
شانۆنامەی ( میوانێك لە سەر زەمینی دوورەوە) ی بەختیار عەلی و چەند سەرنجێك.. سەدیق سەعید ڕواندزی
دەقی شانۆیی وەك ژانڕێكی هونەری، هاوشێوەی هەر دەقێكی دیكەی نووسراو، بونیادێكی واتایی و زمانەوانی هەیە، وەلێ جیاوازی لەگەڵ دەقەكانی دیكەدا ئەوەیە، كە لە شانۆدا، وشە و دەربڕینەكان تەرجەمەی واقیع دەكرێن و لە زمانی نووسینەوە دەبنە زمانی جووڵە و ئاماژە و گەیاندن. بۆیە دەقی شانۆیی وەك تێكستێكی نووسراو، بە بێ نماییشكردن، ئەو ڕەهەندە واتاییە ناگەیەنێت وەك ئەوەی لە دەقی دیكەدا دەبینرێت، چونكە لە بنەڕەتدا بۆ نماییشكردنە و زمانی تێكست، زمانی جەستە و ڕۆڵ بینینە، لەوەی زمانی خوێندراو بێت، لە زمانی شانۆدا، ئێمە هەر تەنها لە پەیوەندی بە خوێندنەوە وەك كردەیەكی هزری نین، بەڵكو لە سەر چەندین ئاستی جیادا و لە ڕێگەی كۆی هەستەكانمانەوە بەر دەق دەكەوین، بەو پێیەی دەقی شانۆ، هەر تەنها دەقێكی خوێندراو نییە، بەڵكو نماییشكارانەشە و دەخرێتە سەر مینبەری شانۆ و دەبینرێت. ئەوەی دەقێكی شانۆیی لە دەقێكی ڕۆمان و چیڕۆك جیا دەكاتەوە، ئەو ئاستە نماییشكاریەیە كە دەشێ بە بێ بینینیشی، تەنها لە ڕێگەی خوێندنەوە و پەیوەندی كارەكتەرەكان و زمان و دەربڕین و جووڵەیان، هەستی پێ بكەین و بەریبكەوین. ئەگەر مرۆڤێك لەو پەڕی توورەییدا، لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوێكی نێو ڕۆماندا، نەتوانێت ئەو پەرچە كردارییە دەروونییەی خۆی لە پەیوەندی بە ئەوانیتر بگەیەنێت، ئەوا لە شانۆدا دەتوانێت، چونكە لە شانۆدا هەر تەنها گێڕانەوە بوونی نییە، بەڵكو پەیوەندی زمانی و جەستەیی و سایكۆلۆژی كارەكتەرەكانیش هەیە، بەو مانایەی ئێمە دەتوانین درك بە تووڕەییەكانی كارەكتەرێكی نێو شانۆ لە كاتی نماییشدا بكەین، هەر ئەمەشە جیاوازی خوێنەوە و بینین لە ڕووی گوتارەوە لە شانۆ و ڕۆماندا دەردەخات كە لەوەی یەكەمیان زمانێكی نماییش و بەرجەستەییە، لەوەی تریان زمانێكی خوێنراو بێ جووڵە و دەنگ و سەدایە. شانۆنامەی (میوانێك لە سەر زەمینێكی دوورەوە) باس لە وێرانكردن و تێكدانی گوندەكانی كوردستان و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەكات. لەو شانۆنامەیەدا، سوپاسالار و ئەفسەرە سەربازییەكان، دوای ئەوەی گوندەكان وێران دەكەن، ژن وكچەكان بە دیل دەگرن و لە نێو ئەو هەموو كچانەدا، ،یەكێكییان زۆر جوان و سەرنجڕاێشە بۆیە سەلیمی بەردەستی سوپاسالار، داوا لە فەرماندەكەی دەكات، كە بۆخۆی، واتا سوپا سالار بێت. جوانی ئەم كچە بە