Skip to Content

هەرێمی کوردستان دەبوو لە سالى ١٩٩٢خاوەن دەستوورى خۆى بێت.. د. نوورى تاڵەبانى

هەرێمی کوردستان دەبوو لە سالى ١٩٩٢خاوەن دەستوورى خۆى بێت.. د. نوورى تاڵەبانى

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 28, 2023 General, Opinion

پەسەند کردنی دەستورێکی تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان بەندبوو بە سیستەمی دەستوورى و شێوەى حوکمڕانی لە عێراق. دەستوورە لەمەوبەرەکانى عێراق، بە دەستوورى ساڵى 1925 ەوە، کە یەکەم دەستوورى عێراق بوو، وەزارەتى کۆلۆنیاڵى بەریتانیا ئامادەى کردبوو، پەرلەمانى عێراق لەو ساڵەدا پەسەندی کردبوو، هەروەها دەستوورە کاتییەکانى پاش ساڵى 1956 تا ڕاپەڕینی ساڵى 1991 وکۆچرەوە مەزنەکەى، کە (ناوچەى ئارام)ى لێ پەیدابوو ڕژێمی عێراقى ناچارکرد دەزگاکان لە بەشێکی فراوانى باشوورى کوردستان بکشێنیتەوە. ئەو بڕیارەى ڕژێم بە مەبەستى ئاژاوە نانەوەبوو لەو ناوچانە، بۆیە بڕیارى سازدانى هەڵبژاردن درا لە لایەن (بەرەى کوردستانی) بۆ دیارى کردنی پەرلەمانێک، تاکو حکوومەت دیارى بکات بۆ بەڕێوەبردنی کاروبار لەو ناوچەیە. لە پێنجی مانگی تشرینی یەکەمی 1992، پەرلەمانى کوردستان سیستەمی فیدراڵى بۆ پاشەڕۆژى عێراق پەسەندکرد ، ئەوەش ڕێگاى خۆشکردن بۆ دامەزراندنى قەوارەیەکی سیاسی (دێ فاکتۆ)، تێیدا دەزگاکانى دەسەڵاتی ناوەخۆیى و پەیوەندی کردن بە دەرەوە و داکۆکی کردن لە سنوورى ئەو بەشە ڕزگارکراوەى کوردستانى پراکتیزە دەکرد، واتە هەموو دەسەڵاتەکانى دەوڵەتى. دەبوو پاش ئەو هەنگاوە هەنگاوێکی قانوونی بەدوادابێت، بە پەسەندکردنی دەستوورێک بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان دەزگاکانى هەرێم، تاکو هەریەکەیان ئەرک و دەسەڵاتی خۆیان بزانن وهاوڵاتیانیش ئاگادارى ماف و ئەرکەکانیان بن.
کۆمەڵێک لە قانوونناسانی کوردستان داوایان کرد پەلە بکرێت لە دانانى دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان، هەتا ئەگەر دەستوورێکی کاتیش بێ، چونکە دەستوور سەرچاوەى هەموو قانوونەکانە، لەوێدا شێوەى حوکمڕانی و چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و ڕێکخستنیان دیارى دەکرێن. ئەم داواکارییە پشگیریێکی فراوانى لێدەکرا لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە.
لە ناوەڕاستى ساڵى 1992 پڕۆژەى دەستوورێکم بۆ هەرێمی کوردستان ئامادە کرد، لە چاپخانەى زانکۆى سەڵاحەدین چاپکراو دابەشکرا بەسەر ئەندامانى خولى یەکەمى پەرلەمان و میدیا و کۆمەڵێک لە قانوونناسانی کوردستان، تاکو ڕاو سەرنجی خۆیان سەبارەت بە بنەما و ناوەڕۆکەکەى دەربڕن. پێشنیاز و سەرنجی بەشێک لە قانوونناسان پڕۆژەکەى دەوڵەمەندتر کرد، پاشان پڕۆژەکە پاش دەستکاریکردنی بەپێى ئەو بۆچوون و سەرنجانە، خرایە بەردەستى دەزگاێکی قانوونی ڕەسمى، کە ئەندام بووم تێیدا بەناوى (دەستەى قانوونى باڵا)، تا لێى بکۆڵیتەوە و پەسەندی بکات. ئەو دەزگا قانوونیە پڕۆژەکەى بە شێوەیێکی ڕەسمى خستە بەردەست حکوومەتی هەرێم و پەرلەمانى کوردستان، بە ئومێدی تەماشاکردنی لە لایەن (لێژنەى قانوونی) لە پەرلەمان بۆ پەسندکردنی. بارى سیاسی لەو سەردەمە لە عێراق و لە ناوچەکە زۆر ئاڵۆز بوو. هێزەکانى ڕژێم ئابلوقەى بەشێک لە شار و شارۆچکەکانى دابوو هەڕەشەى دەکرد ناوچەکە داگیر بکاتەوە. فڕۆکە سەربازییەکانى ئەمریکا و بەریتانیا، کە لە تورکیاوە ئاگادارى ناوچەکەیان دەکرد، لەگەڵ چەسپاندنی کیانێکی سیاسی بۆ کورد نەبوون. وەزیرانی دەرەوەى دەوڵەتانی ناوچەکە بە بەردەوامی کۆدەبوونەوە بۆ هەوڵى خنکاندنی ئەو کۆرپە تاکو نەکەوێتە سەرپێ. پڕۆژەى دەستوورەکە بۆ ماوەى پتر لەدە ساڵ لێى نەپێچرایەوە، بەڵام لەو ماوە درێژەدا کەسانێکی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەى کوردستان داواى دانانى دەستووریان بۆ ئەو بەشە ڕزگار کراوەى کوردستان دەکرد.
لە مانگی تشرینی دووەمی 2002 پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەى دەستوورێکی پەسەند کرد، بەڵام وەک (پڕۆژە) مایەوە، بەندەکانى لەسەر بنەماى پڕۆژەکەى ساڵى 1991 داڕێژرابوون، بەڵام کەم و کورتی تێدابوو.
لە نیسانی ساڵى 2003 ڕژێمی بەعس ڕووخا، ساڵێک باشتر قانوونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەى گواستنەوە پەسەندکرا، کە وەکو دەستوورێکی کاتى تەماشا دەکرا. ئەو پڕۆژە دەستوورەى لە مانگی تشرینی دووەمی 2002 پەسەندکرابوو، جگە لەوەى کەم وکورتی تێدابوو، نەدەگونجا لەگەڵ بارى تازەى عێراق و کوردستان، بۆیە پێشنیازی چاوگێڕانەوەم بەو پڕۆژەیە کرد. لەسەرەتاى مانگی تشرینی یەکەمی 2003 لەگەڵ لێژنەى قانوونی لە پەرلەمانى کوردستان کەوتینە چاوگێڕانەوە بەو پڕۆژەیە، لەپاش چەند کۆبوونەوەیەک، لە 22ى کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ (پڕۆژەیێکی چاککراو) ئامادەکرا، بەدوا شێوەى خرایە بەردەستى سەرۆکایەتیی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان، بەڵام هیچ کارێکی لەسەر نەکرا لەلایەن پەرلەمانەوە.
قانوونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەى گواستنەوە، لە ماددەى 53دا سیستەمی فیدراڵى بۆ عێراق قبوڵ کردبوو و دانى نا بە هەرێمی کوردستان نابوو لە چوارچێوەى ئەو سنوورە ئیدارییەى لە 19ى ئادارى 2003 لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم بوو. لە بەندی 54ى هەمان ئەو قانوونەدا داننرابوو بە دەزگاکانى هەرێم، بەتایبەتى حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانى دادوەریى، بۆیە پەرلەمانى کوردستان دەیتوانى بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێ کردنی ئەرکەکانى سەرشانی، کە قانووندانان و دەستکاریکردنی قانوونەکان بوو تا ئەو دەمەى دەستوورێکی هەمیشەیى بۆ عێراق پەسەند دەکرێت. پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەو ماوەدا چەند قانوونێکی پەسەندکردو جێبەجێ کران لە لایەن دەزگاکانى هەرێمەوە. قانوونی کاتی بەڕێوەبردن چەند مەرجێکی دانابوو دەبوو ڕەچاو بکرێن لەلایەن پەرلەمانى هەرێم لەکاتى دانانى قانوونی تازە. ئەو مەرجانە لە بەندی 25 و پەرەگرافى (د) بەندی (43)ى هەمان ئەو قانوونە ئاماژەیان بۆ کرابوو. کەواتە پەرلەمانى هەرێم دەیتوانى هەموو جۆرە قانوونێک پەسەند بکات، بەمەرجێک پێچەوانەى ئەو دوو مەرجە نەبن. ئەو دوو بەندە تایبەت بوون بە سیاسەتی دەرەوە و داکۆکى کردن لە عێراق و دامەزراندنی هێزی چەکداری. لەو دوو بەندەدا دەسەڵاتی دى بە حکوومەتی ناوەند درابوو پەیوەندییان بە داڕشتنی سیاسەتی دارایى گشتى و دەرهێنانى دراو و ڕێکخستنی گومرگ و بازرگانى لەگەڵ دەرەوەو دانانى بودجەى گشتى بۆ عێراق، لەگەڵ ئەو کارانەى پەیوەندییان بە بانکی ناوەندییەوە هەبوو، هەروەها کاروبارى ڕێکخستنی (مەقاییس و ئەوزان). لەبارەى سامانە سرووشتیەکانەوە، سامانى هەرێم و ناوچەکانى دیکەى عێراق، دەرهێنانیان دەبوو بە هاوکاری وسەرپەرشتی دەزگاکانى حکوومەتی ناوەند بێت. کاروبارى پەیوەندیدار بە دەوڵەتنامە (جنسیە) وبێگانە وپەناهەندە، لە دەسەڵاتەکانی حکوومەتی ناوەند بوون. لەو پڕۆژە دەستوورەى بۆ هەرێمی کوردستان ئامادەکرابوو هەموو ئەو دەسەڵاتانە بە حکوومەتی ناوەند درابوون، بەڵام دەسەڵاتێکی زۆر بە دەزگاکانى هەرێمی کوردستان درابوون، بۆیە دەبوو ڕێکبخرێن و شێوەى بەکارهێنانیان دیارى بکرێت لە دەستوورى هەرێمی کوردستاندا. لە ڕاستیدا پەسەندکردنی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانى هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی خۆیدابوو، چونکە ئەو پەرلەمانە هەتا بەپێى قانوونی کاتى بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق، ئەو مافەى بەو پەرلەمانە دابوو، چونکە دیتوانى قانوون پەسەند بکات تا ئەو ڕۆژەى دەستوورى هەمیشەیى بۆ عێراق پەسەند دەکرێت، بەمەرجێک ئەو قانوونە بە پێچەوانەى بەندی 25 و پەڕەگرافی (د)ى 43 نەبێ.
دەستنیشانکردنی مافەکانى گەلى کوردستان لەو پرۆژەدا دەبووە چەسپاندنیان و پشگیریی بۆ گروپى کوردستانى لەناو (ئەنجومەنی نیشتیمانى عێراق)، کە دەیتوانى جەخت بکات لەسەر داواکارییەکانى گەلى کوردستان لە دەستوورى هەرێم دەستنیشان کرابوون.
بۆچوونێکی تر هەبوو پێى باش بوو پەسەندکردنی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دوابخرێت بۆ پاش پەسەندکردنی دەستوورى هەمیشەیى عێراق. ئەم بۆچوونە هۆیەکەى سیاسیی بوو نەک قانوونی، چونکە سەرچاوەکەى بارى سیاسیی بوو لە عێراق و ناوچەکە، وایان دەزانى پەسەندکردنی دەستوور بۆ هەرێم لەو کاتەدا بە کارێکی جوداخوازیى دەدرایە قەڵەم! بە بۆچوونی ئەو کەسانەى بەوجۆرە بیریان دەکردەوە چاکتربوو چاوەڕێى دەستووری عێراق بکرێت تا بزانین لەوێدا چی دەدرێ و چى قبووڵ ناکرێت، هەموو سەنگی کورد دەخرایە ناو یەک سەبەتەوە، کە (ئەنجومەنی نیشتیمانى عێراق) بوو، ئەگەر لەوێدا کارەکان یەکلایى نەکرابانەوە لە بەرژەوەندیی گەلەکەمان، لەو شەڕە دەستووریە بە دۆڕاوی دەچووینە دەرەوە. لە راستیدا چاکتربوو کورد لە چەند بەرەیەکدا ئەو شەڕە بکات، لە (پەرلەمانى کوردستان) وەکو نوێنەرى شەرعی خەڵکی کوردستان، مافەکانى گەلەکەمان لە دەستوورى هەرێم بچەسپێنن و داوابکریت ئەو مافانە لە دەستوورى عێراق دەستنیشان بکرێن. دەبێ ئەوەش لەبیر نەکرێت سەنگی خولى دووەمى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان قوڕستربوو لە خوڵى یەکەمى، وەکو دەزگایەکی شەرعیی تەماشا دەکرا، چونکە لە ئاکامى هەڵبژاردنێکی شەرعییەوە دیارى کرابوو وبەپێى قانوونێکی عێراقى و لەژێر چاودێریکردنى دەزگاى عێراقى ونێودەوڵەتیدا هەڵبژێردرابوو، حکوومەتى عێراق و دەوڵەتان و دەزگاکانى نێودەوڵەتی نەیاندەتوانى گوێ شل نەکەن بۆ داخوازییەکانى.
دەستووری هەرێم داواکارییەکانى گەلى کوردستانى تێدا دیارى کرابوون، دەبووە شیرێکی تیژ بە دەست گروپى کوردستانی لەناو (ئەنجومەنی نیشتیمانى عێراقى)، چونکە لە بڕگەى (ج)ى بەندی 61ى قانوونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەى گواستنەوە، ماف بە دانیشتوانى دوو لەسەر سێ لەسێ پارێزگاکانى عێراق درابوو، ئەگەر پڕۆژەى دەستوورى عێراق ڕەت بکرێتەوە، پەرلەمانى کوردستان، کە نوێنەرى سێ پارێزگا بوو، دەیتوانى ئەو پڕۆژەى دەستوورە بۆ عێراق ئامادە دەکرێت و مافەکانى گەلى کوردستانى تێدانەبن، ڕەت بکاتەوە. گروپى کوردستانى لەناو (ئەنجومەنی نیشتیمانى عێراقى) هەموو دەمێک دەیتوانى ئەم چەکە بخاتە بەرچاو ئەو لایەنانەى قایل نەدەبوون بە مافەکانى گەلى کوردستان. کورد دەبوو “شەڕى” دەستوورى لەسەر هەموو بەرەکاندا بکات، لەناو (پەرلەمانى عێراق)، لەناو (پەرلەمانى هەرێم) وبەهاوکاریى بزوتنەوەى رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان و دۆستانى کورد لە دەرەوە، کە هەموویان دەیانتوانى فاکتەرى چاک بن لەم “شەڕە” دەستووریە ڕەوایەدا، تا هەموو مافەکانى گەلەکەمان، بەمافی دیارى کردنی چارەنووسەوە، لە دەستوورى هەرێم و دەستوورى عێراقدا بچەسپێن.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish