Skip to Content

بۆچی كتێبە وەڕسكەرەكان دەخوێنینەوە؟.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

بۆچی كتێبە وەڕسكەرەكان دەخوێنینەوە؟.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

Closed
by تشرینی یەکەم 9, 2026 General, Opinion, Slider
image_print


“بیروڕا و باری سەرنج”

لەو ماوەیەی دوایی، كتێبی “بۆچی كتێبە وەڕسكەرەكان دەخوێنینەوە؟”ی نووسەری ناوداری عەرەب “عەلی حوسێن”م خوێندەوە، ئەم كتێبە كاك سەباح ئیسماعیل بە كوردییە جوانەكەی خۆی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. كتێبەكە زۆر زانیاریی باشی لەبارەی خودی زانایان و فەیلەسووفان و نووسەرانی دونیا و كتێبە بەهادارەكانیان تێدایە. نووسەر لەبارەی ئەم كتێبەی خۆی نووسیویە: “لەم كتێبەدا دەكۆشم ئاماژە بەو هۆكارانە بكەم كە وایان لە هەندێك كتێب كردووە لای من وەڕسكەر بن، بێگومان هۆكارەكەی بۆ كتێب ناگەڕێتەوە، بەڵكوو بۆ خوێنەری خراپ كە منم، لەبەر ئەوە لەم لاپەڕانەدا دەكۆشم گەشتێكت پێ بكەم، هیوادارم سوودبەخش و چێژبەخش بێت”.
یەكەم بەشی كتێبەكە تەرخانە بۆ هەردوو تیۆرە ڕێژەیییەكەی ئاینشتاین، كە بە ناوی “كتێبێك لەگەڵیدا بۆم دەركەوت من گەمژەم”ە. ئەم بەشە پێشتر لە ژمارە “341”ی گۆڤاری “ڕامان”یش بڵاوكراوەتەوە، بۆیە بە پێویستم زانی ئەم نووسینەم بخەمە ڕوو، كە بریتییە لە هەندێك زانیاری و بیروڕا لەبارەی بابەتەكە، سەرباری دەربڕینی چەند باری سەرنجێكم بۆ ئەم بەشەی كتێبەكە. لێرەدا نووسەر لەبارەی هەر سێ كتێبی ناوداری، “ئەلفبێی ڕێژەیی”ی بێرتراند ڕەسڵ و “ئاینشتاین وەكوو ناسیم”ی جۆن برۆكمان و “ئاینشتاین و تیۆری ڕێژەیی”ی محەمەد عەبدولڕەحمان مەرحەبا و “ژیننامەی دڵگیری”ی واڵتەر ئیزاكسن و “گەردوونی ئاینشتاین”ی میشێڵ فۆكۆ و زۆر كتێبی دی دەدوێت. بێگومان قسە و باس و خوێندنەوەی هەریەك لەم كتێبانە، شارەزایی باشی لەبارەی تیۆری ڕێژەیی پێویستە، عەلی حوسێن وەك بیرمەندێك هەوڵ دەدات سنووری بیركردنەوەی خۆی بەو زانستانە هەراو بكات كە پێوەندییان بە ژیان و مرۆڤایەتییەوە هەیە. زۆر لە نووسەر و بیرمەندە گەورەكانی عەرەب، خۆیان لە تیۆری ڕێژەیی و زۆر بواری تریش داوە و بیروڕایان لەبارەی ئەم زانستە گرنگە و زۆر زانستی دیكەی وەك فیزیا، ماتماتیك، كیمیا، ئەستێرەناسی، بایۆلۆجیا، جیۆلۆجیا و شتی دیكە دەربڕیوە و لێیان تۆژیوەتەوە. بەداخەوە دەستەپاچەیی زۆر لە ئەدیب و نووسەرانی كورد و ئەوانەی لەناو ئێمە نایانەوێ لەو سنوورە بەرتەسكەی خۆیان بێنە دەرەوە، وای لێ كردوون تا ئێستە نەتوانن بڕێكی زۆر كەم بچنە نێو دنیای زانین و زانستی جۆراوجۆر، ئەمەیش بەهۆی دوورەپەرێزی و بەرتەسكیی ئاوەز و بوارەكانی خوێندنەوەیانە. شاعیرێكی گەورەی بەریتانیاییی وەك ت. س. ئیلیەت، پێوەندییەكی فیكریی ناڕاستەوخۆی بە بیر و و كردارو داهێنان و شاكارەكانی ئاینشتاینەوە هەبوو، چەمكی كاتی بە شێوەیەكی فەلسەفی و شیعری وەرگرتووە و چەمكی ڕێژەییشی ئاوێتەی دەقەكانی خۆی كردووە و توانیویە بە هۆی ئەم تیۆرەوە بونیادی دەقی خۆی بنێت، جگە لەوەی ئیلیەت لەوە تێگەیشتووە كە فیزیای نوێ توانیویە چەمكی كات لە ڕەگەوە بگۆڕێت، هەروەها ئیلیەت گەیشتە بڕوای تەواوی خۆی كە ئەو بۆچوونە كۆن و خەیاڵامێزانەی سەدان ساڵ لەبارەی كات هەبوو، بەسەرچووە و سەردەم سەردەمی ڕێژەیی و ئەو داهێنانە تازانەیە كە لە زانست و ئاوەزمەندیی مرۆڤ هاتوونەتە ئاراوە، بۆیە هەردەم سەرسامی پێشكەوتنە زانستییەكان بووە. كەواتە ئاینشتاین و ئیلیەت كاریان لەسەر چەمكی كات كردووە، وەلێ ئیلیەت بە كاریگەریی هەردوو تیۆرە ڕێژەیییەكەی ئاینشتاین، ئاینشتاین لە بواری فیزیا و ماتماتیك و ئیلیەت بە تێگەیشتن لەو تیۆرانە، شاكاری خۆی پێ داڕشتووە. لێرەدا دەتوانین بڵێن ئیلیەت دەقی “چوار چوارینە”ی بە كاریگەریی كات لە تیۆری ڕێژەییی ئاینشتاین نووسیوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم شاعیرە داهێنەرە بە باشی چووەتە نێو دنیای هەریەكە لە زانست فەلسەفە و ئایین و سۆفیزمیش و هەر لە تەنكاوی شیعر و ئەدەبیات نەماوەتەوە، بەڵكە هزر و ئاوەزی خۆی بە جۆرەها بوار ڕۆشن كردووەتەوە، ئاینشتاین خۆیشی سەرسامی شاكارەكانی ئیلیەت بووە.
لێرەدا دەتوانین دوو دێڕ وەك نموونە لە چوار چوارینەكەی بێنینەوە، كە پێوەندییان بە كات و ڕێژەیییەوە هەیە. ئیلیەت لە دێڕێكدا دەڵێـت:
ڕابردوو و هەنووكە، لەوەیە هەردووكیان لە دواڕۆژ بێنە ئێرە.
كات هیچ سەرپێچی ناكات، مەگەر لەڕێی كات خۆیەوە نەبێت.
كەواتە ئیلیەت لە لایەنی چەمك و فیكرەوە، نەك لە ڕێی لایەنی كرداریی زانستەوە كەوتووەتە بن كاریگەریی تیۆری ڕێژەیی.
زۆر لە ئەدیب و نووسەرانی دنیا شارەزاییەكی باشیان لە داهێنانەكانی ئاینشتاین هەبووە و بە باشی تێیگەیشتوون، لێرەدا دەتوانین نموونەی جیمس جۆیس و مارسێل پرۆست و سامۆیڵ بیكیت و هێكسلی و زۆری تر بێنینەوە، تەنانەت جۆیس مەبەستی بووە بایەخ بە گۆڕانكاری لەو میتۆدە كلاسیكییە بدات كە لە چەمكی كات و هۆش و هەستكردن هەن، بۆیە دەبینین كارەكانی جۆیس لەبارەی كات و ئەو بۆچوونە هاوچاخەی لەبارەی كات لە ئارادان، بە هەمان چەمك و ڕێدا دەڕۆن، هەروەها زۆری سوود لە ڕێژەیی و هەندازە و جوولەی تەن و كات و شوێنكات”زمكان”یش وەرگرتووە، كارەكانی ئاینشتاین بوونەتە هۆی داهێنانی زێتر لە دەقەكانی، لە ڕۆمانی یولیسیس ڕاستەوخۆ باسی ڕێژەیی دەكات.
زۆر لە ئەدیبە گەورەكانی دنیا بە قووڵی چوونەتە نێو زانست و لێی وردبوونەتەوە و بۆ دەقەكانی خۆیان چ ڕاستەوخۆ یان بە سوود وەرگرتن لە زانست، دەقی خەیاڵمەندانەیان، لە چیڕۆك و ڕۆمان و تەنانەت شیعریش داهێناوە و داهێنانی زۆریان لە ئەدەبی زمانەكانی خۆیان كردووە، دەتوانین ئاماژە بە ناوی “بۆرخیس”یش بكەین كە سوودی لە كات وەگرتووە و بە زانیارییەكانی لەم بارەیەوە، توانیویەتی زانست ئاوێزانی چیڕۆكەكانی خۆی بكات، پۆل ڤالێری لە وتارەكانی، دەقەكانی ئیدینگتۆن و ئیتاڵۆ كالڤینۆ و زۆری تر پەلیان بۆ زانست ڕەگاژۆ چووە، تەنانەت دەتوانین لەناو عەرەب ئاماژە بە بیرمەندانی وەكوو مستەفا مەحموود بكەین كە شارەزای فیزیا و گەردوونناسی و بایۆلۆجی بووە، هەروەها سەلامە مووسا لە بایۆلۆجی و بوارەكانی زیندەزانی و تۆفیق ئەلحەكیم لە پزیشكی و عەققاد لە سایكۆلۆجیا و بایۆلۆجی و ئەحمەد زەكی لە كیمیا و فیزیا و زۆری دیكە كە شارەزایی تەواوی ئەو زانستانە بوون، بێگومان ئەمەیش لە دەقەكانیان ڕەنگی داوەتەوە.
بەداخەوە تا ئێستە لە نێو ئەدیبانی كورد، جگە لە شەهید عەبدولخالیق مەعرووف، كە شارەزای ئەلیكترۆنیك و كارەبا و بەشێكی فیزیا بووە، تاقە یەك ئەدیبی كوردمان نییە كە بەوە ناسرابێت جگە لەو بوارەی دەقەكانی خۆی پێ نووسیوە، دەقێكی زانستیی هەبێت یان كەمێك شارەزای زانست بێت، یان پاشخانێكی زانستیی هەبێت و ئەوەی لەبارەی زانست هەیەتی لە دەقەكانیدا ڕەنگیان دابێتەوە و خوێنەر بتوانێت سوودێكی باشیان لێ وەرگرێت، چما ئێمە شاعیرمان كەمە تەنێ شیعر بخوێننەوە و لە هیچ شتی تری ژیان نەزانن! یان هەست دەكەین تەنێ بابەتی ئەدەبی دەخوێننەوە، دوورەپەرێزی زانین لێی دەژین و نازانن لە دنیادا چی دەگوزەرێت! ئەمە لا باسێكی دیكەیە و جێی وتوێژ و تۆژینەوەیە.
لێرەدا دەمەوێ لەبارەی ناوی ئاینشتاین هەڵوەستەیەك بكەم، ئاینشتاین ئەو زانا و فەیلەسووفە ناودارەیە كە یەكێك بووە لەو دە كەسانەی سەدەی بیستەم، ئەو دە كەسەی كاریگەریی گەورەیان بەسەر ڕەوتی زانین و ژیانی مرۆڤایەتییەوە بووە. ناوی خۆی “ئەلبێرت”ە و ناسناوی بنەماڵەكەیان “ئاینشتاین”ە، كە لە هەردوو وشەی زمانی ئەڵمانی “ئاین + شتاین” وەرگیراوە، وشەی “ئاین” واتە یەك، لە زمانی ئەڵمانی بە ژمارە یەك دەگوترێ ئاین، وەك چۆن لە ئینگلیزی دەگوترێ “وەن”، هەروەها وشەی “شتاین” واتە بەرد، لە زمانی ئینگلیزییش هەر “ستۆن”ی پێ دەگوترێ، كەواتە وشەی ئاینشتاین واتە “یەك بەرد”، بە عەرەبییش دەنووسرێ اینشتاین. بەداخەوە زۆر لە نووسەرانی كورد و عەرەبیش ناوەكە بە هەڵە دەنووسن، زۆر نووسەری عەرەب دەنووسن انشتین یان انستین. دەمەوێ ئاماژە بەوەش بدەم، لە وەرگێڕانی ئەم كتێبەی عەلی حوسێن، كە كاك سەباح ئیسماعیل كردوویە بە كوردی، هەر بە هەڵە نووسراوە “ئەنیشتاین”، جا نازانین هەڵەكە لە كاك سەباح ئیسماعیل ە یان لە كاك عەلی حوسێن!
لە بڕگەیەكی ئەم كتێبە، نووسەر ڕەخنە لە بیرمەندی گەورەی عەرەب مستەفا مەحموود دەگرێت كە لە كتێبی “ئاینشتاین و ڕێژەیی” باسی ڕێژەیی بردووەتەوە سەر لاڕێی ئایدیایی و غەیبی و لەوێ تووشی هەڵیتوپەڵیت بووە و گومان لە تیۆری ڕێژەیی دەكات و ڕشتە لەسەر ئەوەی تیۆرەكە خۆی ڕێژەیییە، هەروەها مستەفا مەحموود لە كتێبەكەی خۆی، داهێنانەكەی ئاینشتاینی بردووەتەوە سەر باسی بوونی خودا و ڕووح و ئەودیو ماددە، كە ئاینشتاین باسوخواسێكی ئەم بابەتانەی لە تیۆری ڕێژەیی نەكردووە! بۆیە مستەفا مەحموود لە باسە زانستییەكە لایداوە و لە میتۆدی ئەكادیمی دوور كەوتووەتەوە، ئەو باسانەی مستەفا مەحموود پێوەندییان بە داهێنانەكەی ئاینشتاینەوە نییە.
هەروەها لە پەرەگرافێكی لاپەڕە 19ی كتێبەكەدا، گوایە لە ئینسایكلۆپیدیای بەریتانیدا هاتووە، نووسراوە: “ئاینشتاین لە پانزە ساڵی یەكەمی سەدەی بیستدا زنجیرەیەك تیۆری پێشكەش كرد، بۆ یەكەمین جار سەلماندی بارستە و وزە یەكسانن..”
لێرەدا دەبێ هەڵوەستەیەك لەسەر دوا دێڕی ئەم نووسینە بكەم، چونكە باوەڕ ناكەم ئەم ئینسایكلۆپیدیایە بەم شێوەیەی نووسیبێت، تەنانەت ئەگەر وایشی نووسیبێت، ئەوا هەڵەیەكی گەورەی كردووە، چونكە لێرەدا هاتووە گوایە ئاینشتاین سەلماندوویەتی بارستە و وزە یەكسانن، بێگومان ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە، چونكە ئاینشتاین نە ئەمەی سەلماندووە، نە وایشی گوتووە و لە هەردوو تیۆرە ڕێژەیییەكەیشی شتی وا نەنووسراوە و نەسەلمێنراوە، خۆ ئەگەر وایشی نووسیبێت، ئەوا پێچەوانەی هاوكێشە ناودارەكەی خۆی لەبارەی بارستایی و وزە نووسیویەتی! ئەمەش كارێكی نەكردەیە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم بڵێم:
بارستایی و وزە، دوو شتی یەكسان نین، بەڵام پێوەندیی نێوانیان ڕاستەوانەیییە، دەتوانین نموونەی ئەمە بەم شێوەیە بێنینەوە:
ئەگەر وزەی یەك كیلۆگرام لە ماددەیەك بڕێكی دیاریكراو لە جوول یان ئێرگ بێت، ئەوا وزەی دوو كیلۆگرام لەو ماددەیە دەكاتە دوو ئەوەندەی بڕە دیاریكراوەكە، وزەی سێ كیلۆگرام دەكاتە سێ ئەوەندە،..تاد.
كەواتە ناتوانین بڵێین بارستە و وزە یەكسانن، چونكە لە بنەڕەتەوە یەكەی پێوانیشیان جیاوازە، بەڵام دەتوانین بڵێین پێوەندیی نێوانیان پێوەندییەكی ڕاستەوانەیییە، ئاینشتاین بەپێی ئەو هاوكێشەیەی كە دایناوە، سەلماندوویەتی وزەی تەنی وەستاو ڕاستەوانە لەگەڵ بارستایی دەگۆڕێت، هاوكێشەكە ئەمەیە:
وزە دەكاتە سەرەنجامی لێكدانی بارستایی و دووجای خێرایی ڕووناكی.
وزە = بارستایی × دووجای خێرایی ڕووناكی.
كەواتە لێرەدا ئەو تەنەی كە لە جوولەدایە، وزەكەی بەپێی جوولەكەی دەگۆڕێت.
جوولەوزە دەكاتە سەرەنجامی لێكدانی نیوەی بارستایی و دووجای خێرایی ڕووناكی.
جوولەوزە = نیوەی بارستایی × دووجای خێرایی ڕووناكی.
كەواتە بڕێكی دیاریكراو لە بارستایی ماددەیەك دەكاتە بڕێكی سنوورداری وزە.
وزە بە یەكەی “جوول” یان “ئێرگ” دەپیورێت، بەڵام بارستایی بە یەكەی “گرام” یان “كیلۆگرام” دەپیورێت، بۆیە وزە و بارستایی یەكسان نین، بەڵكوو پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە یەكترەوە هەیە. دەتوانین بڵێین بارستایی جۆرێكە لە جۆرەكانی وزە و دەتوانرێت بارستایی بگۆڕدرێت بۆ وزە و بە پێچەوانەیشەوە، بۆ نموونە یەك كیلۆگرام ڕەژوو ئەگەر بسووتێنرێت، ئەوا بەشی زۆری بارستایییەكەی بۆ وزەی گەرمی دەگۆڕێت، كەواتە وزە لە جۆرێكیشەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێكی تر، بۆ نموونە كاتێ وزەی كارەبا دەخرێتە سەر گڵۆپێك، ئەوا كارەباوزەكە دەگۆڕێت بۆ وزەی ڕووناكی، خۆ ئەگەر وزەی كارەبا بخرێتە سەر جەنەرەیتەرێك، ئەوا كارەباوزەكە دەگۆڕێت بۆ جوولەوزە، واتە میكانیكە وزە. نموونەی سادەی یەكجار زۆر لەبارەی جۆرەكانی دیكەی وزە هەن.
بە كورتی دەتوانین بڵێین پێوەندیی نێوان بارستایی و وزە پێوەندییەكی ئالوگۆڕییە نەك یەكسانی.
حەز دەكەم لێرە ئاماژە بە باری سەرنجی خۆم لەبارەی هەڵەیەكی تری نێو كتێبەی عەلی حوسێن بدەم، كە دڵنیام هەڵەكە لە نووسەری كتێبەكە نییە، بەڵكوو لە كاك “سەباح ئیسماعیل”ی وەرگێڕە، جگە لەوەی كاك سەباح خۆی پسپۆرێكی بواری زانستە، نەدەبوو هەڵەیەكی وای بەسەردا تێپەڕێت. بەداخەوە زۆر نووسەری دیكەش، گەلێك جار هەمان هەڵەیان كردووە و پێشتریش لەمە دوواوم، هیوادارم چیتر ئەمە بەسەر نووسەرانی كورد تێپەڕ نەبێت.
لە لاپەڕە 23ی كتێبەكە نووسراوە “خێرایی تیشك”.. خێرایی تیشك واتە “سرعة الشعاع”، یان كە دەڵێین “تیشكی خۆر” بە عەرەبی واتە “اشعة الشمس”.
نووسەری كتێبەكە باسی “خێرایی ڕووناكی” لە هاوكێشە ناودارەكەی ئاینشتاین دەكات كە پێوەندیی بە بارستایی و وزەوە هەیە. نووسەر نووسیویەتی “سرعة الضوء” كە ڕێك دەكاتە “خێرایی ڕووناكی”، لێرەدا مەبەستی خێرایی تیشك نییە، بەڵكە مەبەستی خێرایی ڕووناكییە، كە دەكاتە “سرعة الضوء”.
پێویستە نووسەران و خوێنەرانیش، جیاوازی لە نێوان هەردوو وشە یان هەردوو زاراوەی “ڕووناکی” و “تیشک” بكەن، چونکە دوو زاراوەی جیان و مانای مەبەست و ڕستە دەگۆڕن.
ڕووناکی: بە ئینگلیزی (light) و بە عەرەبی (الضوء)ی پێ دەڵێن. بریتییە لە بەشێک لە تیشکی کارۆموگناتیسی، بە دیاریکراوی بریتییە لە تەنیا ئەو بەشە لە ڕووناكی كە چاوی مرۆڤ ڕووناکییەكە دەبینێت و پێی دەڵێن ڕووناکیی بینراو. پێویستە ئەوە بزانین كە ڕووناکی تیشکە، وەلێ مەرج نییە هەموو تیشکێک ڕووناکی بێت! تیشک، هەموو جۆرە شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان دەگرێتەوە، كە بە چاو نابینرێن، بەڵام ڕووناکی تەنیا بەشە بینراوەکەیەتی (چاوی مرۆڤ دەیبینێت). درێژیی شەپۆلی ڕووناکیی بینراو لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٧٠٠ نانۆمەترە.
ڕووناکیی سپیی وەک تیشکی خۆر، بریتییە لە ڕەنگەکانی شەبەنگی بینراو: سۆر، پرتەقاڵی، زەرد، کەسک، شین، نیلی و وەنەوشەیی.
تیشک: بە ئینگلیزی (Radiation) یان بۆ تیشکێکی دیاریکراو (.Rads) و بە عەرەبی “الأشعة”ی پێ دەڵێن. ئەم زاراوەیە لە زانستدا وەک باسمان كرد، هەموو جۆرە شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان دەگرێتەوە، ئینجا ئەم شەپۆلانە بینراو بن یان نەبینراو.
تیشک بەپێی درێژیی شەپۆلەکانیان دابەش دەبن: خوار سۆر، تا سەروو وەنەوشەیی، ڕادیۆیی، ئێکس و گاما.
ئەمەم بۆیە نووسی چونکە زۆر نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ناودار، ئەم دوو وشەیە بە هەڵە دەجێگۆڕێنن و نایجیاوازێنن.
زمانی کوردی، لێی شارەزا بیت و عیشقی وشە و زاراوە و زار و شێوەزار و بنزاری بیت، پەکت بۆ هیچ زاراوەیەکی زانستی و فەلسەفییش ناکەوێ، زمانێكی زۆر دەوڵەمەندە و هەر هەموو شتێکی تێدایە! وەلێ بەداخەوە کەم هێزە، بۆیە پێویستە کار بکەین بۆ بەهێزکردنی.


هەولێر 10/8/2026

Previous
Next