Skip to Content

76 Views

ئاژاوه‌ی با …   شیعر : سمكۆ محه‌مه‌د

ئاژاوه‌ی با … شیعر : سمكۆ محه‌مه‌د

Be First!
by September 9, 2019 General, Poems
image_print


له‌نێوان بزێوی یار و ژاوه‌ژاوی شار
خه‌جاڵه‌تی ده‌كێشم كه‌ خه‌ریكه‌ عیشقم بیر ده‌چێته‌وه‌
چون عیشق له‌گه‌ڵ ده‌ستاو ده‌ستكردنی پاره‌دا نه‌ما
یار.. هێنده‌ ئاژاوه‌چییه‌
وه‌كو جاران شه‌رمن نییه‌ تا ئاشتم كاته‌وه‌
ئه‌وه‌ی كه‌ یار ده‌یكات
له‌كاری ئاژاوه‌چییه‌كان ده‌چێ‌ .. له‌داخی خۆیان سیپاڵی خه‌ڵك قه‌د ده‌كه‌ن
له‌داخی خۆیان گوێسه‌وانه‌ی دوژمن سواق ده‌ده‌ن
داخۆ كێ‌ بتوانێ‌ به‌بێ‌ یار گوێ‌ ته‌قی هه‌مووشت بێت
كێ‌ بێت بتوانێ‌ له‌نێو ئه‌و حه‌شاماته‌ی شار .. شا كه‌سێك بدۆزێته‌وه‌
بڕواناكه‌م كه‌س هه‌بێ‌… ژیانیش تێكچڕژاوه‌ و من نایناسمه‌وه‌
قه‌ناعه‌تێكی جوانه‌ وه‌كو كایا بڵێین ئه‌ی یار (با نه‌چین بۆ شار.. بزر ده‌بین)
با نه‌چین بۆ شار ترسنۆك ، درۆزن ، چاوچنۆك، بێویژدان ، قاتڵی روح ده‌بین
هێنده‌ مه‌غرور ده‌بین كه‌ نه‌توانین نانی جۆ بخۆین و شه‌وێك له‌ ماڵێكی قوڕیندا بخه‌وین
له‌وانه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ترسم له‌ توڕه‌بوونی یار
له‌ ترسی حاشاماتی شار قورستره‌
تازه‌ دره‌نگه‌..
ساڵێكی تر كه‌ من هێشتا له‌خه‌یاڵی ئه‌ودا نیم سه‌ردانم بكات
كه‌وته‌ به‌ر چه‌قۆی قه‌سابه‌كان
ئه‌و قه‌سابانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ له‌خزمه‌تی ورگ زله‌كانن و خه‌یاڵیان لای قوربانیه‌
سه‌یرم پێدێت شتێك هێشتا له‌زه‌ینی خه‌ڵك ماوه‌ كه‌ ژیان به‌ پێوه‌یه‌
كه‌چی كۆتایی دڵشادی به‌ پشتوێنی بۆمبڕێژكراو به‌ ده‌نگێكی نه‌شاز هاوار ده‌كات
ژیانێكی تر به‌ڕێوه‌یه‌ …
به‌ڵام كه‌س ئه‌و راستیه‌ نازانی كه‌ ته‌ختی پاشا
له‌ناوه‌ڕاستی شاردا چه‌ند شه‌به‌قێكی تێكه‌وتووه‌
ئه‌و كوڕانه‌ش كه‌ تادوێنێ‌ حه‌زیان له‌ شۆڕش بوو وه‌كو من
ئه‌مڕۆ بۆ ئاژاوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ر خوێندن و سۆراخی یاری كۆن ده‌كه‌ن
ئه‌مڕۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆلای یار
بۆلای قه‌ڵا سپییه‌كان و شوێنه‌واری ده‌ستدرێژی دوژمن
ئه‌مڕۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆلای كیڵگه‌ی پڕ له‌به‌رائه‌تی ئه‌و جوتیارانه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنران به‌شار
ئه‌مڕۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خواردنه‌وه‌ی ئاوی ئه‌و روبار و كانیه‌ی به‌لوعه‌كانی گرته‌وه‌
من به‌بینینی ئه‌م وێنانه‌ غه‌ریبی رابردووی خۆم و ئاره‌زووی له‌شساغی ده‌كه‌م
پیاوانی دڵته‌ڕی میرش.. به‌شانازی و به‌لووتی به‌رزه‌وه‌ له‌سه‌یرانن و ژنه‌كانیشیان له‌ژێر چارشێوه‌وه‌ مه‌كر ده‌كه‌ن و پێده‌كه‌نن به‌و دوكانداره‌ی له‌داخی بێبازاڕی نوستووه‌
له‌حیره‌تا گه‌رووم هیشك ده‌بێ‌ كه‌ ده‌بینم خه‌ڵك له‌نوێ تازه‌ ده‌بێته‌وه‌ و ئێمه‌ش هه‌روا كۆن ده‌بین
لافاوی پێكه‌نین هه‌ڵساوه‌ به‌قه‌د زریانه‌كه‌ی ئاسیا گریانی پێیه‌
كه‌چی خه‌ڵك هه‌ر گۆرانی بۆ رۆژئاوا ده‌ڵێن
ده‌مه‌وێ‌ دوور بكه‌ومه‌وه‌ له‌و شێتیه‌ی كه‌ ئاژاوه‌چییه‌كان خودوویان پێوه‌گرتووه‌
یار ناهێڵێ‌ … شار ناهێڵێ‌
له‌بری توڕه‌بوون…. وێنه‌یه‌كی كۆنی خۆم و یار كه‌ له‌رۆژنامه‌یه‌كدا بینیمه‌وه‌
به‌دزیه‌وه‌ ده‌یبه‌خشمه‌ ئاژاوه‌چییه‌كان
ده‌زانم ئه‌وانیش ماندوون
ئه‌وان رۆژنامه‌ وه‌ك سفره‌ی جه‌نگ تێگه‌یشتوون
ته‌نها له‌ كه‌لاوه‌دا پشوویان داوه‌
ته‌نها له‌ به‌رباران خۆیان به‌ته‌ڕی بینیوه‌
له‌پڕ كه‌سێك به‌خاترجه‌میه‌وه‌ كه‌ ساتمه‌ی ده‌كرد به‌سه‌ر پێپلكه‌كانه‌وه‌
گوێم لێبوو به‌مێ‌ ی ده‌گوت “نه‌رم و نیانن… ته‌نها بۆ شه‌و باشن”
من ئه‌مه‌ به‌تاوانێكی گه‌وره‌ ده‌زانم
كه‌چی خۆیان پێی گه‌ش ده‌بن و شه‌نگ ده‌یانگرێ‌
هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ هات و گوتی ئه‌مڕۆ یار نایات بۆ شار . نۆره‌ی پیاوه‌
حه‌ریمێك له‌جیاتی توڕه‌بێت..
دێت و ختوكه‌م ده‌دات و گه‌ره‌كیه‌ به‌ده‌نگی به‌رز ببمه‌وه‌ به‌ پیاوه‌كه‌ی جاران
له‌به‌ر پێكه‌نینی جه‌نگاوه‌ر و دیله‌كان
حه‌شامات و بینه‌ره‌كان
پیاوانی بازاڕ و ژنی میره‌كان
كه‌س نییه‌ وه‌كو ئه‌وان له‌ ئاست خۆیان دابچڵه‌كێ‌
من هێشتا له‌هه‌یوانی كۆشكه‌كه‌ی باپیرمم و بیر له‌ یاری كۆن و یاری شار ده‌كه‌مه‌وه‌
عاده‌ته‌ن له‌جیاتی میر یش
سه‌ری نه‌وازش بۆ ژنه‌كه‌م داده‌نه‌وێنم
دیسان ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌ ئاژاوه‌چییه‌كان ده‌ده‌مه‌وه‌
لێره‌ به‌سه‌رهاتی سفره‌یه‌كی خاڵی له‌گۆشت
قه‌سابخانه‌یه‌ك ته‌نها مێزه‌ر به‌سه‌ره‌كان ده‌ناسن
گه‌ڕه‌كێكی ته‌ماوی له‌ بۆنی خوێن و پیسی كاسكردبوو
گه‌ڕه‌كێكیش له‌ بۆنی جگه‌ر و هه‌نا و چڕه‌ دوكه‌ڵ
پاسه‌وانه‌كانیش وه‌ك سه‌گی به‌ڕه‌ڵڵا
له‌حه‌ژمه‌تان سیپاڵی یه‌كتر ده‌دڕن
سه‌نگه‌ریان له‌ و خه‌یاڵانه‌ گرتووه‌ كه‌ دوژمنی شاره‌
ئه‌مه‌یان میر نییه‌ و چڕی شار نییه‌..
خه‌تای تووڕه‌بونی یاره‌..
خه‌تا له‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وكاته‌ی هه‌موو شتێك وه‌كو بنێشتی كۆن ده‌بزڕكێ‌
خرمه‌ خرمه‌ی ده‌ستشكاندنی من و رنینه‌وه‌ی پرچی یار به‌ده‌ستی پۆلیسی خه‌یاڵ له‌شاردا
هێنده‌ی خه‌ڵك دڵڕه‌ق كردووه‌
فرمێسكێك نابینی به‌چاوی كه‌سه‌وه‌
شار چه‌ند ناخۆشه‌. . هێنده‌ش به‌ ئاژاوه‌چییه‌كانه‌وه‌ جوانه‌
یاریش هێنده‌ی شار ئاژاوه‌چییه‌…


كایا: ئه‌حمه‌د كایا هونه‌رمه‌ندی ناسراوی كورد له‌ توركیا كه‌ یه‌كێك له‌ناڕازیه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا بوو له‌ پاریس كۆچی كرد.

Previous
Next

Leave a Reply