Skip to Content

475 Views

سیناریۆکانی دوای شەری موسڵ … ڕێیبین نەریمان

سیناریۆکانی دوای شەری موسڵ … ڕێیبین نەریمان

Be First!
by January 7, 2017 General
image_print

لە پێش هاتنی داعش ماڵی شیعی پەرت بونێکی دیاری هەبوو لە عێراق دا، کە ململانێکان بۆ دەسەڵات گەیشتبووە ئاستێکی مەترسیدار ، بە دەرکەوتنی داعش و مەترسیەکان لەسەر قەوارەی شیعی ماڵی شیعی یەکگرتووکرد و زۆر بەخێرای سوپایەکی بەهێزیان بە هاوکاری ئێران دروست کرد بۆ پاراستنی قەوارە و بەرژەوەندیەکانی خۆیان ، لە ژێر هەر فشارێکدا بیت ئاڵوگۆری دەسەڵات کرا لە بەغداد .
بە پێچەوانەوە ماڵی کوردی پێش هاتنی داعش ڕێکخستنێکی زیاتری هەبوو هیواکان زیاتربوون بۆ یەکڕیزی نیشتیمانی ، ماڵی کوردی دوای هاتنی داعش لێک ترازاندنی زیاتر و بێ ڕێزی کردنی زیاتر بە یاسا و پەکخستنی پەرلەمان ودروست کردنی بارێکی ئابووری سەخت و مانەوەی سەرۆکی هەرێم بە نایاسای لە پۆستەکەی بە بیانووی مەترسی لەسەر هەرێم و شەری داعش و پاراستنی دەستکەوتەکان ، کە لە هەمان کاتدا بێ ڕێزی کردن بە یاسا و پاساو هێنانەوە بۆ مانەوە لە کورسی دەسەڵات گەورەترین مەترسیە لەسەر دیموکراسی و پەرتبوونی ماڵی کوردی و لە دەستدانی دەستکەوتەکان چونکە پاراستنی دەستکەوتەکان بە یەکریزی وئیرادەی گەل دەبێت نەک دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا .

لە دوای شەری موسڵ چنینەوەی بەرهەمی شەری داعش کە کورد توانیوێتی زۆری خاکەکەی لە عێراق و سوریا بە دەست بێبێت ، کە پارێزگاری کردن لە سەرەکی ترین کارەکانێتی ، ئەوەی جێی نیگەرانیە نەبوونی پەیوەندیەکی دروست و تۆکمەیە لە نێوان کوردستانی رۆژئاوا و باشوردا کە هۆکارەکەی بنەماڵەی بارزانین کە ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ هیچ هێزێکی کوردستانی دروست بکەن کە ئامانجیان دیموکراسی و حکومەتی یەکگرتووبێت بە مانای بەرژەوەندی هاوڵاتی و کوردسستان .

بەپێچەوانەی ئەو بۆچونە سیاسیەی کە دەڵین دوای داعش هەڵبژاردن لە عێراق و کوردستان دێتە ئاراوە و باروودۆخەکە ئاسای دەبێتەوە ، ئەوەی ڕوودەدات نەهامەتی زیاترە و جەنگی زیاترە ، چونکە هەڵبژاردن خزمەتی هێزە سەرەکیە بەهێزەکانی دوای داعش ناکات نە لە عێراق نە ک لە کوردستان ، بەو پێیەی لە کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەشێکی زۆری هێزوئەو چەکەی کە وەک هاوکاری هاتۆتە کوردستان دەست بەسەردا گرتووە وە بەشێکی زۆری نەهامەتیەکانی کوردستانی بەردەکەوێت لە بارودۆخی ئابووری و بێ ڕێزی کردن بە یاسا و زیندوو کردنەوەی دوو ئیدارەیی ، بۆیە هەڵبژاردن خزمەتی بنەماڵەی بەرزانی ناکات لە کاتی ئێستادا و بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە .

پارتی ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێ دەکات ناوچەکانی زۆنی سەوز بکەوێتە کێشەوە و تا بە هەر ڕێگەیەک بێت بتوانێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە کە ناوچەی فەرمانڕەوای خۆی فراوان بکات .
لە عێراق بە هەمان شێوە هێزە شیعیەکان کە خاوەنی نەهامەتیەکانی باشوور و ناوراستی عێراقن کە ئەمڕۆ هەڵبژاردن خزمەتیان ناکات کە خەڵکی عێراق لە کاتی ئێستا دا ڕۆشنبیری سیاسیان زیاترە لە ڕابردوو دەنگ بەو هێزە تەقلیدیانە نادەن کە بەناوی دینەوە چەوساندویانەتەوە .

پاش شەری موسڵ ئەو هێزە زۆرەی حەشدی شعبی کە ئێران پشتگیریان دەکات کە ئامانجیان فراوان کردنی دەسەڵاتی شیعی و دەستگرتنە بەسەر نەوتی کەرکوک دا باشترین کاتە کە لە سنورەکانی کوردستان نزیک بوونەتەوە بە هۆی شەڕی موسڵەوە کە ئێران دەیەوێت دەسەڵاتیان فراوان بکات ، بە و پێیەی کەرکوک کە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دایە نزیکە لە ئێرانەوە دەکەوێتە دوڕیانێکی زۆر ترسناکەوە ..بەم شێوەیە :

یەکەمیان : دژی حەشدی شعبی بجەنگێت بە لایەنی کەمەوە ئێران لە خۆی بڕەنجێنێت کە هاوکاریەکانی ببڕدرێت لەلایەن ئێرانەوە هەروەها بەرژەوەندیە ئابووریەکانی بکەوێتە مەترسیەوە کە بەشێکی زۆری خۆی لەو نەوتەدا دەبینێتەوە کە لەڕێگەی ئێرانەوە دەینێرێتە دەرەوە لەم کاتەدا دەبێت تەسلیمی پارتی بێت بەو مانایەی نەک تەنها پاشکۆی بڕیاری یسیاسی پارتی بێت دەبێت تەنازوولی گەورە بۆ بنەماڵەی بەرزانی بکەن ، چونکە پارتی هێندە حیزبێکی ڕەسەن نیە کە کە یەکێتی بەو هەموو خەباتەوە کە هاوفکری پارتیە لە بنەماڵەکردنی زۆنی سەوز ببێتە نێچیرێک بۆ ئەوەی نەیخوات ( ساڵانێکە پارتی هەوڵ و بەرنامەی بۆ قوتدانی یەکێتی داناوە ) .

دووەمیان : ڕێکەوتنە لەگەڵ ئێران کە زۆنی سەوز بە سلێمانی و کەرکوکەوە بخاتە بەرژەوەندی ئێرانەوە دوو ئیدارەی بچەسپێنێت کە لەم کاتەدا لە بەرژەوەندی زۆنی سەوز نابێت ، کە دژایەتی ئەمریکا بکەیت کە دەیەوێت شریتێکی ئەمنی لە کوردستانی رۆژئاواوە درێژ بێتەوە بۆ کورستانی باشور تا سنورەکانی ئێران لە پێناوی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و دابڕانی حکومەتی سوری لە هەر چوار لاوە تا لە ئایندەدا لە سینارۆیەکی ترسناکی ئاسانتردا تێوەی بگلێنن .

هەروەها بونی پکک لە سنجار هۆیەکی باش بوو تا پارتی لە دوای شەڕی موسڵ بەکاری بێنێت بۆ دروست بوونی ئاڵۆزی تا خۆی لە دیموکراسی و هەڵبژاردن بدزێتەوە بەڵام بەهۆی ڕۆشبیری سیاسی پکک ودیدو تێگەشتنیان لە ڕووداوەکان و باروودۆخی ئێستای ناوچەکە هەوڵیان دا بە ڕێکەوتن بگەنە چارەسەر.

ئەگەر هیزە شیعیەکان هێرش نەکەنە سەر کوردستان و لە داهاتوودا ئاڵۆزی لە نێوان پکک و پارتی درووست نەبێت لە کوردستانی باشور پکک بکشێتەوە بە پێی ڕێکەوتنی نێوانیان هیچ ڕێگەیەک نەمێنێت بۆ خۆ دورخستنەوە لە هەڵبژاردن پارتی کارتەکانی دەسوتێت بۆیە پارتی بە هەر ڕێگەیەک بێت جەنگ هەڵدەگیرسێنێت .

Previous
Next

Leave a Reply