شیعر/ تەڵە.. ئومێد قەرەنی
بە هەنگاوی گچکە گچکە و خاو خاو دەڕۆم
لەگەڵ ئەوەش هەزاران سات
لە هەر هەنگاوێکمدا تێدەپەڕن
بە چاوێکی قووڵەوە تەماشای هەر ڕۆژێک دەکەم
لەگەڵ ئەوەش هەزاران ساڵ لە سپێدەیەکدا کۆتایی دێ
پێویستم بە شوێنێکە بۆ ژیان.. ئاڵای نەبێ
پێویستی بە دوژمن نەبێ.. تا مێژووی هەبێ
پێویستی بە ئاین نەبێ.. تا باوەڕ هەبێ
پێویستی بە فەلسەفە نەبێ بۆ بیرکردنەوە
پێویستی بە زانست نەبێ بۆ مانەوە
پێویستی بە سەرمایە نەبێ
تاکو سەری بێ مایە بێ.. گەندەڵکاران گەنیی بکەن
پێویستم بە شوێنێکە بۆ ژیان
لەگەڵ ئەوەش نامەوێ ببمە خاوەنی هیچ شوێنێ
پێویستم بە جیهانێکە تاکو تێیدا ئاکنجیی بم
سێبەرێک بۆ پیاسەکردن.. چرایەک ڕێی ماڵێی پێوەدۆزم
کووخێک بۆ بەخێوکردنی خەونان و چێژگۆڕینەوە
دەسەڵاتێک بۆ بەرگریی لە ئەڤین.. لە وێرانکاریەکانی کات
پێویستم بە دەنگێکە
بە چڕینی سترانان و گێڕانەوەی داستانان و
سەرگوزشتە و ئەفسانەکان دڵنەواییم بکا
لە پێناو ئەو شتانەی لە هەر کونجێک بینیم
چێژێکی تاڵیان لە بن زارم وەجێهێشت
تەنیایی لە جەستەمدا
نائومێدییەک کە زۆر جاران دامدەپۆشێ
واملێدەکا بمەوێ بڕۆم
شوێنێک نییە لە پەنایەک خۆم حەشاردەم
ڕۆژێک نییە.. شوێنێک نییە.. هەنگاوێک نییە..
ساتێک نییە بۆ شاردنەوە
هەزاران ساڵ لە هەر هەنگاوێکم تێدەپەڕێ
هەر چرکەیێ دوا دەرفەتی منە
دەبێ ڕێیەکی دیکە پەیدۆزبکەم
تا بەرفرەترین نەزانیی و
شەوە پانوپۆڕەکان جیڕبەجیڕکەم
ئەو جیهانە یەک پنتی نییە دەستی پێوە بگری
هەر شتێ وەک ڕەشەبا تێدەپەڕێ
وەک ڕەنگدانەوەی تیشک و سیبەر
دەبێ شتێک بکەم
تا خۆم ڕزگارکەم لە قەفەزی
دووپاتکردنەوەی خووەکان و گوێڕایەڵیی
… من لە درۆدا دەژیم
لە بەری ئەندێشە پڕوپووچەکان دەخۆم و
ژاری خۆپەرستیی دەخۆمەوە
تا کێبڕکێی دەوروبەر بکەم
هیچ رێچکۆڵەیەک نییە
تا پێچاوپێچ خۆمی تێدا بزربکەم
یەک گۆشە نییە هیوایەکانمی تێدا بچێنم
یەک پانتایی نییە ئارزووەکانمی تێدا پەیڕەوکەم
ئەو جیهانە سوور سوور دەسوتێ
ماکە بچووک و بێکۆتایەکانی
ملیۆنان ترس و هاوار و خوێن و
مەرگی هەزاران کەسی تێدایە
ئەو جیهانە لە تەنیا ڕۆژێک
ملیۆنان شوێنکات لە نائومێدیی وەبەردێنێ
ئەو جیهانە پڕ تەڵەیە
جەستەم بە پێی زیکزاکی وان
هێڵی نەخشە شەت و شێواوەکەی کێشاوە
ئەز ناخوازم تەمەنی هێندە کورتم
کورترلە ژیربێژیی فەیلەسووفان
فرە کورتتر لە هزری بیرمەندان
فرە کورتتر لە ئاوەزی سەرکردان
بە خواروخێچیی ئەو نەخشەیە وەفیڕۆدەم
.. چیرۆکەکەم لێرە چیرۆکی تەڵەیە
خەون و خولیام لە ئەندێشە پووچەکان پێچراون
ترسەکانم.. خۆگرتنەکانم
لە گرتییخانەیەک زیندانییم دەکەن
کە من خۆم بۆ خۆمم چێکردوە
بۆ خۆشاردنەوە لە ونبوون
پێویستم بە شوێنێکە بۆ ژیان ئاڵا و کاڵای تێدا نەبێ
دەبێ ڕێیەک پەیدۆزبکەم تاکو تێیدا رەها ببم…
دەی ئەمن.. درێژە بە هەردووکیان دەدەم
بە رۆیشتن.. بە چوونی ناکۆتا
هێدی هێدی هەنگاودەنێم
لێ هێشتاکە هەزاران هەنگاو
هاوتەریب بە هەر هەنگاوێکم دەهاوێژن!
ئومێد قەرەنی
باشووری کوردستان/ هەولێر