Skip to Content

فلز ویتلی پیتەرس یەکەمین ژنە شاعیری کۆیلە لەمێژووی ئەمریکا.. لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

فلز ویتلی پیتەرس یەکەمین ژنە شاعیری کۆیلە لەمێژووی ئەمریکا.. لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by تشرینی دووه‌م 15, 2021 General, Literature

(لەیادی ٢٦٠ ساڵەی بەکۆیلەکردنی ئەم ئینسانە شاعیرە)

کۆیلە، ئەو ئینسانەی کە یاسای ڕۆژگارە تاریکەکان مافی کڕین و فرۆشتنی لەسەر دانابوون، بەدبەختترین مرۆڤگەلێک بوون کە ژیانێکی پڕ لە نەهامەتی و دەردەسەریی ژیاون.(١) کیشوەری ئەفریقا بەهۆی دوواکەوتوویی ئابووری و ژیارییەوە لەسەدەکانی ناوەڕاستدا ببووە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند لە دابینکردنی هێزی مرۆیی کە بەشێوەی کۆیلە بەنرخێکی هەرزان دەکڕدران و دەفرۆشرانەوە. بێڕەچاوکردنی ئەوەی کە بەشێک لەو کۆیلانە ڕەنگە خاوەن توانا و بەهرە و سەلیقە و لێهاتوویی تایبەت بەخۆیان بن، کە ڕەنگە لەناو سپیپێستەکانیشدا یان مرۆڤە ئازادەکانیشدا ئەو توانایانە دەگمەن بن. ئەمڕۆ دەبینین لەم سەردەمەی نیولیبڕالیزمدا لەوڵاتانی خۆرئاوا زۆربەی وەرزشوانان و هونەرمەندان و مویزکژەنان لە ڕەشپیستەکانن کە توانیویانە بازاڕی هەونەر و وەرزش دە بەرابەر گەرمتر بکەن. بۆیە لەو قۆناغە تاریکەدا کە کۆیلە هیچ مافێکی ئینسانیی نەبووە، کۆیلەیەک لەلایەن خاوەنەکەیەوە ببێتە جێی بایەخ بەڕاستی گرنگە و مێژووویشە. دیارە ئەمەش ئاماژەیە بۆ دوو هۆکاری گرنگ :
یەک : خاوەن کارەکە توانای خوێندنەوە و بینینی ئەو لیێهاتووییەی کۆیلەکەی خۆی هەیە و ئەمەش نیشانەی زیرەکی و ڕۆشنبیریی خاوەن کۆیلە دەگەێنێت.
دوو : خاوەن کۆیلەکە ویستوویەتی مێژوویەک لە بواری ئەدەب و ڕۆشنبیریی بۆ خۆی تۆمار بکات.
لێرەوە دەتوانین لە دۆخ و ژیانی فلز ویتلی پیتەرسی کۆیلە، بەڵام شاعیر ورد ببینەوە. زۆربەی ڕەخنەگران و لێکۆڵەرەوانان پێیان وایە کە فلز ویتلی پیتەرس، یەکەمین ژنەشاعیری کۆیلە لە مێژووی ئەمریکا(٢) ئەم شاعیرە کۆیلەیە لە ساڵی ١٧٥٣ لە خۆررئاوای کیشوەری ئەفریقا لە وڵاتی گامبیا یان سەنگاڵ لەدایکبووە. لەتەمەنی حەوت هەشت ساڵان وەکو کۆیلەیەک دەفرۆشرێت بە بارزگانێکی کۆیلەکان. دواتر سەرجەم کۆیلەکان دەخرێنە سەرپشتی پاپۆڕێک بەناوی (پاپۆڕی کۆیلەکان فلز)(٣) و لەکەنارە ئاوییەکانی ئەمریکا لە ویلایەتی بۆستن لەنگەر دەگرێت. پاشان ئەم کچە کۆیلەیە لەلایەن بنەماڵەی جان ویتلی گەورە بارزگان و بەرگدروو وەکو کۆیلەیەک دەکڕدرێت و بۆ خزمەتی ئەو بنەماڵەیە بەتایبەت بۆ خزمەتی خانم سوزانای هاوژینی جان ویتلی و لەوێ ناوی فلزی بەسەردا دەبڕدرێت و هەروەها پاشناوی ویتیلیشی دەدرێتێ. دوای ئەوەی فلزی کۆیلە لە ئەمریکا فێری خوێندن و نووسین دەبێت، هەر لەلایەن ئەو بنەماڵەوە هان دەدرێت کە شیعر بنووسێت دوای ئەوەی زانیان کە کەسێکی زیرەک و بلیمەتە. یەکەمین مامۆستای فلز ماری کچە هەژدە ساڵانەکەی جان بوو کە فێری خوێندنەوە و نووسینین دەکرد. هەروەها نەیثانیاڵی کوری جانیش یارمەتی فلزی دەدا تا فێری نووسین و خوێندنەوە ببێت. لەتەمەنی دوانزە ساڵیدا توانی ئەدەبی یۆنانی و ئەدەبی کلاسیکی لاتین بە زمانی ئەسلی خۆیان بخوێنێت و لەتەمنی چواردە ساڵیدا یەکەمین شیعری ( بۆ زانکۆی کامبردج لە نیو ئینگلەند)نووسی، کە توانایی و لێهاتووی فلزی لەخۆدا بەرجەستە کردبۆوە. بنەماڵەی ویتلی لەهەموو کاروبارێکی ماڵەوە بەخشیان و سەپۆرتیان کرد کە بایەخ بە ئەدەب و ڕۆشنبیری بدات، ئیش و کارەکانی ماڵیان سپاردە کۆیلەکانی تریان. فلز بەردەوام تواکانی خۆی نێشانی هاوڕێ و خاوەن کۆیلەکانی خۆی دەدا.فلز کەوتە ژێر کاریگەری ئەلەکسەندەر پۆپ و جان میڵتن و هۆمەر و هۆراس و ڤیرجیڵ. بەوجۆرە ئەم ژنە کۆیلەیە کاروانی نووسینی شیعری دەستپێکرد. ئیتر توانی لە کورت ماوەدا سەرنجی بزووتنەوەی ئەدەبی سەردەستی ئەمریکیی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.

کۆشیعری فلز ویتلی پیتەرس لەسەر کۆمەڵی بابەت و ئایین و ئەخلاق ساڵی ١٧٧٣ لە لەندەن چاپ بووە.
ساڵی ١٧٧٣ لەتەمنی بیست ساڵیدا لەگەڵ کوڕی خاوەن کۆیلەکەی، نەیثانیاڵ هەم بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی کە سیل بوو و هەروەها سوزاناش بڕوای وابوو کە دەرفەتێکی لەبار لەشاری لەندەن هەیە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی، چووە شاری لەندەن. ئەوەبوو سلێنا هەستینگز(٤) سەرسام بوو بەشیعرەکانی فلز ویتلی و یەکەمین کۆشیعری لە هاوینی ساڵی ١٧٧٣ دا بڵاو کرایەوە. دوای بڵاوبوونەوەی یەکەمین کتێبی فلز،خاتوو سوزانا و جان یەک لەدوای یەک لەساڵەکانی ١٧٧٤ و١٧٧٨ مردن. ئینجا فلز لەگەڵ دوکاندارێکی ڕەشپێستی ئازاد، بەناوی جان پیتەر زەماوەند دەکەن و دوو منداڵیشیان دەمرێ و بەهەژاری و کڵۆڵی ژیان بەسەر دەبەن. ئەم شاعیرە سەرباری نووسینی شیعر، لەڕێگەی هونەری نامەنووسینەوە توانیویەتی بیروبۆچوونی خۆی لەگەڵ نووسەرانی سەردەمی خۆی بگۆڕێتەوە وەکو سامسن ئۆکن و جان ثارنتن و جان نوتن. ساڵی ١٧٧٥ شیعری ( بۆ جۆرج واشنتۆنی خەمخۆر)ی نارد بۆ سوپاسالاری ئەمریکا. بۆ ساڵی پاشتر جۆرج واشنتۆن داوەتی فلز ویتلی کرد بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی . بەڵام وتلی لە مانگی ئازاری ساڵی ١٧٧٦ دەمرێت و ثۆماس پەین شیعرەکەی جارێکیتر لە گۆڤاری پەنسەڤیلیا گەزەتە)(٥) لە نیسانی ١٧٧٦ دا بڵاو دەکاتەوە. ویتلی ویستی دووەم کۆشیعری خۆی بڵاو بکاتەوە،بەڵام بەهۆی لەدەستچوونی سەپۆرتی خاوەن کۆیلەکانی بەهۆی مردنیان و بەرپابوونی جەنگی شۆڕشگێرانەی ئەمریکا (٦) نەیتوانی بگات بەم ئاواتەی.

وێنەیەک لە شیعرێکی فلز ویتلی پیتەرس

ساڵی ١٧٦٨ فلز ویتلی شیعری (بۆ خاوەنشکۆی جیاواز) کە ستایشی پاشا جۆرجی سێیەم دەکات بەهۆی رەتکردنەوەی یاسای پوول،دەنووسێت و بڵاو دەکاتەوە. دوواتر پێ بەپێی بەهێزبوونی شۆڕشی ئەمریکیی، نووسینەکانی ویتلیش بابەتگەلێکیان لەخۆ دەگرت کە گوزارشت بوون لە بیروباوەڕی یاخیبووانی وڵاتانی کۆڵۆنیالیزەکراو. لەساڵی ١٧٧٠ ستایشێکی ئایینی لەبارەی مەسیحییەتەوە بۆ ئینجلیخواز جۆرج وایتفیڵد دەنووسێت. ویتلی گەلێ شیعری بۆ کەسایەتییە ناودارەکان نووسیوە کە ناوەڕۆکی شیعرەکانی زیاتر لاوانەوەن و ناوەڕۆکی هەندێکیشیان دەربارەی ئاینی مەسیحی و کلاسیک و ئەبستراکتن. ئەم شاعیرە زۆر بەدەگمەن لە شیعرەکانیدا لای لەخۆی کردۆتەوە.(٧) فلزی شاعیر، شیعرێکی لەسەر کۆیلەتی هەیە بەناوی (کاتێک لە ئەفریقاوە هێنرانە ئەمریکا).
بەخشندەیی منی لەسەر زەمینی بت پەرستییەوە هێنایە ئێرە
روحی پیسی حاڵی کردم کەوا
خوایەک هەیە،هەورەها دڵسۆزێکیشی هەیە
جارێکیان نە دەمویست ڕزگار بم و نەفێر بم
هەندێکیش بەچاو دەیانڕوانی
ڕەنگیان بۆیەی ئەهریمەنیانەیە
لەیادت بێت، مەسیحییەکان، پێستڕەشەکان،شێرەکانی هەروەکو قابیل
دەتوانرێت پاکبکرێنەوە و پەیوەست بن بە شەمەندەفەری فریشتەکان.(٨)
بەسووک تەماشاکردنی ئینسانی کۆیلە لەو سەردەمە تاریکەدا کە کۆڵۆنیالیزم نەخشەی ژیانی دەکێشا و پێداویستی و دابینکردنی بازاڕی تازە و کەرەسەی بەرهەمهێنان، ببووە دیدی زاڵ لەناو کۆمەڵگەی فیوداڵی و تازە هەنگاونەر بەرەو سەرمایەداری. بۆیە لەلایەن کۆڵۆنیالیستەکانەوە بوونی شاعیرێکی بەتوانا و بەهێز و بەتوانای وەک فلز ویتلی پیتەرس جێی قەبووڵ و هەرسکردن نەبوو.(٩) بۆیە لەشارۆ بۆستن لەلایەن گروپێک لە نووسەران و شاعیران و بەئامادەبوونی نوێنەری دەوڵەت، شاعیرێتی فلز تاقی دەکەنەوە.گروپەکە پێکهاتبوو لەهەریەک لە( جان ئارڤینگ، چاڕڵس چاونسی، جان هەنکاک، تۆماس هاچنسن و ئەندرۆ ئۆلیڤەر). لیژنەکە گەیشت بەو بڕوایەی کە بەڵێ ئەم کۆیلەیە خۆی شیعرەکانی نووسیوە و تەنانەت پێشەکی کتێبەکەشی هەر خۆی نووسیویەتی. کەچی لەگەڵ ئەمەشدا هیچ دەزگایەکی پەخش و بڵاوکردنەوە ئامادە نەبوو کتێب بۆ ئەو شاعیرە چاپ بکات.بەڵام جوانی شیعرەکانی و هێزی شیعرییەت سەرنجی خوێنەرانی لەندەنی بەلای خۆیدا ڕاکێشا. ساڵی ١٧٧٣ گۆڤاری لەندەن سەبارەت بە نموونەیەک لە شیعری فلز ویتلی پیتەرس دەنووسێت (ئەم شیعرانە هیچ کارێکی سەرنجڕاکێش و عەبقەرییان تێدا نییە، بەڵام کاتێک دەبینی گەنجێکی ئەفریقی دوای شەش مانگ لە خوێندنی وردی زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی،هیچمان پێناکرێت جگە لە سەرکوتی سەرسامبوونمان بە بەهرە و توانای بەهێز و زیندووی ئەو شاعیرە.)(١٠) دوای ماوەی چەندین ساڵ، بەتایبەتی ساڵی ١٨٣٨ ئینجا لەشاری بۆستن ڕێگەدرا، شیعرەکانی ویتلی پیتەرس چاپ ببن و بڵاو بکرێنەوە.
ویتلی بڕوای وابوو کە هێزی شیعر ناپێورێت. ڕەخنەگرانیش گەلێ لێکۆڵینەوەیان دەربارەی بەرهەمە شیعرییەکانی ویتلی نووسیوە کە چۆن تیشکی خۆر وەک هێما و ئێنجا وەکو باوەڕی مرۆڤەکانی ئەفریقا لەشیعردا بەناوی جیاجیا بەکاربردووە. کەچی سەرباری جوانی و سەرنجڕاکێشی شیعرەکانی، ئەم شاعیرە کۆیلەیە بێبەری نەبووە لە ڕەخنە. ڕەخنەگران پێیانوایە شیعرەکانی ویتلی بەدەرن لە هەستی شوناسی ڕەشپێستی خۆی وەکو کۆیلەیەک.هەورەها جۆری پەروەردەی بنەماڵەی ویتلی لەگەڵ ئەم شاعیرە جێی سەرنج بووە و وای لە شاعیر کردووە کە جۆرە تێگەیشتنێکی تری هەبێت سەبارەت بە شوناسی کۆیلەبوونی خۆی. نەک هەر ئەمە تەنانەت ئەم شاعیرە ڕێگەپێدراو بووە لە ئاهەنگی سپیپێستەکانیشدا بەشدار بێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم وێنە گشتییەی فلز، ئەم شاعیرە لەگەڵ بەرەوپێشجوونی شۆڕشێ ئەمریکا روحی بەرەنگاری دژ بە کۆیلەتی لا بەرجەستەتر دەبێتەوە و لەم پێناوەشدا گەلێ نامەی نووسیوە بۆ کاربەدەستانی ئەوکاتی ئەمریکا.(١١)
ساڵی ١٧٧٣ ئەو کۆشیعرەکەی ویتلی بووە بە بەهێزترین کتێبی ئەفریقی لەسەر ڕووی زەوی. ڤۆڵتێری نووسەر لەنامەیەکیدا بۆ هاوڕێیەکی دەنوسێت: فلز ویتلی پیتەرس سەلماندی کە خەڵکی ڕەشپێست دەتوانن شیعر بنووسن. جان پاوڵ جۆنز چەندین بەرهەمی بۆ فلز ناردووە. جۆرج واشنتۆنیش لەبەرامبەر ئەو شیعرەی فلز بۆی نووسیبوو دەڵێت( شێوازی شیعر نووسینت بەڵگەیە لەسەر بەهرەی شیعریی و ڕۆشنبیریت).(١٢)
ئەم شاعیرە یەکەمین ژنە کۆیلە بووە کە کتێبی شیعریی نووسیوە و دووەمین ژنیش بووە لەمێژووی ئەمریکا کە کتێبی چاپ و بڵاوکردۆتەوە(دوای ئانا بردستریت)(١٣) و هەروەها لەسەر نووسینەکانی ژیاوە. ساڵی ٢٠٠٢ موڵفی کەیت ئەسانتێ ئەم شاعیرەی لە ڕیزبەندی ١٠٠ لە کاریگەرترین کەسایەتییە کاریگەرییەکانی ئەفریقا – ئەمریکا ڕیزبەند کردووە. ساڵی ٢٠٠٣ لەشاری بۆستن پەیکەری بۆ دروستکرا و دانرا. ساڵی ٢٠١٢ زانکۆی ڕۆبەرت مۆریس باڵەخانە نوێێەکەی قوتابخانەی کۆمیونیکەشن و زانستی زانیاری بەناوی ئەم شاعیرەوە ناونا.هەروەها هۆڵی ویتلی لە زانکۆی مەساسویتس هەر بەناوی ئەو شاعیرەوە ناونراوە. ساڵی ١٩٩٢ لە گرینگیڵ لە شاری مسیسپی حەلقەی ویتلی دامەزرا.ئیتر دەیەها باڵەخانە و قوتابخانەی لەشوێنە جیاجیاکانی ئەمریکای بەناوەوە کراوە. لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٩ جارێکیتر کۆشیعرەکەی ساڵی ١٧٧٣ ی بڵاو دەکرێتەوە. ئەمە جگە لەوەی ئەم شاعیرە و نووسین و شیعرەکانی دەبنە بابەتی دەیان و بگرە سەدان لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی و ڕەخنەیی و تێزی خوێندن لە زانکۆکان. دوواجار ئەم شاعیرە بەتوانا و بەبەهرەیە لە ٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٧٧٤، لە تەمەنی ٣١ ساڵیدا لەنالەبارترین دۆخی هەژاریدا بۆ هەمیشە چاولێک دەنێ و ئەم دنیا بێڕەحمەی کۆیلایەتییە بەجێدێڵێت. دوای مردنی ئینجا خاوەن کۆیلەکەی، بەفەرمی ئازادی دەکات.

ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
تەممووزی ٢٠٢١ کەنەدا

—————————————————————-

پەراوێز و سەرچاوەکان :
(١)نابێت لێمان ون بێت کە کۆیلەتی لەئەمڕۆی سیستەمی سەرمایەداری بە فۆرمێکی تر درێژەی هەیە.ئەگەر ئەو سەردەمە مرۆڤ کۆیلەی بارزگانە چاوچنۆکەکان بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ کۆیلەی کارە. لە هەندێک لە وڵات مۆدێرنەکانیش بازرگانیکردن بە مرۆڤ(‌هیمەن ترافیک) بەڕێژەیەکی زۆر هەیە و لە سەرزەمینە دوواکەوتووەکانیشدا پاشماوەی کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ هەر بوونی هەیە.چ لە دۆخی هاوسەرگیریی یان نەتوانینی قەرز لەلایەن قەرزارەوە و دەستگرتن بەسەر ژن و منداڵی کابرای قەرزار وەک لە هیندستان هەیە، یانیش فرۆشتنی بەشێکی جەستەی مرۆڤ لەپێناو درێژەدان بەژیان وەک فرۆشتنی گون و گورچیلە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین.
(٢)نووسەر و ڕەخنەگری وەک ڤینیست کارێتا ساڵی ٢٠٠١ کتێبێکی لەسەر ژیان و شیعرەکانی فلز ویتلی نووسیوە.
Carretta, Vincent. Complete Writings by Phillis Wheatley, New York: Penguin Books, 2001.
(٣)پاپۆڕی کۆیلەکان کەناوی فلز بوو،بەو پاپۆڕە دەترا کە لەسەدەی حەڤدەهەم تا نۆزدەهەم کۆیلەی دەگواستەوە لە ئەفریقاوە بۆ ئەمریکا. ئەو پاپۆڕە بە پاپۆڕی پیاوانی گینیاش ناودەبرا. خاوەنی ئەو پاپۆڕە تیمۆثی فیچ بوو و کاپتنەکەشی پیتەر گوین بوو.
(٤٣)سلێنا هەستینگز لە ٢٤ ی ئابی ١٧٠٧ لەدایکبووە، سلینا پێشەوایەکی ئاینی مەسیحییەت بوو لە بەریتانیا. لە ١٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٧٩١ لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا مردووە. شایانی باسە هەستینگز و فلز بەهۆی نەخۆشی هەستینگەوە تا مردنیش نەیانتوانی یەکیتر ببینین.
(٥)ڕۆژنامەی پەنسەڤیلیا ڕۆژنامەیەکی ئەمریکیی و زمانحاڵی فەرمی ویلایەتی پەنسەڤیلیا بوو، کە بنیامین فرانکلین ساڵی ١٧٢٨ دەریدەکرد.
(٦)جەنگی شۆڕشگێرانەی ئەمریکا، یان جەنگی سەربەخۆیی ئەمریکا (١٩ی نیسانی ١٧٧٥ – ٣ی ئەیلوولی ١٧٨٣) هەڵوێستگیریی ئەندامانی سیانزەمین گۆنگرێسی ئەمریکا بوو دژ بە بەریتانیان مەزن لەپێناو سەربەخۆیی ئەمریکا. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم شۆڕشە بڕوانە سایتی ویکیپیدیاhttps://en.wikipedia.org/wiki/American_Revolutionary_War
(٧)بەبۆچوونی من هۆکاری لا لەخۆنەکردنەوەی ئەم شاعیرە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە :یەک؛ هەر لە تەمەنی حەوت هەشت ساڵییەوە لە بێخەوە هەڵدەکێشرێت و دەبردرێتە جێگایەکی دی. دوو؛لەژێر کاریگەری و پەروەدەیەکی چینی سەردەستە (خاوەن کۆیلەکان) بووە و بیروبۆچوونی ئەوانی بەسەردا زاڵبووە.سێ؛ ڕەنگە لەژێر هەرەشە نەیتوانیبێت ئەو کارە بکات.
(٨)https://en.wikipedia.org/wiki/Phillis_Wheatley
(٩)لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە کتێبی هێنری لویس گەیتس ئەفریکانا بکەین بەناوی ئینسکلۆپیدیای ئەزموونی ئەفریقا و ئەفریقا-ئەمریکا و هەروەها ڕانانی ئەلیس کەشمۆر لەسەر کتێبی ئەنتۆلۆجیای ئەدەبی ئەفریقی – ئەمریکیی کە بەدوورودرێژی لەسەر ئەم ئاریشەیە وەستاون.
(١٠)https://en.wikipedia.org/wiki/Phillis_Wheatley
(١١)https://www.womenshistory.org/education-resources/biographies/phillis-wheatley

(١٢)نامەی جۆرچ واشنتۆن بۆ ویتلی پیتەرس لە ٢٨ی شوباتی ساڵی ١٧٧٦ کۆپی پارێزراو لە ئەرشیف و نامەخانەی جۆرج واشنتن ١٧٤١ – ١٧٩٩.
(١٣)https://www.womenshistory.org/education-resources/biographies/phillis-wheatley

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish