Skip to Content

قسەی کۆتایی شەقام دەیکات.. حمید تەقوایی.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

قسەی کۆتایی شەقام دەیکات.. حمید تەقوایی.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

Closed
by ئازار 1, 2023 General, Opinion

کۆکراوەتەوە لەسەر بنەمای گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ لە کەناڵ جەدیدو سۆشیال میدیا، ٢٤ی شوباتی ٢٠١٣

ناونیشانی ئەم گفتوگۆیە دروشمێکی وروژێنەر یان ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە خەباتی شەقام و هتد نییە، بەڵکو گوزارشت لەو ڕاستییە دەکات کە دەسەڵاتی شەقام کاریگەریی هەمەلایەنە و بنچینەیی لەسەر هەموو ئەو پێشهاتانە هەبووە کە ئێمە لە ئەم ٥ مانگەدا بینیومانەکە. “شەقام وشەی کۆتایی دەڵێت” بە واتای جموجۆڵ و ناڕەزایەتی جەماوەری لە شەقامەکان، لە زانکۆکان، لە کارگەکان، لە مانگرتنەکان و بە گشتی ئەوەی کە دەسەڵاتی دانیشتوان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا نیشان دەدات، توخمێکی بەتەواوەتی چارەنووسسازە.

شەقام و ئاڵوگۆڕەکانی ٥ مانگی ڕابردوو
دوای دەستپێکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، گۆڕانکاری زۆر لە خودی ئێران و لەسەر ئاستی جیهانیدا ڕوویدا. لە خودی ئێرانیشدا حکوومەت پاڵی پێوەنراوە بۆ پێگەیەکی زۆر بێدەسەڵات و لاواز، ڕیزەکانی حکوومەت دەستیان بە داڕمان کرد و ئەمڕۆش تەنانەت لە نێو خودی حکوومەتیشدا بزووتنەوەیەک دژ بە خامنەیی دروست بووە و کوتلە جۆراوجۆرەکان بیریان لە “شۆڕش لە سەرەوە” کردووەتەوە “. ئەم قەیرانە کە نیشانەی داڕمانی ناوخۆی ڕیزەکانی حکومەتە، ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێت. ڕوونە کە ئەمە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ناڕەزایەتی شەقامەکانە و هیچ هۆکارێکی تر نییە.
لە لایەکی دیکەوە لە ئاستی جیهانیدا دەبینین حکومەتەکان هەڵوێستەکانیان دەگۆڕن و دەست دەکەن بە دوورکەوتنەوە لە کۆماری ئیسلامی و ڕێوشوێنی وەک ڕێگەنەدان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە کۆنفرانسی میونشن، یان دەرکردنی لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێگەی ژنان، یان ڕاگەیاندنی پشتیوانی پەرلەمانی یەکێتی، ئەوروپا لە دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆریستی و ئەو بزووتنەوەو جوڵانەوەیەی کە بەم ئاراستەیە بەرەو پێشەوە دەچێت. بە گشتی پرسی ئێران و شۆڕشی ئێرانی پاڵ پێوەناوە بۆ پێشەوەی هەواڵەکان و بووەتە گوتارێکی گشتی، دامەزراوە جیهانیەکان، کەسایەتی و ڕوخسارە ناودارەکان بۆ بەرگری لە شۆڕشی ژنانی ئێران و هتد قسە دەکەن. هەروەها ڕوونە کە ئەمانە ڕەنگدانەوەی شۆڕشی ئێرانن، واتە خەباتی شەقام و مەیدانی و ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی زانکۆکان، مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبوونەوە و دروشمی شەوانە، کە تا ئێستاش بەردەوامن.
فاکتەرێکی دیکەش جوڵەی هێزە ڕاستڕەوەکانە، کە پێش ئەم ڕاپەڕینە باسی شۆڕشیان نەکردووە، یان ئەگەر باسیان کردبێت، بە توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی و هاوشێوەکانی ناویان دەبرد. ئەم هێزانە ئێستا بە ناچاری بۆنەتە هاوسۆزی شۆڕش. ئەوان بە شێوەی زارەکی پشتگیری لە شۆڕشی ژنانی ژیانی ئازاد دەکەن، بەڵام دەستیان بە بزووتنەوەگەلێک کردووە کە نەک هەر پەیوەندییان بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیەوە نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا دژی شۆڕشن. دوایین نموونه ، جموجوڵە فاشیستییانەکانی ئەم دواییە له هەندێک خۆپیشاندان به دروشمی جاوید شا و ده رکه وتنی ساواکییه بێزراوەکانی وه ک په ڕویز سابتی. لەلایەکی دیکەوە چالاکی لۆبیکردنی-دیپلۆماسی لە لایەن هێزە ڕاستڕەوەکانی دەرەوەی وڵاتەوە دەستی پێکردووە کە ڕەگ و بنەمای ناڕەزایەتییە مەیدانییەکانی خودی ئێرانە. هەرچەندە ئەم بزووتنەوە ڕاستڕەوانە، وەک وتم، پەیوەندییان بە شۆڕشەوە نییە و لە زۆر حاڵەتدا دژایەتیی دەکەن، بەڵام دەرئەنجامی سەرهەڵدانی شۆڕشن.
بە واتایەکی تر زنجیرەیەک ئاڵوگۆڕی سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە ڕیزەکانی حکومەت و لە نێو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکاندا دەبینین و لە پێوەندی لەگەڵ حکومەتەکان و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان، کە کە بەگشتی یەک مەکینەو بزوێنەری لێخوڕین و بردنەپێشەوەیان هەیە، کەهەمان ناڕەزایەتیە مەیدانیەکانە. کۆی پڕۆسەی ئەم ئاڵوگۆڕانە دواجار بەستراوەتەوە بە پرۆسەی ناڕەزایەتی و خەباتی مەیدانی و شەقام لە ئێراندا.

پرۆسەی پێشڕەویەکانی شەقام
لە سەرەتای شۆڕشەوە ناڕەزایەتی شەقامەکان لە هەڵکشاندایە. سەرەتا ئەو خۆپێشاندان و کۆبوونەوانەی دوای کوشتنی مەهسا ئەمینی ڕوویان دا، خۆبەخۆ بوون. ئەم بزووتنەوەیە لە ئاستێکی بەرفراوانی زانکۆکانەوە دەستی پێکرد و کەشی گشتی بە جۆرێک بوو کە ناڕەزایەتییەکان تەشەنەی کرد. ئێمە مانگرتنی کاسبکارانمان هەبوو، هەندێک بەشی لە کرێکارانی پیشەسازی نەوت و بەشەکانی دیکە مانیان گرت، بۆنەکانی، حەوتەم و چل ڕۆژی گیانبەختکردوان بوون بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، کە لە هەندێک حاڵەتدا چەندین هەزار کەسی هەبوو (بۆ نموونە مەزن و شکۆمەندەکان گردبوونەوە لە سەقز لە پێوەندی بە چلەی مەهسا پێکهات، دروشم و خۆپیشاندانی شەوانە بڵاوبوونەوە و هتد و هتد. بەم شێوەیە شۆڕشی ئێستا وەک هەر شۆڕشێکی تر بە تەقینەوە دەستی پێکرد و بە دەیان شاردا تەشەنەی کرد. ئەم بزووتنەوەیە لە پڕۆسەی خۆیدا دروست بوو، پێناسە کرا، ڕێکخرا و ئاڵا و زمان و مانیفێستی ڕادیکاڵی خۆی دۆزیەوە. لەم پرۆسەیەدا دوو خاڵی وەرچەرخانمان بینی. نەتیجەی ٢٧ بەهمەن و بڵاوکردنەوەی جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو.
بایەخی ٢٧ بەهمەن تەنیا ئەوە نەبوو کە دوای ماوەیەک لە دابەزینی ڕێژەیی خەڵک لە زیاتر لە ٢٠ شاردا جارێکی دیکە بە دروشمی ڕادیکاڵەوە هاتنە سەر شەقامەکان. لایەنی گرنگتر ئەوە بوو کە ئەم بزووتنەوەیە بە بانگهێشتکردنی تۆڕێک لە ٥٠ ڕێکخراوی خوێندکار و لاوان لە شارە جیاوازەکان و دامەزراوەکانی تر کە لە سەردەمی شۆڕشدا دروست بوون و هەروەها بە ڕێکخستنی ئەوان دروست بوو. وە ئەم لایەنە دووەمە زۆر گرنگە. ئەوە نەبوو کە بانگەوازێک کرا و کۆمەڵگا بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە. ئەم بزووتنەوەیە لە زیاتر لە ٢٠ شاردا ڕێکخرابوو، ئەم ڕێکخستنەش لە ماوەی دەیەی فەجردا دەبینیت، لە تێکدانی دەیەی فەجر لەسەر سەری فەرمانڕەواکاندا. هەر لە نووسینی دیوارەوە تا دروشمی شەوانە، تا دەگاتە سووتاندن و ڕاکێشان و دڕاندنی لافیتە و تابلۆی بانگەشە و ڕیکلامە حکومییەکان، هەموو جوڵانەوەکان ڕێکخران و ٢٧ی بەهمەن لوتکەی ئەم ڕێکخستنە بوو. بە واتایەکی تر، لە ٢٧ی بەهمەن، تەنها بەرهەمی شانازیی بانگەوازکارانی نەبوو، بەڵکو تۆڕێکی ٥٠ ڕێکخراوی لە شار و ناوچەی جیاجیادا ڕێکخست. ئەو تۆڕەی کە لە شۆڕشەوە سەریهەڵدا و لە شۆڕشدا دروست بووە، وایکردوە پەیوەندییەکانی فراوانتر کردووەتەوە، لەکۆتایشدا ئەنجامی کارەکانیمان لە ٢٧ی بەهمەن بینی.
بێگومان ئەم تۆڕە بە بانگهێشتی ٢٧ بەهمەن دەستی بە کارەکانی نەکرد. پێشتر لە ڕۆژانی ١٤-١٦ی ئازەروو پاشان ٢٨-٣٠ی ئازەردا، بانگهێشتی ئەم تۆڕەمان بینی، کە لە بانگەوازە سەرکەوتووەکانیش بوو. بەڵام ئەمجارە ژمارەی ئەو ڕێکخراوانە بۆ ٥٠ ڕێکخراو زیادی کردبوو و لەوەش گرنگتر ئەم تۆڕەکە بە ڕێکخستن و چالاکی بەرنامە بۆداڕێژراو توانی دوای ماوەیەک لە دابەزینی نزیکەی زیاتر لە ٢٧ شار بخاتە جووڵە.
ئەم بزووتنەوەیە ئەوە دەردەخات کە لە ئێستا بەدواوە شەقامەکە ڕێکخراوە. شەقام چیتر لەخۆوە یان تەنانەت تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دروست نابێت، بەڵکو تۆڕێکە لە ڕێکخراوە ڕاستەقینە و چالاکەکان لە زانکۆکان، لە گەڕەکەکان، کۆبوونەوەی ژنان، خوێندکاری پێشەنگ، سەندیکای پزیشکان و هتد لە زیاتر لە ٢٠ شاری بانگەوازکاران و ڕێکخەرانی ئەنجامە مەیدانییەکان ئەوانن.
خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە ئەمڕۆ شەقام ئاڵای بەدەستهێناوە. لە ٢٥ی بەهمەن، بە واژۆی ٢٠ سەندیکا و ڕێکخراوی مەدەنی، جاڕنامەی لانی کەمی داواکارییەکان بڵاوکرایەوە. بیست ڕێکخراوی ناسراو و باوەڕپێکراو خاوەن مێژوویەک، ڕێکخراوەکان کە لە چەند ساڵێک لە ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و هەروەها چەند دەیەیەکەوە لە کۆمەڵگادا سەریان هەڵداوە، وەک شورای هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی پیشەییەکانی پەروەردەکاران و سەندیکاکان و شورای کرێکاران کە پێکهاتوون لە ڕابەرانی ناسراوی مانگرتن و تێکۆشانی کرێکاران لە هەفت تەپە و پیشەسازی نەوت و فولاد، یەکێتی خانەنشینان، داکۆکیکارانی مافی ژنان، گروپەکانی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی خوێندکاری و چەند ڕێکخراوێکی تر ئەم جاڕنامەیان بڵاوکردۆتەوە. ئەمانە ئەو ڕێکخراوانەن کە چالاکییەکانیان لە شۆڕشی ئێستاوە دەستی پێنەکردووە. بەڵکو ساڵانێکە لە بوارە جیاجیاکاندا دژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن. ڕابەرەکانیان چەندین جار زیندانی کراون و لە کۆمەڵگەدا بەناوبانگ و خۆشەویستن. دەکرێ بڵێین شۆڕشی ئێستا لەسەر شانی ئەو ڕێکخرا و تێکۆشەرانە دروست بووە.
ئەمڕۆ بەڕای من ئەم ڕێکخراوانە بە بەهێزترین و کاریگەرترین و کاراترین شێوەی گونجاو ، واتە بە بڵاوکردنەوەی جاڕنامەی شۆڕشی ژن ژنان ئازادی، هاتوونەتە مەیدانەکە هاتوونەتە مەیدانەکە. ناوی جاڕنامەکە کەمترین ڕێکخراوی پێشەییە و مەدەنییەکانە، بەڵام ئەم جاڕنامەیە بەتەواوەتی سیاسییە و پەیوەندی بە شۆڕشەوە هەیە، کە ئاسۆ و ڕوانگەیەکی ڕوون و مرۆڤدۆستانە و ڕزگارکەر بۆ کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو. ئێستا کۆمەڵگا ئاڵای تایبەتی خۆی هەیە. ئێستا ناوەرۆک و ئامانجی شۆڕش بە ڕوونی و کۆنکرێتی و تایبەتمەند و دیاریکراوی ڕاگەیەندراوە. بە جۆرێک لەم جاڕنامەدا ” ژن ژیان ئازادی ” وەرگێڕدراوە بۆ کۆمەڵێک داواکاری و ئامانجی تایبەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، خۆشگوزەرانی و ئابووری. لێرەدا ناچمە ناو وردەکارییەکانی جاڕنامەکە. پێم وایە ئەمڕۆ هەمووان بەم ناوەرۆکە ئاشنان. بەڵکو دەمەوێت جەخت لەسەر پێگەی گرنگی ئەم بەڵگەنامەیە لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا بکەمەوە. دەکرێ بڵێین جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو ئاڵای شەقامە. لە قوڵایی شۆڕشەوە دێت، ئەگەرچی ٥ مانگە شەقامەکانی داگیر کردووە، بەڵام ساڵانێکە هێز کۆدەکاتەوە. ئێستا لە ڕووی سیاسی و بابەتییەوە، لە ڕووی چاوەڕوانی و خواست و ئامانجەوە، شەقام زیاتر ئاگادار و بەهێزتر و یەکگرتووتر و تۆکمەتر بووە.

فاکتەری ٢٠ + ٥٠
بە کورتی ئەم بەشەی وتارەکەم کورت دەکەمەوە. لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا دوو فاکتەری بنەڕەتی لە ئێران ڕوویانداوە، کە لە ٢٥ی بەهمەنەوە تا ئەمڕۆ. یەکەم: بڵاوکردبوونەوەی جاڕنامەی شۆڕشگێڕی و ئاڵا و مانیفێستی شۆڕش، لە لایەن ٢٠ ڕێکخراوی ناسراو و متمانەپێکراو و جەماوەرییەوە و دووەمیان بانگەواز و ڕێکخستنی شەقام لە لایەن ٥٠ ڕێکخراوەوەی کەلەنەتیجەی، کە لە ٢٧ی بەهمەن بینیمان. بە بڕوای من ئەم دوو فاکتەرە زۆر یەکلاکەرەوەن لە پێشکەوتنی شۆڕش و بەهێزی ڕیزەکانی و یەکگرتوویییەکەیدا. من ئەم دوو توخمەم لە تویتەر و ئینستاگرامدا بە فاکتەری ٢٠+٥٠ ناوبردووە. مەبەستم ئەوە نییە کە ئەم ڕێکخراوانە لەم ژمارەیەدا سنووردار بن. تا ئەمڕۆش زیاتر لە ١٢ حیزب و دەیان ڕێکخراو و دەزگا و هەڵسوڕاوانی شۆڕش و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵاتەوە پشتیوانیان لە جاڕنامەکە کردووە. لە نێویاندا بەشێک لەو ٥٠ ڕێکخراوەی کە بانگەوازی ٢٧ی بەهمەنیان کردووە، ڕایانگەیاندووە کە داواکارییەکانی جاڕنامەکەش داواکاریی ئەوانە. دەستەواژەی ٢٠+٥٠ مەتافۆرێکە بۆ ئەم هاوپشتی و هاوەڵایەتیەی ڕێکخراوە ناسراو و بەئەزموونەکان لەگەڵ چالاکوان و ڕێکخراوەکان کە لە شۆڕشی ئێستاوە سەریان هەڵداوە، یان بە واتایەکی تر بەستنەوەی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بە مێژووی ناڕەزایەتی دەربڕین لەگەڵ چالاکوانانی بزووتنەوەی ڕووخاندن و سەر بەرزکردنەوە لە ٥ مانگی ڕابردوودا.
جاڕنامە لە ڕاستیدا خەریکە دەبێتە ئەو ئاڵا و مانیفێستەی کە نوێنەرایەتی ئەو ڕێکخراوانە دەکات، کە دەتوانرێت ناویان ببەین بەهێزیەکانی جاڕنامە. ئەم هێزانە ڕیکلام و چالاکییەکانیان لەسەر بنەمای جاڕنامە دامەزراون و بە کردەوە پێکەوە دەخرێنە ڕوو. بە واتایەکی تر ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە جاڕنامە تەنها هەڵوێستێک نییە، بەڵکو بانگەشە و ڕێکخستن و چالاکییە مەیدانییە هەماهەنگ و پەیوەندیدارەکان دەخاتە کارنامەی ئەو هێزانەی بەرگری و پشتیوانی لە جاڕنامە دەکەن. بەم مانایە فاکتەری ٢٠+٥٠ هەم دەربڕینێکی خوازەی ڕێکخستنی شۆڕشە و هەم نوێنەرایەتی ناوەڕۆکی ئامانجەکانی شۆڕش دەکات. لە هەردوو حاڵەتەکەدا شۆڕش خۆی بەهێزتر دەکات و بڕبڕەی پشتی شۆڕش بەهێزتر و سەقامگیرتر دەبێت.
کاریگەری و ڕەنگدانەوەی ئەم فاکتەرە لەو پێشهاتانەدا دەبینرێت کە لە سەرەوە باسم کرد. ئەم کاریگەرییانە لە خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات و لە چالاکییە بەردەوامەکانی لۆبیکردن و تەنانەت لە بزووتنەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەویشدا دەبینین. ٢٧ی بەهمەن کۆتایی بەو گوتارە هێنا کە شۆڕش هێور بووەتەوە و حکومەت توانیویەتی کۆنترۆڵی بکات و هتد، و نیشانیدا کە شۆڕش زیندووە و تەنانەت لە پێشووتر ڕێکخراوتر و پێکهاتووتر. و بەتایبەتی بڵاوکردنەوەی جاڕنامەکە دەریخست کە شۆڕش نەک هەر بە دروشمێکی گشتی ژن، ژیان، ئازادی، دانپێدانراوە، بەڵکو ئێستا بە داواکاری و ئامانجی تایبەت نوێنەرایەتی دەکرێت کە هەمەلایەنەن و گوزارشت لە خواستی جەماوەری خەڵک دەکەن، و وەک دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، مۆدێرن و مرۆڤدۆستانەیە و دەتوانێت سەرنجی جیهان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. جاڕنامەکە بۆ زۆر زمان وەرگێڕدراوە و زۆرێک لەهێزو یەکێتی و ڕێکخراوەپێشکەوتنخوازەکان گرنگییان پێداوە. تەنانەت لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن، کە هێزە ڕاستڕەوەکان تێیدا ئامادەبوون، هانا نیومان، نوێنەری پارتی سەوزی ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەوروپا، بڵاوکردنەوەی جاڕنامەکەی لە لایەن “یەکێتیە کرێکاری و خوێندکاریەکان” ناوبرد ” وەک ڕووداوێکی گرنگ کە دەتوانێت “دیدێکی ڕوونتر بۆ بەدیلەکان.” بۆ پێشکەشکردن دابین بکات دەتوانن لە تویتەر و سۆشیال میدیا ببینن کە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازی لە جاڕنامەکە کراوە.
بەم شێوەیە ئەم دوو ڕووداوە کاریگەرییان لەسەر پێشهاتە سیاسییەکانی دیکەی ناوەوە و دەرەوەی وڵات هەبووە و شۆڕش هەنگاوێکی گرنگی بەرەو پێشەوە ناوە لە هەموو بوارەکاندا.

شەقام و پێگەی هێزە ڕاستەکان
لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا ٢٠+٥٠ ڕووداوی تر ڕوویدا. دەزانن ڕەزا پەهلەوی و ٧ کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن لە شاری جۆرج تاونی واشنتۆن کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان سازکرد و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە یەکگرتوویی هێزەکانیان دەوێت. بەڵام دوای ئەوەی ئەم کۆنفرانسە و بەناو ئارەقەی ئەم کۆبوونەوەیە هێشتا وشک نەبووەبوویەوە، دروشمی فاشیستی پشتیوانی لە “شازادە” و دەسەڵاتی پاشایەتی لە خۆپیشاندانەکانی دەرەوەدا دەوترێتەوە. لەژێر ناوی ئەو هاوپەیمانییەدا دروشمی “بڵێ جاڤد شا”یان دەوتەوە و لە نێو ئەو خۆپیشاندەرانەدا کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر کۆماری ئیسلامی هاتبوونە سەر شەقامەکان، ڕایانگەیاند “ڕێبەری ئێمە پەهلەوییە، هەرکەسێک نەێڵێتەوەبێگانەیە “. یان “ژن ژیان پەهلەوی” دەڵێنەوە! وادیارە دوای کۆنفرانسی جۆرج تاون، بەجۆرێک مەیدانەکەیان بۆ خۆیان بەکراوە بینیوە بۆ ئەوەی کەمپین بۆ شازادەکەیان بکەن. تەنانەت شایەتحاڵی ڕووبەڕووبوونەوە و لێدانی نەیارانی دەسەڵاتی پاشایەتی بووین لە لایەن ئەو هێزانەوە.
هەندێک کەس بە چاودێریکردنی ئەم ڕووداوانە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هێزە ڕاستڕەوەکان سەرقاڵی دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤن بەسەر سەری خەڵکدا و بڕیارە کۆنفرانسی گوادالوپ دووبارە ببێتەوە و هتد. بەڕای من ئەم جۆرە سیناریۆیانە ڕوونادات. ئەمە دەتوانێت باسێکی ورد بێت، بەڵام لێرەدا تەنها دوو خاڵ باس دەکەم.
خاڵی یەکەم ئەوەیە کە هیچ هێزێک کە پەیوەندی بە شەقام و خەباتی مەیدانیەوە لە ئێران نەبێت ناتوانێت کاریگەری لەسەر پرۆسەی پێشهاتەکان دروست بکات. ئەو هێزە ڕاستڕەوانەی کە بانگەشەی نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن و بەتایبەتی پاشایەتی خوازانێک کە لە قووڵایی کۆنەپەرستی فاشیزمی ئاریاییدا نوقم بوون، نەک هەر پەیوەندییان بە شەقامەوە نییە، بەڵکو لە خاڵی بەرامبەر شۆڕشگێڕدا وەستاون.
ئەم هێزانە دەستیان لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی وڵاتدا نییە و لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئەمڕۆش نەیانتوانیوە لە دەرەوەی وڵات بانگەواز بکەن و خۆپیشاندان ڕێکبخەن. شێوازی ئەوان لە بنەڕەتدا بەشداریکردن بوو لەو خۆپیشاندانانەی کە کەسانی دیکە بانگەوازیان بۆ دەکرد و هەوڵی ڕفاندنیان بوو. ئەمە بە جموجۆڵە فاشیستانەکانی ئەم دواییەی لایەنگرەکانی پەهلەوی ئیتر مومکین نییە و دەبێتە هۆی دابڕانی هێزە ڕاستڕەوەکان لە خۆپیشاندانەکانی دەرەوەدا.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا کە هەوڵی کاریگەری و کۆنترۆڵکردنی پێشهاتەکانی ئێران دەدەن، ناتوانن حساب بۆ شازادە و لایەنگرانی بکەن. بۆ حکومەتەکانی ڕۆژئاوا، پێش هەموو شتێک، چ هێزێک دەتوانێت شەقام کۆنتڕۆڵ بکات، گرنگە. وە زۆر ڕوونە کە هێزە ڕاستڕەوەکان بە پاشایەتییەکان و کۆماریخوازەکان و هتدەوە تەیفی لەو شێوەیەیان بەدەستەوە نییە. بەپێی ئاڕاستە و خێرایی جوڵە مەیدانییەکان لە ناوخۆی ئێران، هەڵوێستی حکومەتەکانیش دەگۆڕێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا هەمووان تێدەگەن کە کۆنترۆڵکردنی شەقام لە دەستی هێزە ڕاستڕەوەکاندا نییە.
هەندێک کەس بارودۆخی ئەمڕۆ لەگەڵ ٥٧ و کۆنفرانسی جۆرج تاون لەگەڵ کۆنفرانسی گوادالوپ بەراورد دەکەن، بەڵام ئەمە بەراوردێکی نابەجێ و بەناو بەراوردێکی نادروستە. لە ساڵی ٥٧تدا حاڵەتەکەبەپێچەوانە بوو. خومەینی و هەوادارەکانی لە هاوینی ساڵی ١٩٥٧ەوە توانیان دەستی باڵایان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا هەبێت و دروشمی ڕێبەر خومەینی لەگەڵ مەرگ بۆ شا، بووبوو بە دروشمێکی گشتی. بێگومان خستنەبازاڕی خومەینی لە میدیای ڕۆژئاواشدا ڕۆڵی هەبوو لەمەدا، بەڵام هۆکاری سەرەکیش کاریگەریی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامیی ڕژیمی شا بوو، کە هێزێکی کۆنەپەرستانە و مێژوویەکی لە کەشوهەوای سیاسی ئێراندا هەیە، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا بوو.
ئەمڕۆ ئەم تەیفە لە دەستی هێزە ڕاستەکاندا نییە. فاکتەری ٥٠ + ٢٠ ڕێگە نادات کەس لە سەرووی خەڵکەوە کۆنترۆڵی شۆڕش بگرێتە دەست.
فاکتەری دووەم ئەوەیە کە لە ساڵی ١٣٥٧دا شۆڕش لە سەریکۆمەڵگاوە مومکین بوو بەهۆی ئەوەی کە لە سەردەمی دیکتاتۆری پەهلەویدا هیچ ڕێکخستن و بزووتنەوەیەکی سیاسی و ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگای ئێراندا نەبووە. ئەو خنکاندنەی کە بە گۆڕستانی ئاریامێهری ناسرا، ڕێگەی نەدا هیچ دەزگا و کەسایەتی و حزب و سەندیکا و ڕێکخراوێکی مەدەنی پێک بێت و کار بکات. بۆیە کاتێک شۆڕشی ١٣٥٧ دەستی پێکرد، سەرمایە و پشتیوانی بانگەشەی نەبوو، ڕێکخراو و ڕووخساری نەبوو، هەر بۆیە تەلارسازی و ئافراندنی ئەڵتەرناتیڤ لە سەرەوە بە تەواوی مومکین بوو. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەموو سەرکوت و ئێعدام و کوشتار و دڕندەیی بێوێنەی خۆی، هەرگیز نەیتوانی ئەو هەلومەرجە گۆڕستانیە لە ئێراندا زیندوو بکاتەوە. شۆڕشەکان شکست دەهێنن، بەڵام لە مێژوودا دوور ناخرێنەوە. ئەمەش یەکێک بوو لە کاریگەرییەکانی شۆڕشی ١٣٥٧، کە هەرچەندە شکستی هێنا، بەڵام بە کردەوە ڕێگەی نەدا خنکاندنی ئاریامێهری دووبارە بێتەوە. دەیان و سەدان ڕێکخراوی ناحکومی، دامەزراوە و ڕێکخراوی خەباتکار لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانە ئەو ٢٠ و ٥٠ ڕێکخراوەی کە باسی دەکەین، بەرهەمی ٤ دەیە جمو جوڵ و ناڕەزایەتی و خەباتی کۆمەڵگەن. ئەمانە لە شەوێکدا دروست نەبوون، بەڵکو لە بزووتنەوە چالاک و پەیگیرەکانەوە سەریان هەڵدا، وەک بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی ئازادی ژنان، بزووتنەوەی دادگاییکردن، مافی منداڵان، بزووتنەوەی دژی لە سێدارەدان، کۆلکەزێڕینەکان و LGBTQ، ژینگەپارێزی و هتد. هتد. کۆماری ئیسلامی زۆر زیاتر لە نیزامی پێشوو سەرکوت و کوشتنی کردووە، بەڵام نەیتوانیوە کۆمەڵگا بخنکێنێت و بێدەنگ بکات. ئەمانە کەرەستە و سەرمایەی خەباتەکانی کۆمەڵگەن و ئەوانەن کە ئەمڕۆ نەبزی شەقام کۆنتڕۆڵ دەکەن.
ئەمە دۆخێک نییە کە لە سەرەوە بسەپێندرێت. ئەگەر بیانەوێت هەر سیناریۆ و هەر نمایشێک پێکەوە دابنێن و لە سەرەوە بیسەپێنن بەسەر کۆمەڵگەدا، ئەوا لە بنەوە ڕووبەڕووی بەرخۆدان دەبنەوە، بەرخۆدانی ئەو کۆمەڵگایەی کە خۆی لە دەوری خواست و ئامانجی ئینسانی و ئازادیخوازانە ڕێکخستووە. کۆمەڵگایەک کە خوازیاری ڕووخاندنی یەکجاری کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی لە سەرەوە بۆ پاراستنی زۆرترین سیستمی هەبوو. ڕاست هەوڵ دەدات بەم ئاراستەیە، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی نییە.
شەقام لێرەدا دوا وشەی هەیە. هەروەها شەقامەکە سیناریۆکان لە سەرەوە بێلایەن دەکات. وە شەقامی ئەمڕۆ زۆر ڕێکخراوتر و گەشاوەتر و هۆشیارترە لە هەموو قۆناغەکانی تر.
ئەمڕۆ لە مەیدانەکەدا حیزبی وەک حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هەن، کە دژی هەر جۆرە پیلان و سازان و بنبەست و هەر جۆرە خوڵقاندنێکی ئەڵتەرناتیڤ دەوەستنەوە و نوێنەرایەتی شۆڕش و جەماوەری هەڵکشاوی خەڵک دەکەن. هەروەها هێزی چەپی شۆڕشگێڕی حزبی بەرهەمی چەند دەیە خەباتی ئێرانە. ئەم هێزە پشت بە شەقامیش دەبەستێت. بەڵام زۆرێک لەو هێزانە بە توندی پشتگیریان لە جاڕنامەکە کردووە. ئێمە هەوڵ دەدەین تا دەتوانین کۆمەڵگا لە دەوری ئەو داواکاری و ئامانجە نیشتمانی و ئینسانانەی کە لە جاڕنامەکەدا دەربڕدراون، یەکبخەین، و ڕێکبخەین و بیخەینە جووڵەوە.
ئەنجام
وەک پوختەی باسەکە جەخت لەسەر چەند خاڵێک دەکەمەوە.
یەکەم: ئەوەی کە بزوێنەری جوڵانی شۆڕش شەقام و خەباتی مەیدانییە و ئەم فاکتەرە تەنانەت لە جموجۆڵەکانی هێزە ڕاستڕەوەکان و پێشهاتە ناوخۆییەکانی خودی حکومەت و ڕووخانی حکومەت و هەڵوێستگیری حکومەتەکاندا تەواو چارەنوس سازە.
خاڵی دووەم ئەوەیە کە جاڕنامەی ٢٥ بەهمەن و بانگەوازی ٢٧ بەهمەن شۆڕشی زۆر بەهێز و قووڵتر کردووەتەوە. ئەمڕۆ شەقام ئاڵا و مانیفێستی چەپ و ڕادیکالی خۆی هەیە و زۆر ڕێکخراوتر و هۆشیارترە لە ڕابردوو.
وە دوا خاڵ ئەوەیە کە جوڵەی ڕاست و هەوڵی تەلارسازی لە سەرەوە بە هیچ شوینێک ناگات چونکە بارودۆخی ئەمڕۆ بە تەواوی جیاوازە لە بارودۆخی ساڵی ١٣٥٧. هەم دەسەڵاتی شەقام و هەم ناپەیوەنداری ڕەوتە ڕاستڕەوییەکان بە دروشم و داخوازییەکانی شۆڕش و بە ناڕەزایەتی شەقام، ئەو جۆرە هەوڵانە پوچەڵ دەکاتەوە.
سوپاس.

٢٦ی شوباتی ٢٠٢٣، ٧ی ئیسفەند ١٤٠١

Previous
Next
Kurdish