
ڕوونکردنەوەیەک بۆ سەرنجەکانى کاک هەڵو بهرزنجى
دواى سێ ساڵ لە نووسینێکى ڕێزدار (هەڵۆ بەرزنجى) سەبارەت بە پەرتووکى (پارتى سۆسیالستى کورد_ پاسۆک) ، کە لە١٤/٤/ ٢٠١٩ بڵاوی کردووهتهوه، بە باشم زانی لەئێستادا لەڕێگاى چەند ڕوونکردنەوەیەکهوه وەڵامى سەرنجەکانى بەڕێزیان بدەمەوە، هۆکارى دواکەوتنى ئەم ڕوونکردنەوەیەم، بە مەبەست بوو، چونکە دەمویست زۆرترین کەس پەرتووکەکەى ئێمە بخوێنێتەوە، لەلایەکى ترەوە ئەو نووسینەى بەڕێزیان وەک پاڵپشتیک بۆ ناسینى پەرتووکەکەمان لێکمانداوەتەوە، بۆیە لەئێستادا دەمانەوێت، خاڵ بە خاڵ ڕوونکردنەوەی پێویست بخەینە بەردەستی بەرێزیان و ههروهها تهواوی ئهو ئازیزانهی پەرتووکەکەى ئێمەیان خویندووەتەوە.
دەستپێک:
دەمهوێت بۆ جارى دووەم سوپاسى تایبەتى کاک هەڵۆ بکەمەوە، چونکە هەر لەگەڵ دەستپێکردنى توێژینەوەکەم و پەیوەندیکردن بە بەڕێزیان بۆ هاوکاریکردنمان، زۆر بەپەرۆشەوە بەدەم داورکارییەکەمانەوە هات؛ هەر لەگەڵ دەستپێکردنى تویژینەوەکەمان تا کۆتایى هاوکارمان بووە، بە پێدانى زانیاریى و سەرچاوەى پێویست بە بابەتەکەمان، وێراى بینینى بەڕێزیان و ئەنجامدانى چاوپێکەوتن لەگەڵیدا.
ڕوونکردنەوە و وەڵام:
پێش خستنەڕووى سەرنج و تێبینیەکانى، کاک هەڵۆ درکى بە ماندوێتیى ئێمە کردووە، چونکە بەڕێزیان دەزانن پاسۆک ئەرشیفێکى نەبوو تابتوانین سوودى لێوەربگرین، وێراى ئەوەى زۆرێک لە هاوبیرانى پاسۆک یەکیان نەدەناسی، ئەمەش زەحەمهتییەکى زۆرى بۆ دروست کردبووین، چونکە ئەندامێتیى لە پاسۆکدا زۆر قورس و مەرجدار بووه، ڕێکخستنێکى زۆر تووندی ههبووە، وێڕاى ئەوەى هەندێکى تریان ئامادە نەبوون قسەمان بۆ بکەن، بە هۆکارى جیاجیا، هەر لەگەڵ دەستپێکى سەرنجەکانیدا تێبینى ئەوهى لا دروست بووە، كه ئێمە نەدەبوو لە شۆڕشى (١٤/تەمموزم١٩٥٨)هوه دەست پێ بکەین! لەکاتێکدا باس لە پارتێکى نەتەوەیی دەکەین.
بەڕێزیان ئاگادارن، كه پاسۆک هەر کاژیک بوو لە فۆرمێکى تردا، هەموومانیش دەزانین شۆڕشى ١٤ى تەمموز، هۆکارى گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دەرکەوتنى هزر و ڕەوتە جیاوازەکان بوو لە عێراق، بەتایبەتى ڕەوتى چەپ و نەتەوەییەکان، بۆیە باسنەکردن لە گۆڕانکارییەکان دەبوو هۆکارى کەمیى لە توێژینەوەکهماندا. لێرهوه ههوڵ دهدهم خاڵ بە خاڵ قسە لەسەر سەرنجەکانى بەڕێزیان بکەم:
1- بەرگی کتێبەکەمان دەکەوێتە سنوورى کارى توێژینەوەکان (١٩٧٥١٩٩١)، وەک بەڕێزیانیش دەفەرموون، ئەو ئارمە هى پاش کۆنگرە و ساڵى ١٩٩١، ئێمە بەوردى باسمان لە کۆنگرەی پاسۆک و گوڕانکارییەکان کردووە، بۆیە به پێودانگی زانستی كارێكی زۆر دروستمان كردووە، چونکە ئارمەکە پەسەندکراوى یەکەمین کۆنگرە پاسۆک بووە لە ساڵى ١٩٩١. 2- توێژینەوەکەى ئێمە لە دهروازەیەک و سێ بەش پێک هاتووە، نەک تەنها سێ بەش! لە دهروازەدا باسمان لە دۆخی سیاسیى باشورى کوردستان کردووە لە سەردەمى شۆڕشى ئەیلوولدا، چونکە ئەو ماوەیە کاریگەریى ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر هەموو ڕووداوە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان لەوانەش (کۆمەڵەى ئازادیی و ژیانەوەى یەکێتیى کورد کاژیک ١٤/٤/١٩٥٩)، وێڕاى ئەوەى توێژینەوەیەکەى ئێمەى توێژینەوەیەکى (مێژوویی سیاسی)یه، بهڵام هاوكات پشتمان بە میتۆدى (وەصفى _شیکاری)یش بەستووە.
3- ڕەنگە کاک هەڵۆ پێویست بکات جارێکى تر پەرتووکەکە بخوێنێتەوە، چونکە لە باسکردنى هەڵوێستى پاسۆک بەرانبەر بەرەى کوردستانى وامان نووسیوە: (لە هاوینى ١٩٧٦ بە ئامانجى یەکگرتنى هەموو پارت و ڕێکخراوەکان بە دروشمى تا ملکەچى یەکی نەخستووین با بۆ ئازادیى یەک بگرین) پرۆژەیەکى بە ناوى (بەرەیەکى هاوتا و یەکسان) خستە بەردەم ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکان، نەک ئەوەى بەڕێزیان دەیڵێن گوایە تەنها وتوومانە پێشکەشی کۆمەڵەی کردووە! (بڕوانە لاپەڕە ١٧٨_١٩٨)
4- ئێمە لە باسكردنى نەبەستنى کۆنگرەدا، وەک تەعن و کەموکورتى باسمان نەکردووە، تەنها وەک ڕاستییەکى مێژوویى خستوومانەتە ڕوو، ئەمەش لە چوارچێوەى کارى زانستیدا ئەنجم دراوە، بەڵام کاک (ئازاد مستەفا)، نەبەستنى کۆنگرەى بە هەر بیانوویەک بە عهیبەیەکى گەورە زانیوە بۆ حیزب، لەکاتێکدا بەڕێزیان کەسى یەکەمى پاسۆک بووە لەنێوان ساڵانى ١٩٧٦_١٩٨٩.
5- سەبارەت بە گۆڕینى ناوى حزب لە کۆنگرەدا زۆر ئاسایى و سروشتییە، هەر لە کۆنگرەدا چەند ناوێک پێشنیاز کراوە، پارتى سەربەخۆى کورد بە ٧٠ دەنگ پەسەند دەکرێت، بەڵام بەڕێزیان تێبینى ئەوهیان کردووە، كه نەدەبوو لەبەرانبەر پارتى سەربەخۆى کورد کورتکراوەی پاسۆک بەکاربهێنرێت، ڕاستە، ئەمە هەڵەى تایپە بە هۆى زۆر بەکارهێنانى وشەى پاسۆک بووە. (بڕوانە لاپەڕە ١٠٤)
6- لە ناساندنى بڵاوکراوەکانى پاسۆکدا، نەمانوتووە (سەربەخۆیى) گۆڤار بووە، بەڵکوو وتوومانە (سەربەخۆ: بڵاوکراوەیەک بوو، سەر بە ئۆرگانەکانى ناوەندیی پارتى سوشیالستى کورد_پاسۆک بوو)، لەدواى نەمانى ئاڵاى سورى کوردایەتى دەردەکرا بە دروشمى (کوردستان تەنها موڵکى کوردە) (بڕوانە لاپەڕە١٣٣)
7- لە کاتى ئەنجامدانى چالاکییەکانى پاسۆک لەناو شاردا، تیشکمان خستووهتە سەر یەکێک لە گرنگترین چالاکییەکانى پیشمەرگەکانى پاسۆک لە ١٥/٢/١٩٨١، کە ئەویش گرتنى (٢٧ فێرخوازى ئوردنى) بووە، بۆ ئەم مەبەستەیش وێڕاى ساغکردنەوەى لە ڕیگاى چاوپێکەوتن لەگەڵ هەندێک لە پێشمەرگەکان بەتایبەتى (ملازم شوان)، کە سەرپەرشتیى چالاکییەکەى کردبوو و بەدەستخستنى بەڵگەنامەى گرنگ و تایبەت بەو چالاکییە، تیشکمان خستووتە سەر گەورەیى چالاکییەکە، سەبارەت بەوەى پاسۆک مەرجى ئازادکردنى ١٠خێزانى بۆ خۆى دانابوو، کاک هەڵویش دەزانێ، كه پاسۆک لەڕووى ژمارەوە کەمتر بوو لەوانیتر، ژمارەکان دیسان هەڵەى تایپ بووە ئەگەرنا ئێمە ئەو ژمارانەمان لە گۆڤارى سورى کوردایەتى (ژمارە٣، لاپەرە ٤٥ وەرگرتووە) (بڕوانە لاپەڕە ١٣٢)
8- لە کاتى دروستبوونى جوقد، هەموو هێزە سیاسییەکان دەیانویست بەشداریى بکەن، پاسۆکیش یەکێک بووە لەو هێزانە، کاک هەڵۆیش دەزانێت مولازم مهنصور ئەندامى سەرکردایەتیى پاسۆک و یەکێک بووە لە پێشمەرگە سەرەتاییەکانى پاسۆک، وێڕاى ئەوەى یەکەمین کۆنفرانسى پاسۆک لە ساڵى ١٩٧٧ لە ماڵى ملازم مهنصور دەبهسترێت و ئاگادارى ڕووداوەکان بووە، بۆیه بەڕێزیان بە نوێنەرایەتیى پاسۆک ڕۆیشتووە بۆ لاى یەکێتى، بە بهڵگهی تۆمارى دەنگى، قسەکانى بەڕێزیان لای ئێمه پارێزراوه. (بڕوانە لاپەڕە ١٣٩_١٦٠.)
9- سەبارەت بە شەڕى مامەخەڵان، ئێمە تەنها ڕاى کەسى یەکەممان وەرگرتووە، توێژەریش بۆ گەیشتن بە ڕاستى دەبێ هەر ئەو کارە بکات، ئێمە نەهاتووین ڕەوایەتیى بە شەڕەکە بدەین، بەڵکوو باسمان لە هۆکارەکانى تێکچوونى پەیوەندییەکانى پاسۆک و یەکێتی کردووە، پێشمەرگەکانى پاسۆک لە تۆڵەى (بێستوون و فارس) لە شەڕى گەڕەدێ ژمارەیهک لە پێشمەرگەکانى کۆمەڵە، کە باڵێکى سەر بە یەکێتى بوون، دەکۆژن، هەموو ئەو بەڕێزانەیش چاوپێکەتنمان لەگەڵ ئەنجامداون سەبارەت بە شەڕى مامخەلان، هەموویان پاسۆک بوون، نەک یەکێتى، کاک هەڵۆ وێراى ئەوەى ئاگادارى هۆکارەکانى شەڕەکە نەبووە، لە کاتى نووسینى سەرنجەکانى ڕاستى نووسینەکانى ئێمەى نەخستووهتە بەرباس، بەڵکوو بەشێکى نەبێ، کە بەلاى بەڕێزیانهوه پەسەند نەبووە، لەکاتێکدا ئێمە لە باسى شەڕى مامەخەلان باسمان لە چوار هۆکار کردووە. (بڕوانە لاپەڕە ١٥١_١٥٥)
10- وهك پێشتریش ئاماژەم پێی دا، بە هۆى ڕێوشوێنی توندی ڕێکخستنەکانى پاسۆکەوە، هەندێک لە هاوبیرانى پاسۆک ئێستایشی لەگەڵدابێ یەکتر ناناسن، دەنگى (کاك فوئاد) لاى ئێمە پارێزاوە، کاک هەڵویش دەزانێت، پاسۆک پەیوەندییان زیاتر لەگەڵ پارتى بەهێز بووە وەک لە حزبەکانى تر، تەنانەت لەدواى نەمانى حیزبى یەکگرتن لە کۆتایى ساڵى ١٩٩٤، کە پاسۆک بەشێک بوو لێی، زۆرێک لە هاوبیرانى پاسۆک بوون بە پارتى، ئەمەش ئاساییە.
11- لەباسکردنى سیاسەتى پاسۆک بەرانبەر بە بەرەى جود، بەڵگەنامەمان بەکار هێناوە، لە کاتى ئەنجامدانى توێژینەوە بەڵگەنامەکان بە باشترین سەرچاوە دادەنرێن. دیسانەوە دەیڵێین تەنها ڕاستیى ڕووداوەکانمان خستووهتە بەرباس. (وانە لاپەڕە ١٤٩_١٦٠)
12- سوپاس.
13- هەڵویستى پاسۆک سەبارەت بە دەوڵەتانى داگیرکەر، ڕوون و ئاشکرایە، دژایەتى هەموو نزیکبوونەوەیەکیان کردووە لەگەڵ حکومەتى عێراق. بۆیە ئەو بەیاننامانە هەموویان لە توێژینەوهکەماندا دانراون، وەک بەڵگەنامەى بڵاونەکراوە بەکارمان هێناون.
14- وەک کاک هەڵو دەڵێت، پاسۆک بەدرێژایى مێژووى خەباتیان هیچ کات گومرک و سەرانەیان لە کەس وەرنەگرتووە، بهڵام هەموو ئەوانەى باسیان لە یارمەتى یەکێتى کردووە بۆ پاسۆک، هەموویان پێشمەرگەى پاسۆک بوونە، کە ئێمە زانیاریمان بۆ توێژینهوهكه لێ وەرگرتوون. (بڕوانە لاپەڕە ١٩٩_٢٠٦)
15- وێڕاى پشتیوانیکردنم لە سەرنجەکانى خاڵى (16)، بەڵام کاک هەڵۆ لێرەشدا ئەو بەشەى بەدڵی بووە باس کردووە، (بڕوانە لاپەڕە ٢٠٦) بەڵام باسى دژایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانی نەکردووە لە کاتى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان، کاک غاندى لە ساڵى ١٩٩١ بەرپرسى مەڵبەندى پاسۆک دەبێ لە دهۆک (لەئێستایشدا ئەندامى ئەنجومەنى پدک لە سلێمانی) دەڵێت: پاش ڕاپەڕین پاسۆک ئاڵاى کوردستانى لەسەر بارەگاکان هەڵ کرد، پارتى نوێنهری خۆى ناردە لامان، پێیان وتین دەبێت ئەو ئاڵایە بێننە خوارەوە یان بارەگاکانتان دابخەن یان ڕووبەڕروى ئێمە ببنەوە، چونکە بە مەترسییان دەزانى بۆ سەر خۆیان. (بڕوانە لاپەڕە ٢٠٩)
16- سەبارەت بەوەى بۆ نەیتوانیوە لەگەڵ یەکێتى پەیوەندییان باش بێت، ئەمە هۆکارى خۆى هەبووە، هەموو ئەو هۆکارانەمان ڕوون کردووەتەوە بە پشتبەستن بە سەرچاوەى ڕەسهن، وێڕاى جیاوازیى فیکرى نێوان پاسۆک و کۆمەڵە، کە باڵێکى سەرەکیى یەکیتى بوون. (بۆ زانیاریى زیاتر بڕوانه لاپەڕە ٢٠٥)
17- تەواوى چالاکییەکانى پاسۆک بەوردیى خراونەتە ڕوو لە دوو باسدا، بە ناونیشانی: چالاکییەکانى پاسۆک لە شاخدا، چالاکییەکانى پاسۆک لە شاردا، چالاكییهكانی پاسۆك لهناو شاردا، كه له باسانهدا چالاکییەکانى نووسین و هەڵواسینی پۆستەرهكان کراوە، بۆیە بۆ جارى دووەم داوا لە بەڕێزیان دەکەم پەرتووکەکەمان جارێکى تر بخوێنێتەوە. (بڕوانە لاپەڕە ١١٥_١٣٩)
18- لە نووسینى نامەى ئەکادیمیدا، ڕێگا بە بڵاوکردنەوەى هەندێک وێنە نادرێت، بۆیە نەمانتوانیوە وێنە بڵاوبکهینهوه.
19- ئێمەش پاڵپشت بە سەرچاوەکان، ئەوەمان سەلماندووە لە پێناو دۆزى کورد و گەیشتن بە دەوڵەتى کوردی، پاسۆک لەگەڵ دەستپکردنى شۆڕشى نوێ داواى لە لایەنەکان کردووە، لە بەرەیەکى یەکگرتوودا کۆببنەوە، بە مەبەستى یەکخستنى تواناکانیان و بەکارهێنانى لە دژى دوژمنانى کورد، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئهمهش بڕوانە (لاپەڕە١٧٨-١٩٩)
20- توێژینەوەکەى ئیمە، وەک لە سەرەتاشدا ئاماژەم پێی دا، توێژینەوەیەکى مێژوویى سیاسییه، سەرەڕاى ئەوەى پەیڕەو پرۆگرامى پاسۆک بەتەواویى پشتى پێبەستراوە و سەرچاوەى سەرەکیى توێژینەوەکەمان بووە، بەوردیى باسمان لە ستراتیژ و بیروباوەڕەکانى پاسۆک کردووە، باسێکى تایبەتیشمان بۆ تهرخان کردووە. (بڕوانە لاپەڕە ١٠٦_١١٢)
ماوەتەوە بڵێم، هیچ توێژینەوەیەک بێ کەموکورتى نابێ، بەڵام ئێمە هەوڵمان داوە زۆرترین زانیاریى کۆبکەینەوە، تابتوانین ڕۆلى (پارتى سۆسیالیستى کورد_پاسۆک) بەزیندوویى بمێنێتەوە، مێژوویان ون نەبێت، لهوهشدا بە دڕێژایى هەوڵەکانمان خۆمان لە لایەنگیریى و دژایەتیی بەدوور گرتووە، بەرپرسیارانە مامەڵەمان لەگەڵ نووسینهوه و تۆماركردنی ڕووداوەکاندا کردووە.