Skip to Content

665 Views

چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەرو ڕوناکبیر ئومێد قه‌ره‌داخی  … سازدانی : به‌ناز عه‌لی

چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەرو ڕوناکبیر ئومێد قه‌ره‌داخی … سازدانی : به‌ناز عه‌لی

Be First!
by April 25, 2017 General, Opinion, Slider
image_print

ئومێد قه‌ره‌داخی:
هه‌ژاری و پاشكه‌وتوویی ئاستی خوێنده‌واری فاكته‌رێكی به‌هێزی به‌داعشبوونه‌ له‌ كوردستاندا
سازدانی : به‌ناز عه‌لی

بێگومان داعش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و ناوچه‌كه‌، ئه‌م مه‌ترسییه‌ ته‌نها له‌ ده‌ره‌وه‌ نایه‌ت به‌ڵكو له‌ناوخۆشه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت، كۆمه‌ڵگای كوردیش یه‌كێكه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو داعش تیایدا سه‌ریهه‌لداوه‌ و هه‌زاران كه‌سی به‌ داعش به‌خشیوه‌، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ داعش مه‌ترسییه‌كی جدییه‌ له‌سه‌ر ئازادی و ماف و مه‌ده‌نیه‌ت له‌ كوردستاندا، له‌ ماوه‌ی رابردوودا، توێژه‌ر و مامۆستای زانكۆ ئومێد محمد ناسراو ئومێد قه‌ره‌داخی ده‌ستیكردوه‌ به‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی گرنگ و به‌ربڵاو له‌ باره‌ی داعشه‌كانی كوردستانه‌وه‌ ، به‌ گرنگمان زانی له‌ باره‌ی توێژینه‌وه‌كه‌یه‌وه‌ بیدوێنین

پرسیار : توێژینه‌وه‌ له‌ باره‌ی داعشه‌وه‌ توێژینه‌وه‌یه‌ له‌ باره‌ی یه‌كێك له‌ حه‌ساسترین و مه‌ترسیدارترین بابه‌ته‌كان ، چۆن بوو ئه‌م بابه‌تان بۆ توێژینه‌وه‌ هه‌ڵبژارد؟

ئومێد قه‌ره‌داخی: بێگومان بایه‌خی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌وه‌دایه‌ كه‌ یارمه‌تیمان ئه‌دات به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و بابه‌تی له‌ دیارده‌یه‌كی دیاریكراو تێبگه‌ین ، ئامانج و پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ش تێگه‌یشتنی زانستیه‌ له‌ باره‌ی داعشه‌ كورده‌كانه‌وه‌ ، هه‌وڵدانه‌ تا بتوانین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ داعشه‌ كورده‌كان كێن ؟ ته‌مه‌نیان چۆنه‌ ؟ ئاستی هۆشیاری و خوێنده‌وارییان به‌ چ شێوه‌یه‌كه‌ ؟ گرنگترین فاكته‌ره‌كانی بوون به‌ داعش چییه‌ له‌ كوردستان ؟ ئه‌مانه‌ و زۆر پرسی تری دیكه‌ ئه‌كرێت له‌ رێگای توێژینه‌وه‌وه‌ وه‌ڵام بدرێته‌وه‌ ، كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ ، من زۆر به‌لامه‌وه‌ گرنگه‌ كاری توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ین ، ئه‌مه‌ به‌ دواندنی راسته‌وخۆی خودی داعشه‌كان خۆیان ، تا له‌ زاری خۆیانه‌وه‌ لییان تێبگه‌ین.

پرسیار : ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ به‌ ده‌ستكه‌وتوه‌ ئه‌كرێت پێمان بڵێی داعشه‌ كورده‌كان كێن؟

ئومێد قه‌ره‌داخی: داعشه‌ كورده‌كان بێگومان مرۆڤی كوردن ، له‌ نێو هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌تی كوردستاندا چوونه‌ته‌ نێو داعشه‌وه‌ یان بون به‌ به‌شێك له‌ داعش ، ئه‌وان هه‌ڵگری ئایدۆلۆجيای سه‌له‌فییه‌تی جیهادین و كۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر كوفر و ئیماندا دابه‌ش ئه‌كه‌ن ، ده‌سه‌ڵات ماده‌م شه‌ریعه‌ت جێبه‌جێناكات كوفره‌ و جیهادكردن‌ له‌سه‌ر مسوڵمانان واجبه‌ ، هه‌تاوه‌كو له‌ رێگای جیهاده‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتێك بسه‌پێنن كه‌ شه‌ریعه‌ت جێبه‌جێ بكات
داعشه‌ كورده‌كان به‌ پێی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌ی مندایه‌ ، 82.1% داعشه‌كانی كورد نه‌خوێنده‌وار بوون، هه‌ڵگرانی بروانامه‌ی به‌كالۆریس ته‌نها 3.5 ئه‌ندامانی داعش بوون له‌ چوارچێوه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌دا و رێژه‌ی 0.7 هه‌ڵگری ماسته‌ر بوون ، هه‌روه‌ها رێژه‌ی 26.4% پێش بوون به‌ داعش پیشه‌یان كرێكار بوون ، هه‌روه‌ها رێژه‌ی 25% ئینتیما داعشه‌كان پێش به‌داعشبونیان سه‌له‌فی بوون ، ئه‌مانه‌ داتایانه‌ ئاماژه‌ی روون به‌ده‌سته‌وه‌ ئه‌ده‌ین له‌باره‌ی بوون و ناسنامه‌ی داعشه‌ كورده‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌مان پێ ئه‌ڵێن كه‌ داعشه‌ كورده‌كان هۆكارێكی به‌هێزی بونیان بریتیه‌ له‌ نه‌خوێنده‌واری ، هه‌روه‌ها هه‌ژاری و كه‌می ئاستی داهات ، هه‌تا ئاستی خوێنده‌واری به‌رزتر بێت و جۆری ژیان و كار باشتر بێت ئه‌گه‌ری بوون به‌داعش له‌ناو ئه‌و گروپانه‌دا كه‌متر ئه‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سه‌له‌فیه‌تیش رۆڵێكی ئێجگار گه‌وره‌ی بینیوه‌ له‌ بوون به‌داعشدا و هزری سه‌له‌فییه‌ت كۆمه‌كێكی گه‌وره‌ ئه‌كات به‌ هزر و ئه‌ندێشه‌ی داعش.

پرسیار: به‌ ته‌سه‌وری تۆ گرنگترین هۆكاره‌كانی بوون به‌ داعش له‌ كوردستاندا چییه‌؟

ئومێد قه‌ره‌داخی: له‌ راستێدا كۆمه‌ڵێك هۆكاری گرنگ له‌ پشت بوون به‌ داعشه‌وه‌ هه‌یه‌ ، له‌ گرنگترین ئه‌و هۆكارانه‌ كه‌ ئه‌توانین به‌ خاڵ ئاماژه‌ی پێ بكه‌ین:
فاكته‌ری یه‌كه‌م: هه‌ژاری و بێكاری و نزمی ئاستی داهات، یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كان بۆ به‌داعشبوون، به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی رێژه‌ی بوون به‌داعش له‌و توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دا زور به‌رزه‌ كه‌ ئاستی داهات تیایدا نزمه‌ ، كه‌ هه‌ژاری و بێكاری تیایدا بڵاوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌و توێژه‌ كۆمه‌ڵاتیانه‌ی كه‌ له‌ خۆشگوزه‌رانیدان ، له‌ كار و چالاكی ئابووری باش و ئاستبه‌رزداندا ، زۆر به‌كه‌می دیارده‌ی به‌داعشبوون تیایدا ده‌ر ئه‌كه‌وێت.

فاكته‌ری دووه‌میش بریتیه‌ كاریگه‌ر له‌ گه‌شه‌پێدانی هزری و ئه‌ندێشه‌ی سه‌له‌فییه‌ت و رادیكالیزمی ئیسلامییه‌ ، كه‌ له‌ رێگای ره‌وت و گرووپه‌ سه‌له‌فی و ئیسلامیسته‌كانه‌وه‌ خۆی ئه‌خزێنێته‌ ناو هۆشیاری ئیسلامییه‌وه‌، خۆی وه‌ك به‌شێكی گرنگی ئایینی و میكانیزمی تێگه‌یشتن له‌ ئایین ئه‌خاته‌ روو ، ئه‌م تێرمه‌ سه‌له‌فییه‌ حه‌قیقه‌تی ئایین له‌سه‌ر خۆی تاپۆ ئه‌كات ، جه‌وهه‌ر ئه‌م تێزه‌ سه‌له‌فییه‌ بریتییه‌ له‌ پۆلینكردنی دنیا به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ردا ، به‌سه‌ر هه‌ق و باتڵدا ، به‌سه‌ر كوفر و ئیماندا ، به‌سه‌ر ره‌وشت و بێ ره‌وشتیدا ، بێگومان هه‌ق و ئیمان و ره‌وشتیش هه‌ر خودی سه‌له‌فیه‌ت نه‌ك كه‌سی تر و ره‌وتی تر و ئاراسته‌ی تر ، ئیدی ئه‌م ئاراسته‌ فیكر ی و هۆشیارییه‌ له‌ ئایین ئه‌بێته‌ هۆی ئاماده‌كردنی باشترین زه‌مینه‌ بۆ گه‌شه‌ی داعش ، بۆ باوه‌رهێنانی گه‌نجه‌كانی سه‌له‌فییه‌ت به‌ داعش، به‌ پێی ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌ی من 25% ئه‌وانه‌ی بوون به‌ داعش پێشتر سه‌له‌فی بوون، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی یه‌كجار روونه‌ له‌ كاریگه‌ری سه‌له‌فییه‌ت بۆ به‌داعشبوون، بۆ به‌خشینی هاوڵاتیانی كورد به‌ داعش.

فاكته‌ری سێیه‌میش بریتیه‌ له‌ داخراوی كۆمه‌ڵایه‌تی ، واته‌ ئاستی شارستانیبون و كرانه‌وه‌ی ژیان و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ، هه‌تا ئاستی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی نزم بێت ، داخراو بێت ، كه‌متر رێگا به‌ كرانه‌وه‌ و تێكه‌ڵبوونی ره‌گه‌زیی بدرێت ئه‌وا زیاتر زه‌مینه‌ بۆ قبوڵكردنی فیكر و ئه‌ندێشه‌ی داعش خۆش ئه‌بێت ، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیاتر دیموكراتیزه‌ بكرێن، زیاتر بواری ئازادی تاكه‌كه‌سی و ئازادی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی هه‌بێت ، ئه‌وا كه‌متر داعش گه‌شه‌ ئه‌كات ، كه‌متر بیری داعشی قبوڵ ئه‌كرێت، من له‌ میانه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌م له‌گه‌ڵ داعش به‌ روونی تێبینی ئه‌وه‌م كردوه‌ كه‌ داعشه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌رهه‌می ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی داخراون ، به‌رهه‌می بیری خێلگه‌ری و به‌رهه‌می په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ركوتكرا و پر له‌ ترس و شه‌رمن …. هه‌موو ئه‌مانه‌ تێكرا وا ئه‌كه‌ن كه‌ فكری داعش گه‌شه‌ بكات .

پرسیار : به‌رای ئێوه‌ گرنگترین چاره‌سه‌ر چییه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش له‌ كوردستاندا ؟

ئومێد قه‌ره‌داخی : به‌ رای من پێویسته‌ له‌ دوو ئاستی سه‌ره‌كیدا كار بكرێت ، ئاستی یه‌كه‌م ، رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هه‌ژاری و گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی سامانی نیشتیمانیدا ، ئه‌مه‌ وا ئه‌كات كێشه‌ی چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌ژاره‌كان چاره‌سه‌ر ببێت و بوارێكی ئه‌وتۆ نه‌مێنێت بۆ گه‌شه‌ی داعش كه‌ به‌رده‌وام سوود له‌ هه‌ژاری و نه‌بوونی كار و نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری وه‌ر ئه‌گرێت.
ئاستی دوه‌میشیان : پێویسته‌ به‌ توندی رووبه‌رووی هزر و ئه‌ندێشه‌ی داعش ببینه‌وه‌ ، له‌ رێگا كتێب و نوسین وگوتاره‌وه‌ ، له‌ رێگای بیری عه‌قلانی و دیموكراسییه‌وه‌ بیری سه‌له‌فییه‌ت و توندره‌وی ئایینی نه‌هێلرێت و بواری گه‌شه‌كردنی پێنه‌درێت ، به‌م دوو رێگه‌یه‌ ئه‌توانین هه‌نگاو بنێیین.

Previous
Next

Leave a Reply