Skip to Content

ژەنگ و ژان.. کورتە چیرۆک.. گۆران سەباح

ژەنگ و ژان.. کورتە چیرۆک.. گۆران سەباح

Closed
by November 3, 2021 General, Literature

جۆلانەیەکی ئاسنی ژەنگاوی. کۆڵانێکی قوڕی قەرەباڵغ. کۆمەڵێک منداڵی سیسی چاو گەش. ژەنگ و قوڕ و سیسبوون گرنگ نەبوون. نۆرە گرنگ بوو.
من لە ناوەندی سڕەکەدا بووم. پێنج کەسم لە پێش بوو. چاوم لەگەڵ جۆلانەکەدا دەهات و دەچوو، خوا خوام بوو نۆرەم بێت. زوو زوو ئاوڕێکم دەدایەوە، دوعام دەکرد، بانگم نەکەنەوە. دوای نیو سەعاتی تر، یەک کەسم لە پێش مابوو. پەنجەم خستە ناو دەمم و بیرم لە نۆرەی خۆم دەکردەوە، لەوە دەکردەوە چۆن جۆلانەکە دەمبا.
“دڵخۆش . . . دڵخۆش،” باوکم بانگی کردم. خۆم لە گێلی دا، هێندەم نەما بوو. هەر بانگی دەکردم.
باوکم، ڕیش و سمێڵێکی زل، بەرەو جۆلانەکە هات. نەمدەزانی چی بکەم: وەڵامی بدەمەوە نۆرەکەم لە کیس دەچێت، نەیدەمەوە، سزا دەدرێم. پێکەنین و گارەگاری منداڵان لە لایەک، لێدانی دڵم لە لایەک، حەزی جۆلانەشم لە لایەک، قورسایی ئەویش لە لایەک.
هەرکە منداڵەکە هاتە خوارێ، توند زنجیری جۆلانەکەم گرت و سوار بووم، خەریک بوو جێی خۆم خۆش دەکرد، دەستێکی ئاسنئاسا یەخەمی گرت. ئاوڕم دایەوە، باوکم ئاگر لە چاوی دەباری، بەڵام لەبەر دەوروبەر بزەیەکی بۆ کردم. بزەکە بڵقی لێ هەڵدەستا.
“گوێت لێ نییە، ئەوە سەد جارە بانگت بکەم؟” هێواش نەڕاندی.
لە باوەشی کردم، توند گوشیمی، خەریک بوو پەراسووەکانم بشکێن. “جارێکی تر کە بانگم کردی، یەکسەر بڵێ بەڵێ.”
نەموێرا تەنانەت لێویشم بجوڵێنم.شەش ساڵانەیەکی وەک من چی پێ دەکرا؟ شنە بایەکی بەهار قژمی وەک جۆلانە لەراندەوە.
دراوسێکانمان لە هەردوو بەری کۆڵانەکە لەبەر دەمی دەرگە مەجلیسیان گەرم کردبوو. باوکم زەردەخەنەکەی باش نمایش دەکرد. سڵاوی لێیان کرد وەک بڵێی منی هەر لە باوەشیش نییە، بێ ئاگا لەوەی خەریکە بخنکێم.
لەسەر شانی، سەیری جۆلانەکەم کرد. منداڵێکی تر چێژی لێ دەبینی. تفم قووت دایەوە. حەسوودیم پێی هات. چاوم لەگەڵ جۆلانەکە دەهات و دەچوو، خەریک بوو بێتە دەر.
لە حەوشە، باوکم منی دا بە ئەرز، زلەیەکی تووندی لە بن گوێ دام. زرچەی هات، فرمێسک چاوەکانمی پڕ کرد، بەڵام نەموێرا بیانڕێژم. خۆڕاگری تاکە فریام بوو.
“دایمە شەرمەزارم دەکەی.” چاوی لێم زەق کردەوە، زێتر ترساندمی. “مۆنی مۆن، چاوت حیزە، ڕۆژێک دێ ئەو عائیلەی سەرشۆڕ دەکەی، شەڕەفمان دەشکێنی.”
لە یەک وشەی تێنەگەیشتم. لە تۆنی دەنگی، سووری چاوی و بڕکەی هەناسەی دەمزانی خراپترین وشەگەلن. لەڕ و لاواز، لەبەری هەڵدەلەرزیم، شەڕم بوو لەگەڵ فرمێسکەکانی خۆم، دەمزانی، ئەگەر بێنە خوارەوە باوکم تووڕەتر دەبێ.
“ئافرەت، ئافرەت،” شیڕاندی بەسەر دایکمدا. “حازری کە.”
ڕاهاتبووم بە شیڕاندنی بەسەر دایکمدا، بەس تێنەگەیشتم بۆچی حازرم کە. بیرم بۆ هەزار شت چوو: ڕەنگە بمباتە بازاڕ جل و پێڵاو و یاریم بۆ بکڕێت. خەونم بەوەوە دەبینی دەستی باوکم بگرم و لە دوکان شت هەڵگرم.
“باشە هەر ئێستە.” دایکم بە دەنگێکی نزم و نەرم وەڵامی دایەوە، بۆنی ترسانی لێ دەهات. بە بەزەییەوە تەماشای کردم و دەستی گرتم.
“دەرگەکە داخە، با منداڵ و هیچ کەس نێن.” ئەمرێکی دیکەی کرد.
“ئەگەر دراوسێ لە دەرگە بدەن، ناتوانم بیانوەستێنم.” دایکم گوتی.
“بێ دەمە دەم، ئایش،” شیڕاندی.
ڕوومەتەکانم گەرم داهاتن، دڵم خێراتر لێی دا، بێو دایکم وەڵامی بدایەوە، یەکسەر لێی دەدا. چاک بوو، بێدەنگی هەڵبژارد. منیش بیرم چووەوە سەر حازرکردنم.
ئەگەر شتم بۆ نەکڕێت، ڕەنگە بچینە سەیران، یان بچینە پیاسە و دۆندرمە بخۆین.
“ئەوە بۆ وا وەستاوی، چاوەڕێی چیت؟” باوکم وازی نەهێنا. “بیبە ژوورەوە و شتەکان حازر کە. لەسەر کورسییە کۆنە ئاسنەکەی دانیشتەوە. “ژووری پشتەوە باشە، ئەوەی پێشەوە بە کەڵک نایەت.”
دایکم سەری دانەواند و منی بردە ژوورێ. ئیستە کە فام دەکەم، ئەو سەر نەویکردنەی دایکم وەک کۆیلەیەک وابوو بۆ پاشاکەی.
“ئەوە چییە؟” دایکم نۆڕییە ڕوومەتم. “ئەو ڕوومەتە جوانەی کچی خۆم بۆ وای لێ هاتووە؟”
ئەو دەمە فرمێسکەکانم واڵا بوون و دەمیشم بوویەوە. “باوکم زلەی لێ دام و نەیهیشت جۆلانە بکەم.”
“گوێی مەدەرێ بە قوربان، هیچ نییە، تۆ کچێکی ئازای، بەهێزی.” دڵی دامەوە کەچی چاوەکانیشی بوون بە گۆم.
ژووری پشتەوە: سێ بە چوار. کۆنکریت. دیوار لەبغ. گلۆپێکی کز. کانتۆرێکی کۆن لایەکی گرتبوو، پڕی سەری دۆشەک و بەتانی بوو. یەک پەنجەرەی بچووک دەیڕوانییە حەمام و توالێت. بۆنی توالێتەکە ژوورەکەی کاس کردبوو.
دوای ئەوەی کراس و بێجامەکەی لەبەر داکەندم و مەکسییەکی سووری کردە بەرم، دۆشەکێکی ڕاخست لە ناوەندی ژوورەکە. “گیانەکەم، لێرە پاڵ کەوە، ڕجات لێ دەکەم نەگری کە میوانەکەمان هات.”
گریان؟ میوان؟ نەمزانی باسی چی دەکات.
“دایکە، ئێستە خەوم نایەت. ئەی باوکم نەیگوت حازرم کە.” ڕوومەتم وشک بووبوونەوە، بەس چاوەکانم هەر تەڕ بوون.
“ئێ ئێستە حازری، بەس نەخەوی. لێرە بە هەتا میوانەکەمان دێت.”
“دەمەوێ بچمەوە لای جۆلەنەکە.”
“ئەگەر ئاقڵ بی، ئەوا دواتر تێر جۆلانە دەکەی.”
هیچ چارم نەبوو. لەسەر دۆشەکە قاوەییەکە پاڵ کەوتم. بیرم کردەوە: ڕەنگە پوورە گێلاس بێت، پاش چایە و شەربەت دەچمەوە لای جۆلانەکە.
“ئافرەت . . . ئایش.” باوکم بوو دیسان. ئێستەش ڕقم لە وشەی ئافرەت و ئایشە، چونکە لە دەمی باوکم زۆر ناشرین بوون.
دایکم چووە دەرەوە و منیش بیرم چووەوە لای جۆلانەکە هەتا میوانەکە هات.
“خاتوو ئەڵماس بەخێر بێی، زۆر بەخێر بێی.” گوێم لە باوکم بوو پیێشوازی لە میوانەکە کرد. ” ئەوە سێ سەعاتە چاوەڕێت دەکەین.”
“مێردەکەم منداڵێکی گەورەیە؛ وەک پاشا دە شت بە یەک جار داوا دەکات. بە ئەمرەکانی ڕاناگەم.” خاتوو ئەڵماس وای گوت.
“نا، دەبێ هەموومان ڕێزی ئافرەت بگرین، ئەو پیاوەی خێزانی ئەزیەت بدات، پیاو نییە.”
“زۆر ڕاستە کاک ڕەسول، ژن نە کۆیلەیە و نە خزمەتکار لە ماڵەوە.”
“دایمە دەڵێم ئافرەت تاجی سەرە.” باوکم گوتی.
“هەموو شتێک حازرە؟” خاتوو ئەڵماس بابەتەکەی گۆڕی.
“بەڵێ، بەڵێ، وا لە ژووری پشتەوەیە، چاوەڕێت دەکات.” باوکم بە هەوایەکی شەڕەفمەندانە و پیاوانە وای گوت.
کە دەرگە کرایەوە، لا شاخێک هاتە ژوورێ. زەردەخەنەکەی تۆقاندمی. ددانەکانی خواروخێچ و ژەنگاوی. چەفییەکی ڕەش لەسەری. چاوە ڕەشەکانی لەگەڵ مەکسییەکەی دەهاتنەوە. ورگ زل . لووت زل. دەست و پێ زل.
نوتقم گیرا.
“ئایش، بەردەستی بکە.” باوکم ئەمری کرد و چووە دەرەوە.
دایکم مەکسییەکەی تا ناوقەدم هەڵکرد. بە دەنگێکی کز و لەرزۆکەوە بە دایکم گوت من نەخۆش نیم و نامەوێ دەرزیم لێ بدەن.
خاتوو ئەڵماس جانتایەکی ڕەشی لە تەنیشت سەرم کردەوە. سەرم سوڕاند: موس، چەقۆی بچووکی تیژ، لەفاف، پەمۆ، دیتۆل. تفم بە زۆری قووت دایەوە و دەستم کرد بە گریان. ترس و دڵەڕاوکێم بە فرمێسک ئاو دان.
“قاچەکانی تەواو لێک بکەوە، تووند بیانگرە، نەهێڵی بجووڵێ،” خاتوو ئەڵماس بە دایکمی گوت، هەناسەی تەنگ بووبوو. “هێندەمان پێ ناچێت، بە یەک دەقە تەواو دەبین.”
گوتم دایکە بۆ قاچم دەبڕنەوە. چۆن یەکێک لەبەر بەفراو بنێی، ئاوا دەلەرزیم. لەبەر باوکیشم نەمدەوێرا بقیژێنم.
دایکم قاچی ڕاستەی تووند گرتم، خاتوو ئەڵماس قاچی چەپەی لە ژێر ئەژنۆی نابوو. کاتێ موسەکەم بینی بە دەستی خاتوو ئەڵماسەوە، یەک بەخۆم قیژاندم. مێشکم جامی کردبوو و هەموو شتێکیشم بە بیردا دەهات. ئەوانیش دەتگوت تاوانبارێک ئەشکەنجە دەدەن.
خاتوو ئەڵماس دەستی لە شوێنی تایبەتم دا، موسەکەی بەکار هێنا. دوای چەند چرکەیەک بەڕووی مندا هەناسەیەکی قووڵی دایەوە. بۆنێکی ناخۆش. ئارەقەیەکی ڕەش و شین.
“ناتوانم بیکەم، زۆر دەجووڵێت.” هاواری کرد. “پێویستمان بە یەکێکی ترە تا باش بیگرێت و نەجووڵێت.”
باوکم یەکسەر هاتە ژوورێ.
“تۆ لای سەرەوەی کۆنتڕۆڵ بکە،” خاتوو ئەڵماس پێی گوت.
باوکم بە نیگایەک و هەناسەیەکی قووڵ حاڵەتەکەی لێ قورستر کردم.
“ئەی گیان، دڵخۆش گیان،” دایکم بەزەیی پێمدا هاتەوە. “توخوا با جارێ . . .”
باوکم شێت بوو بەوەندە. نێوچەوانی کرژ کرد و کەف لە دەمی دەردەهات. “دەتەوێ کە گەورە بوو ببێتە قەحپە. ها؟ ئەو چاو حیزە هەر سەرمان شۆڕ دەکات، خاوەنی دایکێکی وا بێت.”
هیچم فامم نەدەکرد، بەس وەستام لە گریان. بۆ دایکم وەستام، بۆ خۆم نا.
بە ئاستەم هەناسەم دەدا، خەریک بوو بخنکێم. باوکم لای سەرم دانیشتبوو، خۆی بەسەرمدا هێنا و دەست و سەری تەواو کۆنتڕۆڵ کردم. مێشک بە ئازاری هیچ بەشێکی جەستەم ڕانەدەگیشت. هەستم دەکرد بە چوار ئەسپ بەستراومەتەوە، هەر یەکەی پەلێکم بە ئاڕاستەیەکی جیاواز ڕادەکێشێت.
خاتوو ئەڵماس، بەبێ بەنج، پارچەیەکی لە لەشم بڕی. قیژەم چووە ئاسمان، سییەکانم لە پەراسووم هاتنە دەر، هەستم دەکرد وا پارچە پارچەم دەکەن. خوێن فیچقەی دەکرد. هەناسەم خێرا. دڵم خێرا. ئازارم تیژ. ئارەق هەموو گیانمی سواق دا.
نوتقم گیرا.
خاتوو ئەڵماس بە باوکمی گوت کچێکی زۆر بەهێزە.
باوکم وا سەیری دەکردم وەک بڵێی غەدرم لێی کردبێت. کونەلووتی فش کردبۆوە. چاوی زەق زەق. لەسەر حاڵی خۆم، هێشتا دەیویست لێم بدا.
خەریک بوو ئێسکەکانم لە پێستم دەرچن. ژان لە تایەک و دڕندەیی باوکم لە تایەکەی تر.کام تا قورستر بوو؟ نازانم چونکە مێشکم خەریک بوو وەک بورکان بتقێتەوە.

تێبینی: ئەم چیرۆکە بە کوردی و ئینگلیزی لە پڕۆژەی کولتور بڵاو کراوەتەوە.

Previous
Next