كەنیزەكراوە، وا لە هەمووان دەكات، وەك حۆرییەك بیبینن و بیناسێنن، بۆیە سەلیمی (هاوەڵ موڕاسیل) ی سوپاسالار، كە كارەكەر و بەردەستی سوپاسالارە، لەگەڵ نادیەی خزمەتكاری ماڵی سوپاسالار، پێشنیاری ئەوە دەكەن ئەوكچە وەك دەسكەوتی شەڕ و وێرانكردنی گوندەكان، بۆخۆی هەڵبگرێتەوە، ئەویش لە سەر داوای ئەوان، گڵیدەداتەوەو ناوی دەنێت سوندس. سوپاسالار، بڕوای وایە، ئەمە لە پاداشتی سەركەوتنیەتی لە شەڕدا، خوا ئەم جوانەی پێشكەش كردووە. جوانی سوندس، دەبێتە پرس و بابەتی هەمووان و هەركێ دەیبینێت، سەرسامی دەبیت، بۆیە سوپاسالار و سەلیم، ڕێكدەكەون كە لە بۆنەیكدا سوندس وەك حۆرییەكی بەهەشت، كە لە ئاسمانەوە بۆ سوپاسالار دابەزیوە، بناسێنن و ئیدی لە ئاهەنگێكدا كە سوفیانی فۆتۆگرافەر، ئەنوەری نیگاركێش، سەلامی پەیكەرتاش و چەندین ئەفسەر و سەرباز و ژنە كارەكەرەكانی دیكەی ماڵی سوپاسالار تیادا بەشدار دەبن، سوندس دەناسێنرێت و بەڵام لیوا ڕوكن وەفیق، خۆی لە بەر جوانییەكەی ناگرێت و پەلاماری دەدات. چیڕۆكی سوندس، دەگاتەوە سەرۆكی وڵات كە نابینایە، سەرۆك پێی وایە ئەم ژنە، دەبێتە سەرچاوەی ئاشووب و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و نێوخۆی، بۆیە دەبێت وەك ژنەكانی دیكە، بكوژرێت و بزر بكرێت، بەڵام بە خۆكوشتنی سوپاسالار لە غەم و مەراقدا، ئیدی سەلیم، سوندس بۆ ماوەی پێنچ ساڵ دەشارێتەوە، تاكو سیستەمی وڵات دەڕووخێت و ئەمیری موسڵمانان دێت و سەلیم و نادییە و هەمووان بەیعەت بە ئەمیر دەدەن. بێگومان كارەكتەرەكانی نێو دەقێكی ڕۆمان، یان چیڕۆك و شانۆنامە، دەبێ لە ڕووی شوناسی كەسی و كۆمەڵایەتی، پیشە و ئاستی تێگەیشتن و هوشیاری و جیهانبینیان لە یەكتری جیا بن. ئەم جیاوازكەوتنەوەیە، بەشێكە لەو سرووشتە كۆمەڵایەتی و بایۆلۆژیەی مرۆڤەكان هەیانە، بەو مانایەی مرۆڤەكان دواجار لە ڕووی شوناس و بیركردنەوە، جیاواز دەكەونەوە لە یەكتری، لە ڕووی زمان و هەڵسوكەوت و كردارو ڕەفتارەكان. ئەم جیاواز كەوتنەوەیە، لە دەقی ئەدەبیدا، دەبێ زۆر بە وردی و لە ڕووبەری ڕووداوەكاندا دەربخرێت و جەخت لە ناسنامەی سەربەخۆیی كەسایەتییەكان بكرێتەوە، كە خۆیان دواجار وەك مرۆڤێكی سەربەخۆ لە دەرەوەی دەسەڵاتی نووسەر، بیر بكەنەوە و هاوتەریب لەگەڵ ڕووداوەكاندا بڕۆن، چونكە لە نێوان دەنگی گێڕەڕەوەی هەمووشتزانی دەرەوەی فەزای دەقەكە، لەگەڵ گێڕەڕەوەی نێو دەقەكە كە لە سەر زمانی كارەكتەرەكان دەگێردرێتەوە، دەبێ جیاوازییەكی بنچینەیی هەبێت، ئەگینا بە ئاسانی زاڵبوونی