Skip to Content

سیڤاگ دەنگە كاریگەرەكەی شیعری ئەرمەنی.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

سیڤاگ دەنگە كاریگەرەكەی شیعری ئەرمەنی.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

Closed
by ئاب 20, 2025 General, Literature

ئێمە كەمینەین بەڵام ئەرمەنین
دەزانیین چۆن خزمەتی كەسانی دیكە بكەین
هەروەها لەچۆنیەتی گۆڕان بەرەو شمشێریش دەزانین
تا لەهەناوی ئەوانەی گیركەین كە دژایەتیمان دەكەن

ئەوەی سەرەوە سەرەتای چامەیەكی ناودارە لەئەدەبی هاوچەرخی ئەرمەنی. سیڤاك دایڕێشتووە و تێیدا لەزوخاوی قەتل و عامی ساڵی 1915 ی گەلەكەی لەلایەن عوسمانییەكان هەڵچووە. شاعیر لەو بەرهەمەدا زۆر بەلێزانی رابردوو و ئایندەی خاك و خوێن و ژیانەوەی گەلەكەی و بابەتەكانی دیكەی وەك ژیان و خۆشەویستی ئاوێتە كردووە. بۆیە ئەو بەرهەمەی لەسەر زاری هەموو ئەرمەنییەكە. ناوبراو وەك شاعیر و وەرگێڕ و رەخنەگری ئەدەبی، بەدیارترین دەنگی شیعری هاوچەرخی ئەرمەنی دادەنرێ. وەك شاعیرێكی نوێخواز، وێنە شیعرییەكانی كە لەنێوان داستانی و مێژوویین، لەتەكنیكی شیعری نوێ هەڵیهێنجاوە. زۆربەشیان رەنگدانەوەن بۆ ئازارەكانی گەل. بەتایبەتیش لەو ستەمە گەورەیەی كە بەناوی قەسابخانەی ئەرمەنییەكان لەلایەن عوسمانییەكانەوە ناسراوە.
بارۆیەر گازاریان Barouyr Ghazarian ی ناسراو بەپارویەر سیڤاك Paruyr Sevak رۆژی 24 ی كانونی دووەمی ساڵی 1924 لەخێزانێكی جوتیاری گوندی تشانختشی هەرێمی ئاراراتی ئەرمینای یەكێتی سۆڤیەتی ئەوسا هاتەدونیا. دواتر لەبەر ئەو، ناوی ئەو گوندە گۆڕا بەسیڤاگاڤان و ئێستاش زانگاكاتونی پێدەڵێن. سیڤاك تاقانە بوو، باوكیشی گرنگی زۆری پێدا. ساڵی1930 خرا بەر خوێندن. هەر زووش بەهرەی هۆنینەوەی شیعری لێدەركەوت. دوای ئەوەی قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی تەواوكرد، ساڵی 1940 چووە كۆلیژی مامۆستایانی زانكۆی یەریڤان. ساڵی 1942 یەكەم چامەی لەڕۆژنامەیەك بڵاوكردەوە. ئەوسا لەبەر خۆشەویستی و سەرسامبوونی بە (روبین سیڤاك) ی شاعیری گەورەی ئەرمەنی كە لەكۆمەڵكوژییەكەی ئاماژەمان پێدا لەناوچووبوو، ناوی سیڤاكی وەك نازناو بەكارهێنا و لەو ساوە بەو ناوە بەرهەمەكانی بڵاوكردەوە و پێی ناسرا.
ساڵی 1945 دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆی یەریڤان، لەپەیمانگەی مانوك ئابیجیانی ئەكادیمیای ئەرمەنی بۆ زانست، لەئەدەبی ئەرمەنی سەرقاڵی خوێندنی باڵا بوو. ساڵی 1948 دیوانی (فەرمانی نه‌مره‌كان Immortals Command) ی بڵاوكردەوە. كە تێیدا دڵەڕاوكەی خۆی سەبارەت بەو قۆناغەی ژیان نیشانداوە. هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ مایا ئاڤاجیان هاوسەرگیری كرد. هاوكات وەك نووسەر لەڕۆژنامەكان بابەتی بڵاودەكردەوە. ساڵی 1951 بۆ خوێندن لەپەیمانگەی مەكسیم گۆرگی بۆ ئادابی جیهانی، چووە مۆسكۆ. لەوێدا بەخاتوو (نیللی میناجاریشڤیلی) گەیشت دواتر، هاوسەرگیری لەگەڵ ئەویش كرد. ساڵی 1953 دیوانی (ئینتیمای سازش نه‌كراو Uncompromising Intimacy) و ساڵی دواتریش دیوانی (رێگەی خۆشەویستی Love Road) ی بڵاوكردەوە. ساڵی 1955 لەپەیمانگەی گۆرگی خوێندنی بەكۆتا گەیاند. ساڵی 1957 دیوانی (جارێكی دیكە لەگەڵ تۆ) ی بڵاوكردەوە. لەو ساوە تا ساڵی 1959 لەشاری مۆسكۆ بەوەرگێڕانی بابەتە ئەدەبییەكان خەریك بوو. هاوكات چامەكانیشی لەڕۆژنامە ئەرمەنییەكانی سۆڤییەت بڵاودەكردەوە. دواتر گەڕاوە یەریڤان و داستانە چامە نيشتيمانییە ناودارەكەی (زەنگەكەی بێدەنگ نابێ The Unsilenceable Belfry) ی بڵاوكردەوە. لەو بەرهەمەدا بەتەواوی لەچوارچیوە و فۆرمی شیعری كلاسیكی ئەرمەنی دەرچووە. لەهەردوو بواری ستایل و بونیاد دا رێگای نوێخوازی گرتووە. هەروەها بەناو بابەتەكانی بونگەرایی رۆچووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاریی لەپرسی ناسنامەی نەتەوەكەی كردووە. ناوەرۆكی ئەو بەرهەمەی لەزامە تاڵەكانی قەسابخانەكە وەرگرتووە و لەوەشدا بەوردی چۆتە ناو ژیانی (كۆمیتاس ڤارداپێت Komitas Vardapet) ی میوزیكاری ئەرمەنی و چارەنووسە رەشەكەی. بەبۆچوونی خۆشی نووسین لەبارەی كۆمیتاس، نووسینە لەبارەی گەلی ئەرمەنی بەخۆشییەكان و ناخۆشیەكانییەوە. بەرابردوو و ئایندەیەوە. هەروەها لەڕێگەی ئەو كەسایەتییەش پەردەی لەسەر پرسی نیشتمانی دزراو هەڵماڵیوە و بڕواشی بەوەبووە رۆژێك دادێ ئازارەكان كۆتاییان پێدێت.
ساڵی 1963 وەك توێژەر لەپەیمانگەی (مانوك ئابیجیان) ی ئاداب دامەزرا. هاوكات دیوانی (Man in a Palm) ی بڵاوكردەوە. لەو بەرهەمەدا ناز و سۆزی دایك بەرجەستەیە. وەك چۆلەكە مرۆڤی لەناو پەلی مرۆڤ ئاخنیوە تاكو لەگەڵیدا واتاكانی خۆشەویستی و جوانی و هیوا لێكداتەوە. لەڕووی ستایلیشەوە لەو بەرهەمەش لەڕێسا كلاسیكیەكان دەرچووە و ئاسۆی نوێی لەبەرامبەر شیعردا كردۆتەوە. ساڵی 1966 بەسكرتێری ئەنجومەنی یەكێتی نووسەرانی ئەرمەنی دیاریكرا، تا كۆتایی ژیانیشی لەو پایەیە ماوە. ساڵی دواتر لەئەنجامی ئامادەكردنی تێزێك لەبارەی (سیات نۆڤا) ی شاعیر و میوزیككاری ناوداری ئەرمەنی كە یەكێك بوو لەسیمبوڵەكانی ئەو نەتەوەیە لەسەدەی هەژدە، دكتۆرای بەدەستهێنا. ساڵی 1968 لەئەنجومەنی باڵای سۆڤیەتی ناو كۆماری ئەرمینیای سۆشیالیستی سۆڤییەتی، وەك ئەندام دیاریكرا. ساڵی دواتر توێژینەوەكەی لەدوو تۆی كتێبێك بەناوی (سایات نۆڤا Sayat Nova) بڵاوكردەوە. هەروەها دیوانی (با رووناكی هەڵكات Let There Be Light) یشی بڵاوكردەوە. لەوەی دوایی لەجیهانی ماسكدار و ئامێرەكان، بانگەوازی بۆ خۆشەویستی و ئاشتی و سۆز و بەزەیی كردووە. بەوپەڕی راشكاوانەش هەوڵیداوە روانینی بۆ جیهان و ژیان بەحەقیقەتی خۆیان و دوور لەماسك بخاتەڕوو. ساڵی 1971 دیوانێكی شیعری تایبەت بەمنداڵان بڵاوكردەوە. بەو جۆرە بەردەوام بوو تا لەڕۆژی 17 ی حوزەیرانی ئەو ساڵە لەڕێگەی گەڕانەوە بەرەو یەریڤان دووچاری پێكدادانی ئوتۆمبیل بوو، بەهۆیەوە خۆی و نیللی هاوسەری كۆچی دواییان كرد. زۆر لەشارەزایان و خەڵكی ئاسایی ئەوسا و ئێستا. گومانیان لەسرووشتی ئەو رووداوە هەیە و بەمردنی پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن رژێمی سۆڤیەتی ئەوسای دادەنێن كە دەیەویست دەنگی سیڤاك كپ بكات، چونكە لەساڵانی دوایی رەخنەی زۆری لەگەندەڵییەكانی ناو دامەزراوە سۆڤیەتییەكان دەگرت. هەرچەندە كەسێكی لادەر یاخود شۆڕشگێڕی رادیكالیش نەبوو، تەنیا شاعیرێك بوو بۆ ئەرمینیا دەیخوێند.
جگە لەو بەرهەمانەی ئاماژەمان پێدا، سیڤاك كۆمەڵێك چامە و داستانی دیكەی نووسیوە كە لەناویاندا رەهەندی فەلسەفی و گیانی نیشتمانی ئەرمەنی ئاوێتەكردووە. هەروەها زۆر بەرهەمی بۆ زمانی ئەرمەنی وەرگێڕا، لەوانە بەرهەمەكانی پوشكین. زۆر وتاری رەخنەیشی لەبارەی شاعیرانی وەك (ناریكاتسی) و (كوتشاك) نووسی. دوای مردنیشی كتێبی (خۆشەویستی سیڤاكی گەورە) بڵاوكراوە تێیدا ئەو نامانە هەیە كە بۆ سولامیتای ناردووە. ئەو تاكە ژنەی كە بەبێهیوا و بەبێ سستی خۆشی دەویست. ساڵی 1984 فیلمێكی دیكۆمینتاری بەناوی (پارویەر سیڤاك) لەلایەن لیڤۆن مكرتشیان لەبارەی ئەو دەرهێنرا.
سیڤاك لەمێژووی ئەدەبی ئەرمەنی كەسێكی جیابوو. بەوپەڕی بوێڕانە توانی لەبابەتە كلاسییكەكانی داڕێژتنی شیعری دەرچێت و رەچە بشكێنی و بەبابەتە فەلسەفییە نوێیەكان، كڵاوڕۆژنەیەكی نوێ لەبەرامبەر شیعر بكاتەوە. بەو بابەتانەش كە خستیەڕوو بۆتە ئینسكلۆپیدیای مرۆڤایەتی، چونكە لەبارەی زۆربەی دۆخەكانی دەروونی مرۆڤی نووسیوە كە خوێنەر بەوێنە جوانیەكانی شیعری و توانستە بەرزەكەی لەبونیادنانی دژبەیەكە جوانەكانی نێوان دیاردە جۆراوجۆرەكان، سەرسام دەكەن. لەلایەكی دیكەوە ئەو بەنموونەیەكی نامۆی ئەو رۆشنبیرانە دادەنرێ كە لەماوەی فەرمانڕەوایی رژێمی تۆتالیتاری لەیەكێتی سۆڤییەت دەركەوتن. راستە ئەویش وەك زۆرینە، بووە كۆمونیستی، بەڵام لەشیعرەكانی هەردەم شۆڕشگێڕ بوو دژی (خوداوەندی سەختە) دەهاتە گۆ. هەروەها نیشتمانپەروەرییەكەی تەواو پێچەوانەی بیرۆكەی تۆتالیتاری بوو.


بەشێك لەچامەی (چاكترین) ی سیڤاك

چاكترین زەردەخەنە، بەدڵنیاییەوە
زەردەخەنەیە بەچاوی داخراو
چاكترین خەونەكانیش
خەونەكانن بەچاوی كراوە
بەڵام چاكترین گۆرانی
ئەو گۆرانییەیە كە لەدوورەوە دێت
بەناو پەنجەرەیەكی پەردەدار دا
پاراوترین قسەش
ئەو قسەیەیە كە لەوپەڕی بێدەنگی، دەردەبڕدرێ
لەوانەشە چاكترین گەل
ئەو گەلەبێ كە ئیمپراتۆریەتی فراوانی نییە
چاكترین بڕواش
ئەو بڕوایە كە بگۆڕێت بەرەو ئایین
چاكترین ماسكیش، بەبێ گومان
رووی مرۆڤە
چاكترین نواندنیش
نواندنی سەرنەكەوتوو
چاكترین خۆشەویستیش
ئەو خۆشەویستییەیە كە هێشتا تەواونەبووە
چاكترین ئازار و ناخۆشیش
ئازاری گوڵە لەگۆرانی
چاكترین مەیمونیش لەجیهاندا، وەك دیارە
مرۆڤە
چاكترین مرۆڤیش، بەبێ گومان
بۆئەوە مۆڵەتم بدەن … منم

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress