Skip to Content

تاجەکەم شایەنی کێیە..؟… شانۆییەکە لە یەک پەردەدا… نووسینی: رەزا شوان

تاجەکەم شایەنی کێیە..؟… شانۆییەکە لە یەک پەردەدا… نووسینی: رەزا شوان

Closed
by ئه‌یلول 9, 2018 General, Theatre

کەسایەتییەکان بە پێی دەرکەوتنیان لەسەر شانۆ:
١ـ مەرگ
٢ـ ئیزرائیل
٣ـ نەخۆشی
٤ـ برسێتی
٥ـ نەخوێندەواری
٦ـ گەندەڵی
٧ـ دووبەرەکی
٨ـ داعـش
٩ـ نیشمان فرۆش
١٠ـ چوار پێشمەرگە کە دوانیان کچن.
١١ـ کۆمەڵەڵێک منداڵی کوڕ و کچ بە جلی کوردییەوە.

(شوێن تەختەی شانۆ.. لە ناوەڕاستی سەر شانۆکەدا، لە لای دواوە.. کورسییەکی شاهانەی جوان دانـراوە.. دیکۆری پشت کورسییەکەوە، دیمەنێکی شاری کەرکوکە و ئاگرەکەی باوەگوڕگوڕ دیارە.. تاوەری نەوت..مـەرگ دێتە سەر شانـۆکە.. شێوەیەکی زەبـەلاح و زۆر ناشیرینی هەیـە.. لووتێکی درێـژ.. دوو ددانـی گـەورە و درێـژی هەیـە.. برۆکـانی زۆردرێـژن.. پەنجەکـانی قـەینـاغی درەو کە بە بۆیـە سوورکراون لە پەنجەکانی دان .. جووتی کەوشی درێژوولکـەی لە پێـدان.. جلـوبەرگـێکی شێوە تایبەتی لە بەردایە.. تاجـێکی زێڕینی لە سەردایە.. دێت و لەسەر کورسییەکەدا، دادەنیشێت..)

مەرگ (لەسەر سنگی نووسراوە ـ مەرگ ـ هاواردەکـات): ئیزرائیل.. ئیزرائیل.

ئیزرائیل (لە سەر سنگی نووسراوە ـ ئیزرائیل ـ دێتە سەر شانۆ): بەڵێ گەورەم..
(لە بەردەم مەرگـدا سەری دادەگـرێت و دەچەمێتەوە..) فەرمانکە گـەورەم.
مەرگ: ئیزرائیل.. هەر ئێستا دەستوپێوەندەکـانم بۆ بانگ بکە.. دەمەوێت تاجە زێڕینەکەم
پێشکەش بەو دەستوپێوەندەم بکەم.. کە لە هەمـوویان زیاتـر خزمەتی کـردووم.
ئیزرائیل: بەڵی گەورەم.. فەرمانتە.. هەر ئێستا یەک بە یەک بانگیان دەکەم..(هاوار دەکات)..
نەخۆشی .. نەخۆشی.

نەخۆشی (دێتە سەر شانۆ..لەسەر سنگی نووسراوە ـ نەخۆشی ـ وەڵام دەداتەوە): بەڵی ئیزرائیل..
ئیزرائیل (بۆ لای راستی شانۆکە ئاماژەدەکات..): بـڕۆ .. لەوێوە بوەستە.
نەخۆشی: بەڵێ بەڕێزم.. (دەچێت و لە لای راستی شانۆکە دەوەستێت و.. رووی لە بینەران دەکات)
ئیزرائیل: برسێتی.. برسێتی.. وا دیارە کەڕنیت.. برسێتی.
برسێتی (دێتە سەر شانۆ.. لەسەرسنگی نووسراوە ـ برسێتی ـ وەڵام دەداتەوە..):
بەڵێ .. بەڵێ .. ئیزرائیل گیان ببـوورە.. کەمی دوور بـووم.. فەرمانکە.
ئیزرائیل: بـڕۆ لە لای چەپی نەخۆشییەوە بوەستە.
برسێتی: بەڵێ بەڕێزم.. (دەچێت و.. لای چەپی نەخۆشییەوە دەوەستێت..)
ئیزرائیل: نەخوێنداواری.. هۆ نەخوێندەواری.
نەخوێندەواری (دێتە سەر شانۆ.. لەسەر سنگی نووسراوە ـ نەخوێندەواری ـ وەڵام دەداتەوە..):
بەڵێ بەڕێـزم.. فەرمانکە.
ئیزرائیل: بڕۆ لە تەنیشتی برسێتییەوە بە جـوانی بوەستە.
نەخوێندەواری: بەڵێ باشە.. (دەچێت.. لە لای برسێتییەوە دەوەستێت..)
ئیزرائل: گەندەڵی .. هۆ گەندەڵێ.. ئەو بۆ وەڵام ناداتەوە.. (بە تووڕەییەوە) گەندەڵی .. گەندەڵێ.
گەندەڵی (دێتە سەر شانۆ.. لەسەر سنگی نووسراوە ـ گەندەڵی ـ وەڵام دەداتەوە..): بەڵێ بەڕێزم.
ئیزرائیل: ئەوە کەڕیت.. گوێت لە هـاوارم نەبوو؟
گەندەڵی: ببوورە.. سەرقاڵی کارێک بووم بـووم و گوێم لێنەبوو.. فەرمانکە.
ئیزرائیل (ئاماژە بۆ لای چەپی شانۆکە دەکات..): بڕۆ لەوێوە بۆستە.
گەندەڵی: بەڵێ فەرمانتە.. (دەچێت و لای چەپی شانۆکە دەوەستێت و.. رووی لە بینەران دەکات..)
ئیزرائیل: دووبەرەکی.. دووبەرەکی.. کورە دەبەرکی.
دووبەرەکی (دێتە سەر شانۆ.. لەسەر سنگی نووسراوە ـ دووبەرکی ـ وەڵام دەداتەوە): بەڵێ بەڕێزم.
ئیزرائیل: بڕۆ لە لای چـەپی گەنـدەڵییەوە بوەستە.. رووت لە خەڵکییەکە بکە.
دووبەرەکی: بەڵی بەڕێـزم فەرمانتە.. (دەچێت و.. لای چەپی گەندەڵییەوە دەوەستێت..)
ئیزرائیل: داعش.. داعش.. داعش.. وادیارە لە تونێلێکدا خۆی حەشار داوە.. داعش .. داعش.
داعش (دێتە سەر شانۆ.. لەسەر سنگی نووسراوە ـ داعش ـ سەر و ریشێکی درێژ و هەیە.. کراس و کورتەکێکی دەستوور ئەفغانی و شەرواڵێکی خامی سپی و سەر و مێزەرێکی رەشی لەبەردایـە. ئاڵایەکی رەش و .. شمـشێرێکی خوێناوی بە دەستەوەیە.. لە شـێوەی پشتێنێکی خۆکـوژی لە پشتیدایە.. وەڵامی ئیزرائیل دەداتەوە..): اللە اکبر.. اللە اکبر.. ئیزرائیل.. بۆ چی بانگت کـردم.
ئیزراعیل: بـڕۆ.. بە جـوانی و رێکی لە لای چـەپی دووبەرەکییەوە بوەستە.
داعش: باشە بەڕێـزم..(دەڕوات و لە تەنیشت دووبەرەکییەوە رادەوەستێت.. سەیری لای کچ و ئافـرەتەکانی ناو هۆڵەکەدەکـات و.. چاویان هەڵدەتەکـێنێ و دەست بە ریشەکەیدا دەهێنێت..) جوانن.
ئیزرائیل: نیشتمانفـرۆش.. نیشمان فـرۆش .. وادیـارە خەریکی پارەوەرگـرتنە.
نیشمان فـرۆش: ببوورە بەڕێزم.. ئەوە خەریکی فرۆشتنی پارچەیەکی تری نیشتمان بووم.. نەمویست لەکیسم بچـێت بە قـست فـرۆشتم.
ئیزرائیل: بڕۆ لە تەنیشتی داعشی هاوڕێتەوە بوەستە. رووت لە خەڵکی نیشتمان فرۆشراو بکە.
نیشتمان فـرۆش: جەنابی ئیزرائیل.. ببوورە.. من ناوێـرم روویـان لێکەم..!
ئیزرائیل: تۆ هەمیشە ترسنۆک بێغـیرەت بوویتە.
(هەموو خەڵکی بینەرانی ناو هۆڵەکە هەڵدەسنە پێوە و.. هەمـوویان.. چەمـۆڵە لە نیشتمان فرۆش دەنێن.. سێ جـار، تفوو.. تفوو.. تفووو.. هەی ناباکی کوڕی ناپاک.. گەورەترین بەشی کوردستان فرۆشت.. تفوو.. تفوو.. تفووو)
ئیزرائیل (لە بەردەم مەرگدا دەچەمێتەوە..): فەرموو گەورەم.. فەرمان کە.