دەنگی نووسەر بە سەر ڕووداوەكان دەبینرێت. لەو ڕوانگەیەوە، لە و شانۆنامەیەدا، گەر لە سەر زمانی كارەكتەرەكان و پێگە و ئاستی تێگەیشتن شوناسی پیشەیی و كۆمەڵایەتییان بوەستین، دەبینین هەست بە بۆشایەكی گەورە دەكەین. سەرەتا ئەو كارەكتەرانەی كە ڕۆڵی سەلیم، سوپاسالار، ئەفسەر و لیوا ڕوكن دەبینن، هەموویان كارەكتەری سەربازین. هەڵبەتە سەرباز لە پاڵ شوناسی كەسی و كۆمەڵایەتییانەی خۆی، شوناسێكی دیكەی هەیە كە ئەویش سیفەتی سەربازییە. سەرباز كەسێكە، پابەندبوونێكی دیسپلینی و سەربازی هەیە و ئەركی تەنها جێبەجێكردنی ئەو فەرمانانەیە، كە بە پێی پلەبەندی سەربازییەوە، لە باڵاترین دەسەڵاتەوە بۆ نزمترین دەسەڵات دەردەچن. ئەگەر ئەو پلەبەندییەش كە بنەمای سەرەكی و بنەڕەتی ژیانی سەربازییە نەبێت، ئەوا شتێك نییە بە ناوی پەیكەری كارگێڕی سوپا و لەشكر. سەرباز لە ژێر فەرماندایە، ناتوانێت لەو ئەركەی بۆی دیاریكراوە دەربچێت، ئەمە بەو مانایە نییە سەرباز مرۆڤ نەبێت و بوونەوەرێكی دەعەجانی بێت، بەڵكو بەو مانایەی سەرباز بەرلەوەی مرۆڤ بێت، لە ژیانی سەربازیدا سەربازە، بۆیە هەمیشە پێی دەگوترێت جێبەجێ بكە، دوانر گفتوگۆی لە سەر بكە كە لێرەدا بەها و مانایەك بۆ گفتو گۆ نامێنێتەوە. پەیوەندی نێوان مرۆڤەكان لە ژیانی سەربازیدا، لە سەر ئەو پلەبەندییە ڕێكدەخرێت و شێوەی هەڕەمێكی پیرۆز وەردەگرێت. ئەو زمانەی لە سەربازگەیەك و لە جەنگ و شەڕدا هەیە، زمانێك نییە وەك هەر زمانێكی دیكەی نێو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، چونكە لەوێدا ئەرك و ڕێككاری سەربازی هەیە. لەو ڕوانگەیەوە گەر سەرنج لە كارەكتەرە سەربازییەكان لەو شانۆنامەی بەختیار عەلی بدەین، ئەوا هەست ناكەیەن ئێمە لە بەردەم وێنەیەكی تۆقێنەر و جەلادانەی سەرباز و فەرماندەكانداین، بەڵكو وەك هەر كەسێكی ئاسایی دەبینرێن و دەدوێن. تەنانەت پەیوەندی سەلیم وەك موڕاسیلێك ( ئەوانەی سەربازییان كردووە دەزانن موڕاسیل َچییە!) و سوپاسالار كە بەرزترین پلەی سەربازییەو لە دوای وەزیری بەرگرییەوە دێت، پەیوەندییەكی زۆر ئاسایی و كۆمەڵایەتی و كاریكاتۆرانەیە. سەلیم بە جۆرێك لەگەڵ سوپاسالار دەدوێت، كە هیچ سام و ترس و شكۆیەكی سەربازی لێ نابینرێت، كە ئەمەش پێچەوانەی ژیانی سەربازییە كە جیاوازییەكی گەورەی لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا هەیە. سەلیم و سوپاسالار، وەك دووكەسی میللی و ئاسایی دەدوێن، تەنانەت نادییە و سوفیان و ئەوانیتریش بە هەمان شێوە لەگەڵ سوپاسالار گفتوگۆ دەكەن، وەك ئەوەی لەبەرانبەر هەر كەسێكی دیكەی ئاسایی بن. لێرەدا خاڵێك هەیە كە دەبێ ڕوونی بكەمەوە، بۆ ئەوەی وا لێك نەدرێتەوە كە ئەمە دەقە و پەیوەندی بە واقیعەوە نییە و لە خەیاڵەوە سەرچاوەی گرتووە، وەك ئەوەی زۆرجار كاك بەختیار و خوێنەرە زەبەند و سەرسامەكانی ئەویش، لە وەڵامی ئەوانیتردا، وەك وەڵامدانەوەیەكی ئامادە و جازر بەدەست دەیڵێن. مەبەستی ئێمە ئەوەیە، لەو دەقەدا ئێمە لە بەردەم كارەكتەرێكین كە سەربازە، سەربازیش دەبێ پابەندی بنەما سەربازییەكان بێت و وەك سەرباز ڕەفتار بكات، بەرلەوەی وەك مرۆڤ، چونكە نابێ ئەوەمان بیربچێت پرۆسەی بە سەربازبوونی مرۆڤە دواجار ئەو هەست و تێگەیشتنەی لا دروت دەكات، كە وەك سەربازێك بكوژێت و خوێن بڕێژێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی كرداری بە سەربازیبوونە بەو مانایەی تا هەڵگڕی شوناسی مرۆڤە، ناتوانێت كەس بكوژێت، بەڵام كاتێ دەبێتە سەرباز، ئیدی هەست دەكات ئەوەی دەیكات، جۆرێك لە ڕەوایەتی مرۆیی و یاسایی هەیە، بۆیەشە لە جەنگەكاندا، هیچ كام لە سەرباز و فەرماندەكان، خۆیان وەك بكوژ نابینن و بڕوایان وایە ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەییان جێبەجێكردووە. كەچی لەو شانۆنامەیەدا، سوپاسالار وەك ئەوەی هیچ پلەیەكی سەربازی نەبێت وەها ڕەفتار دەكات. ئەو لە دیالۆگێكدا بە سەلیمی سەرباز و هاوەڵی دەلێت 🙁 من بۆیە حەزم لە جوانییە چونكە ڕقم لە بیركردنەوەیە . ل 57) بەڵام بە پێچەوانەوە، كەس ئەوەندەی فەرماندە سەربازییەكان بیر ناكەنەوە، پێویستییان بە نەخشە و پیلان و نەخشەڕێی هێڕش و بەرەنگاری نییە. ئەمە لەگەڵ سرووشتی پیشەیی و ئەركی سەربازییانەی سوپاسالار یەك ناگرێتەوە. واتا لەو شانۆنامەیەدا، ئێمە لە بەردەم فەرماندەیەكی باڵای سوپاداین، بەڵام لە بنەڕەتدا وەك فەرماندەیەكی سوپا، ڕۆڵ نابینێت، هەروەها موفتی وڵاتیش كە بەرزترین پایەی دینییە، كەچی وەك ئەوە وایە شارەزایەی لە ئایین هەر نەبێت. موفتی دەڵێت:(خودای گەورە هێزگەلی بێ سنووری بە شەیتان بەخشیوە. ل 191) بەڵام شەیتان دەسەڵاتێكی بێ سنووری نییە، ناتوانێت فریشتەكان بە لاڕێ دابەرێت و ئەگەر شەیتان بیتوانیایە هەموو شتێك بكات، ئێستا كەسێك لە ژیان نەدەما پاك و بێ گوناه بێت، كەواتا چۆن دەبێت كەسێك پلەكەی موفتی بێت، بەڵام زانیارییەكی ئەوتۆی لە سەر شەیتان نەبێت؟! ئەمە پەیوەستە بە زاڵبوونی دیدگای نووسەر، بە سەر ڕۆڵی كارەكتەرەكانی شانۆنامەكە، بەو مانایەی لە بری ئەوەی