ڕۆمانی (زامه‌كانی ئەرمەنستان) وه‌رچه‌رخانه گه‌وره‌كه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌رمه‌نی.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
خاچاتور ئەبۆڤیانی په‌روه‌ردكار و شاعیر و نووسه‌ر و توێژه‌ر كه به‌یەکێك لە دیارترین ڕووناکبیر و نوێخوازه‌كانی مێژووی ئەرمەنی و قەوقاز و باوكی ئه‌ده‌بی نوێی ئه‌رمه‌نی داده‌نرێت. ساڵی 1841 رۆمانی (زامه‌كانی ئه‌رمینیا) ی نووسی و دوای ونبوونی خۆی، ساڵی 1858 بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و به‌رهه‌مه بڵاوكراوه و ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێكهوتهوه. له‌و رۆمانه‌دا كه نووسه‌ر زۆر لێهاتووانه توخمەکانی ڕۆمانسی و ڕیالیزمی ئاوێته‌ی یه‌كتری كردووه، ئازار و خۆڕاگری و ڕۆحی نەتەوەیی و خەباتی ڕزگاریخوازی ئەرمەنییەکانی لەکاتی جەنگ (له‌نێوان ڕووسیا و فارس 1826 تا 1828) نیشان داوه و به‌شێك له‌و ئازارانهشی به‌رجه‌سته‌كردووه كه ئه‌رمه‌نییه‌كان له‌كاتی ژێر ده‌سته‌یی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکاری فارسی دهیانچێژت. هاوكات جه‌ختیشی له هاتنه جۆشی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و ده‌ربڕینی ڕق و کینە لە ستەمکاران كردۆته‌وه.
ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كه لەسەر بنەمای ڕووداوێکە کە لە زێدی نووسه‌ر لە کاتی جه‌نگه‌كه روویدا بوو. ئه‌ویش ڕفاندنی کچێکی ئەرمەنییه بە ناوی (تاگوهی) لەلایەن کۆمەڵێک چەتهیهك كه سەربازی (حوسێن خان سەردار) ی فارس بوون. ئه‌وسا وه‌ك كاردانه‌وه (ئاغاسی) سەركردایه‌تی ڕاپەڕینی خه‌ڵكه ئهرمهنییهكه ده‌گرێته ئه‌ستۆ و پیاوەکانی سەردار دەکوژێت و كچه‌كه ڕزگار دەکات. ئه‌و كارێزمایه کە خۆڕاگرانه و قارەمانانە دژی ستەم دەجەنگێت له شوێنێكدا ده‌ڵێت : “گیانی خۆت بدە، بەڵام هەرگیز خاکەكهت مەدە”. دواتر حەسەنی برای سه‌ردار خان، پارێزگاری فارس، بۆ سزادانی ئاغاسی و خه‌ڵكه راپهڕیوهكه هێرشی سه‌خت ده‌كات و ژمارەیەک شارۆچکەی ئەرمەنستان وێران دەکات.
ئەو ڕۆمانە لە زمانی ئەرمەنی بە یەکەم ڕۆمانی مۆدێرن دادەنرێت. واتا یەکەم ڕۆمان کە تێیدا لە بری زاراوەی ئەرمەنی کلاسیکی، بە زمانی ئەرمەنی نوێی (زاراوەی یەریڤانی – زاراوەی ئاراراتی) کە زمانی قسەکردنی خەڵک بوو، نووسراوه. ئه‌و شێوه زارهش (ئاشخارابار) بووە بنەمای زمانی ئەرمەنی ڕۆژهەڵاتی نوێ. ئەمەش یارمەتیدەر بوو لە یەکخستنی زمانی ئەدەبی ئەرمەنی و نزیککردنەوەی لە زمانی قسەکردنی خەڵک. هه‌روه‌ها یەکەمین بەرهەمی ئەدەبی ئه‌رمه‌نییه کە لەسەر بنەمای عەلمانی نووسرا بێت، چونكه تا ئه‌وسا ئەدەبیاتی ئایینی به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بی ئه‌رمه‌نی باڵادەست بوو. دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌رمه‌نستان ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێكهوتهوه و به‌خاڵی وەرچەرخان لە ئەدەبیاتی ئەرمەنیدا دانرا، جگه له ڕۆڵی لە یەکخستنی زمان، لە سەردەمی پڕ لە داگیرکاری و ئاڵۆزیدا بووه هۆی وروژاندنی هەستی نەتەوەیی و کاریگەریی قووڵیشی لەسەر گەلی ئەرمەن جێهێشت.
خاچاتور ئەبۆڤیان ژیانی پڕ بووە لە ڕووداوی سەرنجڕاکێش و کۆتاییەکی نهێنی و تراژیدی. 15ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1809 لە گوندی کاناکەری نزیک شاری یەریڤان لەدایکبووە و رۆژی 14ی نیسانی 1848 بەشێوەیه‌كی نادیار ون ده‌بێت. تا ئێستاش نه‌زانراوه كۆتاییه‌كه‌ی چۆن بووه. جگه له‌و رۆمانه كۆمه‌ڵێك كتێبی دیكه‌ی له‌شێوه‌ی چیرۆك و دیوانه شیعر و بابه‌تی په‌روه‌رده‌یی به‌زمانه‌كانی ئه‌رمه‌نی و رووسی و ئه‌ڵمانی نووسیوه. هاوكات یەکێکیشه لە پێشەنگەكانی زانستی کوردۆلۆجی لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیادا كه بەهۆی دیدگای زانستی و مرۆڤدۆستانه‌ی، توانی بنەمای پتەو بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژوو و زمان و فۆلکلۆری کوردی دابڕێژێت.
ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

