Skip to Content

خەڵک بێزار بوە لەحزبایەتی! … تاهیر حاجی حەسەن

خەڵک بێزار بوە لەحزبایەتی! … تاهیر حاجی حەسەن

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 4, 2017 General

ئەم پاگەندەیە لەلایەن بەرەی نەوەی نوێی شاسوار عەبدول واحیدەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت. بانگەشەیەک کەهیچ نزیکایەتیەکی نیە لەگەڵ واقعی خودی سیستەمی بۆرژوازیەت و خودی پایەکانی دەوڵەت نەتەوەدا. چونکە کۆی دەوڵەتانی گەشە سەندوی سەرمایەداریش لەلایەن حزبە جۆراو جۆرەکانی بەرەی بۆرژوا قەومی و حزبە سۆشیال دیموکراتەکانی نێو دنیای ئایدۆلۆژیای بۆرژوازی و هەیکەلە باوەکەیەوە یانی نیولیبراڵیزمەوە بەڕێوە دەبرێن و ململانێکانیان لەسەر مانەوەی چەوساندنەوەی چینایەتی دەبەنە پێشەوە.

نیولیبراڵیزم خاوەن ئایدۆلۆژیای تایبەتی خۆیەتی،ئەویش ئایدۆلۆژیای خۆپەرستی بازاڕی ئازادو قۆرخ کاری شەریکاتە زەبەلاحەکانە.لەودیویشەوە هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکەن کەئایدۆلۆژیەکان بەکەڵکی ژیانی کۆمەڵگەکان نەماون. لەکاتێکدا ئەم ئایدۆلۆژیا زاڵەی نێو جیهان بینی نیولیبراڵیزم خۆی خستۆتە نێو گشت کایەکانی ژیان و تاک و کۆمەڵی بەخۆیە گرێ داوەو،ڕۆژ بەڕۆژیش ناهاوسەنگی نێوان چینی چەوسێنەری خاوەن دەوڵەت و خاوەن کار لەلایەک دەوڵەمەندتر دەبن و لەبەرانبەریشدا چینی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگەیش تادێت هەژار تر دەکرێت و قڵشتی چینایەتی زیاتر دەبێت.
ئەم نیولیبراڵیزمە خاوەنی ئاسۆیەکی ڕوون نیە کەبتوانێت کۆمەڵگە دەرباز بکات لەنێو جەنگەڵستانەکەیدا،بۆیە بەردەوام لەڕێی سیاسەتی چەواشەکارانەوە خۆی نوێ دەکاتەوەو درێژە بەقەیران و جەنگەکانی دەدات. ململانێی نێوان زلهێزان و شەریکاتە جۆراوجۆرە زەبەلاحەکانیان لەپێناو داگیرکاری و داگیر کردنی بازاڕەکان لەهەر کونج و کەلەبەرێکدا بن،هەلومەرجێکیان خولقاندوە کەبەجیهانی بوون بەرەو کارەساتی مرۆی گەورە دەبرێت.

ئەم دوو بزوتنەوە نوێیەیش کەلەهەرێمدا خۆیان بەیان کردوە،زۆر شەرمنانە دەیانەوێت وانیشان بدەن کەمەینەتیەکانی سەر ژیانی کۆمەڵگە خەتای حزب و دنیای حزبایەتیە.بەبێ ئەوەی جورئەت بکەن و ڕاستیەکان نیشانی کۆمەڵگە و خەڵکە زەحمەتکێشەکە بدەن و بڵێن ئەوە تاوانی جیهان بینی حزبی نیە کەژیانی زۆرینە بەرەو هیلاکەت و هەژار کەوتنی زیاتر کەوتون،بەڵکو ئەوە تاوانی کۆی سیستەمی بۆرژوازی و پارێزەرانی دەوڵەت نەتەوەی سەرمایەداریە. بەڵام ئەم دەم لوسانەی بۆرژوازی هەڵەی واچۆن دەکەن؟ ئەم بەناو سیکولارانە چۆن هەڵەی وادەکەن و ڕاستیە چینایەتیەکان بەیان بکەن بۆ کۆمەڵگە. ئەم چەواشەکارانەی کەهەردوو بەرەکە پێی هەڵدەستن، هیچیان کەمتر نیە لەو کۆ خیانەت و بەتاڵان بردنانەی سامانی کۆمەڵگە لەلایەن حزبەکانی بەرەی کوردایەتی و بەرەی دینیەکانەوە. بۆیە نەکۆمەڵگەی خۆش گوزەران بەتاڵان چیەکان دروست دەکرێت وەنە بەم دوو بەرە نوێیەی نێو سیاسەتی نیولیبراڵیزمی کەرتی تایبەتیش دروست دەکرێت. کۆمەڵگەی خۆش گوزەران و کۆمەڵگەی مەدەنی کەلەوێدا ئاین بەهەموشێوازێک کراوەتە دەرەوەی نێو یاسا مەدەنیەکانەوە،بەهاتنە مەیدانی ئەو چینە هەژار کراوە بەرهەمهێنەرە دەکرێت کەبێبەش کراوە لەکۆی ئەو بەرهەمەی ڕۆژانە ڕەنجی لەپێناودا دەدات،دیارە ئەم چینە بەرینەی کۆمەڵگەیش بەبێ ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێڕ یانی بەبێ حزبی پێشڕەو ناتوانێت دەسەڵات لەدەستی چینە بۆرژوازیەکە بسێنێتەوە. وەئەم چینە بەرینەیش تەنها لەڕێی هۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیەوە دەتوانێت ببێتە چینێکی شۆڕشگێڕ. بەپێچەوانەوە،تەنها خەباتێکی لەدەرەوەی ئەم تێگەیشتنە دەچێتە قاڵبێکی ڕیفۆرمیستیەوە.

جالەکاتێکدا کە هەلومەرجەکان لەقۆناخێکدایە کەنەک زەرەرێکی زۆری لەو چینە هەژار کراوە داوە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،لەبەردەوامی جەنگە کاول کاریەکانی نێو سیاسەتی نیولیبراڵیزمی سەرمایەداریەوە،هەلومەرجێکی وای دروست کردوە،کەهەرچی ئایدۆلۆژیای داڕزیوی قەومی و دینی و مەزهەبی و تائیفی هەیە زیندوی کردۆتەوەو وەک ڤایرۆسی کوشندە بەریان داوەتە نێو هزرو جەستەی ئەو چینە بەرینەی کۆمەڵگاوە.
بەرەی ناسیۆنالیزمی کوردی هەروەک بەرەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و فارسی و تورکی،گەشتونەتە قۆناخی بن بەست بوون،بۆیە بۆرژوازیەتی جیهانی بەڕابەرایەتی ئایدۆلۆژیای قازانج پەرستی نیولیبراڵیزم،نایەوێت هیچ کات مەدی شۆڕشگێڕی چینە هەژار کراوەکە بگاتە قۆناخێک کەلەکاتی هاتنە مەیدانیاندا نەتوانرێت لەلایەن چینی بۆرژوازیەوە بەلاڕێدا ببرێن،دێن و بەردەوام لەژێر ناوی جۆراوجۆرو فۆرمی جۆراوجۆردا بەرەی جۆراوجۆری جیاواز دروست دەکەن و کار دەکەن لەسەر جڵەو کردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان.

هێشتا بەرەی کلاسیکی ناسیۆنالیست بۆرژوای کورد ئێکس پایەر نەبوە،دوو بەرەی تری بۆرژوازی بەناو نیولیبراڵیزم سەرمایەداری مۆدێرن خۆی ئیعلان کرد لەمەیدانەکەدا. بەرەی شاسوارو بەرەی بەرهەم ساڵەح. ئەم دوو بەرەیە لەم قۆناخەدا وەک سەردەمی بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان تەیارو ئامادە دەکەن تادەنگە ناڕازیەکان لەخۆ بگرن و دواجار ئەمانیش وەک کارتی فشار لەبەرانبەر بەرەی کلاسیکی کوردایەتیدا بەکاریان بهێنن و دواجاریش دەبنە پارێزەرێکی باشی چونە سەری مەدی کەرتی تایبەت و خواستی شەریکاتە تاڵان چیەکانی سەرمایەداران. لەغیابی ئەڵتەرناتیڤە واقعیە شۆڕشگێڕە کۆمەڵایەتیە سۆسیالیستیەکەدا،مەیدان تەنها بۆ بەرە جۆراوجۆرەکانی ناسیۆنالیستە جۆراوجۆرەکان و ئیسلامە سیاسیە فرە جۆرەکان بەکراوەیی دەمێنێتەوە.یانی مانەوەی چەوساندنەوەی چینایەتی و درێژەدان بەلەگۆڕنانی خەونی چینوتوێژە هەژار کراوەکان.

تاهیر حاجی حەسەن
01/10/2017

Previous
Next
Kurdish