سەربەستیان بكات خۆیان وەك كارەكتەر ڕۆڵ بگێڕن، بە پێچەوانەوە نووسەر لە دەرەوەی دەقەكە جلەویان دەكات و بە ئارەزووی خۆی، ڕۆڵیان پێ دەگێڕێت، كە ئەمەش لە تەكنیكی ڕۆمان و چیڕۆك و ئەو ژانڕانەی كەسیەتی ڕۆڵیان تێدا دەبینێت، نابێ بوونی هەبێت. لە دیمەنی دووەمدا، دوای ئەوەی سیستەمی سیاسی وڵات دەگۆڕێت و ئەمیر و پیاوە موجاهیدەكان دەسەڵات دەگرنە دەست، ئیدی هەر یەك لە سەلیم و ژنەكان و سەربازەكانیش، بەیعەت بە دەسەڵاتی خەلافەت و ئایینی دەدەن و لە بەرگی باڵاپۆشی و ئیسلامییانە دەردەكەون، سوندس كە پێنچ ساڵ لەلایەن سەلیمەوە شاردراوەتەوە، دوای ئەوەی سەلیم لەلایەن پیاوەكانی ئەمیرەوە دەگیرێت و ئەشكەنجە دەدرێت، ئیدی دان بەوە دا ئەنێت كە سوندسی شاردۆتەوە، بۆیە سوندس دەداتە دەست ئەمیروبەهەمان شێوە بۆ ئەوانیش وەك ژنێك جوانییەكەی مایەی سەرنجە و دەیان پیاوی موجاهید، پۆل پۆل ئامادەن لە پێناویدا بچمە جیهاد وخۆیان بەكوشت بدەن، چونكە حۆرییە. لەو دەسەڵاتەش ئەمیر و فەرماندەكان، تەماحییان دەچێتە سوندس و ئەوەی ناگۆڕێت هەمان ئەو دیدگا پەتریاكی و پیاو سالاریەیە كە بوونی هەیە بەرانبەر بە ژن. ئەمیر و پیاوەكانی، سوندس وەك موعجیزەیەك دەبینن، كە ئەمەش دیسانەوە درك نەكردنە بە ڕەهەندی ئایینی لە كۆمەڵگە لای بەختیار عەلی، چونكە موعجیزە بۆ كەسان وگەلانی بڕوادار نییە، بەڵكو بۆ بێ باوەڕەكانە. موسڵمانان، لە سەر بنەمای (كن فیكون) دەڕواننە دەسەڵاتەكانی خودای گەورە و باوەڕیان وایە هەموو شتێك لەلایەن خوداوە حەتمیەتی ڕوودانی هەیە. موسا كە دەریای سووری شەق كرد، بۆ بەنی ئیسرائیلیەكان نەبوو، بەڵكو بۆ ئەوە بوو كە فیرعەون و قەومەكەی لە هێز و باڵادەستی خودای گەورە بگەن. كە قورئان بۆ پەیامبەر دابەزی، بۆ قوڕەیشەكان و بتپەرستەكان بوو، بۆیە كاتێ ئەمیر و موجاهیدەكان، بڕوایان وایە سوندس موعجیزەیە، تێگەیشتنێكی هەڵەیە، چونكە موسڵمانان دەزانن هەمووشتێك لای خوداوە ڕوودەدات. كاتێكیش جەنگاوەرانی خەلافەت بەیەكتری دەڵێن:( تا ئەو حۆریەمان نەبینی نەمانزانی چ جیاوازییەك و مەودایەكی گەورە لە نێوان ژیانی بەهەشت و ژیانی سەر زەوی هەیە) لە ڕاستیدا هەڵەیە، چونكە نەخوێندەوارترین و گەمژەترین مرۆڤی موسڵمان و بڕوادار، دەزانێت جیاوازییەكی گەورە لە نێوان ژیانی دنیا و دوایی هەیە. ئەمیر، بڕوای وایە سوندس سەرچاوەی تێكچوونی ئاسایشی خەلافەت و تێكدانی هزری موجاهیدەكانە و داوا دەكەن بیكوژن، چونكە ناشێ حۆرییەكان لە سەر زەمین بن و ئەوان تەنها لە