مەرگ: دەستوپێوەندە دڵسۆزەکـانم.. دەزانن بۆچـی بانـگم کـردوون.
هەموویان: نەخێر گەورەمـان نازانین بۆچی بانگـت کـردووین.
مەرگ: گوێم لێبگرن.. دەزانـم هەمووتان دڵسۆزمن و خزمەتان کردووم.. بۆ ئەوە بانگم کردوون
دەمەوێت تاجـە زێڕینەکـەم پێشکەشی ئەوەتـانی بکەم، کە لە هەمووتـان زیاتر خـزمەتی کردووم..
ێستا هەر یەکەتان چ خزمەتێکتان کردووم بۆمی باس بکەن.. تا بزانم کێتان شایەنی تاجەکەمن..؟
ئیزرائیل: با لە نەخۆشییەوە دەست پێبکەین.. نەخۆشی بۆ گەورەمانی بگێڕەوە کە چیت کـردووە.

نەخۆشی: گەورەم مەرگ.. من دەرد و پەتایەکی زۆرم بڵاوکـردۆتەوە.. سوپایەکی گەورە و چالاکی ڤایرۆس و بەکتریام هەیە.. سوودیشم لە بێدەرمانی و بێ پارەیی خەڵکی ئەم وڵاتە و لە بارودۆخـی ئەمڕۆیان وەرگرتووە.. ژمـارەی پزیشکەکـان و پەرستیارەکـان و نەخۆشخانەکـان کەمـن و لەهـەقم نایەن. لەم ماوەیەدا خەڵکییەکی زۆرم بە پەتای کـوشندە کوشتوون.. کەواتە مـن خـزمەتێکی زۆرم کردووی.. بۆیە خۆم بە شایەنی وەرگـرتنی تاجە زێڕینەکەی بەڕێزتان دەزانـم.
برسێتی (روو لە نەخۆشی دەکات و بە تەڵفیسییەوە پێیدەڵێ): رەنگ زەردەوەبوو.. فشەی زل مەکە.
بـڕۆ شاری کەس نەتناسێ….. خـۆت هەڵکێشە پڕ بە کـراسێ.
نەخۆشی (وەڵامی برسێتی دەداتەوە): ئەی سیسەڵەی وشکەوەبوو.. ئەوە لەوچە لەوچـی چیتە.. خۆ جەنابیشت سەری شاتان نەپەڕانـدووە.. چیتان لەمن زیاتـر کـردووە؟
ئیزرائیل (بە تووڕەییەوە): بێدەنگ بن.. کاتی ئەم مشتومڕە نییە.. بێرێزی بە یەکتری مەکەن.. دەبێ بـزانن کە لە بەردەم کێدا قسەدەکەن.. دەی برسێتی تۆ باسی خۆتمان بۆ بکە.. کە چیـتان کـردووە.

برسێتی (روو لەمەرگ دەکات): گـەورەم.. من نەبوونی و هـەژاری و بێکاری و بێ مووچـەیی و گـرانیم خستۆتە نێو زۆربـەی خـەڵکی ئەم وڵاتـەوە.. خـێزانێکی زۆرم بـرسی و توینی کردوون.. رەش و رووتن، نـان نییە کە بیخۆن، دەسەڵاتـدارانی تێریش، بێباکن و یارمـەتیـم دەدەن، چونـکە ئەوانیش زۆریان پێخۆشە کە خەڵکی برسی و نەبـوون بن، تا دوایان بکـەون.. ژمارەیەکی زۆری منـداڵانیش لەبەر نەبوونی و دەستکورتی و وازیان لە قوتابخـانە و لە خوێنـدن هێناون.. کـەواتە تاجەکەت شایەنی منە.
گەندەڵی: برسێتی نابی هـەر باسی خۆت بکەیت.. بۆ وادەزانـی ئێمە خەریکی پیاز پاکـردن بووینە.
برسێتی (برسێتی بە تووڕەییەوە وەڵامی گەندەڵی دەداتەوە): ئەری گەنـدەڵی بۆگـەن و قـێزەوەن من کەی ناوی تۆم هێناوە.. تۆ خۆت لەهەموو شتێک هەڵـدەقورتێنی و.. بوویتە بە کەوگیری نیو هەموو مەنجەڵێک.. حاڵت جوانە.. بـڕۆ بەر ئاوێنە و لە خۆت بـڕوانە.
گەندەڵی (سەیرێکی برسێتی کرد): دەمـدرێژی مەکە.. لە بەردەم گەورەم نەبوایە.. تەمێم دەکـردی.
ئیزرائیل: ئەم ژاکـە ژاکەتـان لە چییە.. بێدەنگـبن.. سوکـایەتی بە یەکـتری مەکەن.. دەی گەنـدەڵی نۆرەی تۆیە کە باسی کارەکانت بکەیت.
گەندەڵی (روو لە مەرگ دەکات): گەورەم، بۆ کەس هەیە من نەناسێت..؟ من گەندەڵێم.. لە هەموو شوێنێکدا قـوت دەبمـەوە.. کارەکـانم هێندە زۆرن لە ژمارە نایـەن.. بۆ نموونە: بەرتیـل و دیـاری وەرگـرتن ..دەم چـەورکـردن.. پێشێلکردنی یاسا.. دزینی سامـانی خەڵـکی.. خـزم خـزمێـنە.. حـزب حزبێنە.. خۆ خۆیی و قورخکردن.. خۆپەرستی.. جیاوازی و نادادپەروەری.. رۆتین و رانەپەڕاندنی کـاری خەڵکی.. مامـە حەمـەیی و ماستاوکـردن.. شان تەکاندنی گـەورەکان.. واسیتە.. هەلپـەرستی.. ئەمانە و گـەلێ شتی تریش.. ئەمانـە کاری منن.. هەر لە من دەوەشێنەوە.. ئەگەرچی پرۆژەیەک بە ناوی (چاکسازی و دژەگەنـدەڵی) لە ئارادایە.. بۆ رووبەڕووبوونەوە و دژایەتی مـن.. بەڵام پێکەنینم پێی دێت.. چونکە ئەو پرۆژەیە هەر قسە و فیشاڵی دەسەڵاتداران.. درۆی رووتن.. بۆیە ترسم لێیان نییە و بە من ناویرن.. شایانی باسیشە کەسی نەشیاوم خستۆتە شوێنی نەشیاوەوە.. رەجەبم کردوەە بە سەرپاڵەیان.. گـەورەم.. تاجـە زیڕینەکەت شایستەی منە و.. بە منی ببەخشە.
ئیزرائیل: دووبەرەکی.. نورەی تۆیە باسی خۆتمان بۆ بکەیت.. چیت کـردووە و چیت نەکردووە؟
دووبەرەکی: گەورەم.. خەڵکی هەموویان باش من دەناس.. کە من چ زیان و نەهامەتییەکم بەسەر
خەڵکی هێناون.. ئاژاوەگـێڕی.. ململانێ.. نەسازان و رێکنەکەوتن.. یەکنەگـرتن.. بەربەرەکـانی و تاوانبارکردنی یەکتری.. سووکایەتی و شەڕە قسەی و شەڕە جوێنی راگەیاندن و میدیاکـان.. رق و کینە و دوژمنایەتی.. خۆپەرستی و بەرژەوەندی پەرستی.. نەک کوردایەتی و کوردستان پەروەری. گەورەم، من برا و برا.. خوشک و خوشکم کردوون بە دوژمنی یەکتری.. دروشمی من (پەرتکە و زاڵبە)یە.. تا ئێستا یەکێتی و یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی لە ناو خەڵکیدا نییە و تەنیا دروشمی بریقەدار و قسەی رووتن.. ئەویان دەڵێ سیر و ئەوەی تریان دەڵێ پیاز.. من منم و تۆ تۆییە.. باڵ باڵێنەیە.. رق رقـێنەیە.. وام لێیان کردووە کە ئاگایان لە داگیرکەران و لە دوژمنەکانیان نەماوە.. هەر کاکـە و خۆی بە قـارەمان دەزانێت.. کـردوومە بە وڵاتێکی فـرە کوێخـا و بێسـەرە و بـەرە.. دەم رووتی هیـچ لەبارم زۆرکـردووە.. کەسی وەکو من شایەنی وەرگرتنی تاجەکەت نییە.
داعش: اللە اکبر.. اللە اکبر.. (شمشێرەکەی بۆ لای ملی دووبەرەکییەوە دەبات..).. لەسەری مەڕۆ.
دووبەرەکی: ئەم دەعبا قێزەوەنە نامۆیە کێیە..؟! وا پێدەچێت کە تۆ خەڵکی تاریکستان بیت.. ئەی ئەوە چیـیە لەپشتت بەستووە..؟ دەستەکـانت بە خوێنەوەن.. لە تەنوورخـانـدا دەژیت..؟!
ئیزرائیل: دەی داعشی نوکەر و دەستوپێوەندی تـازە.. لە ئەمـڕۆدا لە جیهاندا، باس لە تـاوانە بێوێنەکانی تۆ دەگـرێن.. ئـەوەی تۆ دەیکەیت شەیتانیش رێی پێ نابـات.. هەمـوو سـنوورێکت بەزاندووە.. خۆت بۆمانی بگێڕەوە کە چیت کردووە.. ئەگەرچی کردەوەکانت روون و ئاشکران.
داعش: اللە اکبر.. اللە اکبر.. من داعشم.. بەڵام من نۆکـەرێکی تازەی ئیسلام نیـم.. ئێمە زیـاتر لە (١٤٠٠) ساڵە ئـەم کـار و پیشەمـان بووە.. لە باوباپیرانمانەوە بۆمـان ماوەتەوە..ئێمە ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت هەر نۆکەر و بەکرێگیراوبوونە.. ئێمە دڵسۆزترین خزمەتکاری مەرگین.. ئەوەی ئێمە کردوومانە.. لە هیچ سەردەمێکدا نەکراوە.. ئێمە دەکوژین و دەبڕین و دەسووتێنین و کاول دەکەین. دەست لە منداڵی ناو لانک و لە پیر و پەکەوتە و ژنیش ناپارێزین.. دەیان کوژین یا زیندە بە چاڵیان دەکەین.. تـاڵان و دزی و ئابڕووبردنی ئـافرەت و پەلاماردانی کچی نۆ ساڵانیش لای ئێمە حەڵاڵـن.. ویژدان، بەزەیی، رەوشت، مرۆڤایەتی، قورئان، حەدیس، شەریعەت ئەمانە لە فەرهـەنگی ئێـمەدا نین.. تەنها بۆ پەردەپۆشیش ئاڵای (لا الە الا اللە) مان بەرزکردۆتەوە.. یاسا و رێساش بە لامانەوە قسەی بێ مانانن.. ئێمە دۆژمنێکی زۆر سەرسەختمان هەیە.. هەرچەند دەکەین دەرەقەتیان نایەین.
مەرگ: کێن ئەو دوژمنە سەرسەختانەتان؟
داعش: گەورەم ناویان پێشمەرگەیە.. بەڵی تەنها لە (پێشمەرگەیە) دەترسین.. تەنگیان پێهەڵچنیوین .. ناتوانین رووبەرووی هێڕشەکانیان ببینەوە.. تەنانەت لە نێو تونێلەکانیشدا بین دەمان دۆزنـەوە.. بە دەستی خۆمان نییە کە ناوی پێشمەرگە دێت لە ترسان لەرزمان لێدێت و میز بە خۆماندا دەکەین.. کونە مشکمان لێدەبێت بە قەیسەری.. دەشزانن کە گەلێ کاری خۆکوژیمان لە شار وشارۆچکەکاندا ئەنجام دان.. گرنگیش نییە بە لامانەوە کێ دەکـوژرێن.. گرنگ بەڵامانەوە کوشتن و خوێنـڕشت و وێرانکردنە.. شایەنی باسیشە ئەم رەفتار و کردەوە جوانانەمان.. بەشێکی نەمـرن لە کولتوورێکی رەسەنمان، کە لە باوباپیرانمـانەوە و بۆمـان ماونەتەوە.
جەنابی مەرگ.. من لە هەموو کەسێ زیاتر خـزمەتم کـردووی.. تاجـە زێڕینەکەت شایەنی منە.
نیشتمان فرۆش: بێـدەنگ بە داعش.. وا دیـارە لە بەرچـاوت نییە کە چـەند یارمـەتیم داون.. کەم نەوت و گـاز و شتی تـرم پێفرۆشتن..؟
ئیزرائیل: کاتی باسکردن و هەڵماڵینی هاوکـارییە نهێنییەکـانی نێوانتان نییە.. دەی نیشتمان فرۆش تۆ چیت کردووە بۆمـانی بگـێرەوە.
نیشتمان فـرۆش: ئەوە منم کە خـۆڵم لە چـاوی ئەم میللەتە کـرد.. مـنم بووم بە كڵاو سووری پيش لەشکری داگیرکـەر.. من بە دەیـان پێشمەرگـەم بە کوشـتدا.. و بە هـەزارن خێزانم بە گورگان خوارد دا.. منم بە هەرزان و بە پـارە و بەبێ پـارە رووبەرێکی زۆری نیشتمانم فـرۆشت.. بـەڵام نیشتمان کڕەکان فێڵیان لێکـردم.. نە پارەیان پێـدام.. نە سوپاسیشیان کـردم.. سەرەڕای ئەوەش بە چاوێکی سسوکیشەوە لێـم دەڕوانـن.
مەرگ: بەڵێ راست دەکەی.. ئـەوەی تۆ کـردووتە کەس نەیکـردووە.. تاجـەکەم بە تـۆ دەبەخـشم.. وەرە پێشەوە با بیخەمـە سەرت.
(نیشتمان فرۆش لە مەرگ نزیک دەبێتەوە.. بۆ ئەوەی مەرگ تاجـەکە زێڕینەکەی خۆی لەسەری بکات.. بەڵام پێش ئەوەی کە تاجەکـە بنێتە سەر نیشتمان فرۆش.. هەمـوو ئەو بینەرانەی کە لەناو هۆڵەکـەدا هەڵدەسنە سەر پێوە و روویان لە نیشتمان فـرۆش کرد)
جەماوەر و ئەو چوار پێشمەرگەیە: تفوو.. تفوو.. تفووو.. نەفـرەت.. نەفـرەت.. نەفـرەتان لێبێت.
کچەپێشمەرگەیەک لە چوار پێشمەرگەکەی ناو هۆڵەکە: ئەی نیشتمان فرۆشی ناپاک.. بەکرێگیراو.. خۆفـرۆش.. رووڕەش.. نۆکەری قێزەوەن.. سەرشۆڕ.. کلکشۆڕ.. سووک و رسوا.. لە پـاڵ هـەچ لایەنێکدابیت و خۆت و هـاوڕێیانی ناپـاکت دەربازبوونتان نییە.. ئەم ڕۆ رۆژی ئەوەیـە کە سـزای ناپاکیتان وەربگرن.. رسوابکرێن.. ببن بە پەند بۆ هەموو کوردستان فـرۆشێکی ناپاک.. رامەکەن وا هاتین.. وا هاتین..

(جەماوەری نێو هۆڵەکە و ئەو چوار پێشمەرگەیە بە چەکەوە هێڕش دەکەن بۆ ئەوەی کە بچنە سەر تەختەی شانۆکە و پەلاماری نیشتمان فـرۆش و مەرگ و دەست وپێوەندەکانی تری بدەن.. بـەڵام مەرگ تاجـە زێڕینەکەی فرێدەداتە سەر شانۆکە و لەسەر کورسییەکەی دادەبەزێ)
نیشتمان فـرۆش: گەورەم راپەڕین گەل دەستیپێکرد.. خـێرا با راکـەین.. با راکةەین .. با خۆمان دەربازبکەین.. ئەمە ئەو رۆژەی کە تیادەچـین.. راکەن.
(مەرگ و دەستوپێوەندەکـانی زۆر بە خێرایی بۆ پشتەوەی شانۆکەوە رادەکەن .. لەچاو ونـدەبن.. پێشمەرگەکـان و جەمـاوەریش دەچـنە سەر شانـۆکە..)
پێشمەرگەیکیان: بەڵـێن بێت.. بەڵـێن بێت.. واز لە خەبات و لە تێکوشان ناهێنین.. دەست لە چـەک هـەڵناگـرین.. تا کوردستان لە داگیرکـەران و لە خۆفـرۆشان و لە نیشتمان فـرۆشان رزگـارنەکەین.
جەماوەر(پێکەوە، بە دەنگێکی قایم): بژی کـورد.. بژی کـوردستان.. بژی پێشمەرگـەی قارەمـان.

(کۆمەڵێک منداڵی کوڕ و کچ.. کە جلی کوردیان لە بەردایە.. دەچنە لای پێشەوەی سەر شانۆکە.. منداڵەکان و پێشمەرگەکان پێکەوە.. بە دەنگێکی زوڵاڵ .. سـروودی ـ ئەی کـوردینە ـ دەڵێن)
ئەی کوردینـە
هۆنراوەی: زێـوەر

ئـــــــەی کـــوردینە ، ئــــــەی مـەردینـە
با دەسـت لە نـــاو دەسـت کـەین هەمـوو
بـۆ بـــــــەرزێتـی خـــــاکی وەتـــــــــــەن
بۆ یەکێتی بچین هەموو کوردیـن هەموو
بـێ کـــــەس نییە دایــــــکی وەتــــــــەن
ئێمـــــــە فیــداکـــــــــاری ئـــــــــــــەوین
تـا کــــــورد لـە عـــــالەم دەرکــــــــەوێ
بۆ یەکێتی بچین هەموو کوردیـن هەموو
ئـەجــــــدادمـان شــــــێری زەمـــــــــــان
حوڕبــــــوون بە ســــەربەستی ژیــــــان
باکمـــــان نیـە ئێمــــــەش لـە کــــــــەس
بۆ یەکێتی بچین هەموو کوردیـن هەموو

(کۆتـــــــــــــــایی)

(*) ئەم شـانۆییە، بە دەستخەتی خۆم لە ساڵی (١٩٧٥) دا.. لە ژمارە (٢)ی گۆڤاری (ئەستێرە) دا
بڵاوم کردۆتەوە ـ گۆڤارێک بوو بۆ منداڵان ـ دەزگای رۆشنبیری کوردی لە بەغـدا دەریدەکرد.. بەڵام دەسکاریم کرد و دەستوپێوەندەکانیشم زیاتر کـردوون، تا لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆی کوردستاندا بگونجێت. ئەم ژمارەیەی گۆڤاری ئەستێرە، رژێمی بەعس دەستی بە سەریدا گرت و رێیان نـەدا کە بڵاوبکرێتەوە.. بە هۆی پێشەکییەکەی خوالێخۆشبوو دکتۆر (ئیحسان فوئاد) و چیرۆکێکی نووسەری شەهیـد (دڵشاد مەریـوانی)ی کە بۆ منـداڵان.. کە چـیرۆکێکی توانجـدار و مەبەستدارە.

(*) قەینـاغ: لە لای ئاسنگەرەکان هەیە.. لە تەنەکە دروست دەکرێت.. لە کاتی دروێنەوەی جۆ و
گەنمدا دروێنکەران لە پەنجەکانی دەستی چەپیان دەکەن، بە دەستی راستیشیان بە داس گەنم یا جۆیەکە دەبڕن، بۆ ئەوەش لە پەنجەیان دەکەن، تا داسەکە پەنجەکانیان نەبڕێت و سواڵەکانیشیان ـ قامکی دروێنەوەیان ـ گەورەتر بێت.. دەتوانرێت بە کارتۆنی سووریش دروست بکرێت تەنها بۆ نیشاندانی سامناکی مەرگە لەم شانۆیەدا.

رەزا شوان
نەرویـــج: ٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish