Skip to Content

بە چەقۆ خوشکێکی خۆم کوشت!!.. ستیڤان شەمزینی

بە چەقۆ خوشکێکی خۆم کوشت!!.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 21, 2021 General, Literature

نێزیکی کاتژمێر یەک بوو بەکاتی هاوینە بەرەو ماڵەوە دەچوومە و لەگەڵ گەیشتنە ماڵەوەمدا بانگی نیوەڕۆی دا، بە شپرزەییەوە خۆم کرد بە مەتبەخەکەدا چەقۆیەکی گەورەم هەڵگرت، خوشکەکەم بە خەندەیەکەوە هاتە بەردەم و وتی: کوڕی باش کەی ئەوە چەقۆی میوەیە ئەوە گایەکی پێ سەردەبڕدرێت؟!، من لە تووڕەییدا بەری چاوم تاریک ببوو و وەک شێر نەڕاندم بەسەریدا و هاوارم کرد دەمت داخە، گای پێ سەرنابڕم خۆم دەزانم ئەمڕۆ چۆن ئەم چەقۆیە بەکاردەهێنم! دیسان وتی: ئەوە چییە کە تووڕە دەبیت دۆ و دۆشاو تێکەڵاو دەکەیت و فێت لێدێت؟ هەمدیسان لە غەزەبدا کە گڕ لە کونی لووتمەوە دەهاتە دەرەوە وتم: بەسە مێشکم مەبە تەنیا دە خولەک ئارام بگرە بزانە چی دەکەم؟!. هەسانێکم هێنا و چەقۆکەم تیژ کردەوە، تیژتر لە قین و رقی هەڵچوو و پەنگخواردووی سینەم، هەر ئەوەندەی چەقۆکەم تیژ کردەوە بانگی خوشکەکەم کرد بێتە گەرماوەکە بێ پرسیار و دوودڵی بە دەنگ داواکەمەوە هات، بە بزەیەکەوە وتی: ها شێتە نیازی چیت هەیە وا بانگت کردم بۆ ئێرە، پەلیم گرت وتم ئەو کوڕەی دوێنێ لەو باخچەیە لەگەڵتدابوو و قۆڵت کردبوو بە قۆڵیدا کێ بوو!، چۆن ئەمەت کرد؟ وتی: برا گیان من ئەو کەسەم خۆشدەوێت و پەیمانمان بە یەک داوە بۆ یەک بمرین و بژین!.
هەر ئەمەم بیست شێتیی گرتمی، وتم: چەتیوە رشکنی ناشیرین دەتەوێت سەرم شۆڕ بکەیت و حەیامان بەریت؟ ئەی تۆ نازانیت کچی کێیت و لە چ خانەوادەیەک پەروەردە بوویت؟ ئایا دەزانیت شەرەف گرانە و نامووس وەک شووشە وایە کە شکا ئیتر چاک نابێتەوە؟ بە قوڕگێکی پڕ گریان و مەلوولییەوە وتی: براکەم بۆچی خۆشەویستی بێ شەرەفی و بێ ناموسییە؟ ئەمە کەی رەوای هەقە خۆت پەنجا عیلاقەت هەیە و دانەیەکیش بە من رەوا نابینیت؟ قیڕاندم هەی ناکەس بەچە ئەوە دەڵێی چی و ئەم قسە زلانە کێ فێری کردوویت؟ خۆ تۆ زمان لەناو دەمتدا نەبووـ، هەمووی ئەو هەتیوە سەر رووتە تۆی لە خشتە بردووە و فێری ئەم قسە قۆڕ و فەلسەفە بێ مانایانەی کردوویت. دەستیم توند گرت و وتم: ئایا ئێستا دەزانیت ئەم چەقۆیەم بۆچییە و کێی پێ قەڵاش دەکەم؟!!. زریکاندی و لە ترسا زەرد هەڵگەڕا هاواری کرد: نا، نا، کاکە گیان، نا، نا، تکا دەکەم نامەوێت بمرم، ئەگەر هەر دەبێت بمرم تو خوا بەم جۆرە نا، هەرچەند لاڵایەوە و نوزایەوە هەستم نەجوڵا و سوور بووم لەسەر بڕیارەکەم بۆ کوشتنی و هەتا هێزم تیابوو چەقۆیەکم دا لەسەر سینگی و خوێن بەهەر چوارلادا فیچقەی کرد، کەوتە هەنسکدان، بەڵام ئاگری غەزەبم بەمە دانەمرکایەوە بۆیە چەند چەقۆیەکی ترم دا لە سینگ و سەر و ملی تا بە تەواوەتی شل بوو لەسەر دەستم، کەوتە سەر زەوی و لە گیانەڵادا بوو، بەڵام هێشتا چاوە شینەکانی بۆ منی دەڕوانی وەک ئەوەی بڵێ جێی باوەڕ نییە برا میهرەبانەکەی دوێنێم ئەمڕۆ ئەم جەلاد و شەیتانە دڕندەیە بێت بە خوێن شاگەشکە دەبێت، من ئەوانەم بەلاوە گرنگ نەبوو دوو چەقی ترم دا لەسەر دڵی ئەو دڵەی کەسێکی تیابوو بەڵام بووە مایەی ئابڕووبردن و لەکەداربوونی سومعەی بنەماڵەکەمان کە وەک بنەماڵەیەکی قورس ء گەورە سەیرمان دەکرا و پەنجەمان بۆ رادەکێشرا، ئیدی بە تەواویی شل بوو و بە چەند چرکەیەکی کەم رۆحی دەرچوو و مرد.
دوای کوشتنەکەی دەستم کرد بە شووشتنەوەی خوێناوەکە و جەنازەکەم لە ناو گەرماوەکە بەجێهێشت و وەک ئەوەی کارێکی مەزنم ئەنجام دابێت شادومانی دایگرتم بگرە دەستمکرد بە خواردنی نانی نیوەڕۆ. لەم کاتەدا ئەندامانی تری بنەماڵەکەمان کە هەموویان لەسەر کار و دەوام بوون گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و رووداوەکەم لەگەڵ باسکردن، هەموویان دەستخۆشییان لێکردم بەتەنگ ناوبانگی بنەماڵەکەمانەوەم و ناهێڵم هیچ پەڵەیەکی رەشی بکەوێتە سەر و هەردەم ئەگەر پێویستی کردبێت بە خوێن سپی و پاکم کردووەتەوە. بەڵام هێشتا هەستم دەکرد کارەکەم ماوێتی و تەواو نەبووە، دەمانچەکەم خستە ژێر چاکەتەکەمەوە و بەرەو دەرەوەی ماڵ رۆیشتم و بە ئۆتۆمبیلەکەم چوومە بازاڕ، بە دوای دوکانی ئەو کوڕەدا گەڕام لەگەڵ خوشکەکەم پەیوەندیی هەبوو، دوای گەڕانێکی زۆر دوکانەیەکم دۆزییەوە بەڵام خۆی لەوێ نەبوو، لە دوکاندارێکی دراوسێیم پرسی ئەرێ فڵان کەس لە کوێیە؟ لە وەڵامدا وتی: چووە بۆ فڵانە چێشتخانە تا نان بخوات.
یەکسەر و بێ سوپاسکردنی و بە راکردن رووەو چێشتخانەکە چووم و بینم لە سوچێکەوە دانیشتووە و نان دەخوات دەستم خستە سەر شانی و وتم: دیارییەکم بۆ هێناویت، دەمەوێت لێم وەربگریت! وتی: دیاریی چی بە راستی من تۆ ناناسم؟ وتم: ئارام بگرە ئێستا دوای دیارییەکە دەمناسی کێم! دەمانچەکەم دەرهێنا و چەند گوللەیەکم پێوەنا و لە بەردەممدا سارد بووەوە و رۆحی دەرچوو ء کەوتە سەر زەوی، بەڵام بۆ دڵنیایی گوللەیەکی تریشم لێیدا. ویستم رابکەم بەڵام چەند کەسێک لە چەند لایەکەوە پەلاماریاندام و هەرخۆشم نەمزانی چۆن چەکیان کردم ء دەمانچەکەیان لێسەندم؟ بەشێوەیەک کۆنترۆڵیان کردم نەمتوانی لە دەستیان هەڵبێم تا ئەوەی مەفرەزەیەکی پۆلیس هاتن و دەستگیریان کردم و بردیانم بۆ زیندان. پاش چەند رۆژ مانەوە لە بنکەی پۆلیس و ئەنجامدانی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵم دا، تاوانبار کرام بە کوشتنی خوشکەکەم بە چەقۆ و گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ بە فیشەک، بەم جۆرە مەلەفەکەم ئامادەکرا بۆ رۆژی دادگاییکردنم و سەپاندنی حکوم بەسەرمدا!.
رۆژی دادگاییکردن
پاش مانەوەیەکی کەم لە زیندان پرۆسەی دادگاییکردنم دەستی پێکرد و لەوێدا زانیم ئەو کوڕە گەنجەی من کوشتوومە ئەو گەنجە نییە خوشکەکەمی خۆشدەویست بەڵکو کەسێکی تر بووە و بگرە چەند رۆژ پێش مەرگی چووەتە ناو ژیانی هاوسەرییەوە! من بە هەڵە ئەوم کوشتبوو، هەستم بە دڵتەنگی کرد ئەو کەسەم کوشتووە، بەڵام لەبەرئەوە نا ئەو کەسە بێ گوناهە! بەڵکو لەبەرئەوەی نەمتوانی ئەو کەسەی لە ئامانجدا دامنابوو بیپَکم، خەریکبوو پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەرەو کۆتایی هاتن دەچوو، هەر ئەوەندەی بە وردیی و دیقەتەوە روانیم بەشێکی زۆر لە هاورێکانم لە هۆڵەکەدا بوون!!. یەکێکیان لە فایلێکدا ئەو نووسینانەی خستە بەردەستم لەسەر مافی ژنان و مافی مرۆڤ و عەشق نووسیبوومن!!، چەند هاوڕێیەکی کچ و ژنم لەوێ بوون کە لە بەردەمیاندا دنیایەک باسی ماف و ئازادیی ژنم کردبوو، هەستم بە خەجاڵەتی نەکرد و هاوارم کرد نامووس گرانە، شەرەف شتێکی گرانە، ئابڕوو گرانە. لە بەشی کۆتایی دادگاکەدا زۆر بە راشکاویی و دەنگێکی بڵندەوە لە بەردەم سەرجەم ئامادەبوواندا وتم: بەڵێ من خوشکەکەی خۆم بە چەقۆ کوشت و لێی پەشیمانیش نیم ، بۆ ئەو گەنجەی بە هەڵە کوشتوومە داوای لێبووردن دەکەم و خوا لێی خۆش بێت، بەڵام ئەگەر یەک رۆژ پێم بچێتە دەرەوەی زیندان ئەوە ئەو هەتیوە لاسارە دەکوژم کە بووە مایەی ئابڕووبردنی بنەماڵەکەمان و خوشکەکەمانی فریودا، چۆن خوشکەکەم هەقی سەرەڕۆییەکانی خۆی وەرگرت دەبێت ئەویش بەو چارەنووسە بگات و لە دەستی من رزگاری نەبێت!.
جەنابی دادوەر قسەکانی پێ بڕیم و چەند جارێک چەکوشەکەی دا بەسەر مێزەکەدا بۆ خوێندنەوەی حکومەکەم، وتی: حکومی ئەم تاوانبارە بە پێی فڵان بڕگە لە ماددەی فڵان لە قانوونی تاوان لە سێدارەدانە، هەموو ئامادەبووان کە لەنێوانیاندا چەند هەڵسوڕاوێکی رێکخراوەکانی ژنان دەستیانکرد بە چەپڵەڕێزان، من لە ترسدا هاوارم کرد و کەوتمە هاوار و قیڕاندن.. ئیدی لەم کاتەدا لەو خەونە ناخۆش و کوشندەیە بە خەبەر هاتمەوە و سەیرێکی خۆم کرد لەسەر سیسەمەکەم کەوتوومەتە خوارەوە، لەو لاشەوە تەلەفزیۆنەکە کار دەکات و لەسەر کەناڵێکی عەرەبییە و کۆنسیرتێکی نانسی عەجرەمە و ئامادەبووان چەپڵەی بۆ لێدەدەن، ئەوجا زانیم چەپڵەڕێزانەکە بۆ نانسی عەجرەمە نەک بۆ سزای لە سێدارەدانی من.
خێرا هەستامە سەرپێ و چوومە سەر دەستشۆرەکە و دەموچاوم شووشت و شەیتانم بەر نەفرەت دا و خۆشحاڵ بووم بەوەی ئەوەی روویدا خەو بوو نەک راستەقینە، بەڵام دوایی تێگەیشتم دوور نییە ئەمە رووبدات مادام من لە وڵاتێکدا دەژیم و ممارەسەی ژیان دەکەم ژن شەرەفی پیاوە! مادام لە دەڤەرێکدا دەژیم ژن کوشتن ئاسانترە لە ئاو خواردنەوە منیش لەسەر شەرەف ببمە ژنکوژ، مادام لە وڵاتێکدا دەژیم وەک دارستان تەنیا بەهێزەکان هەن و رامی لاوازەکان دەکەن منیش چەقۆ لە ملی خوشک و دەستگیران و هاوسەری خۆم بسووم، مادام من خەڵکی ئەو وڵاتەم لووتی (کەژاڵ) دەبڕێ و (دوعا) بەردەباران دەکات و (شەوبۆ) زیندەبەچاڵ دەکات و (بەناز) لەتوپەت دەکات و ژن بە تێزاب دەسووتێنێت، ئاساییە دوای لێبوونەوە لە نووسنیی وتارێک لەسەر مافی ژن بچمەوە بۆ ماڵەوە و مێینەکانی نێو خانەوادەکەم دارکاریی و تەمبێ بکەم، هیچ هیچ دوور نییە لە وڵاتی ژنکوژاندا فریشتەکانیش وەک شەیاتین رەفتار بکەن.

ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم – سۆلنا
ئابی 2007


تێبینی: ئەم وتارە جارێکی تر سکرێپ کرا و بەمەبەستی ئامادەکردنی بۆ کورتە فیلم، دواتر لەژێر ناوی “سیمینار” لە شاری لەندەن وەک کورتە فلیمێک بەرهەم هێنرا لەلایەن برای ئازیز کاک “ئاوات عوسمان” کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامدرا لە هاوینی 2008دا و لە یەکەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی سلێمانی بەشداریی پێکرا و چەند خەڵاتێکیشی بەدەستهێنا.

Previous
Next
Kurdish