Skip to Content

زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسين.. سەردار جاف

زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسين.. سەردار جاف

Closed
by ئه‌یلول 24, 2022 General, Literature


خەسڵەتە جێگيرەکانی نووسين

وتمان شەرم توور بدە دەنا بە هيچ ناگەی، بۆ خۆت بەهرەيەکت هەيە، لێی حاڵی نيت نازانی چييە، کەچی کە کتێبێ يان رۆژنامەيەک دەبينی، رۆژانە چەندين باسوخواسی هەمەڕەنگی تێدايە، رۆژانە نا بەڵام لە ماوەی هەر دە رۆژجارێ ياخود پانزە رۆژجارێ چەند ناوێک بەرچاوت دەکەون چەندينبارە دەبنەوە، لە ناخی هەر تاکێکمان ئيرەیی بردنێک بە يەکدی هەيە و هەستی پێناکەين، هەر ئەوەيشە کە کورد دەڵێ ” باوک حەز ناکا براکەی لە خۆی پياوتر بێ، وەلێ حەز دەکا مناڵەکەی لە خۆی پياو تر بێ” لێرە دەستەواژەی پياو بە مانا نێرسالارييەکەی نييە بە چەمکە شمولييەکەيەتی، لە هەموو بوارەکان، بە کايە مەعريفی و پۆست و پلە و دەوڵەمەندی و ….. تاد دێت.
هەڵەشە مەبە، واتا هيچ پەلە مەکە لە خۆ ناسين وەک ئەوانەی لە رۆژنامەکاندا ناويان چەند بارەدەبێتەوە، ئەوانە بە ئەزمونێک تێپەڕيوون و وەک تۆ بابەتی کرچ و کاڵيان نووسيوە و هەر يەکێکيش لەوانە کەسێکی تر دەستی گرتووە، بۆ سەردەمی ئێوە زۆر باشە هەر شتێکی کرچ و کاڵيش بنێری ئەم زۆری و بۆری بڵاوکراوە و سايتە ئەليکترۆنيانە وای کردووە دەست بە جێ بڵاو بکرێتەوە، بە بڵاوکرنەوەی ئەو جۆرە پێگانە فريو مەخۆ، هەوڵ بدە جێگا و دەزگا و گۆڤارێکی جێ ئيعتيبار بە هەند وەرتبگرێ و بايەخ بە نووسينەکانت بدات، هەرگيز لە شکاندنەوە سڵ مەکەوە مەگەر کورد نەيوتووە” سوار تا نەگلێ نابێتە سوارچاک” ، لە سەردەمی ئێمەدا يەکەم؛ بڵاوکراوە زۆر زۆر کەم بوو لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕين، لە گەڵ ئەوەيش کە بەندە سەرباز بووم گۆڤاری ( رۆشنبيری نوێ ) م لێياساغ بوو، لە بازگەکاندا لێپێچينەوەيان لە گەڵمدا کردووە، کە ئەو گۆڤارە لەلايەن وەزارەتی رۆشنبيری سەردەمی ڕێژێمی بەعسەوە دەردەچوو، بە بيانووی ئەوەی سەربازم و ناکرێ خۆ لە باری رۆشنبيری وەر بدەم نەمازە بۆ کورد، ئێستا و لەم سەردەمەدا بۆ ئێوە ئەو دەرگايەيش واڵايە، کارێکی دی کە ئێمەيان پێ سارد دەکردەوە، پۆستەی خوێنەران بوو لە گۆڤار و رۆژنامەکانی ئەوی سەردەم، زۆر لەوانەی کە نها تۆ ئيرەييان پێدەبەی رەنگە دەيانجار لەو پۆستەی خوێنەرانە پێی گوترابێت داوای لێبووردن دەکەين بابەتەکەت کرچ و کاڵ بوو بە کەڵکی بڵاوکردنەوە نەهات، يان پێيان وتووە شيعرەکەت تەنها ئەم چەند دێرەی بۆ بڵاو کردنەوە دەشێت، هيوادارين زياتر خۆ سەرقاڵی خوێندنەوە بکەن، بۆ خۆم چەندينجار وام پێگوتراوەو کۆڵيشم نەداوە، قەت لە بيرم ناچێ جارێکيان رەخنەم لە رەوانشاد شێرزاد عەبدولڕەحمان گرت، کە پەيامنێری رۆژنامەی هاوکاری بوو، زۆر بەکورتی وەڵاميان دامەوە، دەيانزانی ئەوەی من گوتوومە راستە وەلێ پشتگيری پەيامنێرەکەی خۆيان گرت، لە کۆتایی نەوەتەکان جارێکيان پێکەوە باسمان کرد، هەقی پێدام، ئەم نمونانەم وەک رێگری کردنی ئەو سەردەم بۆ هێنايتەوە تا زوو بە زوویی کۆڵنەدەيت و بە قسەی يەک دووانێکی بە ئەزمون دوورەپەرێز مەبە، ئەگەری هەيە ئەو کەسە ئەزموندارە ئيرەییت پێببات کە جوانت نووسيوە و داهێنانيشت کردووە، کۆڵ مەدە، تۆيەک کە ئەو بەهرەت تێدا بێت بۆ بەردەوام نابیت، کەواتە دادێی رۆشن چاوەنواڕيت دەکات، يەکەم هەنگاو بۆ چؤنێتی نووسين ئەوەيە نە هەڵەشە بە، نە زوو بڕووخێ خۆڕاگربە.
خوێندنەوە کاری هەرە لە پێشينەی خۆت بێت بۆ دەربڕينی هەست و بيرکرنەوە و ئاوەزی پڕت، خوێندنەوە سەرچاوەی گەيشتنە بە ئەو ئيلهام و ئارەزووەی لە ناوەوە دنەت دەدات، بۆيە دەبێ بزانی چی دەخوێنيتەوە، باشتر وايە بۆ دونيای ئەدەب لە کلاسيکەوە دەست پێبکەی، لە سەرهاتە کۆن و شيعرە کلاسيکە جێ بايەخەکانەوە دەست پێبکەی، هەوڵ بدە لە سەرەتاوە ئاشنايەتييەک لە گەڵ دونيای ئەدەبی جيهانی پەيدا بکەيت، بۆ گەيشت بەم مەرامەيش بەدووی رۆشنگەریدا وێڵ بە، پانتایی رۆشنبيری لای فەڕەنسييەکان دەبينيتەوە، بۆ خۆت لێی ئاشنا بە ئەگەر ئينگليز شانازی بە ئەوەوە بکەن زمانەکەيان لە دونيادا پڕ رەواجترينە و زمانێکی تا ئەندازەيەک ستاندارتی جيهانييە، ئەوا فەڕەنسييەکان لە رووی رۆشنبيرييەوە لە پێشترن، بۆيە لێرەوە دەڵێم لە دونيای رۆشنبيری فەڕەنسييەوە دەست بکە و پاشان بە کەلتوری نەتەوە و گەلانی دونيا، بۆ کەسانی کوردستانی باشوور لە تەک زمانەکەی خۆی زمانی عارەبيش تێيدا پريفێکت بێت، ناکرێ تۆ لە رووی ياساییەوە سەر بە دەوڵەتێک بيت و زمانەکەيشی نەزانيت، نەمازە بۆ نووسەر و ئەديبيش، ئەمە بۆ رۆژئاواييش رەوايە، لە پاڵ ئەوەدا گرينگە نووسەر لە باشوور پێش زمانی ئينگليزی زمانی فارسی باش ئاشنا بێت، بايەخيش بە زمانی تورکی بدات، پاشتر روو لە زمانی ئينگليزی بکات. کە زمانێکی جيهانييە، ئەم حاڵەتە ئەگەرچی کەسێ نەبوو پێمان بڵێ و رێنيشاندەرمان بێت، ئەوا بۆ نەوەی دادێ ئەم لايەنە گەلێک گرينگە و نابێ فەرامۆشی بکات، هەر ئەمەيش وای کردووە بەرهەمی کوردی کەمتر لە نێو زمانەکانی دونيادا هەبێ، ئەگەرچی دەتوانين بڵێين رەنگە هەر نەبێ بە