هەواڵەکان بەسەر پشتی بای خەما هاتن و
باس لە خەونی قوڵی تۆدەکەن
باس لەو دڵۆپە فرمێسکانە دەکەن
کە دەیانویست دەست بە ژیانەوە بگرن و
لە ژێر پێڵوی خەونی قوڵا قەتیس نەمێنن
فرمێسکەکان
قاڵبووی ڕۆژە سەختەکانی خۆتنن و
لەژێر پێڵوی خەونا ئۆقرە ناگرن
فرمێسکەکان بێ ڕەحمانە
ڕۆحی من ورد دەکەن.
هەواڵەکان جیان
جیان لە هەواڵە پڕ لەسەرشێتکانی
بەگژداچوونەوەی مەرگ
هەواڵەکان باس لە خەونی
سەر تاڵەموی مەرگ و ژیان دەکەن.
هۆ هاوڕێکەم
شەق لە بای خەم دەدەم و
بەسەر پشتی یادەوەرێکاندا دێمەوەلات
دەست دێنم و ڕادەپەڕی
ڕادەپەڕی و پەنجەت لەسەر
پەلەپیتکەی دەمانچەیەکی چواردەخۆر و
تیژ خۆمان دەکەینە ئەوکۆڵانانەی
کەپێمان وایە دەمان باتەوە ماڵی خۆر
پێمان وایە ئەوسەری کۆڵان
ماڵی هەمیشەیی خەندە بزربۆکانە.
ڕابە هاوڕێ
هێشتا ژیان بای ژیانی پێوە ماوە
من لەوێم لەبەر دەرگای ژوورەکەت
دونیایەک قسەم لە پریاسکەی یادەوەریم بۆ هەڵگرتووی
ڕابە هاوڕێ
دڵتەنگم بەخەونی قوڵی تۆ.
2020-April
Nawzad Medhat
نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا)
لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا.
وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥.
لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە.
لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە.
لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە.
لە درێژەی کارە رۆژنامەوانێکەیدا سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسی و ئەدەبی و کەلتورێکان چەندین مەلەفی جۆراو جۆری کردۆتەوە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە بوارەکانی دیموکراتی، ژنان، گەندەڵی و ئازادیدا وە چەندین چاوپێکەوتن و گفتوگۆو کۆڕی وەک ماڵپەڕی دەنگەکان ئەنجام داوە. وە بەشێک لە لەو چاوپێکەوتنانە لە شێوەی کتێب چاپکراون وەکو:
مارکس لەمڕۆدا، بەزمانی کوردی،
بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا بە زمانی ئینگلیزی
سەرباری کاری رۆژنامەوانی بەشداربووە لە دامەزراندنی رێکخراوەی (پەیوەندی کوردی دژی جینۆساید) کە هەستان بە رێکخستنی چەندین بۆنە لە شاری تۆرۆنتۆ و دەوروبەری لە پێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە دەوڵەتی کەنەدا.