
یۆسا دوا كۆڵه‌گه‌ی تۆكمه‌ی ئه‌ده‌بی لاتینی.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
له‌ڕۆژی 13ی نیسانی ئه‌م ساڵی ماریۆ ڤارگاس یۆسای گه‌وره نووسه‌ری پیرۆیی له‌شاری لیما كۆچی دوایی كرد. ناوبراو له‌و جۆرە نووسه‌رانه‌بوو كە ژیانی سه‌رچلیانه و پڕ له هه‌ڵدێر و ته‌نگه‌سات هه‌ڵده‌بژێرن. له‌ته‌ك ئۆكتاڤۆ پاز و خۆلیۆ كورتازار و خۆرخی لویس بۆرخیس و گابرییل گارسیا ماركیز و كارلۆس فوینتیس، و خوان رۆلفۆ كۆڵه‌گه‌یه‌كی دیكه‌ی پته‌و و كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی ئه‌مه‌ریكای لاتینی بوو، بەتایبەتی نووسەرانی رەوتی بوم. نازناوی بەلزاكی ئەو كیشوەرەی پێدراوه. ناوبراو له‌سه‌ره‌تاوه وه‌های له‌نووسین ده‌ڕوانی، هێما و هۆكاری كاریگه‌ره بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه. له‌و ساوەش به‌هه‌مان توڕه‌یی سه‌رده‌می ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن، نەك تەنیا لەوڵاتەكەی خۆی بەڵكو لەزۆر بەشی كیشوەرەكە هه‌وڵی په‌رده هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییەكان و به‌دیارخستنی دیارده نابه‌جێیه‌كانی داوه، بۆیه ماوه‌یه‌كی درێژ سه‌رچلییانه و له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ژیا.
خۆرخی ماریۆ پیده‌ر ڤارگاس یۆسا ناسراو به‌ماریۆ ڤارگاس یۆسا Mario Vargas Llosa رۆژی 28 ی مارسی ساڵی 1936 له‌شاری ئاریكۆیپای پیرۆ هاته دنیا. ئه‌وسا باوكی سه‌ری هه‌ڵگرتبوو و له‌دایكی جیاببۆوه، بۆیه یۆسا له‌گه‌ڵ دایكی له‌ماڵی باپیر‌ی ده‌ژیا. هێندەی پێنەچوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باپیریشی له‌كۆمپانیایه‌ك كاری ده‌كرد كه تایبه‌ت بوو به‌چاندنی لۆكە، كۆمپانیاكه‌ش رایسپارد به‌ره‌و وڵاتی پۆلیڤیا بچێت تاكو له‌و وڵاته‌ش ئه‌زموونی لۆكه چاندن به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام بدات، بۆیە یۆسا له‌گه‌ڵ دایك و ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزان، به‌ره‌و ئه‌و وڵاته چوو. ئەمە جگە لەوەی هۆیه‌ك له‌هۆیه‌كانی چوونی دایكی له‌گه‌ڵ باپیر‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆ ئه‌وه دەگه‌ڕێته‌وه، ئه‌وسا دایكی زۆری پێ‌ناخۆش بوو وه‌ك ژنێكی ته‌ڵاقدراو له‌ناو خه‌ڵكانی ده‌ورووبه‌ر ده‌ربكه‌وێ. به‌و جۆره تا ساڵی 1946 له‌وێدا مانەوە. دواتر گه‌ڕا‌نەوه وڵات. پاشان بۆ یه‌كه‌م جار یۆسا به‌دیداری باوكی گەیشت كه تا ئه‌وسا وا‌یزانی بوو مردییه. دواتر له‌شاری لیمای پایتەخت درێژه‌ی به‌خوێندندا و له‌ته‌ك خوێندیش زۆر شه‌یدای خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه سه‌رچلیه‌كانی نووسه‌ره ئیتاڵی و فه‌ره‌نسییه‌كان بوو. ئه‌وسا ئه‌ده‌ب لای ئه‌و هێمای هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه بوو له‌ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌ی به‌لایه‌وه كاریگه‌ربوون حه‌زی نه‌ده‌كرد كۆتاییان بێت، بۆیه وه‌ك پاشبه‌ند لای خۆی بۆی زیاد ده‌كردن. دواتر باوكی به‌زۆر ناردییه قوتابخانه‌ی سه‌ربازی، (لینشیو برادۆ) ی شاری لیما، به‌و بڕوایه‌ی سیسته‌می نوێ وه‌های لێده‌كات پێبگات، كه‌چی ئه‌و به‌ناچاری ئه‌و رێگەیه‌ی گرته‌به‌ر. هاوكات وه‌ك شێت و یاخی كه‌وته سه‌ر خوێندنه‌وه. له‌نووسینیش نزیكبۆ‌وه. ئەوسا كورته چیرۆك و شیعری دەنووسی. دواتر باوكی چووە ئه‌مه‌ریكا و جارێكی دیكه لێی دوور‌كه‌وته‌وه. سه‌باره‌ت به‌باوكی، یۆسا وتبووی : “خۆشم نه‌ده‌ویست به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قه‌رزاری ئه‌وم. ئه‌و وه‌های لێكردم ئازادبم. وه‌های لێكردم رقم له‌هه‌موو جۆره پاڵه‌په‌ستۆیه‌ك و باڵاده‌ستییه‌ك بێته‌وه، ئه‌و نه‌با نه‌ده‌بووم به‌و نووسه‌ره”
كاتێك قوتابی ساڵی دووه‌می ئه‌كادیمیای سه‌ربازی بوو، كه‌وته ژێر كاریگه‌ری شاكاره‌كه‌ی (بێنه‌وایان) ی ڤیكتۆر هۆگۆ. ئەوسا یه‌كه‌م ده‌قی شانۆیی بەناوی (هەڵاتنی ئینكاكان La huida del Inca) داڕێژت و له‌سه‌ر شانۆ پێشكه‌شی كرد. هاوكات بۆ گۆڤارێكیش ده‌ینووسی. دواتر له‌زانكۆ، مافی خوێند. هەر ئه‌وساش ده‌ركی به‌وه‌كرد هه‌رگیز نابێته پارێزه‌ر چونكه بڕوای به‌و كاره نه‌بوو. دواتر بۆ ماوه‌یه‌ك بووه مامۆستا. ئینجا لەئیسپانیا مینحه‌ی خوێندنی پێدرا و چووە مه‌درید و له‌وێشدا ساڵی 1959 چووه پاریس. لەو شارە كه‌وته ژێر كاریگه‌ری كتێبی مه‌دام بۆڤاری فلۆبێر كه به لای ئه‌و، ئه‌و رۆمانه سه‌رچاوه‌ی ره‌خنه‌گرتنی جیهان و كۆمه‌ڵگه‌یه. له‌ژێر كاریگه‌ریشی بڕیاریدا ببێته نووسه‌ر. دواتر به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی فلۆبێری خوێنده‌وه و زۆر پێوه‌ی كاریگه‌ر بوو. ئه‌وسا وەك گه‌نجێكی جۆشدار، به‌وپه‌ڕی گرنگییه‌وه چاودێری جه‌نگه هزرییە سه‌خته‌كه‌ی نێوان سارته‌ر و كامۆی ده‌كرد كه له‌باره‌ی زۆر دۆزی گرنگی پێوه‌ندیدار به‌فه‌لسه‌فه و مێژوو و سیاسه‌تی قۆناغی دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی روویده‌دا. بۆیە هاوڕێكانی نازناوی (سارته‌ری ئازای بچوك) یان پێدا. هاوكات لەبواری رۆژنامه‌گه‌ری كاری كرد. سه‌ره‌تا له (رادیۆی فه‌ره‌نسای نێوده‌وڵه‌تی) كه پرۆگرامه‌كانی ئه‌و رادیۆیه ئاڕاسته‌ی وڵاتانی ئه‌مه‌ریكای باشوور ده‌كرا. به‌هۆی ئه‌و كاره‌ش توانی ئاشنای لایه‌ن و نهێنییه‌كانی كەلتووری فه‌ره‌نسی بێت. ئینجا له‌ڕێكخراوی یۆنسكۆ بووه وه‌رگێڕ. دواتر چووە شاری له‌نده‌ن و له‌وێشه‌وه بۆ شاری به‌رشلۆنه چووە. لەوێشدا ماوه‌یه‌ك وه‌ك مامۆستای زمانی ئیسپانی و په‌یامنێر و رۆژنامه‌نووس كاری كرد. بەلای ئەو هاوشێوه‌ی روانینی نێتچه، تاراوگە واتای ئازادی دەگەیاند. بەتایبەتیش چونكه یارمه‌تی دا بۆ نووسین و خوێندنه‌وه. ئەوەش وه‌ك جوانترین دیاری بوو له‌ژیاندا پێیدرابێ.
ساڵی 1963 یه‌كه‌م رۆمانی بەناوی (شاره‌كه و سەگەكان La ciudad y los perros) بڵاوكردەوە. ئه‌و به‌رهه‌مه وه‌ك ره‌خنه‌ی قورس وابوو كە ئاراسته‌ی رژێمی دیكتاتۆری سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی كردبوو. ئه‌و رژێمه‌ی ببووه مایه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی. تێیدا یۆسا به‌وردی باسی ئه‌و ئازار و ناخۆشیانەی كردووە كه له‌كاتی لاوی له ئه‌كادیمیای سه‌ربازی چێژتی. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوە چۆن ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ی هه‌ندێك ئه‌فسه‌ر له‌دامه‌زراوه نهێنییه‌كانی داگیركه‌ران داده‌مه‌زرێنن بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان، كوده‌تای سه‌ربازی ئه‌نجام بده‌ن. له‌شوێنێكی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی نووسیویه‌تی (سه‌رۆكه‌كان یه‌كه‌م كه‌سن ناپاكی له‌وڵاتدا بكه‌ن). ئه‌وسا له‌چاپه ئیسپانییه‌كه‌ی ئه‌و رۆمانه، هه‌ندێك شت لابردرابوو. له‌وڵاتی خۆشی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وا كاردانه‌وه‌ی خراپی له‌ئاستی نیشاندا. وەك ناڕەزاییش ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و رۆمانه‌ی له‌گۆڕه‌پانێكی گشتی سوتاند و یۆساشی به‌نۆكه‌ری وڵاتی ئیكوادۆر تۆمه‌تبار كرد. لەلایەكی دیكەوە به‌هۆی ئه‌و رۆمانه ناوبانگی یۆسا بڵاوبۆ‌وه و خه‌ڵاتەكانی بیبلیوتیكا بریڤی و ره‌خنه‌گرانی ئیسپانی به‌ده‌ستهێنا.
ساڵی 1966 رۆمانی (خانووه سه‌وزه‌كه La casa verde) ی بڵاوكردەوە كه تێیدا ته‌كنیكی هونه‌ری فۆكنه‌ری (كه له‌ناوی ویلیا‌م فۆكنه‌ری رۆماننووسی ئه‌مه‌ریكی هاتووه)، بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ماڵێكی داخراوی ناو جه‌نگه‌ڵه‌كانی پیرۆی كه‌مه‌ره‌یی به‌یه‌كده‌گه‌ن، به‌كارهێناوه. واتا بەناویه‌كداچوونی رابردوو و ئێستا له‌كۆمه‌ڵێك چیرۆكی ناو یه‌ك بۆته‌دا. پاڵه‌وانه سەرەكییەكەی پۆنیفیشیای ناوە لای كۆمه‌ڵێك كچی راهیبه‌ی موژده‌به‌خش پێگه‌یشتووه كە دواتر هیندییه سووره‌كانی ناو دارستانه‌كان ده‌ستگیری ده‌كه‌ن. به‌هۆی ئه‌و رۆمانه خه‌ڵاتی (رۆمۆ گالیگۆس) ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئاداب پێبەخشرا. ساڵی 1969 رۆمانی (دیالۆگ له‌كاتدرایی Conversación en la catedral) ی بڵاوكردەوە. له‌و به‌رهه‌مه‌شیدا له‌ڕێگەی كه‌سایه‌تی كوڕی وه‌زیر و شوفێرێك، له‌مانۆیل ئۆدریای دیكتاتۆری بیرۆڤی نزیكبۆته‌وه. هه‌روه‌ها پیاوانی ئایینیشی ئاگاداركردۆته‌وه له‌سه‌رخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆیان به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا.
ساڵی 1971 تێزی دكتۆرای بەناوی (گارسیا ماركیز و چیرۆكی بڕیاردان García Márquez: historia de un deicidio) پێشكەش كرد. دواتر وه‌ك مامۆستای مێوان له‌كۆمه‌ڵێك زانكۆی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكی وانەی وته‌وه. به‌و جۆره ساڵانێكی درێژ له‌نێوان وڵاتانی ئه‌وروپا له‌هاتوچۆدابوو. ساڵی 1973 رۆمانی (پانتالیۆن و سه‌ردانیكه‌ران Pantaleón y las visitadoras) و ساڵی 1977 رۆمانی (پله جۆلیا و نووسه‌ر La tía Julia y el escribidor) و ساڵی 1981 شانۆگەری (خانمی تاكنا La señorita de Tacna) و رۆمانی (جه‌نگی كۆتایی جیهان La guerra del fin del mundo) ی بڵاوكردەوە. له‌و رۆمانەی دوایدا رووداوه‌كانی جه‌نگی كاندۆس، جه‌نگی ناوخۆی وڵاتی به‌رازیلی له‌كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده خستۆته‌ڕوو. ئه‌و رۆمانه كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوبانگی یۆسا به‌جیهاندا و دواتریش گه‌یشتن به‌خه‌ڵاتی نۆبڵ. لای خۆشی یۆسا به‌باشترین به‌رهه‌می داناوه.
دواتر له‌سیاسه‌ت نزیكبۆ‌وه، به‌جۆرێك هه‌وڵیدا ئه‌ده‌ب به‌رێته ناو سیاسه‌ت. ساڵی 1983 شانۆگەری (Kathie y el hipopótamo) و ساڵی دواتریش رۆمانی (چیرۆكی مایتا Historia de Mayta) ی بڵاوكردەوە. ئه‌و رۆمانه‌شی، به‌هۆی ئه‌و گۆڕانه هزرییه‌ی ئەوسا به‌سه‌ریدا داهاتبوو، بووه مایه‌ی گفتوگۆی سه‌خت، نه‌ك ته‌نیا له‌ئه‌مه‌ریكای باشوور به‌ڵكو له‌زۆر شوێنی جیهاندا. تێیدا یۆسا باسی له‌ژیاننامه‌ی مایتا كردووە كه گه‌نجێكه ژیانی بەهاریكاری كردن له‌گه‌ڵ هه‌ژاران ده‌ستپێده‌كات. كە هەژاری وەها هەیە له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نا‌توانن خواردن به‌ده‌ستبهێنن، چه‌ندان رۆژ به‌رۆژوو ده‌بن، به‌ڵام دوای ناسینی یه‌ك له‌تروتسكییه‌كان، مایتا رێچكه‌یه‌كی سیاسی چه‌پڕۆیانه دەگرێته‌به‌ر. ساڵی 1986 شانۆگەری (La Chunga) و رۆمانی (كێ پالۆمینۆ مۆلێرۆی كوشتووه؟ Quién mató a Palomino Molero?) و ساڵی دواتریش رۆمانی (چیرۆكبێژ El hablador) و ساڵی 1988 رۆمانی (ستایشی باوه‌ژن Elogio de la madrastra) ی بڵاوكردەوە. ئه‌و رۆمانه‌ی دوایی چیرۆكێكی ئیرۆسییه. چیرۆكێكی خۆشه‌ویستیانه‌ی نامۆی مەحره‌مانه‌ی نێوان كوڕێك و زڕدایكه‌كه‌یتی. كارێكه ته‌واو جیاوازه له‌به‌رهه‌مه‌كانی پێشوی.
ساڵی 1990 كە وڵاتی پیرۆ له‌ناو گه‌نده‌ڵی و خراپی باری ئابووری ده‌یناڵاند. یۆسا خۆی كاندید كرد بۆ سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر (ئه‌لبیرتۆ فۆجیمۆری) شكستیهێنا. ساڵی 1993 وڵاتی ئیسپانیا ره‌گه‌زنامەی پێدا. هاوكات شانۆگەری (شێتی هەیوانەكان El loco de los balcones) و كتێبی (ماسی له‌ناو ئاوداEl pez en el agua ) و رۆمانی (مردن له‌ئه‌ندێز Lituma en los Andes) ی بڵاوكردەوە. بەهۆی رۆمانەكە خەڵاتی پرۆمۆ پلانیتای پێبەخشرا. شایانی باسە كتێبی ماسی له‌ناو ئاودا، یاداشتنامه‌یه له‌دوو بەش پێكهاتووە. یه‌كه‌میان لەبارەی منداڵی و گه‌نجی خۆی و دووه‌میشیان لەبارەی هه‌ڵمه‌تەكانی هه‌ڵبژاردنە. ئەو هەڵەماتانەی تێیدا سه‌رنه‌كه‌وت. ساڵی 1997 رۆمانی (ده‌فته‌ره‌كانی دۆن ریگۆبێرتۆ Los cuadernos de don Rigoberto) ی بڵاوكردەوە. تێیدا له‌ڕێگەی نیگاركێشێك كه شه‌یدای به‌رجه‌سته‌كردنی جه‌سته‌یه بۆ مادده هونه‌رییه‌كانی، باسی له‌جه‌سته كردووە. ساڵی2000 رۆمانی (ئاهه‌نگی بزن La fiesta del chivo) ی بڵاوكردەوە. ئەو رۆمانە یەكێكە لەڕۆمانە دیارەكانی جۆری (دیكتاتۆری). تێیدا بەوردی باسی لەژیانی سیاسی ناو كۆماری دۆمه‌نیكان و تاوان و ریسواییه‌كانی رژێمی دیكتاتۆری رافایل لیونیداس تروخیلۆی كردووە كه ناوبراو له‌نێوان ساڵانی1930 تا1960 بەئاگر و ئاسن حوكمی ئه‌و وڵاته‌ی كرد. كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو ئه‌و رۆمانه، خوێنه‌ر به‌زۆر به‌ره‌و دۆ‌زه‌خه سەختەكه‌ی ئەو وڵاتە ده‌به‌ن.
ساڵی 2003 رۆمانی (به‌هه‌شت لەگۆشەیەكی دیكەدا El paraíso en la otra esquina) ی بڵاوكردەوه. له‌و به‌رهه‌مه‌شدا ژیانی پۆل گۆگانی نیگاركێشی فه‌ره‌نسی و فلۆرا تریسانی داپیر‌ی تاوتۆ كردووه. رووداوه‌كانی له‌شاری پاریسی سه‌ده‌ی نۆزدەم و له‌دوورگه‌یه‌كی چۆڵه‌وانی زه‌ریای ئارامدایه. دواتر له‌باره‌ی ئه‌و گه‌شته‌ی بۆ وڵاتی عێراق كردبووی، كتێبێكی گه‌ڕیده‌یی بەناوی (رۆژه‌كانی ناو عێراق Diario de Irak) و ساڵی 2006 رۆمانی (ئه‌هریمه‌نه‌كانی كچێكی خراپ Travesuras de la niña mala) ی بڵاوكردەوە. له‌و به‌رهه‌مه‌ی دوایی كە رووبه‌ری جوگرافی ناوی زۆر فراوانه، لەئەمەریكای لاتینییەوە بەرەو پاریس و لەندەن و تۆكیۆ و مه‌درید كشاوە. سۆزداری خۆی بۆ گۆستاڤ فلۆبێر و كاریگەربوونی پێیەوە ده‌بینین. ئه‌و نووسه‌ره مه‌زنه‌ی فێره كۆڵنه‌دانی كرد. بەرهەمەكە ناوەرۆكێكی وروژێنەر و كاریگەرانەشی هەیە. لەبارەی چیرۆكێكی خۆشەویستی ناوازە و پڕ سەرچلی و گۆڕانە. لەپاڵیشیدا بارودۆخی سیاسی وڵاتەكەی و بەشێك لەكیشوەرەكەی لەنیوەی دووەمی سەدەی رابردوو خستۆتەڕوو. پاڵەوانەكەی كوڕێكە ناوی ریكاردۆیە، كاتێك چاوی بەكچێك دەكەوێت، شەیدای دەبێت. پاش ساڵانێكی درێژ لەشاری پاریس بەرچاوی دەكەوێتەوە و جارێكی دیكە كچەكە كە ئەوسا ناوی خۆی گۆڕیبوو، بەسەرنجە ئەفسوناوییەكانی شەیدای دەكاتەوە. پاش ساڵانێكی دیكە ئەو جارەش كە ژنی دیپلۆماسێكی دیاربوو, ناوەكەشی گۆڕیبوو، بەڕووانینە شیرینەكانی گیرۆدەی دەكاتەوە. دواتر لەشاری لەندەن پێكدەگەنەوە. ئەو جارەش بەناوی مەدام ریشارد سۆنی دەوڵەمەند، شەیدای دەكاتەوە. دواتر بەهەمان جۆر لەشاری تۆكیۆ بەیەكتری دەگەن. هەرجارەش ریكاردۆ ناخۆشی و زەحمەتی زۆر دەچێژێ. ساڵی دواتر شانۆگەری (ئۆدیسیۆ و پینیلۆپ Odiseo y Penélope) و ساڵی 2008 شانۆگەری (لەسەر رووباری تایمز Al pie del Támesis) و ساڵی دواتریش شانۆگەری (هەزار و یەك شەوە Las mil noches y una noche) و ساڵی 2010 رۆمانی (خه‌ونی سێلتا El sueño del celta) ی بڵاوكردەوە. له‌و رۆمانەدا كه‌سایه‌تی رۆجییه كازومانی خستۆته به‌ردیده. ئه‌و كه‌سه‌ی كاتی خۆی ئاگاداری جۆزێف كۆنرادی نووسه‌ری كرد تا به‌ره‌و كۆنگۆ بچێت. هەروەها تێیدا یۆسا چیرۆكی راسته‌قینه‌ی لادێیه‌كی خستۆته‌ڕوو كه لەلایه‌ن دۆزه‌ره‌وه ئینگلیزه‌كان له‌خشته‌ده‌بردرێ و دەچێتە ئه‌فریقا. به‌و بڕوایه‌ی داگیركه‌ر ئامرازی مه‌ده‌نیه‌ت و شارستانیه‌تییه، كه‌چی له‌وێدا ده‌بینێ ئه‌وروپییه‌كان بونه‌ته دڕنده. لەو شاكارەدا یۆسا به‌ره‌و قووڵایی دڵه تاریكه‌كانی ناو وڵاتی كۆنگۆی به‌لژیكی چووه.
هه‌ر له‌و ساڵەدا كاتێك له‌زانكۆی (بریستۆنی) ی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وانه‌ی ده‌وته‌وه، ئاگادار كراوە ئه‌كادیمیای سویدی رایگەیاندووە خه‌ڵاتی نۆبڵی پێدەدات. ئه‌وسا ئه‌كادیمیای ناوبراو هۆكاری به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه (یۆسا زۆر به‌وردی وێنه‌ی به‌رگریكردن و راپه‌ڕین و شكستی له‌ناو تاكدا كێشاوه. ئه‌و نووسه‌رێكی جیاوازه. یه‌كێكه له‌مه‌زنترین ئه‌دیبانی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌زمانی ئیسپانی ده‌ئاخڤن. هه‌روه‌ها چیرۆكبێژێكی به‌هره‌مه‌ند و تواناداره له‌جولاندنی هه‌ست و سۆزی خوێنه‌ر). له‌كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ش یۆسا وتارێكی خوێنده‌وه كه دواتر لەدوو تۆی كتێبێك بڵاویكرده‌وه.
ساڵی 2012 كتێبی (شارستانی نمایشی La civilización del espectáculo) بڵاوكرده‌وه. ئه‌و به‌رهه‌مه‌شی له‌ناوه‌نده كەلتوورییه‌كانی ئیسپانی و ئینگلیزی گفتوگۆی چڕی لێكه‌وته‌وه. له‌ناویدا وێنەی واقیعی مرۆڤی رۆشنبیری به‌ره‌و ئاژاوه چووه كێشاوە. بەپاساوی ئەوەی زه‌مه‌ن هه‌مان ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی پێشوی رۆشنبیران نییە، به‌ڵكو بۆته زه‌مه‌نی نمایش و گومڕایی. شۆڕشی گه‌یاندن و جیهانگه‌ری، كە جیهان به‌ره‌و داڕمانی رۆشنبیری ده‌بات. شایانی باسە یۆسا له‌و كاره‌ی و چه‌ندان كاری دیكه‌ی ئه‌ده‌بیدا، هاوشێوەی جۆرج ستاینه‌ری ئه‌مه‌ریكی، دڵه‌ڕاوكانە بیری لەڕۆشنبیری و ئاینده‌ی شارستانی كردۆتەوە. ساڵی دواتر رۆمانی (پاڵه‌وانی وریا El héroe discreto) ی بڵاوكردەوە. ناوەرۆكی ئەو بەرهەمە له‌نێوان كۆمیدی و میلۆدرامایە. تێیدا جارێكی دیكه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی، به‌تایبه‌تی شاری بیوای خۆشه‌ویست كه سه‌رده‌می منداڵی تێدا به‌سه‌ربرد. هه‌روه‌ها گه‌ڕاوه‌ته‌وه شاری لیمای پایته‌خت كه ئه‌و دوو شاره‌ی له‌ڕۆمانه‌كانی پێشودا زۆر به‌كارهێناون. بەڵام له‌و به‌رهه‌مه‌دا پیرۆ به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێ جیا له‌ڕۆمانه‌كانی پێش‌و. وڵاتێكی گه‌ش و خاوەن ئابوورییه‌كی باش و نوێیە. له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی گرفت و تاوانی نوێشی بۆ زیادبووه كه پێشتر له‌كاره‌كانی نووسه‌ردا نه‌بوون. تێیدا یۆسا دوو چیرۆكی ته‌ریب به‌یه‌كتری دوو كه‌سی پێشكه‌ش كردووە كه پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیین له‌گرێی گه‌شه‌كردنی ده‌نگهه‌ڵبڕینی میلۆدرامییه‌كی چێژبه‌خش و له‌ناكاوی. له‌گه‌ڵ چه‌ندان واقیعی دیكه‌ی سه‌خت و غه‌مبارانه كه كاریگه‌ری له‌هه‌ر دوو كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه ده‌كه‌ن. كه‌سایه‌تی وه‌هاشی تێدا ده‌رده‌كه‌وێ كه پێشتر یۆسا به‌كاری هێناون. ساڵی 2016 رۆمانی (پێنج گۆشە Cinco esquinas) و ساڵی 2019 رۆمانی (ساتە سەختەكان Tiempos recios) و كۆ چیرۆكی (پیاوه ره‌شپۆشه‌كه El hombre de negro) و ساڵی 2023 رۆمانی (بێدەنگی خۆم بۆ ئێوە تەرخان دەکەم Le dedico mi silencio) ی بڵاوكردەوە.
شایانی باسە جگه له‌و بەرهەمانەی ئاماژەمان پێدان، یۆسا كۆمه‌ڵێك كتێبی دیكەی جۆراوجۆری لەنێوان چیرۆك و توێژینەوە و ره‌خنه و بەرهەمی تایبەت بەمنداڵان و وتاری سیاسی و رۆژنامەوانی بڵاوكردۆتەوە. لەناو توێژینەوەكانی چه‌ندان بیرۆكه و تێبینی له‌باره‌ی چه‌مكی خۆی بۆ هونه‌ری نووسین و ئه‌ده‌ب به‌گشتی داڕێژتووه. وه‌ك له‌شوێنێكدا ده‌ڵێت : “هه‌تا ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ئاگاداریش نه‌بێت.، ئه‌ده‌ب كارێكه دژی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان. به‌واتای سیاسی نا، به‌ڵكو به‌واتایه‌ك كه پێچه‌وانه‌ی ژیان و مێژووبێت. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر جیهانێكیشی داهێنا، واتای ئه‌وه‌یه جیهان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه لای ئه‌و به‌س نییه. شتێكی شۆڕشگێڕیش له‌ڕۆماندا هه‌یه، ئاره‌زووكردنی گه‌یشتن به‌و شتانه‌مان پێده‌به‌خشێ كه له‌جیهانی واقیعدا بوونیان نییه. كاتێكیش مرۆڤ له‌خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی مه‌زن ده‌بێته‌وه، ده‌توانێ هه‌ست به‌دژبه‌یه‌كه‌كان و شته په‌ژمرده‌كانی ناو واقیعی ده‌ورووبه‌ری بكات و ده‌ستییان لێبدات. بۆیه رۆمان سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌و ره‌خنانه‌یه كه ئاراسته‌ی جیهان و كۆمه‌ڵگه ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر نا، له‌به‌رچی به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی، هه‌موو رژێمه دیكتاتۆرییه‌كان له‌هونه‌ر ده‌ترسێن. له‌به‌رچی یاسای قه‌ده‌غه‌كردن و چاودێریكردنیان داناوه و دایده‌نێن”.
سه‌باره‌ت به ئه‌ركی نووسه‌ریش یۆسا وتویه‌تی : “نووسه‌ر هه‌مان ئه‌ركی هاونیشتمانی هه‌یه. له‌سه‌ریه‌تی به‌شداری له‌ژیانی گشتیدا بكات. چاره‌سه‌ری ئه‌خلاقی راستیش له‌وه‌دانییه، نووسه‌ر وانیشانبدات (سیاسه‌ت قێزه‌وه‌نه)، بۆیه پێویسته لێی دووركه‌وێته‌وه و ته‌نیا جیهانه تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی لا به‌س بێت. ئه‌و جۆره هه‌ڵوێستانه ره‌تكراوه‌ن و بڕیاری سه‌ره‌خه‌ری و نابه‌رپرسیارانه‌یه. بۆیه من له‌ڕۆژنامه ده‌نووسم، چونكه ئه‌مه وه‌ها ده‌كات پێوه‌ندی به‌رده‌وامی رۆژانه و راسته‌وخۆم له‌گه‌ڵ مێژوودا هه‌بێت. من به‌ر له‌هه‌موو شتێك ئه‌ده‌بم خۆشده‌وێت، به‌ڵام بیرۆكه‌ی دابڕانی نووسه‌ر له‌جیهان و مانه‌وه‌ی له‌بورجه عاجییه‌كه‌ی خۆی ناخوازم. زۆربه‌ی رۆمانه‌كانم نه‌ده‌نووسران ئه‌گه‌ر كاری رۆژنامه‌وانی و ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌م نه‌كردبا كه له‌باره‌ی ژیان و خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌ردانم كردن نه‌منوسیبان”.
شایانی باسە جگه له‌و خه‌ڵاتانەی ئاماژەمان پێدان، یۆسا كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی دیكه‌ی وه‌رگرتووه، له‌وانه خه‌ڵاتی گرینزانی كافور بۆ رۆمانی بیانی و خه‌ڵاتی میر ئاستوریاس بۆ ئاداب، خه‌ڵاتی میگیل دی سێرڤانتس, خه‌ڵاتی بیلایۆی نێوده‌وڵه‌تی، خه‌ڵاتی ماریا مورز كابوت، خه‌ڵاتی فیاریجیۆی نێوده‌وڵه‌تی، خه‌ڵاتی كارلۆس فوینتیسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ داهێنانی ئه‌ده‌بی له‌زمانی ئیسپانی، خەڵاتی كتێبی نیشتیمانی لەولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، خەڵاتی باركینۆی نێودەوڵەتی بۆ رۆمانی مێژوویی خەڵاتی لیبەر، ئەمانە و لەكۆمەڵێك زانكۆش دكتۆرای فەخری پێبەخشرابوو.