تايبەت لە بواری ئەدەبدا، ئەرکە قورسەکە دەکەوێتە ئەستۆی نەوەی دادێ کە دەبێ هەم خۆی گۆش بکات هەميش نەتەوەکەی لە رووی بوارەکەی خۆيدا بە جيهان بناسێنێت، يەکێک و دووان لێرەو لەوێ هەڵکەوتبێت و ئەوا ناکاتە ئاشنا بوونی بەرفراوان، ئاشنابوون ئەوەيە، فارس و تورک و عارەب و هيندييەکان جێ پێی خۆيان لە پانتایی جيهاندا هەيە، ئێمە نها پێويستيمان بە ئەوەيە رۆشنبير رۆڵی خەباتی نەتەوەیی لەم بوارەوە دەست پێبکات، ئەوەيش بە شمولی لە سەر نەوەی دادێ پەيوەستە، ئەگەر بتەوێ خوێندنەوە بە لايکێک و رستەيەک بگۆڕيتەوە ئەوا نەبوونی حەوسەڵە وات لێ دەکات هيچ کاتێک نەفەس درێژ نەبيت، ئەمە ئەگەر بۆ تاکێکی ئاسایی گونجاو بێت ئەوا بۆ تۆی بايەخدەر بە کايەی ئەدەبی کارێکی نەشياوە، هەر يەکێک لە ئێمە خۆشحاڵە تاک پەنا بۆ لايک و کۆمێنتی کورت دەبات، هەنگاوێکە بەرەو هۆشيارکردنەوەی تاک و کۆمەڵ، وەلێ بۆ تۆی نووسەر و ئەديب ئەگەر کورت مەودا و کورت بين و کەم حەوسەڵە و کەمتەرخەم بی لە خوێندنەوەی بابەتی درێژ و بە هەمان نەفەسی تاک بخوێنيتەوە و بنووسيت، ئەدی چۆن دەتەوێ ببيتە نووسەر و رۆمان بنووسی يانيش ئاوەزی ناوەوەت هێندە دەوڵەمەند بکەی بتوانيت دەمودوو و مشتومڕ لە مەڕ پرسە هەستيارەکاندا هەم بخولقێنی هەميش تێيدا سەردەرکردوو بيت. بۆيە نەفەس درێژيش خاڵێکی ديکەی تۆی بەهرەمەندە بۆ پێگەياندنی خود. هەرگيز لە خوێندنەوەی دوور و درێژ جاڕس مەبە، بۆ ئەوەی فێری خوێندنەوەی دوور و درێژ بيت، سەرەتا ئەو رۆمانانەيش بخوێنەوە کە بەرەو خۆی پەلکێشت دەکات و دەڵێ جێم مەهێڵە وەرە تا دوا ڕستە و تەواوی حەرفەکانم بخوێنەرەوە، تۆيش ئەو دەم هەست بە چێژێک دەکەی لەو خوێندنەوە هاوتای رۆمانەکە دەڵێی درەنگ دەچمە سەرنان خواردن بە دەم چای و قاوەيشەوە دەتخوێنمەوە لێت دانابڕێم، بەم جۆرە دەتوانی نەفەس درێژيش بۆ خۆ دروست بکەی.
خوێندنەوەی کرچوکاڵ، ئێستا لەم کاتەدا پێويستيت بەم جۆرە خوێندنەوانە نابێت و هەوڵ بدە دوورە پەرێز بيت لێی، دەنا ئيفليجت دەکات، دەبييە نووسەرێ بە دەوروپشتی کرچ و کاڵدا دەچيت ئەمە ئەگەر کۆڵ نەدەی ئەگەرنا کۆڵدان دەبێتە هاوسەفەری ژيانت و دەپوکێيتەوە، لە سەردەمی خۆمان زۆرمان بينی بە گەرمی هاتن و دواتر پوکانەوە کە نيشانەی بونيادنانی نەخۆش بوو، بۆيە لە خوێندنەوەی نووسینی کرچوکاڵ سەرەتا دوور بگرە، وەلی دواييش بۆ خۆت بە يەک دوو نووسينی ئەو کەسانە دەتوانی سەرنجی خۆت بدەيت و لە پەراوێزيان بئاخنی. وريابە ئەمەيش خاڵێکی گرينگە دەبێتە هۆی ئەوەی لە نووسينت داببڕێنێت.

Previous
Next
Kurdish