Skip to Content

ســاڵـی نـوێ … شیعری حـەمـە ھـیـوا

ســاڵـی نـوێ … شیعری حـەمـە ھـیـوا

Closed
by كانونی دووه‌م 6, 2019 General, Poems

سەرشەقامەکان پڕن لە مرۆڤ
میدیاکان لە چرکەساتێکدا
ھەزارەھا دروشم بڵاو دەکەنەوە
کوڕی سەرۆکەکان سواری ئۆتۆمبێلێکی چەند ملیۆن دۆلاری دەبن
لەگەڵ ئەوەشدا
دەیەھا سەگی قات لەبەر
لە دواوە پاسەوانیان
بۆ دەکەن
عاشقەکان
وەک ڕابردوو
بە چاوەڕوانی دیدەنێک
دەمێننەوە
منداڵێکی پێپەتی لە ناوڕاستی
شۆستەیەک سمتی لەسەر تاشە بەردێک
داناوە و گۆرەوی دەفرۆشێت
کاتێک
پیاوێک بەویادا تێدەپەڕێت
دەڵێت:مامە مامە!توخوا گۆرەویم لێ بکڕە
دایکێک
لە دوا ساتەکانی ئەمساڵدا
سوژدە دەبات و بە خودا دەڵێت:
خودایە ئەمشەو کوڕە کوژراوەکەم بێنە خەوم
دوبارە
ڕۆژی لەدایکبونەکان
دێنەوە
لە ساڵی نوێدا
ھیچ ناگۆڕێت
دەموچاوەکان
ھەمان دەموچاوی
سێ دەیەی ڕابردوون
روخسارەکان
دوبارە دەبنەوە درۆزنترین بونەوەر
سیاسیەکان
بەڵێنی تۆڵەی خوێن دەدەن
بە دەمی جەرگ سوتاوەکان
عاشقەکان
چاوەڕوانی زەنگی یارەکەیانن
وەک چۆن
عیسا پەرستەکان
چاوەڕێی زەنگی کڵیسا
دەکەن
دەمێننەوە
لە چاوەڕوانیدا دەمرن
دەمرن
دەبن بە مردویەکی بێ کفن لە نیشتیمان.
لە ساڵی نوێ
مردوەکان
چاوەڕوانی
فاتیحای زیندوەکان دەکەن
سەری ساڵ
ھەموو گرگنەکانی حیزب
بە کچە دڵپاکەکان دەڵێن:قەحبە
بەو کچانەی جەستەیان
ساختەیە دەڵێن:شازادە
سواڵکەرەکان
دوعاکانیان لای
خودا فەرامۆش دەبێت
دەبێت بڵێم
ھیچ ناگۆڕێت ھیچ
ھەرزەکارە خێر لەخۆ نەدیوەکان
لە دەریادا
دەبن بە ژەمێکی قرشە برسیەکان
نیشتیمان پەروەرەکانیش
بە حەبل خۆیان لە سێدارە دەدەن.

(حـەمـە ھـیـوا)

Previous
Next
Kurdish