سامان و سامانی گشتی.. نەوزاد بەندی
مرۆڤ لەمامەڵەکردنی لەگەڵ سامانەکانی سەر زەویدا، ڕەنگە گەمژەترین بوونەوەر بێ.. کاتێ پەلاماری داهات و کانزاکانی زەوی دەدات و ..زەوییەکان پاوان ئەکات و سنووریان بۆ ئەکێشێ ..داهاتەکان کۆ ئەکاتەوە و ئەیباتەوە بۆ ماڵی خۆیان.
ئەم بوونەوەرە گەمژەیە، تەنها بەوەندەیشەوە ناوەستێ، ئەکەوێتە کۆکردنەوەی سوپا و چەک و تەقەمەنیی بۆ ئەوەی سامان و داهاتی ئەوانی تر داگیر بکات.. بە بێ ئەوەی چاوێک بە مێژوودا بخشێنی، ئاخۆ ئەوانەی لەو پێناوەدا ژیانیان تێپەڕاند، بە ئاسودەیی گەیشتن؟ ..ئایا کۆتایی ئەو داگیرکار و مافیا و دزانە چی بوو؟ ژیانێکی پڕ لە شەڕ و نەهامەتیی و کێشە و بێزاریی و دڵەڕاوکێ، دوای ئەوە دەسەڵاتەکانیان پوکانەوە و کەوتنە بەر لەعنەتی هاووڵاتییەکانیان و لە مێژوویشدا وەک دێوەزمەیەکی ناشیرین و قێزەون لەناو تەنەکەی خۆڵەکاندا فڕێدران.. لە ئەدەب و هونەر و کەڵچەرەکاندا، بوونە سیمبوڵی نادادیی و زوڵم و ..چەندەها ڕۆمان و فیلم و دۆکیۆمەنتارییان لێ بەرهەم هێنان، بۆ ئەوەی نەوە دوای نەوەی مرۆڤایەتیی، قین و ڕقی خۆیانیان بەسەردا ببارێنن و لە یاد نەچنەوە..
ئێ باشە، تێ ناگەم، بۆچی ئەم داگیرکار و مافیا و دزانە کەمێک حەوانەوە نادەن بە مێشکیان و پەندێک لە مێژوو وەرناگرن و . . تۆبەیەک ناکەن و ..واز لەو بازرگانییە قێزەونە ناهێنن ؟
ڕوخساری پاقلە فرۆشێک، زۆر هێمنتر و بەختەوەرتر و بێ گرێ و گۆڵترە، چاوەکانی شانازیی و ئارامییان تێدا ئەخوێنرێنەوە، لە کاتێکدا تەماشای سەرۆکەکان و گەورە مافیا و دزەکان بکە، ڕوخساریان یەکپارچە دڕدۆنگیی و ترس و بێزاریی و دڵەڕاوکێ و نائارامییە، چاوەکانیان وەک گۆمی خوێن وان، پڕ پڕن لە شکست و ئازار و تلانەوە و شەونخونیی و دۆڕان..
ئێ باشە ئەمانە کە لەو دۆخە قورس و تاقەتپڕوکێنەدان، چی لە دەسەڵات وماڵ و سامانە زۆرەکانیان ئەکەن؟ ئەو هەموو تریلیۆن و ملیارانەی دەستیان بەسەرداگرتووە، کەی ئەیخۆن؟ یان لە بنچینەدا ئەو هەموو داهاتە چی بۆ کردوون؟ لە کاتێکدا گەورەترین سەرمایەی مرۆڤ تەمەن و دڵخۆشییەکەیەتی، تەمەنەکە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەڕوات، ئەوەیان لە دەسەڵاتی هیچ کەسێکدا نییە و دوای حەوت هەشت دەیەی تەمەن، ئیتر مرۆڤ و مردن لەسەر مێزێک و لە قاوەخانەیەکی خەمگین یەک ئەگرنەوە، هەر بۆیە لوتکەی گەمژەییە، ژیانت لە دڵەڕاوکێ و جەنگ و ناتەبایی و ترسدا بەسەر ببەیت ..
مرۆڤ ماڵ و سامانی بۆچییە لە کاتێکدا تەنانەت خاوەنی خۆیشی نییە .. هاتنە دنیات و لە دنیا دەرچوونت لە دەرەوەی خواست و ئارەزووی خۆتدایە .. هەر ئەندامێکی لەشت بەروارێکی دروست بوون و بەروارێکی بەسەرچوونیان لەسەرە، کە هیچ لیژنەیەکی قایمقامیەت و تەندروستی ناتوانن بیخوێننەوە و بزانن چ بەروارێکە ڕەنگە خولەکێکی تر بێ یان مانگێگ ، ساڵێکی تر، بەڵام هەمووان ئەزانن کە خاوەنی هیچ ئەندامێکی لەشیان نین و نایشزانن کەی دڵیان لە لێدان ئەکەوێت ..خەڵکێک هەبوون دوێنێ وەک من و تۆ ژیاون و سەرقاڵی ماڵ وسامان و کۆکردنەوەی دینارەکان بوون، ئەمڕۆ مردوون .. یان ئەمڕۆ ئەندامێکیان لە دەست داوە..
بڕۆن بۆ قاوشی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و شکاویی، ئەوسا بۆتان دەرئەکەوێ ئێمە نەک خاوەنی ماڵ و سامان و دینار نین، بەڵکو خاوەنی خۆیشمان نین و لەهەر ساتێکدا، گیانمان لێ وەرئەگرنەوە و تەواو ئەبین .. بومەلەرزەیەک لە کەمتر لە نیو خولەکدا، سەدان هەزار کەس ئەکوژێت، ئایا ماڵ و سامان و زانست و تەکنۆلۆژیا ئەتوانێت چ کارئاسانیی و فریاد ڕەسییەک بۆ ئەو سەدان هەزار مرۆڤە مردووە بکات؟
کاتێ ڤایرۆسێک یان بەکتریایەک کە نابینرێ و بە ملیۆنان مرۆڤ لەناو ئەبات، مرۆڤ و دەسەڵات و پارە و سامان و پاسەوانەکانیان ئەتوانن چییان بۆ بکەن؟ ئەو هەموو کۆشک و چەک و پاسەوان و ماڵ و سامانە بینراوە، بۆچی لە ئاست ئەو دوژمنە کوشندە نەبینراوەدا دەستەوسانن ؟ بەکتریایەک کە هەزار جار گەورە ئەکرێ، ئینجا هێندەی پارچە دەزوویەکی یەک میلیمەترییە، ناوی لێ دەنێین سیل یان تاعون و لە سەردەمێکدا ملیۆنەها مرۆڤی سەر گۆی زەمین ڕاپێچی مردن ئەکات.
لێرەدا ئیتر نەزانیی و گەمژەیی مرۆڤ دەردەکەوێ لە بەرامبەر چۆنێتیی ژیانکردن لەسەر ئەم ئەستێرەیەدا، لە بەرامبەر فڕان فڕان و خۆ پڕکردن لە شتی بێ سوود، خۆ سەرقاڵکردن بە خاک و خۆڵەوە، بە بێ ئەوەی بیرێک لە خۆی بکاتەوە؟ ئایا ئەو بۆچی دروست کراوە؟ بۆ خواردنی خاک و خۆڵ یان بۆ بەرزبوونەوە بۆ ئاسمانەکان و ڕزگار بوون لە خاک و خۆڵ ؟ ئایا ئەو شتانەی ئەو خۆی تەنگەتاو کردووە و ژیانی بۆ تەرخان کردوون، چ شتێکن؟ هەر هەمووی خاک و خۆڵن و لە خاک و خۆڵ دروستکراون، ئایا تۆ بۆ ئەوە دروستکراویت تەمەنت لە خۆڵ کۆکردنەوەدا بەسەر ببەیت؟ سوودی چیە ئەو هەموو خۆڵەی لە خۆتت کۆکردۆتەوە لە کاتێکدا هەرچی شتێ لەسەر خۆڵ بێ ئەبێتەوە بە خۆڵ، ئیتر ئەم تێرنەخواردنە لە خۆڵ، بۆچی و لە پێناوی چیدا؟
بیریارێکی عەرەب ئەڵێ هۆکاری ڕەقبونەوە وخنکان و لە گەرمادا مردنی مرۆڤ هی ئەوەیە مرۆڤ لە بنچینەدا خەڵکی سەر زەوی نییە و لە ساتێکدا دابەزێنراوەتە سەر زەوی، ئەگینا بۆچی گیاندارانی تر پێویستیان بە گەرمکەرەوە وساردکەرەوە و پێخەف و پۆشاک و کوڵاندنی خۆراک و نەخۆشخانەی مناڵبوون نییە؟ زەوی هی ئەو گیاندارانەیە و ژیانیان بۆ سەر زەمین گونجاوە، بەڵام مرۆڤ بەو زەمینە نامۆیە و لەسەر ئەو زەمینەدا میوانە ..
هەر بۆیە مرۆڤ پێۆیستە میوانێکی گەمژە و چاوچنۆک نەبێ و نەکەوێتە دزیکردن و پڕ پیاکردنی سەروەت و سامانەکانی زەوی، زەوییەک کە بە هیچ جۆرێ جێی مانەوەی ئەو نییە..پێویستە لە جیاتی ئەوەی وەک گیانەوەرانی تر، پەلامار بدات، بیر لە خۆی بکاتەوە و سەرقاڵی زانستی ئەنسرۆپۆلۆجی ( مرۆڤزانی ) بێ، بۆئەوەی تێبگات ئەوێک کە لە هیچ گیانەوەرێک ناچێ و زەمینیێک کە هیچ وەرزێکی بۆ ئەو نەگونجاوە، چی ئەکات لێرە و ..شوێنی ڕاستەقینە و نیشتمانی ئۆرجیناڵی ئەو لە کوێیە ؟
ئایا ژیانکردنی مرۆڤ لەسەر زەمین، تەنها لە ڕێی داگیرکاریی و زوڵم و قەتڵ و عام و تاڵان و بڕۆوە ئەکرێت؟
ئایا مرۆڤ تەنها ئەبێ فێڵ لە مرۆڤەکەی تر بکات و بیکاتە سەرباز و جوتیار و کرێکار و خزمەتکاری خۆی ؟
ئایا مرۆڤ بۆ ئەوە دروستکراوە زەوی و ئاسمان و دەریاکان بۆ خۆی پاوان بکات و لەو پێناوەدا جینۆساید و جەنگ و قات و قڕیی و بەد ڕەوشتیی بڵاو بکاتەوە؟
ئایا مرۆڤ بۆ ئەوە هاتۆتە بوون خۆی بفرۆشێ و ببێتە کۆیلە و خزمەتچیی دەسەڵاتدارە زاڵمەکان؟
نەخێر..
مرۆڤێک کە خاوەنی خۆی نییە، چۆن ئەتوانێ ببێتە خاوەنی زەوی و ئاسمان و ئەوانی تر ؟
مرۆڤێک لەهەر چرکەیەکدا بێ، ئەندامێ یان زیاتری لەکار ئەکەوێ یان بەتەواوەتی ئەمرێ و لەناو ئەچێ، ئەم مرۆڤە بە چ عەقڵ و لۆژیکێک هەوڵ ئەدات دەست بۆ ژیان و نان و زەوی و ئازادی مرۆڤەکانی تر ببات و داگیریان بکات ؟
لە کاتێکدا لە زانستی دەروون و کۆمەڵایەتیدا سەلمێنراوە، مرۆڤ لەناو بازاڕدا نائارامە و هەمیشە لە دڵەڕاوکێییەکی ئاشکرا و نهێنیدایه، ئەی ئاخۆ ئەگەر ئەو مرۆڤه زاڵم و مافیا و دز بێ، ئەبێ کێرڤی نائارامیی و دڵە ڕاوکێکەی بگاتە کوێ ؟ ئەبێ ڕادەی ترس و دڵەخورپە و ڕێژەی ڕژاندنی هۆرمۆنی ئەدرینالینی لە چ ئاستێکدا بێ؟
ئێ ئەم هەموو دەرد و خەم و ئازار و گرێ و گۆڵە دەروونییە بۆچی؟ لەکاتێکدا تۆ دوای حەوت یان هەشت دەیە، ئیتر ڕۆژانە قۆڵ ئەکەیت بە قۆڵی مردندا و .. قاوشەکانی نەخۆشخانە و کانیۆلا و چاودێری چڕ بە ڕجا و تکا، چەند سانتیمەترێک و چەند سەعات و ڕۆژێک مردنت لێ دوور ئەخەنەوە.. کە پاشان بە خێرایی دێتەوە بۆ لات ؟
کاتێ خوێندکاری زانکۆ بووین، له پشووی هاویندا ڕاهێنانی سەربازییان پێ دەکردین، فەسیڵەکەی ئێمە زۆر چالاک و جوان ئەڕۆیشتین، بڕیاریان دا بمنانبەن بۆ مانۆڕی فەسیڵە چالاکەکانی هەموو زانکۆکانی عێراق، لە تکریت، مانۆڕی سەربازیی بکەین کە ڕەنگە سەرۆک کۆماریش ئامادە بێ..
چەکەکانمان فیشەکیان تێدا نەبوو، لەگەڵ ئەوەیشدا له بەرەبەیانی مانۆڕەکەدا، یەک به یەک مەخزەنی چەکەکانیان لێکردینەوە و ئەقسامی چەکەکانیشیان ڕادەکێشا نەک فیشەکێکمان لە سەبەتانەی چەکەکەدا، حەشار دابێ و سەرۆکی پێ بکوژین ..! هێشتا سەرۆک خۆی نەهات و جێگرەکەی نارد .. ئەوسا قەبارەی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەم بۆ دەرکەوت کە سەرۆکی تێدا ئەژی ..
توخوا ئەوە ژیان بوو ژیایت، سەرۆک ؟
باشە ئەگەر وازت لەو هەموو ئەفسەر و سەرباز و کۆیله و ماڵ و حاڵەت بهێنایە و .. وەک مرۆڤێکی ئاسایی، بەبێ پاسەوان و کۆشک و تەلار، بە دنیای خوادا بگەڕایتایە خۆشتر نەبوو؟
چیت لەو ژیانە دەستکەوت، بێجگەلە خەم و ترس و دڵەڕاوکێی خۆت و .. کوشت و بڕ و ڕاگواستن و برسیکردن و هەتیوکردنی مناڵان و بێوەژنکردنی ژنان ؟
ئاخر ئەگەر بەو کارە دڕندانانەیشت بەو دزیی و پاوانخوازیی و زوڵم و زۆرەیشت، بە لایەنی کەمەوە خۆت نەمر بوویتایە یان دڵخۆش و ئارام بوویتایە، بە هەر حاڵ ..بەڵام ژیانێکت هەبوو، سەگ نەیبوو ..چەندەها هەوڵی کوشتنت کرا و .. لە تۆڵەیاندا چەندەها کەست کوشت و هەزاران گوند و شارۆچکەت لەگەڵ زەویدا تەخت کرد .. لە هەر چوار قوڕنەی دنیاوە جنێو و هێرشی ڕاگەیاندنت ئەکرایه سەر، توخوا ئەوە ژیان بوو تۆ بردتە سەر ؟ سەگ بە حاڵت سەرۆک، کە دواجار بەرەڵا کرایت و ..خۆت و دار و دەستەت کەوتنە ژێر پێی میللەتە بریندارە تووڕە بێ هیواکەتەوە ..
ئەوانەی ئەمڕۆیش، ئەکرێ لە خۆیان بپرسن : ئەرێ ئێمە بە تەمای چین ؟ ماڵ و سامانی ملیۆنەها مرۆڤمان دزیوە بۆ خۆمان، کۆشک و ملیارەها دۆلار و فڕۆکەی تایبەت، چ سوودێکیان هەبووە بۆمان ؟ کوا دڵخۆشیی و دڵنیایی و ئارامیی ؟ کوا ئازادی پیاسەیەک بە تەنیا بە شەقامەکاندا ؟ کوا سەربەرزیی ؟ کوا ڕێز لە کاتێکدا هەموو و میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سیخناخن لە جنێو و هەڕەشە و سوکایەتیی پێمان، ئایا حەفتا هەشتا ساڵی نادیار و بێ گرەنتی، لەو دنیا ڕەق و تەقەدا، ئەوە ئەهێنێ ملیۆنەها خەڵک جنێومان پێبدەن لەبەرئەوەی نان و ئازادیمان لێ دزیون ؟
ئایا نان و ئازادی ملیۆنەها کەسمان بۆچییە لە کاتێکدا نە فریای خواردنی نانەکەی خۆمان ئەکەوین و ..نە ئەیشتوانین بۆ ساتێ چێژ لە ئازادی خۆمان وەربگرین ..
جیاوازی نێوان زیندانیی و پۆلیس چییە؟ هەر یەکەیان لە دیوێکی شیشەکەوە وەستاوە، زیندانییەکە سەربەرزە بەوەی لە پێناوی ئازادیی و مافە ڕەوەکانیدا زیندانە، بەڵام پۆلیسەکە بە ئازاری ویژدانەوە ئەژی لە کاتێکدا هەمووان پێی دەڵێن داردەست و کاسەلێسی زاڵم و شتێک نییە شانازیی پێوە بکات.
هەر بۆیە هەرچی زووترە، پێویستە سەرۆکەکان و بازرگانە چاچنۆکەکان و فێبازەکان و دزەکان و مافیاکان، ڕاوەستن و بیر بکەنەوە و بپرسن: ئەرێ ئێمە خەریکی چین؟ ئەم خۆڵخواردن و خۆڵدزین و خۆڵکۆکردنەوەیە چییە لەسەری قوڕمیش کراوین؟ ئەی کەی بە مرۆڤایەتیی خۆمان شاد بین و بەو دنیایەی کە هی هەمووانە هەڵبەزین و دابەزین و واز لە خۆڵخواردنی حەرام بێنین؟
نالی ئەڵێ :
مەگەر دەعوایی پاکیی نەسەب بۆ جیفەیی دنیا
کەسەیید بی، چ بەرزنجی. چ پیریایی، چ زاراوی
وەرە ئەم نیکتەیە من پێت بڵێم نالی ئەگەر فەرزەن
هەموو دنیات ببێ، هێشتاکو هەر حەیران داماوی
نازم حیکمەتیش کە لە پێناوی ئازادیی مرۆڤدا هەموو گەنجیی خۆی لە زینداندا بەسر برد :ئەڵێ :
ئەم دنیایە نوقووم ئەبێ
کەشتی ڕێگر و دزەکان نوقوم ئەبێ …
نەوزاد بەندی