بەهەشتی خودادا بوونیان هەیە. لە پەردەی سێیەمدا، هەریەك لە تارمایی سوپا سالار و نەجیبە و سەلیم، ڕێكدەكەون ئیدی سوندس بكوژن، بۆیە سەرەنجام بڕیار دەدەن، بیكوژن تاكو ئەویش بچێتە ڕێزی ئەو ژنانەی زیندە بە چاڵ كران و وەك دەسكەوتی شەڕ دیل بوون و كوژران. بەمەش ڕووداوەكانی نێو شانۆ نامەكە كۆتایان پێدێت. سوندس، كاتێ لەلایەن سوپا و هەروەها ئەمیرەوە وەك دیلی جەنگ، بە كەنیزە دەكرێت و سەودای پێ دەكرێت، ئەوا وەك پاشماوەی شەڕی بێ باوەڕان وایە، بەو مانایەی بەعس و داعشیش، كورد وەك بێ باوەڕ و كافر دەبینن و سەر و ماڵیان حەڵال دەكرێت، ئەمەڕاستییەكەیە و فاكتەری پشت ئەنفال و بگرە پەلامارەكانی داعشی ئیسلامیش بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی نووسەر بە خۆپارێزییەوە لە ئایین ئەو شانۆنامەی نووسیوە، ئیدی نە بەعس و نە ئایینی ئیسلامیش، وەك سەرچاوەی بە سەبایاكردنی سوندس پیشان نادات، بۆیە گەر بە وردی سەرنج لە ناوەڕۆكی شانۆ نامەكە بدەین، دەبینین واقیعەكە پیشان دەدرێت، بەڵام فاكتەكانی ئەو واقیعە پیشان نادرێت، بەو مانایەی نووسەر نایەوێت پێمان بڵێت ڕەوایەتی و هێزێكی ئیسلامییانە لە پشت دیلكردنی سوندسن، بەڵكو دەیەوێت وەك قەدەرێكی ئیلاهی و خودایی وەسفی بكات، كە ئەمە چارەنووسی ژیانی ئەو بووەوە دەبوا هەر بەو شێوەیە بێت. دواجار دەڵێم، بەختیار عەلی، چونكە لە بنەڕەتدا شانۆنامەنووس نییە و ڕۆماننووسە، ئیدی لە شانۆگەریەكانیدا، نەیتوانیوە وەك شانۆكار و سیناریۆنووسێك دەقەكە بە شانۆ بكات، ئەگەر تەكنیكی نووسینی شانۆنامەكەش هەڵبوەشێنینەوە وەریبگێڕینە سەر ڕۆمان، ئەوا دواجار میوانێك لە سەر زەمینی دوورەوە وەك ڕۆمانی لێ دێت، بەتایبەتیش ئەگەر شێوازی دیالۆگەكانی كارەكتەرەكان، لە شێوازی شانۆییەوە بكرێنە دیالۆگ و گێڕانەوە. لە دەقی شانۆییدا، دیالۆگ ڕۆڵی هەیە، بەڵام نابێ ڕەهەندی شانۆنامەكە تەنها دیالۆگ بێت. من كاتێ ئەو كتێبەو ئەویتریش( بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهانم ) خوێندنەوە، هەستم نەكرد دەقی شانۆیی دەخوێنمەوە، چونكە ڕۆڵی بەرجەستەكراوی كارەكتەرەكان، لە بنەڕەتدا ڕۆڵێكی شانۆیانە نییە، بەڵكو وەك كارەكتەری نێو ڕۆمانەكانی وان، كە بێگومان جیاوازییەكی گەورەش لە نێوان ڕۆمان و شانۆدا هەیە، كە لەكاتێ خوێندنەوەیان وەك دەقێك، دەبێ خوێنەران بە ڕوونی ئەو جیاوازییانە ببینین و هەست پێ بكەن!
*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە (1423) لە 28/1/2025 بڵاوكراوەتەوە.