
مێژوو زمانی هەیە.. نەوزاد بەندی
یەکێک لە نووسەرەکانی سەردەمی بەعس، کتێبێکی بڵاوکردەوە بە ناوی ( للتاریخ لسان ) واتا ( مێژوو زمانی هەیە ) نووسەرەکەی ناوی مالک سیف بوو. لە ڕاستیدا من ئەم کتێبەم نەکڕیوە و نەیمشخوێندۆتەوە، چونکە نوسەرێک کتێبەکەی کەس نەیکڕێ و ڕژێمی بەعس لە مامەڵەی هەندێ لە فەرمانگەکانیدا بە زۆر دانەیەک لەو کتێبە بە هاووڵاتیان بفرۆشێت، شایانی خوێندنەوە نییە. وەک چۆن هەندێ سەوزەفرۆش، کەرەوز بە تەنیا نافرۆشێت ئەبێ کەوەرێکیشی لەگەڵدا بکڕیت، کتێبەکەی مالک سیف یش بە هەمان شێوە لەگەڵ مامەڵەی هاووڵاتیاندا ساغ دەکرایەوە، ماڵ هەبوو سێ چوار دانەی لەو کتێبە تیا بوو، بە بێ ئەوەی هیچ کوردێک هەڵیبداتەوە و دێڕێکی لێ بخوێنێتەوە.
بەڵام لێرەدا و لەم بارودۆخەدا تێی کەوتووین، نازانم چۆن بوو ناوونیشانی کتێبەکەی مالک سیف م بیر کەوتەوە، (مێژوو زمانی هەیە) ؟؟ بە ڕاستی پیاو قسەیەکیش بۆ دز بکات، ناوونیشانێکی وورد و پڕ لە مانای هەڵبژاردووە.. واتا مێژوو پێویستی بە خوێندنەوە نییە، بۆ خۆی زمانی هەیە و قسە ئەکات.. بڕوانە ڕووداوە مێژووییەکان، خۆیان خۆیانت بۆ ڕوون دەکەنەوە، خۆیانت بۆ شی دەکەنەوە و ..براوە و دۆڕاوەکانت بۆ جیائەکەنەوە.. چونکە مێژوو تەنها زانستێکە کە هەستی بەراوردکاریComparison لای مرۆڤ دروست ئەکات، ئەمەیش بۆ خۆی هەم زانستێکە و هەم زمانێکی پاراوە، ئەبینیت بەردەوام ئەکەوینە ناو زانستی بەراوردکارییەوە کاتێ بۆ نمونە دەڵێین سەردەمی پاشایەتیی لە عێراقدا لە سەردەمی کۆماریی باشتر بوو، ئیتر داتاکانی ژیان لەو دوو قۆناغەدا بەراورد دەکەین یان ڕاستتر ئەو دوو مێژووە بۆ خۆیان خۆیان بەراورد ئەکەن و ئەنجامێکی پاک و پوختت ئەخەنە بەردەست.. یان دەووترێت عێراقی حەفتاکان لە هەشتاکان باشتر بوو، ئیتر مێژوو خۆی دێتە گۆ و پێت دەڵێت : حەفتاکان ژێرخانی ئابووریی و زانستیی لە عێراقدا توند و تۆڵ کران و بێکاریی نەما و عێراق بووە تاکە دەوڵەتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەخوێندەواریی تێدا نەما، بە جۆرێک ڕێکخراوی یونیسێف مەدالیای ڕێزلێنانی بە وەزیری پەروەردەی عێراق بەخشی کە ئەو کاتە موحەمەد مەحجوب دوری بوو.. بەڵام هەشتاکان واتا قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن خێڵی سەدامەوە و هەر لە دەستپێکدا کوشتنی ناڕەوای موحەمەد مەحجوب و هاوڕێکانی بە تاوانی سیخوڕیی و هەڵگیرسانی جەنگی هەشت ساڵەی وێرانکەر لەگەڵ ئێراندا و بڵاوبوونەوەی بێکاریی و نەخوێندەواریی و سەدان هەزار بێوەژن و مناڵی بێ باوک و داڕمانی ژێر خانی ئابووریی و زانستی و سەرهەڵدانی فەرمانڕەوایی خێزان و تیرە و عەشیرەت و سەرهەڵدانی هێزە جەحافیلەکان له باکوری عێراق کە خۆیان پێیان دەووت جاش کە بریتی بوون لە دەیان هەزار چەکداری لە تەڕ خۆر و لە وشک خەوتوو، کە پاشان بەشێک لە پڕوسەی ئەنفالیان پێ جێبەجێکردن ..هەروەها کیمیاباران و ..زۆر کارەساتی تری هەشتاکان.
هەر بۆیە لەگەڵ ڕەزا قورسیی کتێبەکەی مالک سیف و نەخوێندنەوەیدا، ناوونیشانی کتێبەکەی وای لێکردم ئەم چەند دێڕ و دەردە دڵه لە ژێر هەمان تایتڵی کتێبەکەی ئەودا بنووسم و بکەم.
ئەگەر لەو ئاقارەوە بەراوردێکی دۆخی بەیاننامەی یانزەی ئازار و ئەمڕۆدا بکەین کە ساڵی1971 ــە، واتا 54 ساڵ پێش ئێستایه، مێژوو ئەم بەراوردکارییانەمان بۆ دەکات:
54 ساڵ پێش ئێستا و لە یانزەی ئازاردا، سەرکردەیەکی لووتبەرز و لەخۆبایی و شەڕەنگێزی وەک سەدام حسێن، شاخ بە شاخ بەدوای سەرکردایەتی کوردا وێڵ بوو بۆ ئەوەی بەیاننامە و ڕێککەوتنیان لەگەڵدا مۆر بکات
تەنانەت بە چەرخەکەی خۆی جگەرەی بۆ دادەگیرساندن و بە شانازییەوە دەستی بەرز دەکردنەوە، لە کاتێکدا کورد لەو دۆخەدا هیچ دەسەڵاتێکی فەرمیی و یاسایی و دەوڵەتداریی نەبوو، کۆمەڵێ چەکداری ماندوو، برسی بوون بە شاخە سەخت و تاقەتپڕوکێنەکانەوە.
کەچی ئەمڕۆ دوای 34 ساڵ حوکمڕانیی کورد و چەندین پڕوسەی هەڵبژاردن و چەندین کابینەی فەرمانڕەوایی کوردییی، لە دوای بنیاتنانی دەیان وسەدان فڕۆکە و کۆشکی فەرمانڕەوایان و سوپای تایبەتی دەسەڵاتداران و سەردانی فەرمیی بۆ ووڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپا و ئەمریکا، دوای بەیاننامەی ئابووریی سەربەخۆ و ڕیفراندۆم و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتی، دوای هاتنی باڵوێزخانەی ووڵاتان بۆ لامان و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بە هەموو فەرمانگە و دامەزراوەکاندا، کەچی دەیان شاند و دەستەی حوکومەتی کوردی ڕوو له بەغداد دەکەن و داوای موچەی سێ مانگ پێش ئێستایان لێدەکەن، ئەوانیش زۆر بە خەمساردی و بە کاسەی بەتاڵەوە ئەیاننێرنەوە بۆ کوردستان..!
54 ساڵ پێش ئێستا لە کاتێکدا کورد تەنها چەند چیایەکی بە دەستەوە بوو، هێشتا یەک ئاڵای کوردستان نەچنرابوو، ملی هیچ سەرکردەیەکمان بۆینباخێکی لێ نەبەسترا بوو، لەگەڵ ئەوەیشدا بەغداد بە شانازییەوە سروودی : ( هەر بژی .. هەر بژی کورد و عەرەب رمز النضال ) ی لە ڕادیۆ و تیڤی ئەو سەردەمەوە پەخش دەکرد .
کەچی ئەمڕۆ کار گەیشتۆتە ئەوەی کەنیشکە وەزیرێکی دارایی عێراق بە سەر شاندی کوردا ئەقیژێنێ : ( ئیتر مەیەنەوە بۆ بەغداد، هیچ قسەیەکم پێ نییە بۆتان، ناتوانم یەک دینارتان بۆ بنێرم، ئەوەیشی تا ئێستا ناردوومانە بۆتان، نایاسایی بووە و قوتی دەمی مناڵە هەژاره بێباوکەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە !! )
هەروەها لە ڕۆژی عەرەفەی جەژنی قورباندا، ملیۆنێک و دووسەد هەزار موچەخۆری کورد تەماشای دەمێ وەزیرەکەی بەغداد ئەکەن بەڵکو ئەوە خوایە مژدەیەک .. واژۆیەکی خەرجکردنی موچەکەیان بکات، کەچی ئەو بە قاقای پێکەنینەوە ئەڵێ : ( نییە .. نییە .. هیچم پێ نییە بۆتان )
پاشان حەنان فەتلاویی دەستەخوشکی وەک ئەوەی ئامۆژگاریی منداڵێک بکا، ئەڵێ : ( ئێوە نەوتتان هەیە و ئێمەیش نەوتمان هەیە. نەوتی خوتان بۆخۆتان و نەوتی خۆمان بۆ خۆمان.. ئێوە بە نەوتی خۆتان موچەی 3 پارێزگاکەی خۆتان دابین بکەن، وەک چۆن ئێمە بەو نەوتەی خۆمان موچەی 15 پارێزگاکەی خۆمان دابین دەکەین)
54 ساڵ پێش ئێستا هەرچی خوێنەوار و ڕۆشنبیر و خوێندکاری زانکۆ و ئامادەییەکانمانە خوێنیان بۆ کوردایەتیی ئەکوڵا و بەشێکی زۆریان بوونە پێشمەرگە و شەهید بوون..
کەچی ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیر و خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەکانمان، نیشتمانیان بۆ هەتاهەتایه بەجێهێشت، ئەوانەیشی کە بەهۆی باری کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەوە هەلی کۆچکردنیان بۆ نەڕەخسا، بەشێکیان شێت بوون و بەشێکیان زیندان کران و بەشێکیان قیر و سیایان کرد چونە ناو هۆدە و هەیوانە ڕازاوە و پڕ له ناز و نیعمەتەکانی حیزبەکانەوە و .. یاسای نوسین بەرامبەر دۆلاریان پەیڕەو کرد، هەروەکو چۆن مێژوو پێمان دەڵێت سەدام حسێن دوای لە دەستدانی هەموو سەروەرییەکانی، به ناچاریی یاسای نەوت بەرامبەر خۆراکی واژۆ کرد..
ئیتر نازانم ئەمانەی لای خۆمان ئەمڕۆ بە ناچاریی چ یاسایەک واژۆ ئەکەن و لە چ واژۆیەک پاشگەز ئەبنەوە و .. بە تەمای چین ؟
مێژوو ئەوە ماوەتەوە پێمان بڵێت ئەو سەدامەی 54 ساڵ پێش ئێستا شاخ بە شاخ و ئەشکەوت بە ئەشکەوت بە دوای کوردەوە بوو ڕێککەوتننامەیەکیان لەگەڵدا واژۆ بکات ، لە ساڵی نەوەدەکاندا و ..لە کاتێکدا کورد حوکومەت و قەوارەی خۆی هەبوو، سەدام حسێن کۆبوونەوەیەک بە وەزیرەکانی دەکات و دەڵێ : ئەگەر تەنانەت ئەم مایکرۆفۆنەی بەردەمم بۆ کوردەکان بنێرم، یەکسەر ئاودیوی ئێرانی ئەکەن ، ئیتر چۆن بتوانین کەرەستە و خواردن بگەیەنینە هاووڵاتیانمان لە باکور ؟