Skip to Content

990 Views

چیرۆکى “تەتەر”ى حسێن عارف … کاوە جەلال

چیرۆکى “تەتەر”ى حسێن عارف … کاوە جەلال

Be First!
by March 11, 2019 General, Literature, Slider
image_print

                                                  1

کردارنوێنی سەرەکیی چیرۆکى “تەتەر” گەنجێکە بە ناوی سەردار، کە وەک کەسێکى هەڵوێستنوێن، واتا وەک پێشمەرگە، بەنێو پەیوەندییەکانی زێدی خۆیدا زیتبۆتەوە. لێ گۆڕانی ژیانی ئەم پیاوە گەنجە، هەروەها ڕووداوەکانى نێو کۆمەڵەکەى، هێندە خێرا و هەمەلایەنین، کە ئیدی بەهۆی ئەوانەوە هۆشی ئالۆزکاوە و وەڵامێکى دروستى بۆیان چنگ بکەوێت. جیهان لەنێو سەرداردایە، هەروەها سەردار لەنێو جیهاندایە.

سەردارى تەتەرى نێو چیا و دۆڵەکان بوونى خۆى لا بووە بە کێشە: ئەو لە بەختیارى دەهزرێت، بەو ڕێیەشەوە دەخزێت بۆ نێو وڕێنەى فەلسەفەیى لەبارەى هەبوونى یان نەبوونى بەخت، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئیدیۆلۆژییەکەی فێری کردووە کە بەخت نییە و ڕێکەوت هەیە، ئیدی ئەوی نابەختیاریش بڕیار دەدات کە بەخت نییە. ئەمە ئەو گێژاوەیە کە حسێن عارف سەردارى فڕێداوەتە نێوییەوە.

سەردارى وریا و هۆشرایەڵ ئەرکێکى پێ سپێردراوە: ئەو گەرەکە بڕوات بۆ “مارانێ” کە دەکەوێتە پشتى چیایەکى سەخت و بڵندەوە، لێ ڕێگەى ڕووەو مارانێ بەسەر گوندی “لانجـێ”دا تێدەپەڕێت. بە سەردار گۆتراوە، کە شەو لە مزگەوتەکەى لانجێ لاى سۆفى رەحمان بمێنێتەوە و ئامۆژگارییەکانى سۆفى بەهەند وەربگرێت، چونکە سۆفى دنیادیدەیە و هەرگیز پشتى ئەوانى لە زەوى نەداوە.

کاتێک سەردار لە لانجێ بە سۆفی ڕەحمان دەگات، یەکسەر سۆفى دەزانێت سەردار کێیە پێش ئەوەى دەمى هەڵهێنابێتەوە. سۆفى هەروەها دەزانێت سەردار شەکەتە، بۆیە ڕاستەوخۆ پێى دەبێژێت کە شەرم نەکات، پێخەفى ئامادە هەیە و با بڕوات بحەوێتەوە. سۆفى ئەوەش دەزانێت کە میوانەکەى دەبێت ڕۆژى ئایندە زوو بکەوێتە ڕێ. ئەم ئەدگارانەى سۆفى وا لە سەردار دەکەن کە لە خۆی بپرسێت: سۆفى ڕەحمان “تۆ منت ناسى”، لێ “ئەى تۆ کێیت؟”.

سەردار لە میانەی گفتوگۆی شەویاندا تەنیا ئەوەندە لە سۆفی دەبیستێت کە گۆیا ئەو کۆیلەى خودایە و لە دێرزەمانەوە بڕیارى داوە خزمەتکارى ماڵى خودا بێت. لێ بۆی ڕوون ناکاتەوە کە بۆچی ئەو بڕیارەی داوە. هاوکات سۆفى لە ڕەوتى گفتوگۆکەیاندا ئامۆژگاریى سەردار دەکات، کە سەرکێشى بۆ کەسانى وەک ئەو باش نییە، بەڵکو خراپە؛ مرۆڤ دەبێت بزانێت چۆن خۆى لە گێچەڵ دەپارێزێت: “دەبێت هەموو شتێکتان بە پێوانە بێ و لە هەموو کردارێکیشدا ئەقڵ بەکاربهێنن، ئەوجا دواى ئەوە خواتان لە پشت دەبێ”، ئاخر “خوا پشتى مرۆڤێک ناگرێ کە ئەو ئەقڵەى پێى بەخشیوە ئیشى پێ نەکا و کاروبارى ژیانى خۆى بە ڕێکوپێکى پێ مەیسەر نەکات”.


هەروەها سۆفى پێناسەى مرۆڤ و ئاژەڵى بۆ دەکات. مرۆڤ، یان وەک سۆفى دەبێژێت: ئادەمى، تەنیا بە بەزەیى و سۆزى ئاوەزمەندانە لە ئاژەڵ جیا دەبێتەوە. بێگومان سۆز و بەزەیى لاى ئاژەڵیش هەن، لێ ئەمانە لاى ئاژەڵ ڕەمەکین. ئەم دوو توانستە خودا بەخشیوەى سۆز و بەزەیى دەبێت لاى مرۆڤ لەتەک ئاوەزدا ببزوێنرێن و هەر ئەمەشە کە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە. وەکو دى جیاوازیان نامێنێت.

سۆفى بەم چەشنە ئامۆژگاریى سەردار دەکات: ئەو بۆ ڕۆژى داهاتوو پتر لە ڕۆژى ڕابوردوو پێویستیى بە بەکارهێنانى ئاوەزی دەبێت، چونکە ڕێگەى سبەینێ سەختترە. ئاخر مارانێ بە وشە دەکەوێتە پشتى چیایەکەوە، لێ لە ڕاستیدا گەیشتن بەو گوندە ئاسان نییە، چونکە ڕێگەى ڕووەو مارانێ سەختە، جگە لەوە کات و وریایى و خستەگەڕى ئاوەزی گەرەکە. تەنیا کەسانێکى دەگمەنى وەک سەردار ڕێگەیەکى بەو چەشنە دەگرنە بەر. لێ کرۆکیترین ئامۆژگاریى سۆفى بۆ سەردار ئەوەیە، کە دەبێت لەو ڕێگەیە زۆر بەئاگا بێت، چونکە لە هەندێک جێدا شوێنەوارى دەکووژێتەوە. جگە لەمانە تەنیا سەرکەوتن زەحمەتە و شۆڕبوونەوە بە ئەودیودا ئاسانە.

سۆفى خۆى شارەزاى ڕێگەکەیە! لێ ئەو تەنیا یەک جار لە ئەودیوەوە بۆ ئەمدیو پێیدا هاتووە و چیدى ڕێى تێنەکەوتۆتەوە! هاوکات “پیرەمێرد”ێکى دنیادیدەش شارەزاى ئەم رێگە سەختەیە. کاتێک سەردار بەیانى زوو لاى سۆفى رەحمانەوە دەکەوێتە ڕێ، گەماڵەکەى پیرمێرد لە کەنارى لانجێدا پێى دەوەڕێت و سەغڵەتى دەکات، بۆیە پیرەمێرد ناچار دەبێت گەماڵەکەى لێ دووربخاتەوە. بەدووى ئەوەدا هەردووکیان دەکەونە گفتوگۆ.
لێ پیرەمێرد لێرەدا هۆشسامیى خۆى بۆ مەبەستەکەى سەردار دەرنابڕێت، بەڵکو سەرەتا لێى دەپرسێت کە داخۆ “سۆفى ڕەحمان ئاگادار” بێت و پێى گۆتبێت لە ڕێگە “وریا” بێت. پیرەمێرد بەدووى ئەوەدا بە خوداى دەسپێرێت و هاوشێوەی سۆفى پێى دەبێژێت، کە لە رێگە وریا بێت.

سەردار بە بنارى چیا دەگات و بە چاوى خۆى دەیبینێت: بڵندییەکەى ناى حەپەسێنێت، بەڵکو سەختییەکەى کە دیوارئاسا بە ئاسماندا هەڵکشاوە. سەردار لە ڕەوتی سەرکەوتندا بە کانییەکى کێوى دەگات و هەندێک ڕووداوی رابوردووى دەهێنێتەوە یاد: ماوەیەک لەوەوبەر بە سێ کیسە چیمەنتۆ و بەردى مەئافى، هەروەها بە “خاکەنازى دەستى خۆى”، لە کانییەکى کێوى حەوزێکى کۆنکرێت بە سێ جوڕنەوە دروست دەکات و بە دەوریدا سەوزە و میوە دەچێنێت. هەڤاڵانى ڕێز لەم کارەى دەنێن و بەرهەمەکەى ناو دەنێن سەردارئاوا.

سەردار ئەم کارەى بە حەزێکى دێرینى خۆى ڕوون دەکاتەوە، لێرەشدا ڕۆ دەچێت بۆ یادوەریی دیکە: سەردار کوڕى خێزانێکى هەژارە و لە ژیانیدا بۆى هەڵنەکەوتووە حەزەکانى خۆى بەدى بهێنێت، بە پێچەوانەوە هەردەم لە خانووە کۆنەکانى شاردا ژیاوە، بەبێ ئەوەى هەرگیز بۆى لوا بێت لە حەوشەکەیاندا باخچەیەک بسازێنێت. ئەمەى تەنیا جارێک لە ماڵى پوورە بێوەژنەکەیدا بۆ بەدیهاتووە، لێ دوای ئەوە کە پوورى شووى کردۆتەوە، ئیدی ناچار بووە لەتەک ژنەکەى و منداڵەکەیدا لەو ماڵە بگوازنەوە.

سەردار سەرلەنوێ بۆ نێو جیهان بێدار دەبێتەوە و بڕیار دەدات دەست بە ئاوى کوێرەکانیدا بهێنێت تاکو بڕێک پەرەى پێ بدات. ئەزموونى سەختى ژیان فێرى کردووە بەڵێنەکانى بەجێبگەیەنێت. جارێک لە شار دەیەوێت بڕوات بۆ لاى “حەمە سەعى” و پێى ڕابگەیەنێت کە بڕیاردراوە بیکوژن، لێ ناڕوات بۆ لای، جا گەرچى دەزانێت کە ئەو بێتاوانە. ڕۆژى ئایندە دەبیستێت کە حەمە سەعى کوژراوە. ئازارى ویژدان بەو هۆیەوە واى لێ دەکات کە “یێق”ى لە خۆى بێتەوە، بەڵێ دەگاتە ڕادەیەکى ئەوتۆ کە تاوانى کوشتنى حەمە سەعى بخاتە ئەستۆى خۆى و بببێژێت: “من کوشتم”. ئەم ڕووداوە بۆى دەبێت بە ئەزموونێکى سەخت و نەخۆشى دەخات، تەنانەت وەک برینێک لە ناخیدا هەر دەمێنێتەوە.

سەردار ئێستا لە ڕێ شتێکى زۆر سەیرى دێتەوە یاد: کاتێک گەماڵەکەى پیرەمێرد لە کەنارى لانجێدا بەگیرى دەهێنێت و پاشان لەتەک پیرەمێرددا دەکەوێتە گفتوگۆ، لەو ساتەدا ئاوڕێک لە ئاوایى دەداتەوە و سۆفى دەبینێت. نەخێر نایبینێت، بەڵکو: “وام هاتە بەر چاو کە دەیبینم و لە سەربانى مزگەوتەکە ڕاوەستاوە و ڕووەو من دەڕوانێ”! پرسیارەکەى سەردار کە داخۆ سۆفى “کێ” بێت، بەردەوام سەرهەڵدەداتەوە.
بەڵێ، سۆفی تەنانەت سۆزی کوڕانەی دەبزوێنێت و هەتیوکەوتنی خۆی لە تەمەنى هەڤدەساڵاندا دەهێنێتەوە یاد: سەردار بە مردنی باوکى تووشى “هەستى تاوان” دەبێت و خۆى بەرانبەر باوکى قەرزبار دەبینێت، بۆیە لەو تەمەنەى لاوێتییەوە شان دەداتە بەر کارکردن تاکو دایکە بێوەژنەکەى و سەروەرى براى لە مەینەتى ڕزگار بکات. لێ دواى هەڵبژاردنى پێشمەرگایەتى وەک ژیانێکى دى، ئەو ئەرکە بۆ سەروەرى برا بچووکى کامڵبووى جێدەهێڵێت. بە هەر حاڵ، ئێستا سەرداری پێشمەرگە بێگومانە لەوە کە سۆفیی پڕ هەست و سۆزی باوکانە مجەورێکى ئاسایى نییە، بۆیە بڕیار دەدات دوای بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی لە گەڕانەوەیدا سەردانى بکاتەوە و تێر “دانوستان”ى لەتەکدا بکات.

سەردار لە ڕەوتی سەرکەوتندا دەبینێت کە لەسەر ڕێگەى خۆیەتى و لاى نەداوە. لێرەوە “ئاودڕێک” لە لاوە دەبینێت بەبێ ئەوەى سەرنجی ڕابکێشێت. لێ سەردارى تەنیا و هۆشئاڵۆزکاو بەردەوام ڕۆدەچێتەوە نێو یادوەریەکانی، کە ئیدی دواى گومبوونى لە نێویاندا، ئەوجا دواى ئەوە کە دەگاتە ڕادەى ساویلکەبوون و گۆرانى بۆ چیاکە دەچڕێت، لەم ڕەوتەشدا هێدى هێدى بۆ نێو چاوى جەستەیى و دەرککردنی خودی چیاکە دەگەڕێتەوە، دەبینێت کە شوێنەوارى ڕێگە کووژاوەتەوە.

ئێستا لە بەشى دووەمى چیرۆکەکەداین. سەردار لە جێی خۆی ساکاوە، باوەڕ بە چاوانى خۆى ناکات. چەند جارێک هەوڵ دەدات جەمسەرى ڕێگەکە بدۆزێتەوە، لێ بێسوودە. جگە لەوە گەڕانەوە بۆ بنارى چیا ناشێت، چونکە کاتێکى زۆری لێ دەبات. لە لێهزرین و چاوگێڕاندا سەرنجى ڕووەو “ئاودڕ”ەکە دەڕوات. لێ ئایا کێ دەڵێت ئەم ئاودڕە سەرى دەخاتە سەرەوە، یان گەر سەرى خستە سەرەوە، ئایا کێ دەڵێت بە ئەودیودا ڕێگەى چوونە خوارەوەى دەبێت؟ سەردار سەرەڕاى ئەوە چارى ناچارە.

سەردار لە بەشى سێیەمى چیرۆکەکەدا بەڕێوەیە ڕووەو ئاودڕەکە. ئەم بەشەى کۆتایى بەم وشانە سەرەتا دەگرێت: “هەنگاوێک بۆ پێشەوە و دوو بۆ دواوە. دیارە لەوەى لێ ڕووداوم!”. سەرەڕاى ئەوە سەردار پاشگەز نابێتەوە و بڕیار دەدات ئەم تاقیکردنەوەیەش بکات. بۆ سەردار یەکخستنى ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە و بەکارهێنانى ئاوەز دەبێت بە مایەى داهێنان، داهێنانى ئێستاشى ئەوەیە کە چوارپەلى بۆ گەیشتنە ئاودڕەکە بەگەڕدەخات: “من سەر لەو تێک دەدەم (…). دوو هەنگاو بۆ پێشەوە و هەنگاوێک بۆ دواوە. بڕۆ گرەوت بردەوە”.

سەردار سەرلەنوێ ڕۆدەچیتەوە نێو ئەزموونەکانى ڕابوردووى. ئاودڕەکە مام برایمى تەتەرى دەهێنێتەوە یاد. ئەم پیاوە ئەزمووندارە پێى گۆتووە، کە سەرکەوتن بە لاڕێدا وەک شکاندنى تەلیسم وایە. مام برایمى شارەزای حیکایەتخوانى سەردار دەباتەوە بۆ تەمەنی منداڵیى. ئێستا خۆى لە دیمەنێکى ناسکى ژیانیدا دەبینێتەوە: وەک منداڵ شەوانە دەچێت بۆ چایخانەیەکى “جادەى سابونکەران”، چونکە لەوێ هەموو شەوێک مەلا سمایل سەرگوزشتەى ڕۆستەم و زۆراب دەخوێنێتەوە.

سەردار لە بەردەمى منداڵانى نێو دەرگەی چایخانەکەدا دادەنیشێت و هۆشى خۆی بۆ ئەو سەرگوزشتەیە رایەڵ دەکات، لێ ڕۆژى داهاتوو هەر خۆی دەبێت بە مەلا سمایلى دووەم، بێگومان بە جیاوازییەکەوە: کاتێک مەلا سمایل لە کتێبدا سەرگوزشتەکەى دەخوێنێتەوە، ئەوا سەردار بە پێچەوانەوە دەبێت بە ڕێژیسێر (فیلمدەرهێنەر) و رۆڵى کردارنوێنانی سەرگوزشتەکە بەسەر منداڵاندا بەش دەکات. ئەم هەڤالانە کێ بوون؟ سەردار ئەمانیش دەهێنێتەوە یادى خۆى: نەریمان کوڕێکى دەمدرێژ و خۆهەڵکێشی لێ دەردەچێت، کەچى هەقیقەتى دواى “گۆڕانى هەوا” ئاشکرا دەبێت و فس دەداتەوە. لێ کاتێک نەریمان هیچ نەبێت مرۆڤێکى گۆشەگیرى لێ دەردەچێت، ئەوا ئازادى عەلى فەنى بە پێچەوانەوە دەبێت بە ئاگرێک و بەر دەبێتە گیانى هەڤاڵانى. هەڤاڵێکى دیکەیان مچە کۆڵى لەڕ و لاواز دەبێت کە سەردار هەمیشە لە کاتى دەرهێنانى فیلمەکانیدا تەریکى دەخست. لێ سەردار و مچە کۆڵ لە تەمەنى هەرزەکاریدا یەک دەگرنەوە، بەڵێ مچە کۆڵ تەنانەت ژیانی سەردار دەگۆڕێت.

سەردار دواى مردنى باوکى شان دەداتە بەر کارکردن، ئەوجا دواى هاتنی کاتى سەربازی، دەڕوات بۆ بەجێگەیاندنی ئەو فرمانە. رۆژێک سەردار پاسەوانى بەر زیندان دەبێت و دەبینێت کە چۆن مچە کۆڵ بە کەلەپچەکراوى، لێ بە هەستێکى شانازەوە، ڕووەو زیندانەکە دێت. لەو کاتەدا کە گەرەکە سەردار دەرگاى زیندانى بۆ بکاتەوە و “بیکات بەودیودا”، ئەو بە زەردەخەنەوە لە سەردار دەڕوانێت. ئاخر سەردارێک کە کوڕێکى هەتیو و خاوەنی ئەرک و بەرپرسیاریى خێزانییە، هەقى چییە بەسەر ئەم جۆرە کەسانەوە! جگە لەوە ئەو لە ساڵێک و نۆ مانگ خزمەتى سەربازى تەنیا پێنج مانگى ماوە و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ ماڵى خۆى!
مچە کۆڵ تەنیا دوو مانگ لە زینداندا دەمێنێتەوە و تاوانەکەى بەسەردا ساغ نابێتەوە. دواى ئەوە کە لە زیندان بەردەبێت، پەیوەندیى نێوانیان نوێ دەبێتەوە و نەک تەنیا دەبن بە “برادەرى گیانى بە گیانى”، بەڵکو هەروەها پەیوەندییان لەپاڵ ئەوەدا دەبێت بە هینى “سەرکردە و سەرباز”. ئێستا سەردارى پێشمەرگە زۆرى پێ خۆش دەبوو لەتەک “کاکە مچە”دا بووایە نەک لاى “مامۆستا خدر”، جا گەرچى هیچ لارییەکى لە مامۆستا خدر نییە.

سەردار هەروەها کەسانى دیکەى دێتەوە یاد. یەکێک لەوانە عەزەیە کە مامۆستا خدر تەنیا لەبەر تەمەنەکەى بڕیارى کوشتنى نادات، لێ لەبریى ئەوە بە سووکایەتى پێکردنەوە نەفرەتى لێ دەکات. عەزە بەرگەى ئەو هەڵوێستەی مامۆستا خدر ناگرێت و دەڕوات بە ئەنجامدانی “کارێک” خۆى بەکوشت دەدات.

ئەم هەموو مرۆڤە جیاوازە لەنێو یادوەرییە دێرین و نوێکانى سەرداردان! هەر یەکەیان ڕێگەیەک دەگرێتە بەر! ئەى سەردار خۆى؟ “ئەى من کێم؟”. ئایا ناشێت “ئەو”یش ڕۆژێک لە ڕۆژان مرۆڤێکى بەدى لێ دەربچێت و وەک ئازادى عەلى فەنى بەر بێتە گیانى هەڤاڵانى؟ سەردار وەڵامێکى دروستى چنگ ناکەوێت، لێ باوەڕ ناکات وەک ئەو جۆرە کەسانەی لێ دەربچێت. ئەی ئایا بۆچى کەسانى دی دەبن بە مرۆڤى بەد و بەر دەبنە گیانى هاوڵاتی و تەنانەت هەڤاڵانیان؟ ئێستا سۆفى لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بە هانایەوە دێت: هەموو مرۆڤێک دەتوانێت هەم “چاکە” و هەم “خراپە” بکات، ئەمەش لە بنەڕەتدا پیشەى زۆرینەى خەڵکە. لێ ئەو زاتانە کە “تەنیا”، “بە رەهایى”، چاکە دەکەن، زۆر دەگمەنن. کەچى ئەوەى سەیرە، ئەو زۆرینەیەی خەڵک خۆى بە کەمە-تەواو-دەگمەنەکە دەزانێت، جا گەرچى لە بنەڕەتدا ناسینى کەمە-تەواو-دەگمەنە-ڕەسەنەکە هێندە ئاڵۆز و ستەمە، کە مەگەر هێزە-ستەم-و-ئاڵۆزە-نادیارەکە خۆى بیزانێت. سەردار ئەوها گۆتەکانی سۆفیی دێتەوە یاد: “وەهاى ووت؟! ئا… دڵنیام. ویستم بەگیرى بهێنم و پرسیارى لێ بکەم، بەڵام ئەو قسەى بەسەردا هێنا و واى لێکردم لەبیرى بکەم. ئێستا دێتەوە یادم. سۆفى لە گەڕانەوەمدا ئەمە یەکەم پرسیارم دەبێ. یەکەم باسم دەبێ و لەگەڵتدا لێى دەدوێم. سۆفى تۆ مجەورێکى ئاسایى نیت…”.

سەردار لە ڕەوتى ئەم یادوەریانە و سەرکەوتندا لە لوتکەى چیا نزیک دەکەوێتەوە. ئێستا بەچاوى خۆى لوتکەى چیاکە دەبینێت. لە “لاڕێ”وە بەسەر چیایەکى سەخت و سەرکەشدا سەرکەوت و گەیشتە لوتکەکەى. ئێستا لەسەر لوتکەى چیا دەبینێت کە شۆڕبوونەوە بە ئەودیودا ئاسانە. هەروەها ئێستا لەسەر لوتکەى چیا ئەو ڕێگە هەبووە دەبینێتەوە کە گەرەک بوو بەسەریدا ڕووەو ئامانج بڕوات. لێ ئەو خۆى لاڕێیەکى تاقیکردەوە و گەیاندییە لوتکە. لاڕێکەى خۆیشى لەسەر لوتکە لەتەک ڕێگە هەبووەکەدا یەکدەگرێتەوە.

                                            2

حسێن عارف لە چیرۆکی “تەتەر”دا ڕۆ دەچێتە ناخی مرۆڤەوە تاکو لە کێشەکانى مرۆڤ و پەیوەندییەکانی نزیک بکەوێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی شێوازى هزرینی سوننەتییە کە مرۆڤ وەلاوە دەنێت و سەرچاوەی کێشەکانى تەنیا لەنێو جیهانی دەرەکیدا، جودا لە کردار و دەستوەردانەکانى ئەو لە جیهان، دیارى دەکات.

چیرۆکى “تەتەر” بەرهەمى پەرچەکردارێکی حسێن عارفە لەسەر ڕوانگە و تێڕوانینەکانى یەکێک لە ئاڕاستە سیاسی و مۆدەیی-کولتوورییەکانی نەوەیەک کە لە دەرەوە بۆ زەمینەی هزرین و هەڵوێستى سیاسی دەگەڕێت، لێ بەبێ ئەوەی لە خۆى بپرسێت، کە داخۆ بەو شێوەیە بە هەڵوێستی سیاسیی بناغەڕێژراو بگات، ئەوجا داخۆ ئەو تێڕوانینە بنەماییە داڕێژراوانە کە وەریگرتوون، لای ئەو بووبن بە ئیدیۆلۆژی! نووسەر ئێستا بە چیرۆکى هونەرى دژى ئەو ئاڕاستە ناوبراوەی نەوەیەک، بەڵی تەنانەت دژی خودی سوننەگەرایی هزرین و وەرگرتنی هەڵوێستی سوننەگەرا دەوەستێتەوە، لێرەشدا لە فیگورى سەردارەوە سەرجەمى “نەوەیەکى قاڵبووی نێو تێڕوانینە وەرگیراوەکان” دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لێ سەیر و سەمەرە ئەوەیە، کە خوێنەرانى ئەو نەوەیە و نەوەکانی دواتری، یان خۆ بە هزرمەند دانەرانی ئەو نەوەیە، کە لە بەردەرکی سەرای سلێمانی یان لەسەر قەڵای هەولێر لاپەڕەی کتێبە فەلسەفەیی و تیۆرییە شۆڕشگێڕییەکانی خۆرئاوا بەدەم هەلهەلەوە دەشەکێننەوە، هیچ ئاگایەکیان لەوە نییە کە حسێن عارف ئەوانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، کە ئیدی لە لایەنی خۆیانەوە “وەک کەسی ڕاستگۆ” هەڵوێستەیەک بکەن.
نەخێر، ئەوان هێشتا هەر سکۆلاییستیانە بۆ پەیامهێنى نوێ دەگەڕێن و سوننەگەرییانە تەفسیریان دەکەن: لێنینێک، مارکسێک، هایدێگەرێک یان سارترێک، فوکۆیەک یان چەندین ناوى دیکە. زۆر حەزیان لە ناوە. کەسی سوننەگەرای چالاکبوو ناتوانێت بەبێ پەیامهێن هەنگاو بنێت، بەڵێ لەنێو تەنگژەی سەردەمدا کە مرۆڤێتیی ئەو خۆی دەگرێتەوە، ناتوانێت و ناوێرێت پرسیارێک ئاڕاستەی خۆی بکات. ئێستاش حسێن عارف لە چیرۆکێکی هونەریى مەبەستداردا تەحەدای دەکات و زۆر سانا پێی دەبێژێت: “گەر ئاوەزت بەکاربهێنیت، ئەوا ڕێگەى خۆت دەدۆزیتەوە”.
لێ نووسەر هاوکات دەرچەیەکی جیهانبینیانەی بۆ دەچەسپێنێت: “خودایەتی و بنەما ئەزەلییەکانی چاکترین پاڵپشتى ئەم هەنگاوەتن”.
ئێمە لەم چیرۆکەدا تەنیا سەردارى پێشمەرگەمان هەیە کە وەک تەتەر ئەرکێکی بۆ بەجێگەیاندن پێ سپێرراوە: ئەو گەرەکە بڕوات بۆ گوندی “مارانێ”ى پشت چیایەکى سەخت، لێ ڕێگەی ڕووەو “مارانێ” بەسەر گوندى “لانجـێ”دا دەڕوات؛ ئەو گەرەکە گورج بێت و لە ڕێگە خۆى نەخافڵێنێت، جگە لەوە شەو لە مزگەوتەکەى لانجێ لاى سۆفى ڕەحمان بەسەربەرێت و سۆفى هەر ئامۆژگارییەکى ئەوى کرد، بەجێى بگەیەنێت، چونکە سۆفى دنیادیدەیە و هەرگیز پشتی ئەوانی لە زەوى نەداوە، ئەوجا رۆژى داهاتوو لە لانجێوە بەرەو مارانێ بکەوێتە رێ. ئەمە هێڵى چیرۆکەکەیە. لێ سەرداری تەنیای نێو جیهان زۆر لەنێو ناخی خۆیدا دەژی و یادوەریەکانی بواری نادەن، واتا بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ ڕابوردووی دوور و ئەوجا نزیک کە بەیەکگەیشتییەتی لەتەک سۆفیدا. ئەو هەروەها وەک کردارنوێنێکى نێو جیهان بەردەوام لە لایەن خودى جیهانەوە بێدار دەکرێتەوە. بۆیە لەم ڕەوشانەدا یادهێنانەوەی هەڵچوو بە ئاڕاستەی جیاوازی لێشاوەکانییەوە سووڕ بەدەورى بابەتەکانیدا دەخوات، لەم ڕەوتەشدا داڕشتنى هونەرى فۆرم وەردەگرێت و حسێن عارف وەستایانە وەک سپیرال (حەلەزۆنی) دایدەڕێژێت. کەواتە ئەو چیرۆکێکی هونەریى نوێ دەئافرێنێت، نەک کلاسیکییانە چیرۆکێکى ڕاستەوانە بنووسێت، کە بە هەڵچوون و داچوون بەرەو پێشى بەرێت و لە نێوەنددا بیئاڵۆزکێنێت، پاشان ئاڵۆزکانەکان خاوبکاتەوە و چیرۆکەکە بەرەو کۆتایى بەرێت.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا بۆچى حسێن عارف لە دوو بەشى یەکەم و سێیەمی چیرۆکەکەدا ئەم فۆرمەى ئافراندووە کە تێیدا فۆرم و ناوەرۆک لە ژیانی ناخەکیی سەردارەوە یەکدی دەشێنن، لێ لە بەشى دووەمدا خودی خۆى ڕاستەوخۆ داڕشتووە؟ بە بڕواى ئێمە حسێن عارف لە لایەک چیرۆکێکی هونەریى دانسقەى ئافراندووە و هاوکات تێکى داوە! ئاخر ئێمە لە “تەتەر”دا دوو فۆرممان هەیە، کە بێگومان بۆ نووسینی چیرۆک نەشیاو نییە، لێ ئەوە بە مەرجێک، کە نووسەر فۆرمەکان لەنێو یەکدیدا یان لەنێو سەراپاییەکى هونەریانەى چیرۆکەکەدا بتوێنێتەوە، نەک وەک حسێن عارف لەم چیرۆکەیدا “بەپاڵ یەکدییەوە” دایان بنێت. جوانتر دەبوو، واتا تەواو هونەرى دەبوو، گەر چیرۆکى “تەتەر” لەسەر ڕەوتى دوو بەشى یەکەم و سێیەم بەدیبهێنرایە. لێ ناشێت لێرەدا فۆرمى دووەمى چیرۆکەکە وەک ئەلتەرناتیڤ وەربگیرێت، چونکە فیگورە ئافرێنراوەکەى سەردار دەرفەتى پێنادات. حسێن عارفى وەستاى چیرۆکنووسین ئەوەى نەکردووە، ئەوەش مایەى هۆشسووڕمانە.

مەبەستى حسێن عارف لەم چیرۆکەدا ئەوەیە، کە سەردارى هەڵوێستنوێن وەک هەڵگرى ئیدیۆلۆژییەکى وەرگیراو بخاتە ناکۆکییەوە لەتەک خۆیدا، بۆ ئەو مەبەستەش پاڵهێزێکى داناوە کە سۆفى ڕەحمانە. حسێن عارف لە لایەک سەردار بەسەر کڵافەى پڕکێشەی مرۆڤییانەی ژیانى “خۆى”، لە لایەکى دى بەسەر هەڵوێستنوێنى سەر ڕێبازێکى وەرگیراودا بەشدەکات. ئاشکرایە ئەمە دژبەرییەکە و مرۆڤ تێیدا دەڕەنجێت، بۆیە دەبێت چارەسەرى بۆ بدۆزێتەوە. سەردارەکان دەبێت لە خۆیان و ژینگە مێژوویى و کولتووریەکەیان بڕوانن، ئەوجا بەدووی ئەوەدا دەبینن کە چۆن لە ڕەوتی کرداری ئاوەزمەندانەیاندا ئەلتەرناتیڤی ڕێگە وەرگیراوەکەیان ئاشکرا دەکەن. بێگومان دەشێت هەردوو ڕێگەى وەرگیراو و ئاشکراکراوی خۆیی ئەوان بەرەو ئامانج بەرن، کەواتە بە بڕواى حسێن عارف مەرج نییە ڕێگەیەکى وەرگیراو هەڵە بێت. لێ کێشەی ڕێگەی وەرگیراو ئەوەیە کە مرۆڤ هانای بۆ بردووە، بەڵێ مرۆڤى شێواو تەنیا خۆى لەسەری ڕادەگرێت، بەبێ ئەوەی لەتەک من-ى خۆیدا بیخاتە بەراوردەوە تاکو بزانێت داخۆ بە ئەو دەگونجێت یان نا. لەبەر ئەم هۆیە مرۆڤی سەر ڕێگەی بەو چەشنە هەمیشە لە بەردەم مەترسیی بزربووندایە، بەڵێ تەنانەت نەشیاو نییە کە “ملى بە شکاندن نەدات”. بە پێچەوانەشەوە ڕێگەیەک کە مرۆڤ بە ئاوەزى خۆی لەنێو کردەکێتیدا ئاشکرای دەکات، لایەنى کەم ئەو خۆی ئەزموونی کردووە. لە بنەڕەتدا ئەو کەسانە زۆر دەگمەنن کە شارەزاى ڕێگەی ئەزموونکراون، بۆ نموونە سۆفى رەحمان یەکێکە لەو دەگمەنە کەسانە! لێ ئێمە گەرەکە جارێ لاى سەردار بمێنینەوە، چونکە سەردار فیگوری سەرەکیی چیرۆکەکەیە نەک سۆفى.

سەردار تەنیا بە خۆیەوە خەریکە، لێ نازانێت خۆى بەتەواوى “کێ”یە، بۆیە پرسیار لەبارەى منداڵیى خۆى دەکات کە داخۆ چۆن خنابێتەوە. حسێن عارف سەردار بە هەڵچوونى ناتەبا بۆ نێو منداڵیەکەى دادەزنێنێت، ئەوجا بۆ سەردەمی گەنجێتى و پێشمەرگایەتییەکەی هەڵیدەزنێنێت. لێ سەرداری حسێن عارف کوڕى خێزانە هەیەپارێزە (کۆنزەرڤاتیڤە) نوێکانی شار نەبووە، کە باوک و دایکى لە ماڵەوە بیبەستنەوە، بەڵکو کوڕی خانەوادەیەکی میللی بووە و باوک و دایکی ڕێیان پێداوە تەنانەت شەوانە بچێتە دەرەوە: بڕوات لە چایخانەیەک گوێ لە سەرگوزشتەکانى حیکایەتخوانێکی میللى بگرێت.

سەردار لە چایخانەکە لە ڕیزى پێشەوەى منداڵاندا دادەنیشێت، ئەوجا هەموو ڕۆژێکى داهاتوو دەبێت بە ڕێژیسێرى ئەو سەرگوزشتانە کە مەلا سمایل تەنیا لە کتێبدا دەیان خوێنێتەوە. کەواتە سەردار منداڵێکى چوست و ژییر بووە. لێ بوونى جیهانیى پڕە لە ڕێکەوت: لە هەڕەتى لاوێتیدا باوکى دەمرێت و ئەو کارەساتەش ناچارى دەکات شان بداتە بەر کارکردن. لێ گەرچی سەردار لە چاوی باوکێتی ئازاد دەبێت، کەچی ئەو هێشتا هەر وەک کوڕى باوانی خۆى دەمێنێتەوە، چونکە هاوشێوەی گوندنشینان، کەواتە بە پێچەوانەی شارییەکانەوە، زوو ژن دەهێنێت. مۆرکێکى دیکەى سەردار ئەوەیە، کە هەتا کاتەکانی خزمەتی سەربازى مرۆڤێکى دوورەپەرێزە و بەرپرسیاریی بۆ ژیانى خێزانەکەی و خۆی وەرگرتووە. لێ ژیانى ئەو بە نوێبوونەوەى پەیوەندییەکەى لەتەک مچە کۆڵدا وەرچەرخانێکى بنەڕەتیی بەسەردا دێت، چونکە مچە کۆڵ هەڵوێستنوێنى سیاسیە و سەردار “ڕادەکێشـێت”، ئەوجا نەک تەنیا دەبن بە “دوو هەڤاڵى گیانى بەگیانى”، بەڵکو پەیوەندییان دەبێت بە هینى “سەرکردە و سەرباز”.

بێگومان سەردار وەک کەسێکی ترادیسیۆنی هاوکات حەز و ئەندێشەى بیناکارانەی هەیە: ئەو بە هێزى خۆى سروشتى خاو بۆ سروشتى سازێنراو وەردەگۆڕێت: لە کوێرەکانییەک حەوزێک دروست دەکات و بە دەوریدا ڕووەک دەچێنێت. بەگشتى سیماکانى سەردار بریتین لە بزێوى، دڵپاکى، بەویژدانى. لێ دیاریکردنى سەردار وەک دڵپاک و بەویژدان هاوکات دەیکات بە دژبەرى ناپاکى و بێویژدانى. پاکژی، وەک کێشەیەکى مێتافیزیکى، سەردار بۆ پرسیار و گەڕان بەدوویدا دەبات. جگە لەوە سەردار وەک هەتیو کەسێکى گەرەکە تاکو “دەست بەسەریدا بهێنێت”! ئەمە ئەو کارەکتەرەیە کە حسێن عارف دەیئافرێنێت، ئەوجا فڕێی دەداتە نێو گێژاوەوە و لە نێویدا سۆفى ڕەحمانى بەرەنگار دەکاتەوە.

حسێن عارف پرسیارى ئاوەز دەهێنێتە نێو چیرۆکى “تەتەر”ەوە. لێ ئەوە سەردارى لاو و پێشمەرگە نییە کە نوێنەرایەتیى ئاوەز دەکات، بەڵکو ئەوە سۆفى ڕەحمانە کە ئەم پرسیارەی ئاوەزی ئەزەلی لە هۆشى سەرداردا دەوروژێنێت. ئاخر وەک گۆتمان، سەردار سەر لە زۆر ڕووداوی جیهانەکەی دەرناکات، بەڵێ ئەو تەنیا وەک سوننەگەرایەک خۆی بە مارکسیزم-لێنینیزمەوە گرێداوە، کەواتە ناتوانێت لەنێو خۆیەوە پرسیاری ئاوەز ئاوەڵابکات. بۆ ئەو تیۆرییەکی تەواو داڕێژراو هەیە و تەنانەت پرۆگرامییانە بۆی ئامادە کراوە، ئەویش سووک و ئاسان وەریگرتووە – و ئاو بێنە و دەست بشۆ! لێ سەردار وەک کوڕێکی سەلار خۆی داوەتە دەست ڕێبازێکی وەرگیراو، کەواتە لەو دەرووننەخۆشانە نییە کە تەنیا بۆ خاتری دەرکەوتن دەکەونە جومناستیکی ئیدیۆلۆژییانە، هەر بۆیە سۆفی هێندە ئاسان ناخی دەهەژێنێت. سەردار بێگوێ نییە!

ئێمە لەم ڕوانگەیەوە لە چیرۆکی “تەتەر”دا لاى دوو مرۆڤى سەردەمین: یەکێکیان لاوێکى هەڵوێستنوێنى هۆشئاڵۆزکاوە، ئەویدیکەیان پیرێکى دنیادیدەى کۆیلەى ئەزەلیەت و نوێنەری ئاوەزە. ئەم پیرە نوێنەرایەتیى جۆرێکی ئاوەز دەکات کە خودا بە مرۆڤى بەخشیوە. بێگومان کێشەى حسێن عارف ئایین نییە، بەڵکو ژیانى زەمینییە. ئاخر سۆفى ڕەحمان هەرگیز دەست بە ڕووى سەردارەکانەوە نانێت، هەروەها شارەزاى ئەو ڕێگەیەیە کە کەسانێکی دەگمەنى وەک سەردار بەسەریدا سەردەکەون. جگە لەوە سۆفى بە سەردار نابێژێت: “کوڕم، خۆ تۆ شەیتان نەچۆتە بن کڵێشەتەوە وا دەڕۆیت بۆ مارانێ!”، “کوڕم، بگەڕێرەوە و بکەوە خوداپەرستى!”، “کوڕم، وەرە بەرەى ئێمەوە تاکو بە دەروونى پاکژەوە بچیتە بەردەم خوداى مەزنت!”. نەخێر. سۆفى ڕەحمان وەک باوکێک بە پیرییەوە دەچێت، وەک باوکێک ئامۆژگاریى دەکات، وەک باوکێک بێدارى دەکاتەوە و بەڕێى دەکات. گرنگترین ئامۆژگاریى سۆفی بۆ سەردار ئەوەیە کە سبەینێى داهاتوو پتر لە ئەمڕۆى پێداتێپەڕیو ئاوەزى گەرەکە.

کەواتە سۆفی تێگەیشتنى بۆ ڕووداوەکانى جیهانی مێژوویی هەیە، جا گەرچی چالاکانە دەست نانێتە نێویانەوە. لێ پێدەچێت گلەیى لە سەردارەکان هەبێت، چونکە بە ئاوەزی خۆیان ژینگەى خۆیانیان نەناسیوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە شێواون و ناتوانن تێگەکانى هزرە وەرگیراوەکەیان ڕوون بکەنەوە، کەواتە هاوکات ناتوانن دانوستانی پرسە هەنووکییەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتی-مێژوویی خۆیان بکەن. ئاخر گەر ئەو داماوانە جارێ نەیان توانیبێت لە ژیانی خۆیان تێبگەن، ئیدی چۆن دەتوانن لە ژینگەی کۆمەڵایەتی-مێژوویی و ڕێبازی سیاسییان تێبگەن؟

کێشەکەى حسێن عارف زەمینییە، لێ بە دیدی ئەو گەرەکە ژیانی زەمینی پابەندی پرنسیپ بێت تاکو مرۆڤ بتوانێت بە “چاکى” بژى. پرنسیپەکانى حسێن عارف، لەپاڵ دراوە خودایەتییەکەى ئاوەزدا، بریتین لە ویژدان، دڵسۆزى (بۆ هاومرۆڤان)، خۆشەویستى (بۆ کەس و کار و برادەران، هەروەها بۆ ژینگەى سروشتى). بێگومان ئەم توانست و سۆزانە لە هەموو مرۆڤێکدا هەن، لێ مرۆڤ بەبێ توانستى زەینی (ئینتەلەکتوێلی) و ئەزموون ناتوانێت لەبارەیان بزانێت و وەک دەرچەی کردارەکانی دایانبنێت.

حسێن عارف ئەم تەوەرە لای سۆفیى ئیماندار و ئاوەزمەند و ئەزموندار دادەنێت، هەر لێرەشەوە دەتوانین لە فیگورە لاوەکییەکەی پیرەمێرد تێبگەین کە سەردار لە کەناری لانجێدا پێی دەگات: ئەمیش پیرێکی دنیادیدەیە، لێ وەک سۆفى لە ڕووی توانستی زەینییەوە “کامڵ” نییە، هەر بۆیە ئۆتۆرێتییەکى وەک سۆفى بە شایانى پشتپێبەستن دەزانێت. ئەوجا جیاوازیی کرۆکییانەی سەردار -ی دڵساف و بەویژدان و خاوەن هەستی بەرپرسیاری – لە سۆفی و پیرەمێرد ئەوەیە کە ئەو لەنێو ڕووداوەکانی جیهانی مێژووییدا “سەرى لێ شێواوە”، بۆیە نەک تەنیا پێویستی بە سۆفییە، بەڵکو هاوکات ئەزموونى پترى گەرەکە تاکو ڕێگەی خۆى بدۆزێتەوە: سەردار بە کووژانەوەی توولەڕێ سەختەکەی ڕووەو مارانێ تووشی شۆک دەبێت، لێ ئەزموونى ئاودڕەکە پێیدەگەیەنێت.

حسێن عارف مۆرکى زۆر سەرنجڕاکێش بە سۆفى ڕەحمان دەدات: سۆفى خزمەتکاری خودایە، لێ مجەورێکى ئاسایى نییە. ئەدگارەکانی سۆفى بریتین لە نوورانێتى، پیرێتى، لایەنگریى ئاوەز، ئەزمووندارى. بە دیدی سۆفى هەموو کەسێک دەتوانێت لە جیهانی ژیاندا چە چاکە و چە خراپە بکات، لێ ئەو کەسانە کە لە ژیانیاندا “تەنیا” چاکە دەکەن، زۆر دەگمەنن. کەچی سەرەڕای ئەم ڕاستییە زۆرینەى خەڵک خۆى بە کەمە-تەواو-دەگمەنەکە دەزانێت، جا گەرچی ناسینى کەمە-تەواو-دەگمەنە-ڕەسەنەکە کارێکى هێندە ئاڵۆزە کە مەگەر هێزە-ستەم-و-ئاڵۆزە-نادیارەکە، واتا خودا، خۆى بیزانێت. خوێنەر بەچاکى دەتوانێت سۆفى ڕەحمان بخاتە خانەی کەمە-تەواو-دەگمەنە-ڕەسەنەکەوە.

کەواتە لە لایەک سۆفی ی کاریزمایی وەک نوێنەری چاکە و دژبەری خراپە، لە لایەکی دی سەرداری دڵسۆز و گەلخواز و خاوەن هەستی بەرپرسیاری، بەیەکدەگەن. سەردار کە لەژێر فشاری ئاڕاستەکانی سەردەمدا هەڵوێستی وەرگرتووە، خۆی پتر بە پرسی وەک بەخت و ڕێکەوت و واژەی ئەبستراکتی دیکەوە خەریک دەکات، نەک هەستی چاکەخوازانەی خۆی وەک مایەی بەئاگاهاتن ببینێت و بیکات بە پرسیاری بێدارکەرەوە. لە بنەڕەتدا حسێن عارف ئەم فیگورە پۆزەتیڤ و گوێرایەڵەی سەرداری کردووە بە کردارنوێنی سەرەکیی چیرۆکەکەی، چونکە بەهۆی ناخی پۆزەتیڤییەوە دەشێت لە سۆفی نزیک بخرێتەوە. ئاخر دەتوانین بپرسین کە ئایا بۆچی ئەو “ئازادی عەلی فەنی” ی نەکردووە بە کردارنوێنی سەرەکیی چیرۆکێک، واتا ئەو کەسە نێگەتیڤە کە وەک ئاگر بەربۆتە ژیانی هەڤاڵانی و وەک ئەوەش فیگورێکی زۆر گونجاوی ئەدەبییە؟ هەروەها “کاکە مچە”ش فیگورێکی زۆر لەبارە بۆ دانانی وەک “پاڵەوان”ی چیرۆکێک. لە بنەڕەتدا حسێن عارف دەیەوێت بەڕێی بەیەکگەیاندنی سەردار و سۆفییەوە ئەلتەرناتیڤی دروستی خۆی بۆ ئاڕاستە توندڕەوەکانی سەردەم بهێنێتە پێشەوە. ئێمە بەڕوونی دەبینین کە چۆن سەردار ڕۆ دەچێت بۆ ژێر کاریگەریی هزری سۆفی.

ئێمە لێرەدا دەگەین بە دژبەرییەکی هزری ی حسێن عارف لە چیرۆکی “تەتەر”دا، واتا ئەو دەخزێتە نێو نەسازیى پێشکەوتنخوازى و هەیەپارێزییەوە (کۆنزەرڤاتیڤیزمەوە). ئاخر سەردارى تەتەر لە لایەک حەزی بە ژیانی مۆدێرنە و سروشتى خاو بۆ سروشتى سازێنراو وەردەگۆڕێت، لە لایەکى دى کەسێکی هۆشرایەڵ و نەریتییە، بۆیە هێندە ئاسان ڕۆ دەچێت بۆ ژێر کاریگەریی سۆفی ڕەحمان. بەڵێ، حسێن عارف لە لایەک بوێرانە ڕوو دەکاتە سەردارەکان و داوای هەڵوێستێکیان لێدەکات کە بە هزرین و ئەزموونی خۆیی پێی گەیشتبن، لێ هاوکات ئەم هەڵوێستە بە بنەمایەکەوە گرێ دەدات کە بریتییە لە ئۆتۆرێتیى خودایەتى و نوێنەرە سەرزەمینییەکانى.

بێگومان گەرەکە لەم جێیەدا کەوانەیەک بکەینەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە ئێمە ئەم کێشەیەى پێشکەوتنخوازى و هەیەپارێزی وەک خوازراو یان نەخوازراو بۆ ئەفراندنی ئەدەبی دانانێین (ئاخر زۆر دەشێت تەنانەت ئەدەبێکی پاشڤەروو جوان بێت!)، بەڵکو تەنیا وەک تایبەتمەندێتییەکى حسێن عارف لە قۆناغێکی تایبەتیی ئەفراندنی ئەدەبیی ئەودا وەرى دەگرین، کە چە لەم چیرۆکە و چە لە چیرۆکەکانى ساڵانی هەشتاکانی ئەودا بەدیدەکرێت.

لەم ڕوانگەیەوە بەرەڵابوونی سەردار لە بەرپرسیاریی خێزانی و بوونی بە پێشمەرگەی نێو چیا و دۆڵەکان، نایگەیەنن بە ئاگایی ئازادی، بەڵکو بە شێواوی لای سۆفی ڕەحمان دەگیرسێتەوە. ئەوجا دوای ئەوە کە سۆفی پرسیاری ئاوەز لە هۆشی ئەودا دەوروژێنێت، هەروەها دوای ئەوە کە توولەڕێی چیاکە دەکوژێتەوە و ئەویش بەناچاری بڕیار بۆ ئاودڕەکە وەک رێگەى سەرکەوتن دەدات، ئیدی گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەسەردا دێت، واتا: سەردار دواى پێکەوەلکاندنى هۆشى بزواو و کردارى خۆیى بڕواى بە لێنینیزم نامێنێت: “… بڕۆ، گرەوت بردەوە”، “… من سەر لەو تێک دەدەم: دوو هەنگاو بۆ پێشەوە و هەنگاوێک بۆ دواوە”. ئەمە ئامانجی چیرۆکى “تەتەر”ى حسێن عارفە، کە بێگومان پرسیارێکی پڕبایەخە، لێ نووسەر هاوکات وەڵامێکى ئیدیۆلۆژیانەى پاکژێتی لەسەر کێشەکانى نەوەیەکى هەڵوێستوەرگرتووی سەرلێشێواو بەدەستەوە دەدات و تێیدا ڕێکخراوى باوکسالارى لەنێو چاکیی پێشبینیکراویدا هەڵدەچنێتەوە. ئەم کێشەیە ڕوونکردنەوەی پتری گەرەکە.

گەر لە ڕووی ژیانی ڕیالەوە بڕوانین، ئەوا گەرەکە ببێژین، کە هەڵوێستی کوڕانەی ناسک و بەوەفا بەرانبەر باوکی ناسک و بەوەفا بەجێیە، دروستە، لێ ئەم ڕەوشە لە چیرۆکی هونەریدا جێی گومانە، هاوکات ئاشکرایە کە گومانەکە لە سەردەمە تەنگژاوییەکاندا پتر پەرەدەسێنێت. ئاخر هەموو کوڕ و کچێک سەربارى خۆشەویستییان بۆ باوک و دایکیان (گەر هەیان بێت)، هەمیشە لارییان لێیان هەیە، جا گەر تەنانەت دەرى نەبڕن.

لێ ئەمە ئەو هەقیقەتەیە کە بەتایبەتى لە ئەدەب و هونەردا شیاوى پێشاندانە. ئێمە کارێکی بەم چەشنە لای حسێن عارف نابینین، بە پێچەوانەوە سۆزى ڕۆمانتیکی بۆ باوکان و جیهانەکەیان سەراپا تێڕوانینى ئەوى تەنیوە. بێگومان نووسەر ڕووە بەدەکانى ئەو جیهانە لەپاڵ ڕووە چاکەکانیدا پێشان دەدات، لێ ڕووناکاتە داڕزاویەکانى باوکان و کوڕانیان، یان شەڕەسەگى باوکان و بۆگەنکردنى کوڕان و کچان و ژنانیان، کە ئاشکرایە بە دەسوێژی بنەما باوکسالارییەکان وەک دەسکەلای پاراستنی دەسەڵاتیان ئەنجامی دەدەن.

نەخێر، ئەو دەیەوێت باوکان ڕزگار بکات – باوکان کە خۆیان هۆکارێکی سەرەکین بۆ ئەو تەنگژە دەروونی و ئەخلاقیانە کە لە ژینگەکەیاندا تەنیونەتەوە. ئاخر گەر لە ئەدەب و هونەردا نەبێت، ئیدی لە چە بوارێکدا چاکترین دەرفەت هەیە بۆ پێشاندانى جیهانێک کە چیدی وەک خۆى نەماوە، بەڵکو بە ڕیشەیی خزاوەتە نێو تەنگژەی ئەخلاقی و دەروونییەوە؟ ئەوجا ئاشکرایە کە پیرانیش لێرەدا بە ڕیشەیی دەکەونە ژێر ڕەخنەوە، جا گەرچى مرۆڤ لە ژیانى ڕۆژانەدا ڕێزمەندیەکانى خۆى بۆ تەمەندارانى شایانى ڕێزلێگرتن ڕابگرێت. ئێمە هەر لە کایەی ئەدەبدا بۆ نموونە دەبینین، کە شێرزاد حەسەن لە “حەسار”دا باوکێکى زۆردار و کوڕێکى مەنکووب دادەڕێژێت و کوڕە لە کۆتاییدا بەناچاریى باوکی خۆی دەکوژێت. نموونەیەکى دیکەى نێو کەلەپوورى ئەدەبى بریتیە لە “پیسکەى تەڕپیر”.

لێ ئێمە بەو تێڕوانینەی سەرەوە هێندە ئاسان لە کێشەی حسێن عارف (و نووسەرانی هاوشێوەی ئەو) نابینەوە. ئاخر کێشەى حسێن عارف تەنیا بزربوونى دیدى خۆ نییە لە بەردەم لاوانى سەرلێشێواو و بێچارەدا، بەڵکو هاوکات لە ڕووی ئۆبژێکتیڤییەوە کێشەى گەلێکى کەللەڕەقە کە دەسەڵاتدارییەکى دەرەکی بە سەختی لێی دا و تەواو کەرامەتی شکاند (کوشتن و گرتن و بۆمبارانکردن، ئەوجا درەنگتر لە ساڵانی دوای سەرهەڵدانی “تەتەر”دا تەنانەت ئەنفال و ژارباران و هتد)، ئەوەش کێشەیەکە کە هەموو نووسەرێک ی ڕەسەن لە ژێریدا دەیناڵاند. جگە لەوە لەژێر ڕکێفى بەئسدا نووسەرانی ڕەسەن بەدەگمەن دەرفەتیان هەبوو خۆیان بە شێوەیەکى کۆنکرێت دەرببڕن، بۆیە بەهۆی ئەم فشارەوە هێدی هێدی شێوازە ڕوو لە دەرەوە کردووەکەی ئەدەب و هونەری ئەیلوول بەرەو داخراوی و داخراوتری ڕۆیشت، بەڵێ گەر نەبێژین زۆرینە، ئەوا دەتوانین لایەنی کەم ببێژین کە بڕێکی زۆری نووسەران و هونەرمەندان دەیان ویست لە لایەنی خۆیانەوە وەک پەرچەکردار بەهاکان بپارێزن، بەوەش دەستیان دایە کنەکردن لە کولتوور و کەلەپووردا، جا گەرچی ناشێت فشاری بەئس وەک تاکە هۆکاری ئەو شێوە هەڵوێستە ئەدەبی و هونەرییە دابنرێت، بەڵکو هاوکات سوونەگەرایی خۆرهەڵاتیانە لە شێوەی لاسایی و مۆدەچێتی و هتد کارا بوو با مرۆ لێرەدا لە بانگەشە ڕەوانبێژییەکانی وەک کلاسیک و رۆمانتیک و ریالیزمی ڕەخنەیی و هتد بهزرێت، کە سووک و ئاسان لە ئەوروپیەکانیان وەرگرت و خۆیان پێوە با دەدا.

بە هەر حاڵ، وەک گۆتمان ئێمە لاى حسێن عارف دژوەستانەوەی ئەو سوننەگەرییە دەبینین، لای هاوکات لای ئەو و زۆر نووسەرى دیکە دەبینین کە ئەوان حەزیان نەکردووە “بەهاکان زۆر بریندار بکەن”. گەر بەگشتى بڕوانین، ئەوا دەبینین کە کوردەکانى ئێراق لەتەک خلیسکانە چەکدارییەکەی 1961دا خۆیان “گرمۆڵە” کرد و توند بە کولتوورەکەیانەوە ڕاگرت، ئەوە بێگومان سەرباری تەنینەوەی فراوانتری دامەزراوەی دەوڵەتی و بەئەفەندیبوون و سفووربوون.

بەڵێ ئەوان تەنانەت پرۆسەی ئازادکردنی زمانی کوردییان لە کاریگەریی زمانی ئەرەبی بە ڕادەیەک گەیاند، کە ئیدی لە ڕێچکەی دروستی خۆی لای دا، ئەوەش بە چەشنێک کە ئیدی بڕی یەکجار زۆر واژەی پووچ و بێمانای کوردی زیتکرانەوە و تا ئەمڕۆ گەورەترین کۆسپن لە بەردەم پێگەیاندنی ئاوەزمەندانەی فێرخوازانی فێرگەیی و زانستگەییدا؛ بەڵێ ئەوان لۆگیکیان لە زماندا نەهێشت، بە پێچەوانەوە لای ئەوان ڕەوانبێژیی رواڵەتی کە تێیدا وشەسازیی پلاستیکی پێگەیەکی تایبەتیی وەرگرت، بوو بە شێوازە سەرەکییەکەی نووسین؛ بەڵێ، لای ئەوان پۆشاکی میللی وەک لەبەرکراوی ڕۆژانە هەمیشە پتر کرا بە مۆدە و وەک هێما دەرخرا، ئەوە تەنانەت لای فێرخوازانی زانستگەکانیش کە تەنانەت بوون بە سەرچۆپیگری بەمیللیبوون! لەم پەیوەندییەدا حسێن عارفیش وەک هەیەپارێزێک لەناخى خۆیدا کنە دەکات، دەیەوێت بە شێوازی خۆی لە ئەدەبەکەیدا ئەو پەیوەندییانە بپارێزێت کە بە بڕواى خۆى باشن. کەواتە نووسەر وەک کوڕى ئاغرى باوانى دەمێنێتەوە و هەر وەک ئەم کوڕە ڕەخنەکانى دەگرێت: لێ بە هێنانى پرسی چاکە و خراپە بۆ نێو ئەدەبەکەى.

                                           3

واتاى چیرۆکى “تەتەر” لە ئەمڕۆدا ئەوەیە کە دەمان بزوێنێت بۆ خەریکبوونی ڕەخنەیی بە مرۆڤى تەنگژاویی نێو جیهانی مێژووییەوە. مرۆڤێک کە نەزانێت خۆی بە تەواوی کێیە، نەتوانێت وەڵامی ئاگامەندانەی ئەو پرسیارانەی نێو ناخی بداتەوە، کە هەستەکییانە سەریانهەڵداوە، ئەمەش بە تایبەتی لە سەردەمانی تەنگژەی ئەخلاقی ترادیسیۆنیدا، ئەوا ناتوانێت لە ژینگەی خۆی تێبگات و هزریانە پێوەی خەریک ببێت. لێ ئێمە گەرەکە هاوکات چیرۆکی “تەتەر” وەک ڕاگەیاندنێکی هزری وەربگرین، بەمەش وەک بەرانبەرێکی جیهانبینیانە لێی بڕوانین و بە پێچەوانەی ئەو ببێژین: هەرگیز هیچ تەنگژەیەک بەو بنەما جیهانبینییانە چارەسەر ناکرێت، کە لە سەردەمی کارایی سانای ترادیسیۆندا پێش تەنگژەکە چواندنیان پێدرابوو، چونکە هەموو سەردەمێکی تەگژاوی هاوکات نیشانەیە بۆ تەنگژەی بنەما چواندووەکانی رابوردوو. بۆیە گەڕانەوە بۆ نوورانێتییەکی پێشبینیکراو هەوڵێکى ترساوە لە ڕەوشەکانی سەردەمی هەنووکە، یان ترسە لە دۆخگۆڕییەکانی نێو ناخی خۆ، کە نەشیاوە بتوانێت ئەو مرۆڤە بینابکاتەوە کە کەم یان زۆر لەنێو جیهانە سوننەتییەکەیدا خۆى ژێردەخست و وەک کوڕێکى / کچێکی سەلار ڕێنوماکانى ژیانی کۆمەڵایەتیی بەرهەمدەهێنایەوە.

لە بنەڕەتدا خۆدەربڕینی ئەوپەڕی سانای زارەکی، تەشەنەى ڕەفتارەکانی فێڵ و بێدادى یان هەڵپەی دەرکەوتن و وەرگرتن، بەڵێ لەوەش ستەمتر: تەشەنەی بەدڕەفتارییەکی وەک ماچ-پاشقول، نیشانەن بۆ قرچەڵۆکبوونی سەرجەم بنەماکانی چاکەی ڕابوردوو، کەواتە شێواوییەکی رواڵەتی نین و بە هەوڵى دڵسۆزانەی بەویژدان بخرێنەوە سەر ڕێچکەی خۆیان. ئاخر مرۆڤ خۆى بەبێ هیچ بنەمایەک لەنێو داوێکدایە کە ئەو خۆیەتى، بۆیە لەنێو بێگوناهیى خۆخەتاباردا فێڵ لە خۆى و دەوروبەری دەکات، کە گۆیا لە ڕێگەى باوان و دایکانى لاى نەداوە. لێ لە بنەڕەتدا زۆر لاى داوە، ئەوەش بۆ نێو شێواوی، بێئاسۆیی، بۆیە تەنانەت بە رواڵەتیش لەنێو پۆشاکی میللی باوکانی یان دایکانیدا بە ناسکی جێى نابێتەوە، نەخێر، ئەو وەک ژن هەبوویەکى کۆمەڵایەتیی نووزن و زیقاوڵەیە، وەک پیاو دەنگگڕێکى گرینۆکە بۆ جیهانێک کە ئەو خۆى لە بنەڕەتدا ئەو جیهانەى ناوێت، لێ هاوکات ناتوانێت دەسبەردارى بێت. هەردوو ڕەگەز لەنێو جیهاندا تلیساونەتەوە و لەم ڕوانگەیەوە تەواوکەرى یەکدین.

لێ هەردووکیان هاوکات خیانەتیان لێکراوە: لە لایەن باوانیانەوە، لە لایەن ئایینەکەیانەوە، ئەوجا تێڕوانینەکان کە ئەوان سوننەگەرایانە وەریانگرتوون، لە خشتەیان بردوون – بەتایبەتى کوڕان، چونکە ئەمان سەرەتا هەڵوێستنوێنە سەرەکیەکانن، کە داماوانە بەسەر بێزەمینەیی سوێبەخشەوە بەردەوام بەبێ ئاسۆ گینگڵ دەخۆن. بۆیە کەوتنەڕێی ئەو کەسە کە ساکارێکى نامۆبووە، زۆر دەشێت ڕێگەی ڕووەو لەناوچوون بێت، یان هیچ نەبێت لە سەرەنجامدا وەک کەنارکەوتوویەک بە خەمۆکی ژیان بەڕێ بکات. بە پێچەوانەشەوە ئەو کەسە کە چەقاوەسوویەکی نامۆ بووە، دەسەڵاتى پێ دەسێنێت: “مارکس” و “ئۆتۆمبێل” لاى ژمارەیەکى فرەى چالاکانى نێو ژیانى سیاسی یان کولتووری یەک ئەدگاریان هەیە: هەردووکیان بەها بۆ مرۆڤ دەسازێنن و شیاوى ئالوگۆڕن: گەر مرۆڤ نەتوانێت بە بڕوانامە یان ئۆتۆمبێل پرێستیژێک بۆ خۆی دابین بکات، ئەوا دەرفەتى هەیە مارکس وەک دەسوێژی گەیشتن پێی دابنێت. بەهاکان لە هەردوو سەرەوە مایەى “خۆنواندنن”، بەڵێ هەردووکیان رواڵەت بەسەر رواڵەتى کۆمەڵایەتیدا دەپەخشێنن و ئەمەش کاراییەکی جیاکەرەوە بە مرۆڤ دەدات، کە ئیدی مرۆڤ دەشێت پەنجەی بۆ ڕابکێشرێت. ئاخر بەها وەرگیراوەکان مرۆڤ لە نێوئەڵقەیى دەردەکێشن، دیارى دەهێنن، رواڵەتێکى پێدەبەخشن کە ئەو خۆى وەک بوون ڕایدەگەیەنێت و هاوکات داواکارییەک بەرز دەکاتەوە بۆ ئەوەى وەک بوون لێى وەربگرن.

بێگومان مەسەلەکە ئەوە نییە کە لەپاڵ رواڵەتگەرا و مۆدەچییاندا سەبژێکتانى بێدار نەکەوتبنە سەر ڕێگەیەکى ئەوتۆ، کە بەرپێى خۆیان ببینن، بەڵکو کێشەکە لە لایەکی دییەوە ئەوەیە، کە شێواویی کۆمەڵایەتی هەمیشە پتر مرۆڤ لە خۆی دووردەخاتەوە. بۆیە نەشیاوە مرۆڤ بە تێگە مێتافیزیکیەکانى وەک پاکژ و دڵسۆز بخرێتە سەر کەڵکەڵەى ژیانێکى پاکژ. مرۆڤ هەرگیز پێى ناکرێت پەیڕەوی “پاکژییە” هەمیشە تەڵخەکان بکات.

ئەوەى پێ ناکرێت، هاوکات زەبرى ریالێتی هەمیشە پتر لەم ئیدێیەى دوور دەخاتەوە، چونکە ئەم زەبرەیە کە لەتەک خۆیدا ئەو ڕادەپێچێت، لە خۆیى بزر دەکات، نایەڵێت بگەڕێتەوە بۆ لاى خۆى و تەفروتوناى دەکات. هەروەها ئەوە هەر نوێنەرانی ئەو زەبرەن کە ڕووپۆشى کۆنى ڕزیو لەسەر خۆیان دەنەخشێنن و خۆیان وەک بێتاوان کەلا دەخەن – ئاخر ئەوان سەرچاوەی زەبرە نامرۆڤییەکان نین، بەڵکو ئەوە هێزە غەریبە دەرەکییەکانن کە ژیانی گرووپ، “کوردەواری”، دەشێوێنن و نایەڵن کوڕانی خیپش و کچانی نەشمیل ژیانیان لەنێو ژینگەی پڕگازی ژەهراوی و خانووی بلۆکی چمەنتۆدا هێدی هێدی بمرێنن!!

سەرچاوە:

حسێن عارف. گەلە گورگ. چوار چیرۆک. 1982.

تێبینی:

  • ئەم نووسینە یەکێکە لە بابەتەکانی نووسەر لە کتێبی “لەتەک فێنۆمێنە ئەدەبییەکاندا”، بیر و هوشیاری، سلێمانی 2006. نووسینەکە لەم شێوەیەی بەردەستدا کاری تێداکراوەتەوە و تەواو گۆڕراوە.
  • سیتاتەکان (ئیقتیباسەکان) وەک خۆیان دراونەتەوە. لێ ژمارەی لاپەڕەیان لەسەر نییە، ئەمەش پێدەچێت کاتی خۆی بەهۆی کورتیی چیرۆکەکەوە ڕووی دابێت. بۆ ئەمە دەبێت داوای لێبوردن لە خوێنەر بکەم. لێ ئەو دەتوانێت لە کوردیپێدیا کتێبی “حسێن عارف، چای شیرین و سەرجەم چیرۆکە کورتەکان” بکاتەوە یان دابگرێت کە تێیدا چیرۆکی تەتەر لە نێوان لاپەڕە 246-271دا چاپکراوە.
    ک.ج.
Previous
Next

Leave a Reply