Skip to Content

بنەمایەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ رەخنە … بەشی دووەم ….  هه‌رێم عوسمان

بنەمایەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ رەخنە … بەشی دووەم …. هه‌رێم عوسمان

Closed
by حوزه‌یران 17, 2017 General, Opinion, Slider


بەشی دووەم: رەخنە و هەڵسەنگاندن

یەکەم: رەخنەی رادیکاڵ:

نووسین وەک ئەگەری تێکست تەنیا بابەتێکی ناسین نییە، بەڵکو نیشاندانی راستی بوونە. لێرەوە تێکست لەسەر تاقیگەی خوێنەر بۆ پشکنین رانەوەستاوە، بەڵکو لەسەر پەیوەندی بۆ تیاژیان وەستاوە. لەبەرئەوەی نووسین وەک ئەگەری تێکست راستی بوونی تێدایە، ئەوا جۆری پەیوەندیمان راستی نووسین دەردەخات یاخود ونی‌دەکات. هاوکات تێگەیشتن سروشتێکی مرۆڤانەی هەیە، لێرەوە پەیوەندی واتا پەیدا دەکات؛ کاتێک نووسین لە تێگەیشتنەوە بۆ تێگەیشتنە(٤٨). تێگەیشتنی دازاین لە بوونی خۆی، بنەمای تێگەیشتنە لە نووسین. وەک هایدیگەر دەڵێت”تێگەیشتن لە جیهان بەردەوام تێگەیشتنە لە بوون-لەنێو. تێگەیشتنیش لە بوون تێگەیشتنە لە جیهان”(٤٩) کاتێک نووسین نایەتە دەنگ و رۆشننابێتەوە، مانای ئەوەنییە نووسین ناتێکستە، دەکرێت کێشە لە روانین و کەم ئاشنایی بخوێن لە خۆی و خۆی پەیوەست بەتیاژیانی لەناو نووسیندا بێت. هەروەک ڕۆشنبوونەوەی نووسین بەروانینی تێگەیشتنئامێزو تیاژیان و راڤەو بەشداریکردن و ناسینەوەی ئەزموونی بوون پەیوەستە.(٥٠) لەم روانینەوە رەخنەیەکی رادیکاڵ لەو دابڕان‌و کاردانەوانەی مێژووی رەخنە دەگرین، کە هەرجارەو یەکێک لەسێکوچکەکەیان مراندووە، لە کاتێکدا تێگەیشتنی هەریەکێکیان بێ ئەویدیکە نەکردەیەو لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوانیان رەخنە دەژی. هایدیگەر نموونەی گوتن و بیستن دێنێتەوە، کە دازاین دەبیستێت بۆیە تێدەگات، گەر نەبیستێت تێناگات، هاوکات گوێگرتن بە گرنگتر لە بیستن دەزانێت، لەبەرئەوەی تێگەیشتنی رەسەنانەی لێدەکەوێتەوەو تەنیا هەستکردن بە بیستنێکی دەنگەکانی سایکۆلۆجی نییە. خوێدنەوەی تێگەیشتن‌ئامێزیش پێویستی بە نزیکبوونەوەو ئارامی و نیشتەجێبوون هەیە، لەبەرئەوەی وەڵامی خوێنەری رەسەنی لێوە سازدەبێت؛ تێگەیشتن لە نووسین بنەمای وەڵامدانەوەی خوێنەرە. زۆر بنووسی‌و خێندنەوە(بەمەبەست بنووسی-خێندنەوە دانراوە) مەرجی تێگەیشتن نییە، بەڵکو چۆنێتی هاوبەشیکرن، تێداژیان و بەشداری ئەگەری تێگەیشتن زیاد دەکەن، وەک هایدیگەر دەڵێت”کەسێک هەموو شتێک ببیسێت بەڵام نەتوانێت لێیتێبگات. تێگەیشتن لە زۆرگوتن و زۆر بیستنەوەوه‌ پەیدانابێت”(٥١)لەبەرئەوە خوێندنەوەی رەسەنانە تێگەیشتنی رەسەنانەی لێدەکەوێتەوەو خوێنەر ئەوە لە بیر ناکات، کە لەگەڵ کێ(بەمەبەست دەق وەک کەس دانراوە) گفتوگۆ دەکات، هاوکات بخوێن و بنووسی نارەسەنیش وەک بابەت مامەڵە لەگەڵ زمان و نووسیندا دەکەن. لەبەرئەوە لێرەدا جیاکارییەکی دیکە لەنێوان نووسین و تێکستدا، بریتییە لە کێیەتی تێکست، بابەتێتی و چییەتی ناتێکست. لەکاتێکدا لە رەخنەی کۆندا زۆر کات وەک شت و بابەت لە نووسینیان روانیوە. دەکرێت بڵێین بەو جۆرە مامەڵەکردن لەگەڵ نووسین جۆرێکە لە روانینی میتایانە بۆ تێکست، واتە سەیری تێکست وەک بوون نەکراوە، بەڵکو وەک هەبوویەکی دەرەکی سەیری کراوەو هەوڵدراوە، بەناوی خوێندنەوەو راڤە داگیر بکرێت، یان داگیربکات(هۆکاری باڵادەستی نووسەرسەنتەری بۆ ئەم روانینە دەگەڕێتەوە). بەڵام لێرەدا پێمانوایە تێکست بابەت نییە و خودیش خود نییە، بەڵکو مرۆڤێکمان هەیە لەنێو تێکستدا دەژی. واتە وەک هایدیگەر دەڵێت مرۆڤ دۆڵاب نییە تاوەکو زانینی لەناودا هەڵبگیرێت، بەڵکو ئەو لەنێو جیهاندایە، هەروەک تێکستیش پاکەت نییە بە کردنەوەی، کەشفبکرێت.

١ـ نووسەرسەنتەری

تیۆرەو میتۆدە رەخنەییەکانی بواری لێکۆڵینەوەی تێکست، بەتایبەتیش تێکستی ئەدەبی گەلێک زۆرن. لەبەرئەوە بەپێی بایەخدانیان بە یەکێک لە سێکوچکەکە دابەشکراون، یاخود بەپێی دابەشکردنی نووسین بۆ ناوەوە/رووخسار- دەرەوە/ناوەڕۆک. یاخود میتۆدی رەخنەی تەواوکاری، کە ناوەوەو دەرەوە تێهەڵکێش دەکات(٥٢). لەم بەشەدا بە کورتی رەخنە لە هەندێک لەو میتۆدە بنەڕەتیانەی، کە سێکوچکەکەیان لەیەک دابڕیوە دەگرین.
لەسەردەمی کۆنەوە نووسین راستەوخۆ بە نووسەرەوە پەیوەستکراوە. بەتایبەت رۆمانسییەکانی سەدەی نۆزدە دۆخی ئەدەب‌و رەخنەی ئەدەبیان بە نووسەرو تێگەیشتن لە نووسەر دەزانی(٥٣). هاوکات میتۆدە سیاقییەکانی وەک دەروونگەرایی و بیۆگرافی، واقعی، بەهەمانشێوە کار لەسەر دەروون‌و ژیننامەو واقعی ژیان‌و ژینگەی نووسەر دەکەن(٥٤). ئەم میتۆدانە کاریان لەسەر دەرون و ژینگەی نووسەر بۆ تێگەیشتن لە تێکست دەکرد، بەپێچەوانەشەوە لە تێکستەوە ژینگەو دەروونی نووسەریان دەردەخست(٥٥). واتە ئەمسەرو ئەوسەری رەخنە لە تێگەیشتن لەنووسەردا کۆدەبووەوە.
ئەم جۆرە لە باڵادەستی نووسەر، سەرئەنجام کاردانەوەو رەخنەی لێگیرا. دەتوانین یەکەم رەخنەی رادیکاڵ لە ‘خودا مرد’ی نیتشەدا تێبینی بکەین(٥٦). گرنگی راگەیاندنی ئەم مەرگە پەیوەست بە نووسەرسەنتەری ئەوەیە، کە نووسەر وەک خواوەندێکی لێهاتبوو، هەموو شتێک لەلایەن ئەوەوەیەو بۆ هەموو شتێک دەبێت بۆ لای ئەو بگەڕێنەوە. لە فەلسەفەدا نیتشە بە کوشتنی خودا یان ‘خۆی’تازەگەری شۆڕشێکی بەسەر ‘نووسەرسەنتەر’یدا کرد.(٥٧) ئەم شۆڕشە رێگەی بۆ دەق‌سەنتەرەکان خۆشکرد بۆ ئەوەی لە لێکۆڵینەوەی نووسیندا بۆ نووسەر نەگەڕێنەوە، چونکە ‘نووسەر مردووە’ دەبێت بایەخ بە تێکست بدرێت. تێبینی دەکەین مەرگی ‘خودا-نووسەر-مرۆڤ’ پەرچەکردارن بۆ باڵادەستی و رەهایەتی ئەم هێزە، کە بەدرێژایی مێژوو هەیبووە. رۆلان بارت لەنووسینێکی خۆیدا بە ناونیشانی ‘مەرگی نووسەر-دانەر’ نموونەی بەلزاک دەهێنێتەوە، کە لەبارەی ژنێکەوە دەنووسێت‌و پەسنی دۆخی ژنێک دەکات. بارت لەو نووسینەدا کۆمەڵێک پرسیارو گومان دەخاتەڕوو، کە ئایا بەلزاک وەک نووسەرێک لەبارەی ژنێکەوە دەنووسێت، یان پاڵەوانی رۆمان، یاخود ئەزموونی سایکۆلۆژی دڵداری نووسەرە؟ بارت لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا مەرگی نووسەر رادەگەێنێت، چونکە لە نووسیندا ‘دەنگ‌وسەرچاوە’ لەناودەچن، لەبەرئەوە نووسەر ناتوانێت رۆڵێکی سەنتەری بگێڕێت، بەڵکو خودی تێکستەکە وەک جیهانێکی سەربەخۆ ئەو رۆڵە دەگێڕێت(٥٨). لێرەوە فرەدەنگی و فرەسەرچاوەیی دێتە ئاراوەو تاک نووسەری لەناودەچێت. ئەمە رەخنەیەکی رادیکاڵبوو ئاراستەی نووسەرسەنتەری کرد(٥٩). بەو پێیەی نووسەر ببووە خودایەک و هەموو زانینێک لەوەوە دەردەچوو.

لێرەدا تا ئەوشوێنەی، کە رەخنە لە نووسەرسەنتەری دەگیرێت وەک تاقانەو بیری تاقانەیی نووسەر رەخنەیەکی گرنگ و بنەڕەتییە، بەڵام کاتێک رەخنەگرتنەکە توندڕەوی تێدا دەکرێت و نووسەر دەسڕێتەوە، ئەوا رەخنە لەو بیرە سەرهەڵدەدات. بەپێی ئەم ئایدیا نوێیە نووسەر بوونی هەیە وەک چۆن نووسین هەیە. لەبەرئەوەی نووسین گوزارشت لەبوونی نووسەر پەیوەست بە لە جیهاندا بوون و لەگەڵ ئەواندا بوون و نیگەرانییەکانی دەکات. واتە تێکست تێگەیشتنی نووسەرە لە جیهان، بوون و بوون لەگەڵ، نووسەر بوونی خۆی بەتێکست بەخشیوە، لەبەرئەوە تێکست و نووسەر لەزۆرشوێندا ئاماژە بۆ یەکدی دەکەن، بوونی یەکدی لەنێو بووندا دەردەخەن. کاتێک نووسەر دەمرێنین ئەوکات بەرپرسیارێتی نامێنێت. مردنی نووسەر بریتییە لە مردنی تێگەیشتن لە جیهان و بوون، لە کاتێکدا تێکست بریتییە لە داهێنانی تێگەیشتن لە بوون و بوون لەنێو جیهان.
بێگومان نووسەر عەمباری زانین نییە، بەڵام نووسەر زانەرە لەنێو جیهان و بووندا. نەک وەک هەبوویەکی خواوەندئاسای وەک کۆجیتۆی دیکارت’من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم'(٦٠)، کە بۆ تێگەیشتن تەنیا پێویست بە گەڕانەوە بە بیری نووسەر بکات، ئەم هەبووە بە بیرکردنەوە نییە، بەڵکو پێش بیرکردنەوە هەیەو بوونیشی پەیوەستە بە بوونی لەنێو جیهان و لەگەڵ ئەوان. گەڕانەوە بۆ ژینگەو تەمەن، ئایدۆلۆژیا، دەروونی، بچووککردنەوەی نووسەرە لەنێو بوونی ئۆنتیک، دەرکردنیەتی لە پێشمەرجە بنەڕەتیەکانی بوونی.
بە واتایەکی دیکە ‘نووسەر سەنتەری’ خۆی بەسەربەخۆ لە جیهان و بوون لەگەڵ ئەوانیتر دەزانێت، کە ئەمەش بەپێی ئۆنتۆلۆجیا نەکردەیە. هاوکات ئەم نووسەرسەنتەرییە بەهۆی ئەم هێزە باڵاو رەفزکەرەوەیەی بۆ جیهان و بوون هەیەتی، خۆی بە سەرچاوەو بنەمای زانین دادەنێت و لێرەوە پەیوەندی نێوان نووسەرو جیهان دەپچڕێت و جیهان لەبری نیشتمان دەبێت بە شوێنی داگیرکاری و رووخاندن(وەک چۆن لە شیعرەکەی گۆراندا زانست رووخێنەرە، بەکوشتنی وەک دانەرێک بەرپرسیارێتی لە زانست دەسەنرێتەوە). نووسەر بەهۆی بێ‌جەوهەریەوە بەتێگەیشتنی لە جیهان و بوونی لەگەڵ ئەوانیترو نیگەرانییەکانی بۆ پرسین لەبوون جیهانی خۆی بنیاد دەنێت، واتە تێکست داهێنراوی نووسەرە لەسەر بنەمای بوونی لەنێو جیهان‌و بوون لەگەڵ و نیگەرانیەکانی. لەبەرئەوە نووسەر جیهانسازی لەنێو جیهاندا دەکات. خوێنەری رەسەن لەسەر بنەمای بوونی لەنێو جیهاندا لە جیهانی نووسەر دەکۆڵێتەوە، نەک وەک خۆیەکی هەمووشتزان.

کۆمەڵێک ئەفسانە دراوەتە پاڵ نووسەر وەک (شاعیر شتێکی پیرۆزو باڵدارە و سروشی لە خوداوە بۆ دێت، یان کولرج شیعری (کوبلەخان)ی لە خەوندا نووسیوەو لە ژێر ئەفسونی جادویەکدا بووە. یان مرۆڤ دەبیستێ بێ ئەوەی گوێڕادێرێت، وەردەگرێ بێئەوەی بە دوایدا بگەڕێت و بپرسێت کێ دەیداتێ(٦١). ئەمانە بۆ کاری مرۆڤ دوورە لە راستییەوە. لەرووی ئۆنتۆلۆجییەوە ئەم بۆچوونانە پوچەڵن‌و لەدەرەوەی ئۆنتۆلۆجی بوونی مرۆڤ و پێشمەرجەکانن. نووسەر هەبوویەکە بە نیگەرانییەوە بوونی لەنێو جیهاندایەو لەگەڵ ئەوانیدیدایە، نە پیرۆزەو نە باڵدارە، بەڵکو ئاگامەندەو زانەری نێو جیهانە. نووسەر بەهۆی ئەوەی ناتەواوەو بە نیگەرانیەوە لەنێو جیهاندایەو لەگەڵ ئەوانیتردایە و ئاگامەندە پرۆژەی تێکست داهێنێت. واتە تێگەیشتنی نووسەری رەسەن پەیوەست بە ناسینی جیهان و ئەوانیدیکەو نیگەرانی بۆیان بوونی خۆی و جیهانی خۆی دادەهێنێت. خوێنەری رەسەن بەو پێشمەرجانەوە لەنێو تێکستی نووسەردا کاردەکات، واتە جۆرە کارلێکێک لەنێوان تێگەیشتنی خوێنەری رەسەن بۆ بوون و جیهان و ئەوانی دی پەیوەست بە نیگەرانییەوە لەنێو تێکست رووئەدات و سەرئەنجامی ئەم پەیوەندییە خوێنەری رەسەن جیهانی خۆی سازدەکات. نووسەروخوێنەر دوو هەبووی نێوجیهانن و خاوەن تێگەیشتنن، بەڵام خاوەنی دوو ئەزموون و تێگەیشتنی جیاوازن، لەسەر بنەمای ئەم جیاوازییە داهێنانی تێکستی دیکە دێتەئاراوە. بەهۆی ئەم هاوبەشییەوە دەردەکەوێت نووسەرسەنتەر نییە خوێنەر لەدەوری بخولێتەوە، یاخود نووسەر خوانییەو خوێنەر عەبدی، نووسەرپیرۆز و خوێنەر ناپیرۆز نییە، یاخود ئەویان بتوانێت بفڕێ و ئەویان نەتوانێت. هەردوکیان دوو هەبووی خاوەن تێگەیشتنی نێو جیهان و بوونن، رەسەنیەت و نیگەرانییەکانیان تێکستی جیاوازی لێدەکەوێتەوە.

لێرەدا نامانەوێت جارێکی دیکە نووسەرسەنتەر یان خوێنەرسەنتەری بخولقێنین، چونکە ئەوان ناتەواو ناکامڵن، هاوکات نووسەر بە زانەرو پرۆژەی تێگەیشتن لە بوون و جیهان دادەنێین، لەبەرئەوە ناکرێت نووسەر فەرامۆشبکرێت، یاخود بمرێنرێت، بەڵام بە ناکامڵیەکەی لە دەسەڵاتی رەهای دەدرێت. نەریتی تاقانەی نووسەر لەم بۆچوونەوە لەناودەچێت، بەڵام نامرێت، چونکە بوونە لەنێو جیهانداو توانای داهێنانی پرۆژەی ئەگەرەکانی بوونی لەنێو جیهاندا هەیە. لەبەرئەوە تێکست هەمیشە گوزارشت لە هەبوویەک لەنێو جیهان و لەگەڵ هەبووەکانی دیکە دەکات. بەلزاک وەک بوونێک لەنێو جیهاندا، بوونی لەگەڵ ئەوانیتردایەو خاوەنی پرۆژەی تێگەیشتنە، دەتوانێت لە ژن وەک هەبوویەکی جیهانی تێبگات، لەبەرئەوەی ئەویش هەبوویەکی نێو جیهانە و لەگەڵ ئەواندایە، خاوەن نیگەرانی و بوونی رەسەن و نارەسەنێتیە. هاوکات نووسەرسەنتەری سڕینەوەی بوون و هەبووەکانی دیکەیەو جۆرێکە لە دەسەڵاتی میتافیزیکی نووسەر. بەڵام کاتێک نووسەر وەک هەبوویەکی ناتەواو لەم نووسینەدا رەچاوکراوە، مەبەست شکاندنی دەسەڵاتی میتایەتی نووسەرە، نەک مردنی نووسەر وەک هەبوویەک لەنێو جیهاندا. لە نووسەرسەنتەریدا بەردەوام بایەخ بەکۆمەڵێک لایەنی دەروونی و مێژوویی و واقعی دەدرێت، کە خوێنەر نوقمی نێویان دەبێت و لەبیری دەچێت، کە خۆی و نووسەر هەبوویەکی نێو جیهانن. لەم روانینەدا خوێنەر بەردەوام دەچێتە دەرەوەی جیهان بۆ ئەوەی لە جیهان تێبگات. لە کاتێکدا پێویستە لەنێو جیهانەوە بۆ جیهانی نووسەر بڕوانێت. لێرەوە پێویستە نووسەر خاوەندارێتی نووسین بکات، لەبەرئەوەی بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و وەک هەبوویەکی نێو جیهان، نووسین ئەگەری هەڵبژاردنی ئەوەو نابێت لێی زەوتبکرێت‌و بەناوی رووخاندنی دیکتاتۆریەتەوە دیکتاتۆریەت سازبکرێت. چونکە بنەڕەتی رەخنەی (مەرگی دانەر) بۆ ئەو دەسەڵاتە رەهایەی دانەر دەگەڕێتەوە، بەڵام مراندنی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆریەتەو لێسەندنەوەی بوونی ئەم هەبووەیە لەنێو جیهان و جیهانی تێکست. لەبەرئەوە تێگەیشتن لە تێکست بە کوشتنی نووسەر نایەتە ئاراوە، بەڵکو بەپەیوەندییەکی وجودیانە لەگەڵ تێکست و نووسەری تێکست دێتەئاراوە، کاتێک خاوەن ماڵێک بکوژین و ماڵەکەی داگیر بکەین یاخود بانگەشەی بێخاوەنی بکەین، هەرگیز ناتوانین وەک نیشتمان لەنێو ئەو ماڵەدا بژین و نیگەرانی‌بین، ئەو ماڵەش خۆی وەک نیشتمان بۆمان ناکاتەوە. لەبەرئەوە میتۆدو تیۆرەکانی نووسەرسەنتەر نەیانتوانیوە لە نووسەر وەک هەبوویەکی نێو جیهان تێبگەن، ئەمەش بووەتە هۆی دەرنەکەوتنی نووسین. سەبارەت بە’تێکست’ لە نووسەرسەنتەریدا، رەخنەو کاردانەوەی بوونیادگەرو فۆرمالیستەکان بەڵگەی بایەخنەدان و سڕینەوەی تێکستە.

٢ــ تێکست‌سەنتەری

فۆرمالیست و بوونیادگەرەکان، کە رەخنەی توندیان ئاراستەی نووسەرسەنتەری گرت و بارت مەرگی دانەری راگەیاند، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بۆ ئەدەب بگێڕنەوە و زانستی ئەدەبی دابمەزرێنن(٦٢). ئەمەش لەسەر بنەمای تێکست‌سەنتەری روویدا، کە ‘تێکست’یان وەک جیهانێکی داخراوو سەربەخۆ دەبینی، کە پەیوەندی بە رەهەندی مرۆڤانەوە نییە. ئەمەش باڵادەستی تێکستی بەسەر نووسەرو خوێنەری لێکەوتەوە. لەلای ئەم ڕێبازانە دەق گوزارشت لە نووسەرەکەی ناکات، بەڵکو سەربەخۆیەو خاوەنی سیستمی خۆیەتی. بنەمای لێکۆڵینەوەی دەقیش بریتییە لە زمان، کە سودیان لە زمانەوانی سویسری (فردیناند دی سوسێر) وەرگرت. سوسێر زمان وەک سیستم، کە خاوەنی چەند رێساویاسایەکی رێزمانی و فەرهەنگی وشەیە دەبینێت(٦٣). فۆرمالیست‌و بوونیاگەرەکان بەڕەچاوکردنی زمان وەک سیستم، ئەدەبیان لە زانستی زمان بۆ رزگارکردنی ئەدەب لەزانستەکانی دیکە نزیککردەوەو بانگەشەی سەربەخۆیی و زانستی ئەدەبیان کرد. یاکۆبسن، کە دیارترین ئەدەبناسی فۆرمالیستی رووسە، هونەری شیعری لەسەر زمانەوانی دامەزراند و پێیوابوو شیعر هونەری وشەیە(٦٤) ئەم میتۆدانە بەهۆی جەختیان لەسەر زانست‌و سیستم، کۆمەڵێک بنەمای گرنگیان بۆ دەق داڕشت. جیاکاریان لەنێوان زمانی رۆژانەو زمانی شیعرو گێڕانەوەدا کردو گرنگیان بە جۆرەکانی لادان‌و ئاشنایی‌سڕینەوەو نائاسایی(نائۆتۆمات)بوون دەدا.
لەسەر بنەمای جیاکاری زمان دەقیان شیدەکردەوە، زمانی دەق‌یان بۆ (ئاوەڵناو، ناو، کردار، بزوێن، تاک، کۆ..) دابەشدەکرد(٦٥) بە کورتی ئەم میتۆدانە بە بنەڕەتی لەسەر خودی تێکست کاریان دەکرد و پێیانوابوو تێکست جیهانی لێکۆڵینەوەیەو بۆ تێگەیشتن لێی پێویست بە چوونە دەرەوە بۆ بوارە جیاوازەکانی دیکە ناکات(٦٦).

لێرەدا بەگشتی رەخنە ئاراستەی میتۆدی ‘تێکست‌سەنتەر’یەکان دەگرین. لای هایدیگەر زمان ماڵی بوونە. بەڵام ئەوەی تێبینی ئەم میتۆدانە دەکرێت، نیگەرانیان بۆ زمان وەک ماڵی بوون رەچاونەکردووە. زمانیان بە ناوی لێکۆڵینەوەی زمانگەری تێکست کەرت کردووە. لەکاتێکدا مرۆڤ لەنێو زماندا نیشتەجێیە، زمانیش ماڵی بوونە، ئەوا نیگەرانی بۆ زمان بنەمایە. لە رووکەشدا تێبینی هاوبەشی گرنگی زمان بۆ هایدیگەرو تێکست‌سەنتەرەکان دەکرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا گەلێک جیاوازن. لەدیدی هایدیگەردا، زمان بەر لەوەی شتێک بڵێت، نیشان دەدات، واتە ئاماژە نییە، بەڵکو ئاشکراکەری راستیی بوونە(٦٧). بەڵام ئەو میتۆدانە ماڵ و خاوەن ماڵ، بوونی دازاینیش، کە بە نیگەرانییەوە لە نێو ماڵدا نیشتەجێیە، فەرامۆشیانکردووە. ئەوان لە زمان دەکۆڵنەوە بێئەوەی ڕەچاوی ئەوە بکەن، کە زمان بنەمای تێگەیشتنی دازاینە لە بوون. ئەم میتۆدانە جگە لە کوشتنی وزەی داهێنەرانەی زمان هاوکات بایەخ بە جیهان و دەرکەوتنی راستی بوون نادەن، کە چۆن زمان لە دەرکەوتنی راستی بووندا گوزارشت لەم دەرکەوتنانە دەکات. لەنێو تێکستدا بەدوای ئەوەدا ناگەڕێن، کە راستی بوون‌و نیگەرانی نووسەر لەکوێی دەقدایە. لەبەرئەوە ئەم میتۆدانە هێندەی لەبیربەرەوەی بوون و پەیوەندین هێندە یادخەرەوەی نین. تێکستەکەی گۆران بۆ تێکست‌سەنتەرەکان بریتییە لە ناو، ئاوەڵناو، کێش و سەرواو دووبارەبوونەوەو لادان… نەک دەرخەری راستی بوونی شاخی بێ‌دار بێت. ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ تێکست، هایدیگەر گوتەنی هەتیو، بێ‌ماڵ‌و نیشتمانمان دەکات(٦٨).

تێکست بەرلەوەی سیستم و نووسینەوەی خودی نووسەر بێت، داهێنانی خودی نووسەرە پەیوەست بە دەرخستنی راستی بوونەوە(٦٩)، هاوکات نووسەر ناتەواوە لەنێو جیهان‌و بووندا ئەگەرەکانی دادەهێنێت، بەڵام تێکست‌سەنتەری لەم ئەگەرانە ناگات و رێگەنادات ئەم ئەگەرانە بۆ خوێنەر دەربکەون. تەنانەت رێگەنادەن تێکست سەربەخۆ بێت و جیهانی خۆی دروستبکات، چونکە ئەوان تێکست پارچە پارچە دەکەن بەناوی دۆزینەوەی تێکست و لایەنی جوانیناسی تێکست، لەکاتێکدا تێکست لەپێشدەم خوێنەردا بوونی بۆ نیشتەجێبوون هەیە، نەک بۆ شیتەڵکردن، بەڵکو بۆ دەرخستن و نیشاندان. ئەوان لەبری بەدەنگهێنانی تێکست، تێکست بێدەنگ دەکات، چونکە لەبری دەرخستنی جیهانی تێکست، لادان، ناو، ئاوەڵناو، راناوەکانی تێکست دەردەخەن. ئەم کارکردنە زانستییە لەسەر شیعرێک یان هەر تێکستێک کاتێک منی خوێنەری لێکۆڵینەوەکە دەیخوێنمەوە، گەر پێشتر شیعرەکە نیگەرانی منی جوڵاندبێت، ئەوا ئیستا لەبەردەم شیکاری تێکست‌سەنتەرەکان، شیعرەکە بۆ کۆمەڵێک ژمارەو وشەی پۆلێنکراو دەبینم، کە نیگەرانییەکەم بۆی ئاوادەبێت. لەبەرئەوە خوێنەری رەسەن سەرەتا نیگەرانییەکەی بۆ دەرکردنی تێکستە لە پۆلێن و دابەشکاری، بۆ ئەوەی تێکست خۆی دەربخات. هایدیگەر، کە شیعرو زمانی شیعری بە باشترین داینەمۆی پرسین لە بوون دەزانی، بەڵام زمان لای تێکست‌سەنتەرەکان کەرەسەی جوانیەو تاریککەری پرسی بوونە.

هاوکات زانستیبوون‌و دامەزاراوەیی ئەدەب و رەخنە بنەمایە بۆ ناراستی دەربڕین، لەبەرئەوەی هیچ سەرنج لە راستی بوون نادات و خۆی بەهەبووی هەبووەکانەوە سەرقاڵدەکات و رەچاوی بنەمای هەبووەکان، کە بوونە ناکات؛ واتە خۆی بە سەرئەنجامەوە سەرقاڵدەکات‌و گرنگی بە هەقیقەتی بنیادی ئەنجام نادات.(٧٠). لەلایەکی دیکەوە تێکست‌سەنتەری و مەرگی دانەر، کوشتنی ئەگەری داهێنانی دازاینی رەسەنە. لەبەرئەوەی بەرهەم هەتیوو بێکەس دەخات و تێکستیش بە هەبوویەکی سروشتی و بێخاوەن دەکات، تاوەکو بە ئاسانی بتوانێت بەکاریبهێنێت. ئەنجامی ئەمەش لەتەنیشت دیدگای تێکست‌سەنتەری مەرگی تێکست دەخاتەوە، چونکە تێکست لەزیندوێتی‌و تێگەیشتن و بوونی لەنێو جیهان، پەیوەندی بە جیهان و دازاینەوە بەتاڵ دەکات. ئەمە خاڵێکی بنەڕەتییە، کە ئەم میتۆدانە بە نیازی هەیمەنەکردن بەسەر تێکستدا، تێکست لە زیندوێتی‌و نووسەریش لە خاوەندارێتی دەخەن. تێکست وەک زۆڵ تەماشا دەکەن، کە بێ باوکە؛ ئەمەش نیگەرانی بۆ تێکست و دانەرەکەی پەیوەست بە بوونی لەنێو جیهاندا دەکوژێت. ستراتیژەکە بەو جۆرەیە، سەرەتا بوون وەک بنەما لەناو دەبات، پاشان ئەو هەبووەی لە بوون دەپرسێت، ئەنجام ئەوەی دەمێنێتەوە شتێکە ناوی دەنرێت تێکست، کە بریتییە لە هەبوویەکی ئامرازو بەردەست. تێکست هەمیشە ئاماژەیە بۆ دازاین یاخود بوونی مرۆڤ، تەنانەت پەندی پێشینانیش، کە بە بێ خاوەن ناودەبرێت، ئاماژە بۆ پەیوەندی و تێگەیشتنی بوونی مرۆڤ لەنێو جیهان و لەگەڵ مرۆڤ دەکات. دابڕینی تێکست لە نووسەر، تێکست نامۆ و بێ واتا دەکات. نەبوونی واتا لە تێکستدا نیشانەی نیهلیزم و ئایدیالیزمە. تێکستی بێکەس، تێکست بێ واتا دەکات، وەک ئەوەی تێکست‌و تێکست‌نووس هەبووی نێو جیهان و بوون و دازاین نەبن.
لەبەر رۆشنایی ئایدیاکەمان، مەرگ و سەنتەر گرتنی هەریەک لەسێکوچکەکە مەرگی پەیوەندی‌و رەخنەی لێدەکەوێتەوە. لەبەرئەوەی پەیوەندی داهێنەرانەی خوێنەری رەسەن وەک کاڵا بۆ تێکست و خوا بۆ نووسەر نییە، بەڵکو بە نیگەرانیەوە وەک تێگەیشتن لە بوونی دازینێکی رەسەن بۆ بوون و جیهانە.

بارت لەمەرگی دانەردا رەخنەی توندی ئاراستەی ئەو رۆڵەئاراستەکراوەی دانەر گرت و بە ئایدۆلۆژیای کاپیتالیزمەوە پەیوەستی‌کرد. ئەمە تێگەیشتنێکی گرنگ و بنەڕەتیە لە نیازی دانەر و جیاکردنەوەی لە نووسەر، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین، کە نیازی دانەر بۆ خوێنەری رەسەن تەنیا ئاراستەکەرێکی جێبەجێکارانە نییە، بەڵکو خوێنەری رەسەن دەزانێت لەکوێدایەو لەگەڵ کێ لە پەیوەندیدایە. بە نیگەرانییەوە پەیوەندی لەگەڵ تێکستدا دەگرێت و نیگەرانیی نووسەر درک دەکات و لەوێوە بڕیار لەسەر نووسین دەدات؛ واتە خوێنەرێکی نەزان و دەرە جیهانمان نییە، کە تەنیا داردەستی نووسەر و تێکست بێت، بەڵکو ئەو هەبوویەکە هەست بە مەترسی و ئارامی، راستی و ناراستی دەکات و تەنیا لەسەر ئاراستەو ویستەکانی دانەر و تێکست ناژی. بەڵام خوێنەری نارەسەن دەکرێت بە درێژکراوەی ویستی دانەرو تێکست بزانین. وەلێ خوێنەری رەسەن لە تێکست وەک کردەیەکی داهێنەرانە دەڕوانێت، نەک تەنیا دەربڕی خود بێت و خود بکوژێت بۆ ئەوەی هەیمەنەی لەسەر تێکست نەمێنێت.(٧١). سەرەڕای ئەمانە لە مەرگی دانەردا، دانەر ئامادەیە، چونکە ئەوەی بڕیارەکە دەدات دانەرە(٧٢).

٣ــ خوێنەرسەنتەری

لە شەستەکانی سەدەی بیستەوە، تیۆری وەرگرتن و لاکردنەوە بەلای خوێنەرو هاتنەوەڵامی خوێنەر لە رەخنەی ئەوروپی‌و ئەمریکیدا بە کاریگەری پەرەسەندنی هێرمینیۆتیک هاتەئاراوە. ئەم تیۆرانە رەخنەیان ئاراستەی نووسەرسەنتەرو تێکست‌سەنتەرەکان گرت‌و بە پشتگوێخستنی خوێنەر تاوانباریان کردن(٧٣). لەم تیۆرانەدا وەرگر بە بنەمای زیندوێتی و کەشف و واتای تێکست دەزانن. تیۆری ئیستاتیکای وەرگرتن، کە (یاوس‌و ئایزەر) دامەزرێنەرین، جەخت لەسەر پەیوەندیکردن و بەیەکگەیشتنی خوێنەر لەگەڵ تێکست دەکەن و خوێنەر بە داهێنەری لایەنی ئیستاتیکی دەق دەزانن. پێیانوایە خوێنەر لە ئاراستەی پرسیارە باوەکە، کە دەق چیم پێدەڵێت؟ تێدەپەڕێت بۆ پرسیاری چی بە دەق دەڵێم.(٧٤).
هاوکات ئەو بۆشایی و درزەی دەکەوێتە نێوان ئاسۆی مێژوویی داهێنانی تێکست و وەرگر، خاڵێکی گرنگی راڤەو داهێنانی تێکستە لەلایەن وەرگرەوە. رۆدڵف بۆلتمان دەڵێت یەک کتێبی پیرۆزی ئینجیل نییە، بەڵکو هەر سەردەمەو کتێبێکی نوێ سازدەکرێت(٧٥).
‘ئاسۆی چاوەڕوانی’ یەکێکە لە زاراوە گرنگەکانی تیۆری وەرگرتن. مەبەست لێی ئەو پێوەرو زانینە جێگیرانەی خوێنەرە، کە بوون بە ئاسۆی چاوەڕوانی لە تێکستێک. بەڵام تێکستیش ئاسۆی خۆی هەیە. لەبەرئەوە:
١ـ ئاسۆی چاوەڕوانی دەق لەگەڵ ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر گونجاوە.
٢ـ ئاسۆی چاوەڕوانی دەق، خوێنەر توشی نائومێدی دەکات چونکە لەگەڵ ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەردا ناگونجێت.
٣ـ ئاسۆی چاوەڕوانی دەق بەجۆرێک دەکەوێتەوە، کە ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر دەگۆڕێت، پێوەری دیکەی لا دروستدەکات(٧٦). بەپێی ئەم دوو ئاسۆیە دەق واتای نوێی لێوەپەیدا دەبێت و خوێنەر دەبێتە هاوبەشی بەرهەمهێنەری واتاو ئیستاتیکای دەق، ئەمەش خوێنەر لە ناچالاکەوە چالاک دەکات و خوێندنەوەش بەشداری لە بنیاتنانی کەسایەتی خوێنەردا دەکات(٧٧). تیۆری وەرگرتن، گەلێک سودی لە فەلسەفەی فەیلەسوفانی وەک، هوسرەڵ، هایدیگەر و گادامەر وەرگرتووە. لەبەرئەوەی یەکێکە لە تیۆرە تەواوکارەکان، چونکە جۆرە یەکخستنێکی لە لایەنی دەرەوەو ناوەوەی تێکست لەسەر بنەمای وەرگرسەنتەری ئەنجامدا. وەرگری بەو هەبووە داهێنەرە دانا، کە ئاگایی و ژیانی تێکستە(٧٨).

سەبارەت بە رەخنەی وەرگرسەنتەری، پێویستە سەرەتا دانبەوەدابنێم، بەشێکی بنەمایی ئەم ئایدیا نوێیە سودی لەم میتۆدانە وەرگرتووە. بەڵام ئەم میتۆدە لە هەندێک شوێندا زێدەڕەوەی لە بنەما سەرەکییەکانی خۆیدا کرد، کە تا ئەوە رۆشت بانگەشەی مەرگی دەق بکات و خوێنەر بە ژینبەخشی تێکست دابنێت. لەکاتێکدا پێموایە تێکست ئەگەر تێکست بێت بەرگری لە ژیانی خۆی دەکات، دەکرێت بۆ ماوەیەک کپ و خامۆشبێت؛ بەڵام نامرێت. خوێنەریش راستە چرای تێکستە، بەڵام خودی ماڵ/تێکست نییە، نرخی چراش لە رۆشنکردنەوەی ماڵدایە. چرا لەنێو نیشتمانی تێکستدایە. واتە خوێنەری رەسەن بۆ ئەوەی نیشتەجێبێت دەبێت ماڵی هەبێت. هاوکات جیاکاری لەنێوان خوێنەری رەسەن و نارەسەن و جۆری پەیوەندی گرنگە، لەبەرئەوەی هاتنەزمانی دەق و ئاشکرابوونی بۆ هەموو خوێنەرێک نالوێ، ئەمە دەبێتە هۆی جیاکاری نێوان تێکست‌و ناتێکست. بەڵام کاتێک خوێنەر هاندەدرێت‌و بە ژیانبەخشی تێکست دادەنرێت، ئەمە دەبێتە پاڵنەر کە هەرچی مەعریفەیەتی بیخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو رۆڵە وازیبکات. لەم کاتەشدا رەنگە شێواندنی جیاکاری تێکست‌و ناتێکست لەسەر ئەم رۆڵەی وەرگر بێتە ئاراوە. لەبەرئەوە بڕیاری رادیکاڵ لەسەر جیاکردنەوەی تێکست لە ناتێکست گرنگە.

ئەم تیۆرە بەجۆرێک دەرکردنی دەق‌و نووسەرە لە بەرپرسیارێتی گەیاندنی زانین سەبارەت بە بوون. لێرەدا مەبەست لەئەو پابەندیە نییە، کە سارتەر بۆ پەخشاننووسی دادەنێت‌و هونەرمەندی لێ بێبەری دەکات(٧٩) بەڵکو ئەو پابەندیەی، کە تێکست و نووسەر ئەگەر رەسەن بن، نابێت بوون لەبیربکەن. سارتەر گوتەنی ناپابەندی نووسەر وادەکات خوێنەر بەپێی ئاسۆی چاوەڕوانی خۆی، کە دەشێ ئەو ئاسۆیە لەگەڵ دەق و نووسەریش یەکنەگرێتەوە، تێکست شیبکاتەوە. لەبەرئەوە پابەندی سێکوچکەکە بە پەیوەندی ئۆنتۆلۆجی بوونەوە گرنگە، کە رێگە لە خوێنەر بگرێت، دیدگا ئایدۆلۆژی و میتافیزیکییەکانی خۆی تێکەڵ بە تێکست نەکات. هاوکات وەک ئەو خوێنەرە ساویلکانە نەبێت، کە ئەفلاتوون شاعیرانی بۆ دەرکردن، لەبەرئەوەی بە ئاسانی فریودەخۆن، بەڵکو مەبەست بوونی خوێنەری رەسەنە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە ئەم ئایدیا نوێیە هاوبەشی زۆری لەگەڵ ئەم تیۆرە هەیە، لەبەرئەوەی ئەم تیۆرە بە پشتبەستن بەو جیهانبینییە فراوانانەی لەپشتییەوەبوون، تاڕەدایەکی زۆر توانی تێکست لە کەرەسەو کاڵایەتی رزگاربکات و ئازادی خوێنەرو تێکست لەبەرچابگرێت. هاوکات بەسودوەرگرتن لە گادامەر گرنگی بە پەیوەندی و وتوێژی خوێنەرو بەرهەم دەدا یان وتوێژی زەمەن دەدا.

دووەم: سەبارەت بە رەخنەی کوردی

لە ئایدیاکەماندا راستەوخۆ وه‌ک بوونێکی زه‌مه‌نی له‌ سێکوچکه‌کەمان‌ نەڕوانیوە، تا پرسیار بکرێت، چۆن دەشێت تێکست بێ‌نووسه‌ر هه‌بێت؟ بەڵام بۆ وەڵامی وەها پرسیارێکیش‌، پێمانوایە، پێش نووسه‌ر تێکست هه‌یه‌، ئه‌ویش جیهانه‌. تێکست به‌بێ جیهان بوونی نییه‌؛ جیهان خۆی بریتییه‌ له‌ تێکست، که‌ مرۆڤ وەک بوونێکی ئاگامەند ده‌یه‌وێت بیناسێت. بەڵام ئەم روانگەیە زیاتر جیهان بە بابەت دەکات؛ ئێمە وەک نیشەتجێبوون لەنێو جیهان/تێکستداین. هاوکات به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و روانینه‌ هه‌نوکه‌یه‌یی ئیستا، هیچ تێکستێک له‌ خۆوه‌ نایه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵکو هه‌موو تێکستێک به‌ هه‌وای تێکستی پێشخۆی ده‌ژی(٨٠)‌بوونی سێکوچکەکە پێکەوە به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر بوونی په‌یوه‌ندی، په‌یوه‌ندیش به‌ڵگه‌ی ناسین و جوڵه‌و چالاکیە. به‌ڵام ئایا له‌ کۆمه‌ڵگای کوردیدا ئه‌م سێکوچکه‌یه‌ به‌ دیوه‌ ره‌سه‌نه‌که‌ی بوونی هه‌یه‌؟ که‌ په‌یوه‌ندی تیایدا دێته‌ئاراوه‌. لێرەدا مه‌به‌ست تاکه‌ نووسه‌ر، تێکست و خوێنه‌رێک نییه‌، به‌ڵکو وه‌ک بوون‌وگشتێک. وه‌ک ئاماژەم‌پێدا روانینه‌که‌مان رادیکاڵه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ دانه‌و دوان خۆمان ده‌بوورین. یاخود ئایا هه‌ست به‌ په‌یوه‌ندی و جوڵه‌و چالاکی ده‌که‌ین؟ گه‌ر سێکوچکەکە هه‌بێت دەبێت جوڵه‌و چالاکی هه‌بێت؟ هاوکات بنه‌مای په‌یوه‌ندی و جوڵه‌و چالاکیش ئازادییه‌، لێره‌وه‌ کێشه‌ی ئازادی وه‌ک کێشه‌ی وجودی رەخنە دیارو به‌رچاو ده‌بێت، چونکه‌ به‌بێ ئازادی په‌یوه‌ندی؛ رەخنە بوونی نییه‌. لەبەرئەوە کێشه‌ی ئازادی و رەخنە وه‌ک کێشه‌ی وجودی ده‌رده‌که‌وێت.
سه‌باره‌ت بە مرۆڤی کورد چۆن ده‌کرێت کێشه‌ی ئۆنتۆلۆجی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ستنیشان بکه‌ین. کاتێک تێبینی په‌یوه‌ندیکردن لای ئه‌م مرۆڤه‌ ده‌که‌ین، هه‌ست به‌ بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی چالاکانه‌و رەخنە دەکه‌ین؟ واته‌ ئایا ره‌خنه‌ی کوردی بوونی هه‌یه‌؟ لەم ئایدیایەدا نەبوونی رەخنە، بریتییە لە کێشەی وجودی. لەبەرئەوە ئەمە کێشه‌ی وجودی بوونی کورده‌. بەڵام دەبێت بڵێین نەبوونی رەخنە، مانای نابێت نییە؛ بەڵکو دەکرێت هەبێت و لە ئیستادا نەبێت.

لەئێستای مرۆڤی کورددا تێبینی دوو جۆر هەوڵ دەکەین:
١ــ رەخنە لەناو زانکۆکان.
٢ــ رەخنەی دەرەوەی زانکۆ.

لێرەدا بۆ ئاسانکاری ئەم جیاکارییە کراوە، دەنا دەتوانین بۆ دەرەوەی زانکۆ جیاکاری دیکە بکەین. ئەگەر سەرنج لەو چالاکییانە بدەین، تێبینی دەکەین پەیوەندی و ئاڵۆگۆڕیان لەنێواندا نییە؛ بەڵکو لەیەکدی دابڕاون. ئەوەی لەناو زانکۆکاندا دەکرێت، بریتییە لە کۆمەڵە هەوڵێکی ناکاریگەرو بێجوڵە. بەشێکی زۆری ئەو کارانەی لەناو زانکۆکاندا کراون و دەکرێن(بەتایبەت لەبەشی رەخنەی ئەدەبی و زمان)دا، کە تاڕادەیەک ئاگاداریانم، کارکردنن لەسەر هەبووەکان. واتە ئەو میتۆدانە بەشێوەیەکی بەکارهێنەرەوەیی بۆ شیکاری نووسینەکان بەکاردەبرێن، بێئەوەی توانای بڕیاردانی تێکست و ناتێکستیان هەبێت. زۆرینەی ئەو توێژینەوانەی دەکرێن میتۆدی خوازراون‌و بەشێوەیەکی ناداهێنەرانە لەسەر نووسین جێبەجێی دەکەن. هاوکات پێوەرەکانی وەرگرتن‌و جێگرتنی ئەو توێژینەوانەش لە ئاستێکی داهێنەرانەدا نین، بەڵکو زیاتر شکڵین. زۆرینەی ئەو میتۆدانەی لە زانکۆکاندا سودی لێوەردەگیرێت، ئەو میتۆدانەن، کە نووسین وەک کەرەسە تەماشا دەکەن؛ جگەلەوەی تێگەیشتنی قوڵ و رەخنەیی لە میتۆدەکاندا نابینرێت. هاوکات مامەڵەی زانستخوازانەش رێگری کردووە، لەوەی توێژەر لەگەڵ رۆحی نووسین لەپەیوەندیدا بێت. هەروەها پاڵنەری زۆرینەی کارە بەناو رەخنەییەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و بەرزکردنەوەی باڵانسی مادییە، واتە مامەڵەی بەرژەوەندیخوازی کاری رەخنەیان پێدەکات، لەکاتێکدا بنەمای کاری رەخنە ئازادییە. لەبەرئەوە پەیوەندی بەکارهێنەرانەو بەرهەمهێنەرانە بنووسی لەم نێوەندەدا زیادکردووە. ئەم نێوەندە نەیتوانیوە تێکستەکان وەک تێکست بناسێنێت، چونکە بخوێنی توێژەری لە خوێنەری رەسەن زیاترە. لەم نێوەندەدا پرسیار و گومانی بنەڕەتی داناهێنرێت، لەکاتێکدا تێکست گومان و پرسیاری بنەڕەتی بەجێدێڵێت. بەڵام تێبینی بەشێکی ئەو پرسیارانەی نێو توێژینەوەکان دەکەین، پرسیاری وەرگیراو و دووبارەن. سەرئەنجام ئەوەی لەناو زانکۆکان دەکرێت، نەک جوڵەی بۆ دەرەوە نەبووە؛ بەڵکو بۆ ناو زانکۆکان خۆشی نەیبووە.

سەبارەت بە رەخنەی دەرەوەی زانکۆ، زیاتر هەست بە جوڵە دەکرێت. بەڵام ئەم جوڵەیە راگەیاندن تێیدا باڵادەستە؛ لەبەرئەوە جوڵەیەکی نەزۆک و ئازاربەخشە. جوڵەو رەخنەی نێو راگەیاندن رەسەن نییەو زیاتر دامرکانەوەو ترسە لەبەجێمان. یاخود جوڵەی ناچارانەی پڕکردنەوەی لاپەڕەکانە. هاوکات ئەم جوڵەیە بەهۆی پەرش‌وبڵاویەوە نابینرێت. جگەلەوەی رۆژانەییەو دڵسۆزی، شارەزایی‌و نیشتەجێبوونی لەنێو تێکستدا تێدانییە. هاوکات ئاگادارنەبوون و نەشارەزایی لە دنیایی فەلسەفە لە زانکۆ و دەرەوەی زانکۆدا هۆکاری پەیوەندییەکی ناتەندروستە لە سێکوچکەکەدا. ئەم نامۆییە مەعرفییە ترس یان بێباکی لەبری نیگەرانی زیادکردووە، لەبەرئەوە مرۆڤی کورد وەک مرۆڤێکی بێ‌پرۆژە دەردەکەوێت، ئەمەش جۆرێکە لە نارەسەنی و نائاگایی بەرامبەر بە بوون و بوونی خۆی و جیهان(٨١). ئەوەندەی بەدواداچوونم بۆ خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان کردووە، وانەی فەلسەفە لە هیچ ساڵێکی خوێندنی بەش جیاوازەکاندا نییە. لە پێش خوێندنی زانکۆییدا وانەی فەلسەفە هەیە؛ بەڵام نەبوونی باشترە؛ لەبەرئەوەی زۆرتر رقی لە فەلسەفە زیادکردووە.

کاتێک سەرنج لە وشەی (رەخنە) لە فەرهەنگ‌و بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد دەدەین، هەستی نەرێنی و دژایەتی تیایە، نەک پەیوەندی دڵسۆزی و نیشتەجێبوون. رەخنە بۆ کورد لەبری پەیوەندی دابڕانە، شکاندن‌و کەمکردنەوەیە لەبری دۆزینەوەو دەرخستنی راستی. یان دۆستایەتی لەگەڵ نووسەرە نەک مەعریفی واتە زۆرکات راسپاردنە، لەبەرئەوە رەخنەی کەسە نەک تێکست، لەم کاتەشدا لێدانە یان باڵاکردنی کەسێتیە. لێرەوە ئەگەر شتێک هەبێت بەناوی رەخنەی کوردییەوە ئەوا بۆ شاردنەوەی راستییە نەک نیشاندان و ئاشکراکردنی.
لەم نێوەندەدا زیاتر بنووس و بخوێن ئامادەن، پەیوەندی رۆژانەو بەکاربەری رێگرە لە دەرکەوتنی پەیوەندی داهێنەرانە. هاوکات نیگەرانی بۆ نووسین هەستپێناکرێت. جۆرێک لە چەلەحانێ لەباتی گفتوگۆ هەیە، ئەم چەلەحانێیەش زیاتر بە هەیمەنەی پرسە سیاسییەکانی ناو راگەیاندنەکانەوە دەبینرێت. ئەو ئاسۆیانەی لەم نێوەندەدا دیاربوون بەهۆی دەرگیربوونیان بە بابەتە سیاسییەکانی رۆژەوە، ئارامی و نیشتەجێبوون، کە ئۆنتۆلۆجی رەخنە دەیخوازێت لەبیرچووەتەوە. لە دەرەوەی زانکۆ، لە پاش ئازادبوونی عێراق و زۆربوونی راگەیاندن، نووسینکه‌ر یان بنووس‌و بخوێن بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە(ئەمە تەنانەت بووەتە نوکتە) پرۆژەی بڵاوکراوەی گرنگیش کەمی کردووە. گەر تێبینی ساڵانی رابردوو بەراورد بەم ساڵانە بکەین، پرۆژەی گرنگ و نیگەرانئامێز کەمبووەتەوە. کاتێک گۆڤاری گەلاوێژ دادەخرێت چەندین هۆنراوە لەشێوەی شینکردن بۆ داخستنی دەنووسرێت، ئەم نیگەرانییە ماڵئاوایی کردووە. هاوکات لە ساڵانی نەوەد بۆ دوو هەزار چەند گۆڤارێکی گرنگی وەک(بوون، ئازادی، گوتار، رەهەند..) هەبوون، کە لەلایەنی مەعریفییەوە چالاکتربوون لە زۆرینەی بڵاوکراوەکانی هەنووکە. هاوکات جۆری خوێنەرەکانیشیان گۆڕاوە. لەم نێوەندەدا هەنوکە رەخنە بریتییە لە پەخشکردن، واتە نووسینێکی چەند سەد پەڕەیی، بە نووسینی نیو لاپەڕەی رۆژنامە رەخنە دەکرێت، ئەمە گوزارشتی نائارامی و نەشارەزاییە، ئەمە سڵاوکردنە لە نووسین نەک نیشتەجێبوون.
لێرەدا دەبێت بڵێین بێهۆ نییه‌، که‌ بوونی مرۆڤی کورد وه‌ک نه‌بوو ته‌ماشا کراوه‌؛ وه‌ک ئه‌وه‌ی بوونێکی له‌م جیهانه‌دا نه‌بێت. بوون له‌نێو جیهاندا بریتییه‌ له‌ بوونێکی په‌یوه‌ندیکه‌رو چالاک؛ به‌ڵام ئایا مرۆڤی کورد بوونێکی چالاکی له‌ جیهاندا هه‌یه‌ و هه‌بووه‌؟ ئەم مرۆڤە تەنانەت هەست بە قەیرانەکانی بوونی خۆی ناکات، چونکە هەستکردن، ئاگایی بۆ جوڵەیە دەتوانێت هەنگاوی دەرچوون لە قەیران بنێت، بەڵام تێبینی دەکەین ئەم ئاگاییە نییە، زیاتر ناڕازیبوون و پرتەو بۆڵە هەیە، نەک پرۆژە.

هایدیگه‌ر پێیوایه‌ تێکست راستی بوون دەردەخات؛ (دازاین)یش ئەو هەبووەیە راستی بوون ده‌ردەخات. لێرەدا تێکست ده‌بێته‌ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی کاریگه‌ری و پرسیارو گومان، نیگه‌رانمان ده‌کات. بەڵام تێبینی بکەین مرۆڤی کورد لە ئیستادا نووسین و بخوێن و بنووسی هەیە. ئەمەش هۆکاری سستی و بێجوڵەیی، بوون و ژیانی مرۆڤی کوردە.‌ ئەمڕۆ زیاتر لە رابردوو نووسین دەبینرێت. دەپرسین ئەگەر ئەم نووسینانە تێکستن ئەی جوڵە بۆ نابینرێت؟ کێشەی ئەم مرۆڤە کوردە لەوێدایە، کاتێک تێکستەکانیش دەبینێت یاخود وەریدەگێڕێت ناتوانێت وەک تێکست مامەڵەی لەگەڵ بکات و نیگەران و نیشتەجێبێت، چونکە بەشێکی دوور لەنیگەرانی تێکستەکان وەردەگێڕێت. چونکە تێکست وه‌ک هه‌ر بوونێکی زیندوو ده‌توانێت جوڵه‌ بخاته‌ نێو ژیان و بوونمانه‌وه‌. به‌ڵام کاتێک تێکستمان نییه‌؛ جوڵه‌و زیندوێتیشمان نییه‌. به‌ زمانێکی باو بڵێین ئه‌م دۆخه‌ هه‌ڵگری گوتاری لەکارکەوتوو، مانه‌وه‌یه‌؛ له‌نێو ترسداین و نیگه‌رانیمان نییه‌؛ واته‌ بوونێکی ناره‌سه‌ن نه‌ک نیگه‌رانمان هەیە، بوونێک دڵنیانییە له‌بوونی، به‌ڵکو پێویستە دڵنیابێت له‌بوونی و بۆی نیگەران‌بێت. ترسمان به‌ڵگه‌ی بوونمانه‌؛ نه‌ک نیگه‌رانیمان.

لەکۆتاییدا ده‌رنه‌که‌وتن یاخود به‌ ئیفلیج ده‌رکه‌وتنی په‌یوه‌ندی؛ گوزارشت له‌ نه‌خۆشی تێکست و ناره‌سه‌نی نووسەرو وه‌رگر دەکات‌. له‌به‌رئه‌وه‌ سێکوچکه‌کە سیانه‌ی په‌یوه‌ندی سازکه‌رن و پرۆسه‌یه‌کی دیالێکتیکی ئۆنتۆلۆجی پێکه‌وه‌یان گرێده‌دات. مه‌به‌ستیش له‌ دیالێکتیکی ئۆنتۆلۆجی بریتییه‌ له‌و کرده‌و جوڵه‌یه‌ی له‌نێو ئه‌م سیانه‌ پێکه‌وه‌ به‌ستراوه‌دایه‌؛ که‌ وه‌ک هه‌بووی زیندوو په‌یوه‌ندی و جوڵه‌و گه‌شه‌یان له‌نێواندا هه‌یه‌. تەنانەت ئه‌گه‌ر دیالێکتیکیانه‌ له‌ سێکوچکه‌که‌ بڕوانین، ده‌بێت ئه‌م جوڵه‌و بزاوته‌ ده‌رکه‌وێت. بۆ نمونه‌(نووسه‌ر/تێز-تێکست/دژە‌تێز-وه‌رگر/تێهەڵکێش) له‌م پرۆسه‌یه‌دا جوڵه‌ و گه‌شه‌کردن ئاماده‌یی هه‌یه‌، واته‌ جوڵه‌و چالاکی نووسه‌ر، تێکست سازده‌کات، له‌ جوڵه‌ی تێکسته‌وه‌ خوێنه‌ر ده‌بینرێت. لێره‌وه‌ خوێنه‌ر ده‌بێته‌ ده‌رخه‌رو دیارکه‌وتی چالاکی ژیان، به‌ڵام ئه‌م جوڵه‌یه‌ی ژیان له‌ کوێی ژیانی مرۆڤی کورددا ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌گه‌ر نووسه‌رو تێکستمان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ ئه‌م هه‌موو نووسینه‌ گوزارشت له‌ جوڵه‌ی نووسه‌رن، ئه‌ی جوڵه‌ی خوێنه‌ر و تێکست کوا؟ ئایا جوڵه‌ی خوێنه‌ر په‌یوه‌ست‌نییە به‌ جوڵه‌ی ژیانه‌وه‌؟

—————
سەرچاوەکان:

٤٨ـ س.پ، لا، ٢٨٦.
٤٩ـ س.پ، لا. ٢٦٢.
٥٠ـ س.پ. ، ٢٦٢-٢٨٧.
٥١ـ س.پ. لا ٢٩٠.
٥٢ـ ڕێبین خلیل قادر، نامەی ماستەر-میتۆدی رەخنەی تەواوکاری(التکاملي) لەئەدەبی کوردیدا، هەردوو کتێبی(شیعرو ئەدەبیاتی کوردی)و(کاروانی شیعری نوێی کوردی) بەنموونە. زانکۆی سەلاحەدین٢٠٠٦-٢٠٠٧. لا٤١، ٦٤.
٥٣ـ د.یادگار لطیف شارەزووری، تیۆرەکانی وەرگرتن، لەئیستاتیکای وەرگرتنەوە بۆ رەخنەی هاتنەوەڵامی خوێنەر. لەبڵاوکراوەکانی شانزهەمین فیستڤاڵی گەلاوێژ-سلێمانی ٢٠١٢. لا، ٢٧.
٥٤ـ پیتەر هاڵبێرگ و دانەرانی تر، تیۆری ئەدەبی و شێوازناسی، وەرگێڕان و ئامادەکردنی د.ئەنوەر قادرمحمەد، مەڵبەندی کوردۆلۆجی-سلێمانی، ٢٠١٠، لا، ١٦٩.
٥٥ـ رێبین خلیل قادر، میتۆدی رەخنەی تەواوکاری،لا، ٦٣.
٥٦ـ گۆڤاری رۆشنگەری-سلێمانی، ژمارە ٣٤، ئومێد حمەعلی، مەرگی دانەر: کۆتایی راستینەی رەها..لا، ٥٧٥.
٥٧ـ د. محەمەد کەمال، نیتشەو پاش تازەگەری، دەزگای سەردەم-سلێمانی، ٢٠٠٦، لا، ٥٨.
٥٨ـ گۆڤاری رۆشنگەری، لا.٥٧٦-٥٧٧.
٥٩ـ جۆن هال، ولیام بویلوور، ولیامز شۆپان، چەند وتارێک دژی بونیادگەری، وەرگێڕانی، حسەین لەتیف. بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، ٢٠١٣. لا ١٦.
٦٠ـ د.محەمەد کەمال، سارتەرو خوێندنەوەیەکی نوێ، دەزگای سەردەم-سلێمانی، ٢٠٠٣. لا. ٦٧.
٦١ـ د. کەمال میراودەلی، فەلسەفەی جوانی‌و هونەر-ئیستاتیکا، چاپی دووەم، خانەی چاپ وبڵاوکردنەوەی قانع-سلێمانی-٢٠٠٥. لا، ٢٦٨-٢٦٩.
٦٢ـ گراهام آلن، رولان بارت، ترجمەی پیام یزدانجو، نشر مرکز-تهران. ص ١١٣.
٦٣ـ س.پ.، ص. ٧٠.
٦٤ـ پیتەر هاڵبێرگ و دانەرانی تر،تیۆری ئەدەبی و شێوازناسی.لا، ١٤٨.
٦٥ـ پ.س.لا، ١٥٢.
٦٦ـ دیاردەگەری..٥٣.
٦٧ـ بابەک ئەحمەدی،حەقیقەت و جوانی ٦٢٥.
٦٨ـ کۆوانە، رامین جهانبگلو،http://www.agorapf.org/heidegger3.
٦٩ـ د.یادگار شارەزووری، دیاردەگەری لا.٤٠.
٧٠ـ بابەک ئەحمەدی، ئەفراندن و ئازادی، وەرگێڕانی مەسعود بابایی، دەزگای موکریان-هەولێر، ٢٠٠٧. لا ٣١.
٧١ـ د.یادگار شارەزووری، دیاردەگەری.لا ٤٥.
٧٢ـ گۆڤاری رۆشنگەری، لا ٥٨٦.
٧٣ـ . د.علی طاهر حسین، د.شنۆ محمد محمود، زاراوەی ئاسۆی چاوەڕوانی و خوێندنەوەی دەقی شیعری. گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، ژمارە ٣٣، ٢٠١٢.. لا٦٠.
٧٤ـ د.یادگار لطیف شارەزووری، تیۆرەکانی وەرگرتن لەئیستاتیکای.. لا، ٣٤.
٧٥ـ بابەک ئەحمەدی، حەقیقەت و جوانی لا. ٤٦٢-٤٦٣.
٧٦ـ د.علی طاهر حسین، د.شنۆ محمد محمود، زاراوەی..لا. ٦٣.
٧٧ـ د.یادگار شارەزووری، تیۆری وەرگرتن، لا ٣٢.
٧٨ـ بابەک ئەحمەدی، حەقیقەت و جوانی.٥٠٥-٥١٢.
٧٩ـ جان پول سارتر، ادبیات چیست..ص١٥-١٦.
٨٠ـ بەختیار عەلی، خوێنەری کوشندە، چاپخانەی رەنج-سلێمانی. لا ٥٨.
٨١ـ عبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، داهێنان سەر بەکەشفکردن‌وخەون ودنیابینیە-گفتوگۆی ئەدەبی و فکری، دیداری هەرێم عوسمان، لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد-هەولێر-٢٠١٢. لا ١٨٠-١٨٢.

Previous
Next
Kurdish