..! ئەمەش ڕێک هەمان ئەو وێنەیەیە کە ” لیڤ تۆلستۆی ” لە چیڕۆکی ( کۆچی هەتا هەتایی ) دا وێنەی کێشاوە . لە هەردوو چیڕۆکەکە وا هەست دەکەی ، مرۆڤ شایستە بە هەموو پیرۆزیەک و ڕێز و خۆشەویستیەکە ، ئەم ڕەسەنەیەتی و بنەڕەتی بوونە بۆ مرۆڤ دەگەڕیتەوە . هەر لەم چیڕۆکەدا ، واتە لە ( خەونی پیاوێکی گەلحۆ ) دا ، دووجۆر پێکەنین دەبیندرێ یەکێکیان ، لە پشت مەدلوولەکانی زاراوەی گەلحۆوە کە لەنێو کۆشکە ڕازاوەکانی خواپێداوەکان دەبیسترێ ..! پێکەنینێکی بێمانا ، مردوو ، نامۆ بە پیرۆزی و بەهاکانی مرۆڤ ، نامۆ بە جوانیەکانی سروشت و ڕوخسارە ئیرۆسیەکەی خۆشەویستی ، نامۆ بە خەون و خەیاڵە پەمەییەکانی مرۆڤ ..! پێکەنینێکی تر ، لە پشت مەدلوولەکانی خۆشەویستیەوە دەبیندرێ ، کە لەژێر کەپر و دەوارە شڕەکانی ئەو خێڵانەوە دەبیسترێ ، کە لەم دونیایە نایەکسانەدا فڕێدراونەتە کەنارەوە و خواپێداوەکان پێیان دەڵێن گەلحۆ ..! پێکەنینێک کە لەناخی ناخەوەی ڕاستی و پاکی و بەرائەت و سۆزی مرۆڤەکان هەلقوڵابێ ، پێکەنینێک هاوجووت لەگەڵ جوانیەکانی گوڵ و گۆرانیەکانی ڕووبار و تریفە ئومێدبەخشەکانی باران ..! شتێکی تر لەم چیڕۆکەدا دەکرێ باسی بکەین ، ئەویش ( خەون ) ە .. کە وەک کردارێکی ئامانجدار ، بۆ گەیشتن بە ترۆپکی مەبەستەکان بەکارهاتووە . بە مانا فرۆیدیەکەی ، دەستۆفسکی لە ڕێگەی کرداری خەونەوە توانیویەتی بۆ نێو ڕووبەرە نەستیەکان ڕۆبچێ و لاپەڕەی غەریزە چەپێندراوەکان هەڵبداتەوە و لەوێدا ، ئاوات و هێڤیە تۆز لەسەر نیشتووەکانی مرۆڤەکان ببینێ . تاسەکانیان ، ڕازەکانیان ، عەشقەکانیان ، خەون بە داهاتوویان ، هەموو ئەمانە ببینێت . لە ڕاستیدا ئەم جوانکاری و ئەفراندنە لە بواری دەروونی و دەرخستنی ڕاستیە شاراوەکانی نێو ناخی مرۆڤ و شیتەڵکردن و خوێندنەوەی دەمار بە دەماری حەزوو ئارەزووەکان ، من پێموایە ئەوە داهێنانێکی گەورەیە ، هەر ئەوەیە وایکردووە ، کە ئەم دەقە بۆ هەتاهەتایە بە زیندوویی بمێنێتەوە .. لە کۆتایی چیڕۆکەکەش دەستۆفسکی ئەم مەبەستەشمان پێدەڵێ / کە ئەو دونیایە باشترەی بە بەهەشت ناوی بردووە دەکرێ مرۆڤەکان پێی بگەن .. بەڵام مەرج نیە وەک شتێکی ئەزەلی و ئەبەدی بمێنێتەوە ..! دەکرێ تەنگژەکان ، کێشەکان ، مردنەکان ، شەڕەکان ، گەلحۆییەکان ،.. دووبارە دەست پێبکەنەوە و دیسان بە ڕەنگێکی تر و لە بەرگێکی تردا دووبارە ببنەوە ..!
کە ئەمەش فاکتێکە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و مرۆڤ ..!

سەرچاوە :
Dostoyevsky
Notes From Under Ground
Anew Transistion with Afterword
By Andrew R.Macandrew

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress