Skip to Content

گفتوگۆیەک لەگەڵ موسلح ڕێبواری شاعیر … سازدانی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

گفتوگۆیەک لەگەڵ موسلح ڕێبواری شاعیر … سازدانی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 17, 2016 General, Literature


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرەتای ئاشنابوونی تۆ و شیعر چۆن بوو؟

موسلح ڕێبوار : لە سەرەتای لاویمدا هۆگری خوێندنەوەی کۆمەڵایەتی و هونەری، بە تایبەت شیعر و ئەدەب بووم. یەکەم ئەزموونە شيعرییەکانیشم، بە كوردی و فارسی، هي سەردەمی تازەلاویمە؛ لە تاران، پێش زانکۆ و لە زانکۆش کاتێک لە هەڵسووڕانی سیاسیشدا لە شانەی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریدا بووم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : نووسینی شیعر، لای ئێوە، بۆ نزیک بە نیو سەدە دەگەڕێتەوە. ئایا کۆشیعری “گەشتی کوردستان” یەکەمین کۆشیعرتانە؟

موسلح ڕێبوار : بەڵێ؛ یەکەمینە و هی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانە! پێش “گەشتێ لە کوردستان”یش شیعری کوردی و فارسیم هەبوون کە نەماون. هەندێک کورتەچیرۆکیشم ئەو کات، نووسی کە تەنها یەکێکیان ماوە بە ناوی “شیعری دارێنە”و خۆی داستانی ئاخرین ڕۆژەکانی ژیانی سمایلی شەریفزادەیە کە لە نزیکەوە دەمناسی. بگەڕێینەوە سەر ئەم کۆشیعرەم کە ساڵی ١٩٧٩ چاپکرا. ئەوکات، دە ساڵ کۆن بوو و شوێنەواری بزووتنەوەی چەکدارانەی ٦٨ی پێوەیەو لەوێشدا, ناوی شەریفزادە هاتووە. ناوی ئەم کۆشیعرەش “گەشتێ لە کوردستان”ە، نەک “گەشتی کوردستان”؛ تا لە دیوانەکەی هەژار بە ناوی “گەشتی کوردستان” جیا بکرێتەوە!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : بە بەراورد، ئەم کۆشیعرە، چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ کۆشیعرەکانی “سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبڕە”؟

موسلح ڕێبوار : دەکرێ بڵێین “گەشتێ لە کوردستان” بزووتنەوەی چەکدارانەی ٦٨ (٤٦-٤٧ی ئێرانی) دەنوێنێتەوە. “سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبرە”، بە زۆرێنە، بەرهەمی هەشتاکانن و شوێنەواری بزووتنەوەی هەشتاکانیان لێدیارە؛ دیارە شیعریشی تێدایە کە لەو بابەتانە نین. جگە لەوە، فۆرمی زۆرینەی شیعرەکانی “گەشتێ لە کوردستان”، کلاسیکییە و لە ژێر کاریگەری قانع و گۆران و هەژار و هێمندایە؛ زیاتریش هەژار و هێمن! فۆرمی ئەم کۆشیعرانەی دواییم، فۆرمی نوێیە و زیاتر ئەچنە پاڵ گۆران و شاعیرانیتر؛ لە تام و چێژی شیعری نوێی فارسیش، زیاتر بەهرەمەندن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا هیچ بەرهەمێکت هەیە لێی پاشگەز بیت؟

موسلح ڕێبوار : نە! دەشێ پاشگەز بم؟! هەندێک لە شیعرەکان، شوێنەواری لە ناسیونالیسم پێوە دیارە؛ لە شەستەکاندا ئێمە، بەتایبەت کۆڕی پێش کۆمەڵە، هەرچەندەش خۆمان لە ناسیونالیسم دادەتەکاند، بەڵام هەندێکمان پێوە تلا بوو. ئەمەش، لەو کۆشیعرەدا، دیارە. بەڵام، ئەوەندە نەبووە کە نیشانەیەک لە نەفرەت و دواکەوتوویی ناسیونالیسم دابنێ! بۆیە، لەوانەش پاشگەز نیم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرباری شیعر, تۆ سروودیشت نووسیوە. نووسینی سروود هەندێ تایبەتمەندی خۆی هەیە وەک ڕوونی مەبەست و ڕاستەوخۆی پەیام. تۆ چ جیاوازییەک لەنێوان شیعر و سروودا دەبینی؟

موسلح ڕێبوار : پێشدا ئەوە هەندێک لە شیعرەکانم بوون کە بوونە سروود و کەوتنە بەر پێشوازییەکی باشیش؛ پاشان، سروود دانان لە سەر مۆسیقا و میلۆدی ئامادەش، هاتە نێو کارەکانمەوە. ئەوانیش باش دەرچوون. لە شیعردا، وەک هەموو ژانرێکی هونەریی، ئەساس، دەربڕینی هەستە. هەندێک دەڵین سروود پەیامە و شیعر نییە، دیارە مەبەستیان لە سروود، لیریک و کەلامی سروودە؛ نەک بەشی ئاواز و مۆسیقای سروود. لیریکی سروودیش لای من، جۆرێکە لە شیعر! لیریکی سروود، مادام هەڵگری هەستێکە، شیوازێکە لە شیعر. مەبەستم ئەوەیە من جیاوازیەکی زۆر نابینم. شیعر مەیدانێکی بەرینترە کە لیریک و کەلامی ئاواز و سروود، بەش بەشێکی ئەو مەیدانەن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : لە کۆشیعرەکانتدا، ئەوەی جێی سەرنجە، ئێوە شیعرتان بۆ ژمارەیەک لە فەرماندە و کەسایەتییە سیاسیییەکانی نێو بزاوتی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان نووسیوە. ئایا ئەم بایەخدانە ناچێتە خانەی شیعری بۆنەوە؟

موسلح ڕێبوار : شیعر، وەک ژانرێکی هونەریی، بەرهەمی هەستی شاعیرە بەرانبەر ژینگەی دەوروبەر. فوئاد، دۆست و هاوڕێی نزیکی من بوو. من بە مەرگەکەی ئازارم گەیشتێ؛ بێجگە لەوەش، هەستم بە خاڵیایی جێگاکەی کرد. خوسرەوی ڕەشیدیان، هەر بەو جۆرە؛ یان موسای برام. ئەمانە بۆ من پێش ئەوەی فەرماندە و کەسایەتی بن هاوڕێ و خۆشەویست بوون! نموونەی تری، یەکی ئەیارە کە نەک هەر هەستی من، هەستی کۆمۆنیستەکان بە گشتی، دەبزوێنێ. لێنین، خۆزگەی دەخواست یەکی ئەیار سەرەتای ساڵ بوایە و وەک سەرەتای ساڵ پڕ بوایە لە شادمانی و ڕێ و ڕەسم؛ لەمەش زیاتر کە ئێستا هەیە! ئەو شیعرانەی من کە وەک شیعری “بۆنە” ئاماژەیان بۆ دەکرێ، وەک باقی شیعرەکانم، بەرهەمی هەستن. گەلێک بۆنەش هەبوون کە، هەرچەندیش هەوڵمداوە، نەمتوانیوە شیعریان بۆ بهۆنمەوە. ئایا دەبێ لۆمەبکرێم کە بۆچی شیعرم بۆ دۆعا نەنووسیوە؟ هەۆڵمداوە و نەکراوە؛ شیعر نەهاتووە. من لەو کەسانەم کە بەشوێن ڕوونکردنەوەی زانستی هونەر و شیعرەوەم؛ بەڵام ئەمە ئاسان نییە. بەم بۆنەشەوە ناتوانم ڕوونی بکەمەوە بۆچی هەندێک بۆنە، هەستم بەهرەوەر دەکەن و هەندێکیان ناگەنە ئەو ڕادەیە. هەندێک لەمانە کە خۆم پێم وایە زیاتریش دەمهەژێنێ، شیعری لێ بەرهەم نایە! هەوڵی خۆم دەدەم؛ بەڵام ڕەوانییە، نەهیچکەس و نە خۆیشم،خۆم لۆمە بکەم کە بە بۆنەیەکەوە شیعرم نووسیوە و بە بۆنەیەکەوە نا! یان هەر بۆچی شیعری “بۆنە” دەنووسم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا شیعری بۆنە ڕەتکراوەیە یان پێویستییەکە و ناتوانین خۆی لێ لابدەین؟

موسلح ڕێبوار : لای من، دیارە ڕەت نەکراوەتەوە! شیعر، پێشتریش وتم؛ مادام بەرهەمی هەست بێ، ئیتر زیندووە و شیعرە. شیعری بێهەست و مردوو، هی “بۆنە”ش نەبێ، هەر شیعر نییە. پرسەکە لە سەر “بۆنە” نییە، لەسەر هەستییار بوونی شیعرەکەیە. ئەو بەشانە لە شیعرەکانی من، نەک هەر لە هەستی منەوە هەڵقوڵیون، هەستی گوێگر و خوێنەریشیان بزواندووە و زۆر باشیش چوونەتە نێو دڵ و دەروون و هەستی جەماوەرەوە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرباری نووسینی شیعر، ئێوە کاری وەرگێرانیشتان ئەنجام داوە. ڕات چییە بەرانبەر ئەوانەی دەڵێن وەرگێڕانی شیعر کارێکی دژوارە و هەندێک دەڵێن هەر ناکرێ؟

موسلح ڕێبوار : ئەمە بەجێیە! زمان، کە ئامڕازی یەکەمی شیعرە، گەلێک پێوندی لەگەڵ کەلتوور و ژینگەی سەرچاوە، هەیە. لە زمانی دووهەمدا، ئەستەمە هەموو ئەو ژینگەیە، ڕاگوێزرێتەوە. بۆیە، من، بە وەرگێڕانەکانی خۆم ئەڵێم: وەرگێڕانی ئازاد! شیعرێکی “برێشت” یان”ترەیسی چاپمەن”، یان ئاوازەکەی جان لێنۆن، هەستی بۆ هێناوم و منیش شیعری خۆمم داناوە. بەڵام شیعری وا، بەتەنها هی من نییە؛ هەستی ئەو شاعیرەشی پێوەیە؛ بۆیە پێی دەڵێم وەرگێڕاو؛ بەڵام وەرگێڕاوی ئازاد، چونکوو نە خۆم بە دەقەکەی ئەوەوە بەستووەتەوە نە بەتەمابووم هەموو کەلتووری باکگراوندی شیعرەکە ڕاگوێزم. تەنانەت شیعری “هەی-داد” کە بوو بەو ئاوازە خۆشە و گەلێک هونەرمەندی بەڕێز پێشکەشیان کردوە، بەرهەمی هەستێکە لە خوێندنەوەی چەند لاپەڕێکی کاپیتاڵی مارکس! ئەمە وەرگێڕاو نییە بەڵام بەرهەمەکەی من، هەستی منە لە ئیدەیەکی کەسێکیتر. وەرگێڕاوە ئازادەکەی من، لەو کاتەشدا کە وەرگێڕانە، بەرهەمێکی هەستی منە کە خوێندنەوە و بیستنی شیعرێک(ی برێشت) یان ئاوازیک(ی ترەیسی چاپمەن، یان جان لینۆن) پێی بەخشیوم! شیعری لایە-لایەی برێشت، لە کوردییەکەی مندا جیاوازە. بۆ نموونە منداڵەکە، لای من کچە، لای ئەو کوڕە! بەکورتی؛ وەرگێڕان، لای من، هەستی خۆمە لە بەرهەمی کەسێکیتر! ئەم بۆچوونەم بۆ کەسانیتریش کە کاری وەرگێڕانیان کردووە، پێ ڕەوایە. هەژاریش هەر وا بووە لە ئاست خەیام؛ یان شاملو بۆ لەنگستۆن هیوز و ئەوانیتر.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : تا ئێستا وەرگێرانەکەی ئێوە بۆ سروودی ئەنتەرناسیوناڵ لە کۆڕ و کۆمەڵ و مەراسیمەکاندا ئامادەیی هەیە. چیرۆکی وەرگێرانی ئەو سروودە چۆن بووە؟

موسلح ڕێبوار : من بە گیانێکی ڕەخنەگرانەوە ئەم سروودەم کردە کوردی. ئەوەم لا گرینگ بووە، ئەم دەقە کوردییە، گیانی شۆڕشگێڕانەی ئەو یادگارەی کۆمۆنەی پاریس و ئۆژن پۆتیە، ڕاگوێزی بۆ مەیدانی خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە کوردستان. بۆ وەرگێڕانی ئەم سروودە، دەقی ئینگلیزی و فارسی و عەرەبیم لە بەرچاو بووە. دواییش، هاوڕێیەک لەگەڵ دەقی فەرانسایی بەراوردی کرد و هاورێیەکی خەڵکی کوردستانی باکووریش لەگەڵ دەقی تورکی. دەقێکی فارسیشم هەر بۆ ئەنتەرناسیۆنال نووسیوە، چونکوو لام ڕوون ببووەوە کە فارسییەکەی لاهووتی ڕەسا نییە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا بە تێڕوانینی ئێوە، کاتی ئەوە نەهاتووە چاو بەو وەرگێرانەی سروودی ئەنتەرناسیوناڵ بخشێنرێتەوە؟

موسلح ڕێبوار : وادیارە، ڕەخنەیەکت پێیە، لەم دەقەی ئێستا؟؟ من ئامادەم بۆ پێشوازی؛ هەرکەسێک ڕەخنە و پیشنیاری هەبێ؛ بە گەلێک سپاسیشەوە، ئامادەم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : زۆر کەم بەرهەم بڵاو دەکەیتەوە. تا ئەو جێیەی من ئاگادار بم لە چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ کۆشیعرێکی تازەتان بڵاو نەکردۆتەوە.

موسلح ڕێبوار : بەبڕوای من، بەرهەمی هونەریی، پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە کە هونەرمەند، لێرەدا شاعیر، تێدا دەخەمڵێ. ئەو بزووتنەوەیە، هەڵس و کەوتی هەیە و هونەرمەند و شاعیریشی! مەبەستم ئەوەیە کە هۆیەکی شەخسیی نییە؛ نابینم کەسیتر لەم مەیدانەدا، گەلێک هەڵسووڕاوتر بووبێ. دیارە لێرەدا، باسی شیعر و شاعیری ڕێبازەکانیتر ناکەم کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیان جیاوازە! لەوانەیە هەڵس و کەوتی ئەو بزووتنەوانە جیاواز بێ؛ لەوانەیە هەڵسی ئێمە کەوتی ئەوان بێ و بە پێچەوانەش! سەرەڕای ئەوەش، بەرهەمی تازەم هەن؛ بەقەد هەشتاکان زۆر نین؛ دەی حەفتاکانیش، بەقەد هەشتاکان بەرهەمم نەبووە. من لەشەستەکان و حەفتاکاندا، تەنیا “گەشتێ لە کوردستان”م دیارە! ڕەنگە بتوانین بەرهەمەکانی ئێستام لەگەڵ حەفتاکان هەڵسەنگێنین کە ئەمان پوخت و پاراوتریشن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بیر لە چاپدانەوەی سەرجەم بەرهەمەکانت بکەیتەوە؟

موسلح ڕێبوار : سەرجەمێکم، ساڵی ٢٠١٣، لە چاپداوە بە ناوی “بۆ ئازادی” کە زیاد لە کۆشیعرە چاپکراوەکان و چاپکراوانی ناو گۆڤار و چاپەمەنییەکان، چەند شیعرێکی تائەوکات چاپنەکراویشی تێدایە. بەڵام ئەوەش دەسەلمێنم کە کاتی لەچاپدانەوەی “بۆ ئازادی”ش هاتووە و ئەبێ بچێتە ژێر چاپی دووەم. دیارە، بەرهەمی تازەش هەن کە لە چاپی دووهەمدا لێی زیاد بکەم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : چ خوێندنەوەیەکتان هەیە بۆ ئەدەبی کرێکاریی و شۆڕشگێرانە؟ ئایا دەستکەوتە فیکریی و مەعنەوییەکانی ئینسان دەتوانین وەک ئەدەب و هونەری کرێکاریی چاولێبکەین؟

موسلح ڕێبوار : بە دەستەواژەیەکی کورت: خۆێندنەوی من؛ هونەری ئازاد و داهێنەرە! ئەدەب و هونەری ئازاد لە بەند و باری سەرمایەداری؛ لەم مەینەتاوا کۆیلەیە! ئەمە زۆر بە کورتی؛ بەڵام وەڵامی پڕبەپڕی ئەم پرسیارە، خۆی کتێبێک هەڵدەگرێ و زیاتریش!
من لە سەرەتای “بۆ ئازادی”دا باسێکی، بەنیسبەت، کورتم کردوە لەسەر ئەم بابەتە. لەوێدا باسی ئەدەب و هونەر و کەلتوور و چینایەتی بوونی ئەمانە، کراوە. بەڵام لێرەدا، لەوەش کورتتر، وەڵامێک بەم پرسیارە (کە دوو نیوە-پرسیارن) دەدەمەوە! بەهیوام، دوایی، فرسەت بێتەپێش کە زیاتر باسی لەسەربکەین.
کەسێک پێی دەڵێ ئەدەب یا هونەری شۆڕشگێڕ، پێشڕەو؛ کەسێکیتر دەڵێ هونەر و ئەدەبی ئالترناتیو یا هونەری بەرهەڵست یا کرێکاری یا هەرچی… کێشە لە سەر نێوەکەی نییە! کێشە لە سەر هونەرێکە و لەسەر کەلتوورێکه، کە ئازادە لە کۆیلەتی و ڕێگا-خۆشکەری ڕزگاری و ئازادی ئینسانە و بەرەو ئاسۆی ژیانی گەش و ئازاد و شاد بۆ هەمووان، دەئاژوێ! ئێمە، لایەنگری ئەمەین و بەرهەڵستی هونەرێکی ڕێگر و چەواشەگەر دەبینەوە کە هەست و هۆش و چالاکی کومەڵانی خەڵک ژارخواردوو دەکات. ئێمە بێلایەن نین! خەمخۆری ڕێبازێکی تایبەتین و ئەمانەوێ هەست و چالاکیمان ئاوی هەرێز نەدێرێ! بۆیه، جێی خۆیەتی ئەم ئامانجە ڕوون بێتەوه، تا هەر هەرزەبێژێک، یان هەر ئایینپەرستێک، نەتوانێ هونەری کۆیلە، یان “سینەزەنی” و نیوە-نووزەی عیرفانی بکاتە بەرهەڵستی ڕزگاریمان! بۆیه، هونەری کارگەری، بەمەعنایەک کە لەو سەرتایەدا باسم کردوە، ڕەنگدانەوەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کرێکاری دژ بە سەرتاپای سەرمایەدارییە لە مەیدانی هونەر و ئەدەبدا؛ لە هەمانکاتدا، بەڵێ، میراتگری هونەری بەشەرییەتی پێشکەوتنخوازە، لە هەر ڕابوردوویەکی دوور یان نزیکی مێژووی ئینساندا؛ میراتگری هەر ڕادەیەک لە ئازاد بوونی هونەرە لە مێژوودا. بۆ ئەوەش کە باشتر بزانین ئەم هونەرە ئالترناتیوە چییه، پێشدا بزانین چی نییه!
هونەر و کەلتووری ئێمە هەر ئەوە نییە کە باسی فەقیر و هەژار و کرێکار بکات، لەوانەیە بورژوازیش، بە شیعر و ئاواز و سینەما، باسی کرێکار بێنێتە ئاراوه؛ بەڵام بەگوێرەی بەرژەوەندی خوی! گەلێکجار، کارگەری گوێ لە مشت و ژنی کۆیله، دەکاتە ئیدۆل! هونەری مێدیای جمهوری ئیسلامی پڕن لەمانە! لەوانەیە شاعیرێکی وەکوو هەژار، فوو بە زوڕنای ناوچەگەری و جیاوازییە نەتەوەییەکاندا بکا و داوی دووبەرەکیمان بۆ بنێتەوە و شەوارەمان بخا بۆ دنیایەکی پڕ لە کێشە و ناتەبایی ناسیونالیستی؛ یان مەدداحێک، بە زکر و تەلیلەی دەروێشی، وادەی بەهەشتی پاشمەرگمان پێبدات و سەرخۆشمان بکا بە ئەفیونی ئائین! گەلێک زۆرن ئاواز و گۆرانی لە میدیای بورژوازیدا کە هەر کڕووزانەوەی ژنە، بە دەست پیاوسالارییەوه، بێئەوەی هەستێک لە دژی دەربڕێ! بڕوانە زۆربەی ئاوازەکانی گوگوش (گوگوش، ئاوازی پێشڕوەیشی هەیە) و هایدە و ئەوانە؛ یان زۆربەی ئاوازەکانی هالیوود! یان میدیاکانی “دەسەڵات” لە کوردستان! ئەو هونەرە کۆیلەیە، ڕۆشناییەک بۆ ڕزگاری لە پیاوسالاری و لەم مەینەتاوایە، نادا بە دەستەوە. کەلتوور و هونەری ئێمه، بەڵام، بەرهەڵستی ئەفیون و هۆشبەر دەبێتەوە و ئەم ژینە، وەک تاقە مەودای خۆشی و شادی دەبینێ و خۆشەویستییەکی بەرین دەخەمڵێنی.
بڕوانە “برێشت”. کەلتووری ئێمە، خۆی نابەستێتەوە بە نامووسپەرستی و بەندوباری یاسای کۆنەوه؛ جوابی ڕەسم و ئایین و یاسای سەرمایەی کۆنەپەرست ناداتەوە و ئاواتی نزم ناکاتە ئاسۆی جەماوەر. هونەری ئێمه، هونەر و کەلتووری تا ئێستای ئینسان، وەک دەسکەوتی مێژوویی چەند هەزار ساڵه، وەک هەوڵدانی بەشەر بۆ ڕزگاری و وەک کۆمەڵێک پاشەکەوتی بەنرخ، هەڵدەسەنگێنێ؛ بەڵام، کاتێک کە خۆی شوێنەوارێکی نوێی هەیه؛ کاتێک ئاسۆی ڕزگاری، ڕۆشنتر ناسیوه، شوێن کەوتووی ئەو کەلتوورە کۆنە نابێ. گۆران و شەکسپیر و موزارت، بۆ کەلتووری ئێمە، گەنجینەی گەورە گەورەن؛ بەڵام ئێمە، بە شێوەی خۆمان، بەکاریان دێنین. ڕەخنەگریشمان، هەمیشە بەردەوامه؛ نەک هەر لەوان، لە خۆشمان! هەوڵ دەدەین کۆت و زنجیری کۆن و نوێ، لە کەلتووری خۆمان و لە هونەری خۆمان داماڵین و ڕێگا بۆ ئازادی و بۆ گەشەکردنی هونەر، خوش کەین. ئەم کەلتووره، لەمبارەوە، بەقەد میژوو، کۆنه؛ چونکو میراتگری ئینسانی تیێکۆشەری پێشڕەوە، بە درێژایی مێژوو؛ میراتگری شادی و پەژارە وهەست نواندنی ئینسانییه، لە سەرەتای ژینیەوه. هەر هونەرێکی پێشڕەو و بەرهەڵست لەهەر وەرچەرخانێکی میژووییدا، دەسکەوتی ئێمەشە. هەست بزوێنترین سیمفونیاکان، تەناتەت شەپۆڵی ئەم ئاخرانەی موزیک و هونەر، لەدژی کۆیلەتی و مەینەت و لە ستایشی شادیدا، بە دەسکەوتی خۆمان دەزانین.

گەرچی، لەو چوارچێوانەشدا نامێنینەوە و هەموو سنوورێکی کۆمەڵگەی بەندیخانەی چینایەتی تێدەپەڕێنین. لە بارێکی دیشەوە، ئەم کولتوورە، نوێیە و هی ئەم یەک دوو سەدەی دواییە! لە چاو مێژووی بەشەر، کەلتوورێکی تازە و مۆدێڕن و جەوانە؛ هەر وەک خەباتی مۆدێڕنی چینی کریکار بۆ ڕزگاری ئینسان، مۆدێڕن و جەوانە! بۆیه، من لەگەڵ ئەوانەم کە بەم کەلتوورە دەڵێین”کارگەری”؛ کەلتوورێک کە ڕەنگدانەوەی بزووتنەوەی ڕزگاری یەکجاری ئینسانە؛ کەلتوورێک کە بە دوو باڵ: باڵی هەستی بێسنووری هونەریی و باڵی زانستی کۆمەڵایەتی کومونیستی ئەو چینه، دەفڕێت! ئەم کەلتوورە، لە سەرەتای مێژووی هەزاران-ساڵەی ئینسانییەوه، خەریکی بنج بەستن بووە. بەڵام لەم دوو سەدەی دواییدا، وەچێکی تازەی داوە و گەشەی کردووه، بەرەو بەرژەوەندی ڕزگاربوونی ئینسان لە کۆمەڵگای چینایەتی. کەسانی وەک “هاینریش هاینه”، “ماکسیم گورکی”، “برتولد برێشت”، “ئاراگون” و “جەوهیل” و “نازم حیکمەت” چەند ئەستێرەیەکی ئەم ئاسمانەن؛ ئیتر با، هەزاران دوندی فەرهەنگی بەشەریش، بە میراتی ئینسانی، پێش هەبوونی چینی کرێکار، دابنین.

بەرهەڵستی سەرەکی ئەم کەلتوورەو ئەم ئەدەب و هونەرەش، چینە ستەمگەرەکان بوون؛ بە کۆنەپەرستییانەوە، بە هونەرییانەوە و تەنانەت بە بەشەکانی دیکەی دەسەڵاتییانەوە، لەسەراسەری مێژوودا! ئەوان، نەک هەر کۆمەڵانی خەڵک بە هونەری چەواشە، بەشەوارە دەخەن، ڕاستەوخۆش بە سانسۆر و داخ و درەوش، ڕێگرمان بوون لە بڵاو کردنەوەی هونەرەکەمان. ئێستا، ئەم ستەمگەرییە، لە پەیکەری سەرمایەداریدا خۆی دەنوێنێ. ئەم چینە، کە سەردەمێک، لە دژی نیزامی کۆنتری پێش سەرمایەداری، شۆڕشگێڕ و پێشڕەو بووە، دەمێکه ئیتر پێشڕەو نەماوە و ڕێگری ئازادی ئینسانه. لە سەردەمی شەڕە جیهانییەکانی سەدەی ڕابوردووەوە، ئیتر لە سەراسەری جیهاندا، دژ بە پێشڕوی و گەشەکردنە. ئەم هێزە، نەک هەر دەسەڵاتدارە و زۆربەی زۆری میدیا و سامانی کۆمەڵگایش لە دەستیدایە؛ دەشتوانێ، هونەری چەواشە بڕازینێتەوەو بە چەق و لووری دژ بە ژن و دژ بە ئازادی و بەرابەری، کۆمەڵانی خەڵک لێک جیابکاتەوە و ڕێگای ڕزگارییان لێ ون بکا؛ نەک هەر ئەمە، ڕاستەوخۆش پێش بە گەشە و کاریگەربوونی هونەرمان دەگرێ. بۆیه، ڕێبازی ئێمە، پێویستە میلیتانت بێ و بچێتەوە بە گژ نەریت و کەلتووری بورژواییدا؛ ئەو کەلتوورە گەندەڵەی خەریکی زیندووکردنەوەی پرتووکاوترین سینەزەنی و دابونەریتی ئایینی و خورافی چینە کۆنترەکانە و هیچ نیشانەیەک لە ئازادی و ئازادیخوازی پێوە نەماوه، نابێ بتوانی چیدی ڕێگر بێ و ڕێ ونکەر بێ.

عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ) : ئاسۆی ئەو ئەدەبە(ئەدەبی کرێکاریی) لە کوردستان چۆن دەبینن؟

موسلح ڕێبوار : ئەم کەلتوورە و ئەم هونەرە کە ئەدەب و شیعریش بگرێتەوە، لەسەر زەمینەی بزووتنەوەی کرێکاری دەخەمڵێ. ئەم بزووتنەوەیە، ئەنتەرناسیونالیستی و جیهانییە. بەڵام دیارە، لە شوێنی جۆراوجۆری جیهان، بە ڕادەی جۆراوجۆریش دەخەمڵێ. لە کوردستان، بزووتنەوەی کرێکاری، لەچاو شوێنە پێشکەوتووترەکان، جەوان و کاڵە! بۆیە، سەیر نییە ئەگەر کوردستان، باشترین جێگای خەمڵینی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی نەبێ. بەڵام لە کوردستانیش و لە گۆڕەپانی جیهانیشدا، هەتا دێ، زەمینەی بۆ فەراهەمتر دەبێ. ڕاپی کرێکاری و ئاوازی بەسۆز لە دژی نالەبارییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری پەرە دەستێنێ. نموونە زۆرن؛ بڕوانە ئاوازەکانی ئەحمەد کایا، بڕوانە ئاوازەکەی مایکل جاکسۆن کە دەڵێ “ئەوان بەخەمی ئێمەوە نین”؛ ئەمانە، ئەگەریش ڕاستەوخۆ لەم بزووتنەوەیە نەبن، ڕێگا خۆشکەرن. ڕێگای هونەر و ئەدەبی کرێکاریی لە کوردستانیش، خۆشتر ئەبێ، دەشتوانین خۆشتری بکەین! وەرگێڕانی ئازاد و پەرەدان بە بەرهەمی پێشڕەو لە دەرەوەی سنوورەکان، کارێکی پیرۆزە. ئێمە لە کوردستان و لەم ناوچەیە، زیاترین پێویستیمان هەیە بە ئەدەبی و هونەری جیهانیی.

——————————————–

کورتەیەک لە بایوگرافی ڕێبوار و بەرهەمەکان

ساڵی ١٩٤٧، لە مەریوان، چاوم بەژین پشکووتووە. سەرەتای شەستەكان، بو درێژەدان بە خوێندن، چوومە تاران. ساڵی ١٩٦٩، فاکۆڵتی ئابوريم تەواو كرد. لە سەردەمی منداڵی و لاويمدا هۆگری خوێندنەوەی کۆمەڵایەتی و هونەریی، بەتایبەت شیعر و ئەدەب بووم و یەکەم ئەزموونە شیعرییەکانم، بە کوردی و بە فارسی، هی ئەو سەردەمی تازە-لاویمە. لە هەڵسووڕانی سیاسیشدا، لە شانی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریدا بووم. ئەوکات، سەردەمی پێکهاتنی ڕێکخراوەکان و کاتی سەرنجی ڕەخنەگرانە بوو لە قوتابخانە سیاسییەکانی سەردەم. ئێمەش ڕێکخراوێکمان پێکهێنا کە دوایی ناونرا “کۆمەڵە”. مەبەستمان دامەرزاندنی حیزبێکی کۆمۆنیستی سەراسەری بوو لە ئێران. ئەوکات، خۆمان لە ڕەوتەکانی سەردەم (توودە و چریک و دیمۆکرات و … ) بە جیاواز دەزانی و ڕێبازێکی کۆمۆنیستی ڕاستەقینەمان لەبەرچاو بوو؛ هەرچەند ناسیۆنالیسم، هێشتا، دەستبەردارمان نەببوو. کۆ-شیعری “گەشتێ لە کوردستان” و هەندێک داستانی کورتم، لەوانە، ” شيعری دارينە” کە گێڕانەوەی ئاخرین ڕۆژەکانی سمایلی شەریفزادەیە، ئەوکات، بە دەستنووس و بە نهێنی، بڵاو بوونەوە. وەرگێڕانی ئازادانەی “چەپکێک چیرۆکی جوان” بە هۆنراوەی کوردی کە لە سیانزە چیرۆکی منداڵان پێک دێ و هی نووسەر و وێنەگەری سۆڤیەت ڤلادیمیر سوتەیەڤە، یادگاری ئەو سەردەمەیە، هەرچەند هێشتا چاپ نەکراون.

وەک گەلێک هەڵسووڕاوانی ئەو کات، ڕێگاشم کەوتە بەندیخانەی سیاسی: قزل-قەلعە، لە تاران. ماوەیەک پاش زانکۆ، وەک کارزانی ئابووری، لە “بەرنامەو بودجە”ی کوردستان، لە شاری سنە، دەستم بە ئیش کردهاوکات، دیارە بە نهێنی، درێژەم بە هەڵسووڕانی هونەریم و سیاسیم دەدا. ئەو سەردەمە بوو کە لەگەڵ شەریکی ژیانم، فەوزیە، ژیانمان و خەباتمان لێک گرێدا؛ هەتا ئێستاش، پاڵپشتی قایمی خەبات و ژیانی یەکترین. لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەوکاتی ئیراندا کە شۆڕشەکەی ١٩٧٩ی لێکەوتەوە، چالاکیم نواند. دواتر، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەمان لە کوردستان، بۆ ئێمەی کۆمۆنیست درێژەی ئەو خەباتە بوو. یەکەمین سروودەکانیشم بەرهەمی ئەو سەردەمەن.هەندێک لە شیعرەکانی پێشتریشم بوونە ئاوازی پرۆپاگاندەی خەبات. لە هەشتاکاندا، “سروودی سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبڕە” و “چەند لاپەڕە لە دەفتەری ڕۆژانەم”؛ هەروەها وەرگێڕاوی کوردی مانیفستی مارکس و ئێنگێلس، چاپکران. داستانی کورتی فارسی و کوردی “ئاسۆی شۆڕش” و هەندێک وەرگێڕان بۆ کوردی و فارسی،، نووسینی شيعر و هاوکاری کۆڕی بانگەواز بۆ سروود و ئاواز، هەروەها وتاری سیاسی، وێڕای خەباتی چڕ و پڕ لە کۆمەڵەی شاخدا، لە ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی ئەوکات، بڵاو دەبوونەوە.

بەبۆنەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچەکەوە، بەتایبەت دابەزینی هێزەکانی ناتۆ لە کوەیت و عێراق، ناسیونالیسم بەگشتی و ناسیونالیسمی کوردیش لە دەروبەری ئێمە، بەهێز بوون. ئەمە کێشەکانی نێو حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی توند کردەوە و سەرەتای ٩٠ەکان، بەشێکی گەورە لە ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – حکا لەو حیزبە هاتینەدەر و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانمان پێکهێنا. درێژەی ژیان و خەباتی من کەوتە سوید و لێرە، وێڕای خەباتی حیزبی و هونەری، بۆ بژێو بووم بە مامۆستای مەدرەسە لە ماتەماتیک و زانستدا
ئاخری نەوەدەکان هەستم بەوەکرد کە ئەم حیزبە نوێیەش نەیتوانیوە ببێتە ئەو حیزبەی بزووتنەوەی کرێکاری، بۆیە، سەرەتا بە ڕەخنە و پێشنیارەوە و سەرەنجامیش بە جیاکردنەوەی ڕێگا، خەباتی سەربەخۆم بە گونجاوتر زانیوە.

کاری نووسین و بەرهەمی هونەریم هەر درێژەداوە و ساڵی ٢٠١٣، بەیارمەتی کەسانێک کە لە چەند وتووێژی پێشتردا، سپاسم کردوون، سەرجەمێکم لە کۆشیعرە دێرینەکانەوە هەتا تازەکان، بە هەندێک بەرهەمی چاپنەکراویشەوە، بەناوی “بۆ ئازادی” بە چاپ گەیاند کە ئێستا پێم وایە کاتی چاپی دووەمێک و خستنەپاڵی چەند بەرهەمی تازەش، هاتووە. کاری چاپنەکراوم چەپکە چیرۆکە منداڵانەکەی سۆتەیەڤە کە لە سەروە باسم کردئەویش، یارمەتیدەرێک پێشنیاری کرد بیکاتە چوار-پێنج کتێبچە، کە لەوانە، دووی چاپ بوون. کۆپییەکی ڕازاوەی، بە ناوی “چەپکێک چیرۆکی جوان” بەرهەمی کوڕم ئازاد، لەسەر سایتی خۆم
www.rebwar.nu
کە سایتەکەش هەر ئازاد بۆی دروست کردووم، دانراوە. بۆ چاپی دووهەمی وەرگێڕاوی مانیفستیش، تائێستا بە بڵاوکردنەوەی پێ دێ ئێف لە سەر سایتەکان دڵخۆش بووم بەڵام لەوانەیە چاپکردنەوەی، وەک کتێبیش دەست بدا. ئێستاش لە شاری گوتنبرگی سوید ئەژیم و بەدەم ئیشێکی پارت-تایمەوە، خەریکی دریژەدانی کارەکانمم.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish