Skip to Content

چیرۆک\ مێوان.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

چیرۆک\ مێوان.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

Closed
by ته‌مموز 1, 2024 General, Literature



بەپڕەپڕ خۆی تێپەستا ناو پاسەکە و بەرەو ماڵەوە بەڕێ کەوت. هەرچەندە هێشتا بانگی نیوەڕۆی نەدابوو، کەچی بەناچاری مۆڵەتی وەرگرتبوو بۆ ئەوەی زوو بگەڕێتەوە ماڵەوە، تاوەکوو ئامادەکاری بۆ مێواندارییەکەی ئێوارە بکات. ئەوە یەکەمین جاری نییە کە ناچارە زوو کارەکەی خۆی بەجێ بهێڵێت، حەفتەی یەک دوو جاران مێردە سمێڵ زلەکەی زەنگێکی بۆ لێدەدا تا دەستبەجێ بێتەوە ماڵەوە، جارێک مام کاکلی بانگهێشت کردووە بۆ نانی ئێوارە، جارێک کاکە سوور، جارێک مام هەینی، خۆ هاوڕێکانی هەر تەواو نابن، نا. هەرچەندە بێری زۆر جاران پێی گوتبوو کە ئاوا نەکات، بەڵام ئەم زڕتە زەڵامە هەر گوێشی پێ نەدەدا.
لەبەردەم بازاڕی کووران دابەزی و گۆشتێکی جوان، کیلۆیەک تەماتە، بڕێک بامیە و فەردە برنجێکی کڕی و لەگەڵ دەستی خۆی بردنیەوە بۆ ماڵەوە. هێشتا ماندووێتی نەحەسابووەوە، مێردە ورگنەکەی شیڕاندی و داوای نانی نیوەڕۆی کرد. بێری هەر بەپەلەپەل بڕێک پاقڵەی زەرد کرد و لەگەڵ پاروە ساوارێک و لەگەنە ماستاوێک، داینا لەپێشی. پێش ئەوەی سەروسمێڵی خۆشی بسڕێتەوە، چایەکیشی لەبەردەم دانا و ئینجا چوو بۆ ناندینەکە.
دوای ئەوەی قاپوقاچاغەکانی نانی نیوەڕۆی جوان جوان شۆرد، ئینجا دەستی کرد بە چێشت لێنان، لەلایەک تەماتەی کووز دەکرد، لە لایەک سەلکە پیازێکی سۆر دەکردەوە، لە لایەک گسکی لە ماڵە تۆزاوییەکەی دەدا، لەم لاشەوە بزگوڕ و شتومەکەکانی لەدوای مێردە مردۆخەکەی هەڵدەگرتەوە. لە دڵی خۆشیدا دەیگوت: «وەی دەنا ئەگەر وەکوو ئەم تەوەززەلە خانەنشین بوومایە، شەو و ڕۆژانم هەمووی لەگەڵ هەورینی هاوسێمان دەبردە سەرێ.»
هەرچەندە بێری پێنج سالان لە مێردی گەورەتر بوو، کەچی هێشتا هەر دەبوایە کە کار بکات، بەڵکوو بتوانێت بژێوی ژیانی خێزانە نەدارەکەیان دابین بکات، بەتایبەتی کە مێردەکەی ڕۆژ هەتا ئێواران لە بن دیواری مزگەفتان دادەنیشت و یاری دۆمینە و دامەی لەگەڵ پیرەمێرد و بێئیشانی گەڕەک دەکرد، ماوە ماوەش دەچووە گازینۆیەکەی نزیک ماڵیان و یەک دوو دەستە قوماریشی دەدۆڕاند، سەرباری ئەوانەش ئەم هەموو مێوانانەی دەهێنایەوە ماڵەوە.
بانگی دوای نیوەڕۆیانی دا و بێری هێشتا لە ناندینەکە بوو و چێشتی لێدەنا، دەمنادەمیش دەبوایە بەهەڵەداوان بۆ دیوەخانەکە بڕوات تا پەرداخە ئاوێک، پیاڵە چایەک یان قاپە شفتییەک بۆ مێردەکەی ببات. تاوناتاوێکیش شیڕەی مێردەکەی دەهات و بە تووڕەییەکەوە پێی دەگوت: «درەنگە نانەکە بۆ ئامادە نییە؟ ئێستا نا ئێستا ئەو هاوڕێیانەم دێن، وەکوو هەموو جاران شەرمەزارمان دەکەیت!»
بەرەبەری کاژێر چواری ئێوارە بوو، ویستی سەرخەوێک بشکێنێت، چوو بۆ لای مێردەکەی تا داوای لێ بکات تا چاوێکی لە برنجەکە بێت و دوای دە خولەکی تر ئاگرەکەی نزم بکاتەوە، بەڵکوو باش دێم بدات. مێردەکەی هاواری کرد: «بۆ چما کارەکەرت دۆزیوەتەوە، هەی تڕحێو، کوڕ و چێشت لێنانت بینیوە؟ ناشتەوێ ئابڕوومان ببەی!»
مێوان هاتن و مێوان ڕۆیشتن، کۆمەک قاپوقاچاغیان پیس کرد و دیوەخانەکەیان شڕ و وڕ لەدوای خۆیان بەجێ هێشت، بێریی شەکەت و ماندوو چاری ناچار شەو هەمووی بە قاپ شوشتن و خاوێنکردنەوەی دیوەخانەکە بەڕێ کرد. دوای یەک دوو کاژێر بە پشتی شکاوەوە بەرەو ژووری نووستنەکەی ڕۆیشت، هێشتا نەگەیشتبووە سەر سەرینەکەی، مێردی دەنگی هەڵهێنا و گوتی: «توخوا ژنەکە پەرداخێک ئاوم بۆ بێنە، ئەمڕۆ گەلێک ماندوو بووم.»

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

مانای وشەکان:
زەنگ بۆ لێدان: تەلەفۆن بۆ کردن
بازاڕی کووران بازاڕێکی بەناوبانگی میللی شاری هەولێرە.
کووزکردن:‌ قاش قاش کردن، پارچە پارچەکردن.

Previous
Next
Kurdish